ئەگەری سەربەخۆیی كوردستان لەعێراق، ئێرانی خستۆتە دووڕێیانەوە

16:27 - 20 پووشپەڕ 2714
Unknown Author
هێرش کەریمی

پڕۆسەی دابەشبوونی عێراق بە هاتنی داعش بۆ ئەو وڵاتە قۆناغێكی نوێ‌بەخۆیەوە بینی و رەوتی ئەو پڕۆسەیەی خێراتر كرد و داعش وەكوو پارامێترێكی تازە، باڵانسی دەسەڵات و هێزی لەبەرژەوەندی هەرێمی كوردستان گۆڕی. لەدەستدانی هەیمەنەی دەوڵەتی مەركەزی سەبارەت بە كۆنترۆڵی بەشێكی گەورە لەعێراق، وایكردووە كە ئەو وتەیە ببێتە باسی رۆژ، كە دەوڵەتی ناوەندی توانای دابین كردنی ئەمنیەتی نەماوە.

دیارە پێشتریش بیرۆكەی دامەزراندنی دەوڵەتی كوردی، سوننە و شیعە لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئەمریكاوە هاتۆتە بەرباس و بەتایبەت بیرۆكەی دەوڵەتی كوردی لە ئەوانی دیكە زۆر بەهێزتر بووە، حوزووری داعش لەعێراق تەنیا خێرایی ئەو پڕۆسەیەی زیاتر كرد. دیارە هەر چەندە هەرێمی كوردستان لەساڵی ٢٠٠٤وە هێندێ هەنگاوی وەكوو، دامەزراندنی پارڵەمانی سەربەخۆ، دامەزراندنی ئەرتەش(هێزی پێشمەرگە)، بونیادنانی ناوەندە ئیدارییەكان، دروست كردنی پێوەندیی بازرگانی و دیپلۆماسی لەگەڵ وڵاتانی ئورووپایی بەمەبەستی رێگە خۆشكەر بۆ دەوڵەتی كوردی هەڵگرتووە.

دەوڵەتی ناوەندی(دەوڵەتی نووری مالیكی) بە توندی بە دەستەبازی، شیعەگەرایی و لەبەرچاو نەگرتنی مافی كەمینەكان تاوانبار كراوە و هەروەها بێ‌توانایی لە شكستدانی داعش بۆتە هۆی ئەوەی كە هەرێمی كوردستان ئەمنیەتی سنووری كوردستان بۆ خۆی بگرێتە دەست و مادەی ١٤٠یش بەشێوەی یاسای سروشتی چووە بواری جێبەجێ‌كردنەوە، هەر چەندە مالكیی هەڕەشەی ئەوەی كردووە كە سوپای عێراق بەم زوانە دەگەڕێتەوە ناوچە جێ‌ناكۆكەكان، بەڵام مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان وتوویەتی: عێراق بەفەرمیی دابەش كراوە و ئێمەش وەكوو كوردستان هیچ ناچار نین كە لەناو ئەو كارەساتەی كە عێراق تووشی بووە، بمێنینەوە.

سەربەخۆیی كوردستان، دووەمین وڵاتی جیابۆوە( جوغرافیای عەرەبیدا) لەماوەی سێ‌ساڵدا

پێش لەعێراق، سوودان (خاوەنی زۆرترین رووبەری وڵاتانی عەرەبی) لەئەنجامی كێشەی تایفی و ئیتنیکی لەساڵی ٢٠١١‌دا بە سەر دوو بەشدا، باكووری سوودان ( پێتەختی خارتووم) و باشووری سوودان (پێتەختی جووبا) دابەش كرا. پڕۆسەی جیایی‌خوازی باشووری سوودان كەلە ساڵی ١٩٥٥وە بە بیرۆكەی باكوور و باشوور دەستی پێكرد، هاوكات بوو لەگەڵ گیان لەدەست دانی دوو میلیۆن كەس و سەرەنجام بە رێفراندۆمێك لەساڵی ٢٠١١‌دا ناوچەی باشوور ( مەسیحی نشین) بە سەربەخۆیی خۆی لە باكوور( موسڵمان نشین) دەنگی دا و جیابوونەوەی خۆی راگەیاند، دیارە ئەمە لەحاڵێكدا بوو كە ئەگەر خارتووم توانای نیزامی هەبوایە، رێفراندۆمی باشووری بە فەرمی نەدەناسی. ئێستا هەرێمی كوردستان بەجۆرێك لەجۆرەكان دەیهەوێ‌ئەو رێچكەیە بگرێتە بەر و بڕیاری بە یاسامەند كردنی سەربەخۆیی كوردستانی داوە و بۆ ئەو مەبەستەش سەرۆكی هەرێمی كوردستان پارڵەمانی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی وەكوو ناوەندێكی یاسایی و یاسادانان بۆ ئەو مەبەستە و دیاری كردنی رۆژی رێفراندۆم راسپاردووە، بەڵام ئەو پرسە ناڕەزایەتی و دژایەتی فەرمیی هێندێ‌وڵات بە تایبەتی حكوومەتی ئێرانی لێكەوتۆتەوە، ئەو حكوومەتەی كە چەندین ساڵە لە رواڵەتدا خۆی بەدۆستی كوردی ئەو بەشە دەزانێ‌.

وڵاتی ئیسرائیل یەكەم وڵات بوو كە بەشێوەی فەرمی پشتیوانی خۆی لەهەر هەنگاوێكی بەرەو سەربەخۆبوونی هەرێمی كوردستان دەبڕی و ئەمریكا و توركیەش بەشێوەی نافەرمی ئەو پشتگیرییەیان دەربڕیوە و ئەو پشتیوانییەش لەقسەكانی بەرپرسانی هەرێمدا رەنگی داوەتەوە، بەڵام لەو نێوانەدا وڵاتی ئێران بەتوندی دژایەتی لەگەڵ پەرەگرتنی پرسی ناسیۆنالیزم و دەوڵەتی كوردی لەناوچەكەدا دەبڕیوە و وێڕای هوشداری دان بە بەرپرسانی هەرێمی كوردستان وتوویانە، پێویستە رێبەرانی كورد هەڵویستی لەناكاو و بێ‌بەرنامە لەخۆیان دەرنەبڕن و نەكەونە داوی پیلانەكانی ئیسرائیلەوە. بەهێرشی داعش بۆ عێراق، ئێران سوننەكان بە گەورەترین دوژمنی خۆی لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەزانێ‌و لەسەرووی هەموویانەوە وڵاتی عەرەبستان بە پشتیوانی سەرەكیی ئەو گرووپە لەقەڵەم داوە. دیارە هەر چەندە حكوومەتی ئیسرائیل، ئێران بەدوژمنی خۆی دەزانێ‌، بەڵام بە بەراورد لەگەڵ ئەو هەزینەیەی كە عەرەبستان و هاوپەیمانەكانی لەناوچەدا بەدژی ئێران بەكاری دێنن، شتێكی زۆر بەرچاو نییە.

دژایەتی عەرەبستان لەگەڵ ئێران كێشەی ئیدئۆلۆژی مەزهەبیی و نەتەوەییە و دەگەڕێتەوە بۆ پشتیوانی ئێران لەگرووپەكانی شیعە لەعەرەبستان و تەنانەت بەشێك لە گرووپە وەهابییەكانی دەرباری بنەماڵەی ئالی سعوود، شیعەكانیان بە كافر لەقەڵەم داوە. لەلایەكی دیكەوە ئێران پێكهێنانی حكوومەتی كوردی لەناوچەكەدا بە بەهێز بوونی پرسی مەزهەبی(سوننە) و هەروەها بەهێز بوونی پێگەی سیاسیی (ئیسرائیل) دەزانێ‌و لەو نێوەشدا مەسەڵەی سەربەخۆبوونی ئابووریی هەرێمی كوردستان و پرسی نەوت جێگە و پێگەی هەرێمی كوردستان لە ناوچەكە و جیهاندا زۆر بەرز دەكاتەوە و ئەوەش دڵخوازی ئێران نییە و نایهەوێ‌رەكابەری نەوتی بۆ خۆی دروست بكات، چونكە...

كوردستان خاوەنی پاشكەوتی ٤٥ بیلیۆن بۆشكە نەوتە و لە كۆنفرانسی وزەی ٢٠١٢‌دا سەرنجی كۆمپانیا نەوتییەكانی جیهانی بۆ لای خۆی راكێشا و بەپێی لێكۆڵینەوەكی ناوەندی توێژینەوەی ئاشتی IPSC ، پاشكەوتی نەوتی خاوی هەرێمی كوردستان بەرابەرە لەگەڵ وڵاتی لیبی و پاشكەوتی گازەكەشی بەرابەرە لەگەڵ وڵاتی قەزاقستان، تەنیا پاشكەوتی پاڵاوگەی نەوتی شێخان لەهەرێمی كوردستان ١٤ میلیارد بۆشكە خەمڵێندراوە.

لەحاڵی حازردا لە ١٧ ناوچەی هەرێمی كوردستان نەوت دەردهێندرێ‌و كۆمپانیاكانی ئێكسۆن مۆبیل، شۆرون ئەمریكا، توتاڵی فەرانسە و گازپڕۆمی رووسیا سەرقاڵی دۆزینەوە و دەرهێنانی نەوت لەكوردستانن. بەرپرسانی هەرێمی كوردستان وتوویانە هەتا ساڵی ٢٠١٩ رۆژانە دوو میلیۆن بۆشكە نەوت بەرهەم دهێنن و داهاتی ئەو بەرهەمە دەگاتە ٧٦ بیلیۆن دۆلار. هەرێمی كوردستان لەحاڵی حازردا رۆژانە ٢٥٠ هەزار هەتا ٣٠٠ هەزار بۆشكە نەوت بەرهەم دەهێنێ‌.