كوردپا: سێ‌ بەرهەمی سینماكارانی كورد لە بوارەكانی: سیناریۆ، ئەنیمەیشن و چیرۆكیدا چوونە قۆناغی كۆتایی دووەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی حەسەناتەوە كە بڕیارە مانگی رەشەممە لە شاری ئیسفەهان بەڕێوە بچێت.

هەواڵدەریی میهر لە راپۆرتێكدا بڵاوی كردۆتەوە، دوا بە دوای سەركەوتنی هونەرمەندان و سینەماكارانی كورد لە ناوچە جیاجیاكانی كوردستانی ئێران، لێژنەی فێستیڤاڵی فیلمی حەسەنات كورتە فیلمی "زەمینی فووتباڵ" لە نووسین و دەرهێنانی "جەلال نەسیری هانیس"ی لەنێو 281 بەرهەمدا هەڵبژاردووە.

هەروەها لە بەشی فیلمی ئەنیمەیشندا "سێبەرەكان لە دوایین بیرەوەریی رووباردا" لە نووسین و دەرهێنانی رەزا محەممەدی لەنێو 52 بەرهەمی نێردراودا گەیشتۆتە قۆناغی كۆتایی و سیناریۆی "مێروولەكان" بەرهەمی هونەرمەند و سینەماكاری لاوی كورد "تەیموور قادری"یش بۆ بەشی پێشبڕكێی فێستیڤاڵی حەسەناتی ئیسفەهان هەڵبژێردراوە.

لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا شەپۆلێكی بەرین لە بواری سینەما و بەتایبەت كورتە فیلم، ئەنیمەیشن و سیناریۆ نووسین لەناو سینەماكارانی لاوی كورد لە كوردستانی ئێران دەستی پێكردووە و بەشداریی چالاكانە و سەركەوتنیان لە فێستیڤاڵە ناوخۆیی و بیانییەكان نیشانەی گرینگی و روو لە گەشەی هونەری سینەمایە لە كوردستان.