ئابووری نیزامێکی بنەڕەتییە و لە سەرەوەی هەموو نیزامەکانە

13:17 - 13 جۆزەردان 2723
شەهرام سوبحانی

شەهرام سوبحانی

ئابووری بەشێکی گرینگ لە ژیانی ئێمەی مرۆڤ پێک دێنێ کە ژیانی هەر تاقمێک بەستراوەتەوە بە هەبوونی داهاتێکی بەردەوام.هەر بۆیە کاتێک ژیانی هاوبەش پێک دێنین لە یەکەم هەنگاو دا پێویستمان بە هەبوونی داهاتێکی بەردەوامە تاکوو بتوانین ژیانی خۆمان و بنەماڵەکەمانی پێ بەڕێوەبەرین. هەر بۆیە بۆ بەڕێوەبردنی وڵاتێک،دەوڵەتێک،یان حیزبێک لە یەکەم هەنگاودا دەبێ تێبکۆشین ئابووریەکی بەهێز دابمەزرێنین تاکوو بتوانین بە باشی سیاسەتی ئۆرگانەکانی تر دابڕێژین.و بەم مێتۆدە  وڵاتێکی پێشکەوتوو لە بواری گەشەی ئابووریدا پێک بێنین.دەتوانین بڵێن کە ئابووری ڕیشەیە،کۆڵەکەیە،سەرچاوە ئابوورییەکان بریتییە لە:(نەوت، گاز، گەشتیاری، موسەلەسی ئابووری واتا"بیمە،بانکەکان،بوورس" ماڵیات،کشتووکاڵ،ئاژەڵداری،وزە، هەناردەکردنی بەرهەمی جۆراوجۆر بۆ وڵاتان،بانگهێشت کردنی سەرمایەداران بۆ وڵات،تەرخان کردنی سەرمایە لە دەرەوەی وڵات بەتایبەت لە بانکە گەورەکانی دنیا وەکوو:ئاڕ.بی.ئێس، یوو.بی.ئێس، باڕکلیز، جەی.پی.مۆرگێن، سیتی گرۆ، و... هتد.ئەمانە بەشێکن لە داهاتی وڵاتێک کە دەتوانی وڵاتێکی پێ بەڕێوەبەری،لاواز بوونی ئەم داهاتگەلە ولە پەراوێز خستنی،وهەروها گەندەڵی ماڵی کاربەدەستان حکوومەتی،کاریگەری زۆر خراپی لە سەر دەوڵەتێک هەیە کە دەتوانێ لە ئاکام دا دەوڵەتێک بەرەو نەمان بەرێ واتا ئەگەر نیزامی ئابووری بڕووخێ ئەوا ڕووخانی نیزامی سیاسیش حەتمییە چونکە ئەوە نیزامی ئابوورییە ڕەنگ و ڕۆح بە نیزامەکانی تر دەبەخشێ،سیاسەتەکانی ئۆرگانەکانی تر  دادەڕێژی.لە ڕاستی دا دەتوانین بڵێن کە هەبوونی ئابووریەکی بەهێزە دەتوانێ زامنی مانەوەی دەوڵەتێک بێ لە ئاستی زلهێزەکانی دنیا.بۆ نموونە:وڵاتی چین و ئەڵمانیا کە بە کار کردن لە سەر پڕۆسەی گەشەی ئابووری توانیان باڵ و سێبەریان بە سەر دنیا دا بکێشن ئەویش هەم لە بواری سیاسی،ئابووری،تەکنۆڵۆژیا و پەروەردە و...هتد.یان نموونەیەکی تر کاتێک چاو لە ئابووری ئێران دەکەین دەبینین بە هۆی گەندەڵی بەرپرسانی ڕێژیم و تەرخان کردنی بەشی هەرە زۆری داهاتی ئێران لە وڵاتانی ناوچەکە و پاڵپشتی لە تیرۆریزم و پەرە پێدان بە کردەوە قیزونەکانیان لە ناوخۆ و دەرەوەی سنوورەکان وای کردووە کە ڕۆژ بە دوای ڕۆژ ئەو ڕێژیمە بەرو نەمان هەنگاو بنێ.یان دەتوانین چاو لە شەورەوی پێشوو بکەین کە گەماروەکانی ئەمریکا وای لێکرد کە ئەو وڵاتە جگە لە ڕووخانی سیستەمی دەسەڵات پارچە پارچە بوو،هەر پارچەیەکی بوو بە وڵاتێکی سەربەخۆ ئەمە دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە ئابووری بابەتێکی هەرە گرینگی دنیای ئەمڕۆوە کە نابێ لە پەراوێز بخرێ،بەڵام لە سیستەمێکی بەرژەوەندەی خوازی تاکەکەسی دا ئابووری تەنیا بۆ دەسەڵات دارانە و بەس واتا لەو سیستەمەدا ڕیشەکانی ئابووری تەنیا لە دەستی چەن کەس دایە،وەکوو بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران کە تەواوی ڕیشەکانی ئابووری ئێرانیان لە سەر دەستی چەن کەس و چەن لایەن هێشتۆتەوە بە تایبەت سوپای پاسداران چونکە زامنی مانەوەی ڕێژیمی تاران  سوپای پاسدارانە و سوپای پاسدارانیش ڕاستەخۆ لە ژێر ڕەکەیفی کەسی  یەکەمی ڕێژیم"عەلی خامەنەیی"دایە،کە وەکوو مافیا خەڵک و لەق و پۆی سیستەمەکە بە کامی خۆیان ڕەنگ دەکا و هەموو ئۆرگانەکان لە ژێر ئەو سیستەمە فکریەدا دەهێڵێتەوە و هەر شتێکە بتوانێ مەترسی بێ بۆ نیزامی ویلایەتی فەقهیــ لە نێوی دەبن وەک پاپەکان کە دەیانگووت:هەر شتێک گەر لە دەرەوی کتێبی ئایینی ئێمە بێ،ئەو ڕاس نییە و هیچ مەشروعییەتێکی نییە؛و سزای قورسی بەدوادا هەیە لە کاتێک دا کتێبەکان بە کامی خۆیان نووسرابوون و دەسکاری کرابوون.

جا بۆیە لە سەردەمی ئەمڕۆدا دەتوانین بڵێن کە ئابووری ڕۆڵێکی سیاسیی دەگێڕێ،واتا داگیرکردنی دنیا بە بێ شەڕ و خوێنڕشتن،بۆ نموونە:وڵاتی چین و ئەمریکا بەهۆی گەشەی ئابوورییەکەیان  توانیویانە سێبەری خۆیان بە سەر دنیا ڕا بکێشن.کاتێک لە بازاڕ چاو لە هەر کەل و پەلێک دەکەیی بۆت دەردەکەوێ کە بەشی هەرە زۆریان سازکراوی ئەم وڵاتانەیە،دەکرێ بەم مێتۆدە باسی بکەین کە سیاسەتی ئێستای دنیا گۆڕاوە وەکوو ڕابردوو نییە کە بە هێزی چەک وڵاتێک داگیرکەی،ڕاستە قەڵەم تا چەکی لە پشت نەبێ بە ئاکام ناگا،بەڵام ئەوەی لە چەک بە بڕشترە"ئابوورییە"ئاوڕدانەوە لە دنیای ئەمڕۆ سەڵمێنەری ئەم وتەیە کە ئەمڕۆ شەڕ،شەڕێ ئابوورییە،هەر وڵات کە بتوانێ بەرهەمی باش هەناردەی وڵاتانی دیکە بکا و پڕۆگرامی تایبەتی هەبێ لە بواری ئابووری،ئەوا سەرکەوتووترە،هەر بۆیە لە سەردەمی مودێڕنی ئێستا دا زلهێزەکان بە جۆرێک تر هەوڵ دەدەن جیهان داگیرکەن و لەو سیاسەتەش دا زۆر سەرکەوتوو بوونە.بۆ نموونە: دەتوانین ئاماژە بە وڵاتی ئەڵمانییا بکەین کە هەتا ئێستا دوو جار هەوڵی داوە تا لە ڕێگای شەڕ و خوێنڕشتن ئورووپا داگیر بکا،بەڵام لە ئاکام دا شکستی هێناوە. بەڵام بۆ جاری سێهەم بۆ گەیشتن بەو ئامانجەی چەکی بەکار نه هێنا،بەڵکوو هەوڵی دا لە ڕووی ئابوورییەوە دەس بە سەر تەواوی ئورووپادا بگرێت و زۆریش سەرکەوتوو بوو،ئەمڕۆ کاتێک چاو لە ئابووری ئورووپا دەکەین دەبینین کە بەشی هەرە زۆری بەرهەمە ناسراوەکان و باشەکان سازکراوی ئەڵمانییان، و ئەمڕۆ ئەڵمان بووەتە دەوڵەمەندترین وڵاتی یەکگرتووی ئورووپا و ڕیشەی ئابوورییەکەی لە تەواوی ئورووپا دەردەکەوێ.نموونەیەکی تر وڵاتی ژاپۆن کاتێک لە شەڕی دووهەمی جیهانی بە چەکی ناوەکیی هێرش کرایە سەر وڵاتەکەیان،شایەتی داڕمانێکی ئابووری و بنەڕەتی لە وڵاتەکەیان بوون کە بووە هۆی درووس بوونی قەیرانێکی گەورەی کۆمەڵایەتی و سیاسی و هەڵوەسان.بەڵام ئەوان بەچەک وڵامی ئەو هێرشەیانە نەداوە،بەڵکوو لە ڕێگەی ئابوورییەوە تۆڵەیان لە دوژمنان کردەوە.کە ئاکامی زەحمەتەکانیان ئێستا دەیبینن کە ژاپۆن لە بواری ئابووریدا لە ئاستی زلهێزەکانی دنیا دێتە ئەژمار،واتا بەرهەمەکانی ژاپۆن بازاڕی زلهێزەکانی بەزاندووە،هەر وەک خۆیان دەڵێن:ئێمە تۆڵەی خۆمان بە قەڵەم کردەوە،بەڵام ئەوەیی لێرە جێگایی داخە ئەوەیە کە بە پێی ئەوەیکە خاکمان داگیرکراوە،و دوژمنەکانمان دیارە و مێژووش شایەتی مان بۆ دەدا،لە هەرێمی کوردستان زیاتر بەرهەمەکانی دوژمنەکانم دیار دەکەوێ نازانم بۆ ئێمەش چاوێک لە دەوروو بەرمان ناکەین!ئایا دوژمنان ناناسین؟یا وە پێشت گوێمان خستووە!یان بۆ پرسیارێک لە خۆمان ناکەین!کە کێ هەموو ڕۆژێک سنوورەکانی کوردستان خەڵتانی خوێن ئەکا؟کێ هەموو ڕۆژێک مێژوومان دەسڕێتەوە؟کێ حاشا لە بوون و مافمان ئەکا؟بەداخەوە سەرەڕای ئەو هەموو جینایەتانەی کە دەر حەق کورد کراوە و هەتا ئێستاشی لە گەڵ بێ هەر بەردەوامە،نەمانتوانییەوە بەرهەمی سازکراوی خۆمان هەبێ و لارە ملی دوژمنان نەبین.کڕینی کەل و پەلی ئێرانی و تورکیا دەبێتە هۆی گەشە سەندنی ئابووری دوژمنان کە لە ئاکام دا بەم دیاردەیە دەراغی چەکەکانیان باشتر پڕ دەکەین کە زیاتر  بەسەرمان دا خاڵی کەن.لێرەدا وتەیەکی گاندیم بیر دێتەوە کە دەڵێ:بەبێ پێڵاو ڕێگا دەبڕین،بەڵام قەد پێڵاوی دوژمنان لە پێ ناکەین.هیوادارم ئێمەش ڕۆژێک بەو ئاستی بیرکردنەوە بگەین.کە دەبێ لە سەر لاقی خۆمان ڕابۆەستین هەر بۆیە لێرەدا دەردەکەوێ کە ئازادی تەنیا بەڕێوەبردنی چەن سنوور نییە،ئازادی سەربەخۆ بوونە بەبێ چاو لە دەس کردنی دەسەڵاتدارانی تاران و ئەنکارا.

بەڵام ئەوەی لێرەدا جێگای دڵخۆشییە ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان زۆر لە بواری گەشتیاریدا چالاکە تا سرنجی خەڵکی جیهان بەرەو کوردستان ڕابکێشێ و بەو جۆرە داهاتێکی بەردەوام بۆ کوردستان دەستەبەر بکات.وەکوو وڵاتی تورکیا،مەکزیک،میسر کە دوای فرۆشی (نەوت وگاز)دووهەمین داهاتی وڵاتەکەیان لە سەر گەشتیارییە،بەڵام ئەمە تەنیا بەس نییە بۆ بە ئاکام گەیشتنی ئەو ئامانجە گەورە و سەربەخۆیی کوردستان،کاتێک داهاتێکی بەردەوام لە وڵاتێک دا ببێ بە بەرنامەو کاری لەسەر بکرێ زۆرینەی کێشەکانی کۆمەڵگە ڕیشەکەن دەکرێ.چۆن بەشێکی زۆری کێشەکان بە هۆی نەبوونی و هەژارییەوە ڕوو دەدا و ئەمە ئەرکی دەسەڵات دارانە کە دەبێ لە فیکری خەڵک و وڵات دا بن تا نەچوونەتە ناو لاپەڕەکانی مێژوو،هەر بۆیە خوێندنی مێژوو گرینگە کە کەڵکی لێ وەرگرین و لە ژیانمان دا بەکاری بهێنین نەک تەنیا ڕۆژ ژمێری ڕووداوەکانی ڕابردوو لە بەر کەین.چۆن مێژوو ئاوێنەیە و خاڵە لاوازەکانی خۆمان پێمان پێشان دەدا،بەڵام حاشا کورد دەرسێکی لە مێژوو وەرنەگرتووە.وەک هیتلێر دەڵێ:هەر میللەتێک گەر مێژوویی خۆیی نەزانێ ئەوا مەحکوومە بە دووپاتی ئەو ڕووداوانە.نموونەکان زۆرن لە دنیا بۆ ئەوەیکە دەرسیان لێ وەرگرین،بەڵام بە داخەوە ئەو بیرۆکەی کە ئێستا کە لە نێو کۆمەڵگەی کوردستان دا زاڵە،بە تایبەت لە نێو حیزبەکان من پێم وایە هیچکات ناتوانین کاریگەری چاکمان بۆ کۆمەڵگەی کوردستان هەبێ مەگەر گۆڕانکاریەکی بنەڕەتی مان تێدا درووس بێ.ئەو کات دەتوانین بڵێن کە ئێمەش هەین.

بۆ نموونە کوردستان وڵاتێکی دەوڵەمەندە و سەرنج ڕاکێشە،هەم لە بواری کانگا ژێر زەوییەکانەوە،هەم لە بواری بە پیت بوونی ئەم خاکە بۆ بەڕێوەبردنی سەدان پڕۆژەی کشت و کاڵ و ئاژەڵ داری و...هتد.بە پێی سەرچاوەیەکی ئاگادار هاتوووە کە کوردستان خاوەن ۷٪ نەوتی  و گازی دنیایە واتا ئەم ڕێژەیە بە بەروارد لە گەڵ دانیشتوان و حەشیمەتی خاکی هەرێم یەکجار زۆرە کە دەتوانی بەم هەموو داهاتە،سەدان و هەزاران پڕۆژەی تایبەتی بۆ پەرە پێدانی بە گەشتی ئابووری درووس بکەی کە چیتر لاوەکانی ئێمە مەجبوور نەبن خاک و زێدی خۆیان بە جێ بهێڵن و سەرمایەی خۆیان تەرخانی وڵاتانی ئورووپا بکەن.بەڵام بەداخەوە گەندەڵی ماڵی گەیشتۆتە ڕادەیەک کە کوردستانی لە گەشەی ئابووری خستووە.لە کاتێک دا دەتوانن بەو سەرمایە لە کوردستان کارێک ڕێک بخەن و لە ڕێژەی بێکاری و هەڵاوەسان کەمکەنەوە کە بە قەوڵی پەندی پێشینیان یەک گوللەو دوو نیشانە،واتا لە لایەک خزمەتێکە بە کۆمەڵگە و بەرگری کردن لە هەژاری و بێکاری،دووهەم قازانجێکە بۆ خۆت و هەنگاوێکی گەورە بۆ بەرەو پێش بردن و گەشەکردنی کوردستان.ئاوڕێک لە ڕێژەیی پەنابەران بۆ دەرەوەی وڵات لە چەن ساڵی ڕابردوودا دەرخەری ئەو ڕاستییە کە هەر ساڵ دەیان ملیۆن دۆلار لە لایەن کوردەکان و حەتا کار بە دەستانی هەرێم لە ئورووپا سەرف دەکرێ کە قازانجەکەی تەنیا بۆ خەڵکی ئورووپایە و هیچی دیکە،کە بەداخەوە ئێمە بە دەستی خۆمان وڵاتانی ئەوان ئاوەدان دەکەینەوە و وڵاتی خۆمانیش بەروە وێرانە دەبەین.جا بۆیە هیوادارم لەمڕۆ بەدوا ئاوڕێک لە خۆمان بدەینەوە کە چیتر کۆیلە و ژێر دەس نەبین.هەر بۆیە بە ڕاشکاوانە دەڵێم کە داهاتی وڵاتەکەمان دەتوانێ ئەو خەونانەی کە هەر کوردێک بۆ کوردستان هەیەتی بەدیی بێنێ.بەڵام دەبێ هەر تاکێکی کۆمەڵگە لە خۆیەوە دەس پێ بکا بۆ ئەم پڕۆسەیە تاکوو ئێمەش بتوانین بەرهەمی باش و وڵاتێکی ئاوەدانمان هەبێ.

ناوەرۆکی ئەم بابەتە روانگەی نووسەرەکەیەتی و ئاژانسی کوردپا لێی بەرپرسیار نییە.