دەنگدان و دێمۆکراسی هەنووکە بە قازانجی کورد نیە!

20:28 - 3 رێبەندان 2722
هەورام رەحیمی

هەورام رەحیمی

ڕامان و ژیاری خەڵکێک کە دەیان ساڵە لە ژێر کاریگەری و پەروەردەی دیکتاتۆر و دەسەڵاتی تێئۆکراتی/دینی‌دا شکڵی گرتبێت و بەڕێوەچووبێت، مافی نەتەوەیی و دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوەیەک لە رێگەی دێمۆکراسیەوە دابین‌بوونی ئەستەمە. بۆ سەلماندنی راستی ئەم تێزە، پێویستە ئاماژە بە تایبەتمەندیەکی جەوهەریی چەمکی دێموکراسی بکرێت.

خەڵک‌سالاری و دەنگی خەڵک و ئاکامی ئاکاری کۆمەڵگەیەک کە دەیان ساڵ دێمۆکراسی تێدا کردەیی کرابێت، جیاوازیەکی زۆری لەگەڵ کۆمەڵگەیەک هەیە کە رەنگی دیمۆکراسیشی بەخۆوە نەدیتبێت. هەر بۆیە کاتێ کەڵکوەرگرتن لە دێمۆکراسی بەرهەمی ئەرێنی دەبێت کە خەڵک بە ئاگایی و ئاوەزی راستبینی و رێئالیستیەوە لەسەر پرسێک دەنگ بدات.

هەروەک کۆمەڵناسان دەڵێن: دێمۆکراسی تەنانەت لە بنەماڵەیەکدا کاتێک دەتوانێ چارەسەر بێت کە ئەندامانی بنەماڵەکە لەسەر کێشە و ناکۆکی نێوانیان ئاگا و شارەزا بن.
خاوەن دەنگ کە سەرووی پانزەساڵ‌تەمەن لەخۆ دەگرێت، ئەگەر سەرچاوەی دەنگەکەی لۆژیک یان ئاگایی نەبێت و ئەو پرسەی لەسەری دەنگ دەدات لای نامۆ و نەناسراو بێت یان بەشێوەیەکی سەردەمیانە لێی تێنەگەییشتبێت، دەشێ دەنگەکەی کاریگەریی نەرێنی لە ئاکامی پرۆسە و پرسەکە لێ بکەوێتەوە.

ئەگەر لەپێوەندی لەگەڵ پێکهێنانی حکوومەت لەسەر رۆژهەڵاتی کوردستان پاش رووخانی رژیمی ئیسلامی ئێران بمانەوێ باس بکەین، دەبێ ئەم فاکتۆرە کە بریتی‌یە لە ئاگایی تاک و کۆمەڵ شێمانە و پێوانەی بۆ بکرێت و هەڕەمی لەسەر بنەمای باوەڕمەندبوون بە دەنگدان و دێمۆکراسی چارەکەی داخوازیکانی خەڵکی کورد لە ئێرانێکی فرە نەتەوە بەرتەسک نەکەینەوە.

دیارە هزر و تێڕامانی تاکەکان کە لەژێر کاریگەریی دێمۆکراسی خوازیی رووت و بەدوور لە ئاگایی بەرژەوەندی نیشتیمانی، ئاسایشی نیشتیمانی و ناسیونالیست/بیری نەتەوەیی دەتوانێ بۆ نەتەوەیەک مەترسیدار بێت.

لەهەمان کاتدا کەسە ئاسێمیلەکراوەکانی ژێر دەسەڵاتی دیکتاتۆریی و مێشک‌شۆردراوەکانی کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانیش، دەکرێ لەپەیوەندی لەگەڵ "مافی دیاریکردنی چارەنووسی کورد" مەترسیدار بن. بەڵام ئاخۆ رابەرایەتی سیاسی کۆمەڵگەی رۆژهەڵاتی کوردستان لەسەر بنەمای دێمۆکراسی دان و ستان لەگەڵ ناوەندگەراکان دەکات یان "مافی دیاریکردنی چارەی خۆنووسین" وەک هێڵی سوور، دەکاتە دیسکۆرسی زاڵی وڵاتەکەی یان نا؟

لە مێژوودا فیلسووفان و زانایانی سەردەم ئەگەرچی دێمۆکراسییان رەد نەکردوەتەوە، بەڵام رەخنەیان لێ گرتووە و تێبێنییان بۆ دێمۆکراسی هەبووە. لەوانە زانای ناوداری یوونانی سۆقرات و رێبەری بلیمەتی کوردستان د. عەبدولرەحمان قاسملوو کە هەردووکیان سەرەڕای تێڕوانینی قووڵ و جیاوازیان بۆ دێمۆکراسی لە ئاکامدا لە پێناو باوەڕیان و تێبینییان بۆ دێمۆکراسی گیانیان لەدەست دا.

سۆقرات زانای ناوداری یوونانی کە بێ‌باکانە رەخنەی لە دێمۆکراسی هەبوو، بە تۆمەتی بەلارێدابردنی هزری لاوانی یوونانی کۆن دادگایی کرا و بە چەند دەنگێکی نائاگا گیانی لێستێندرا.

سۆقرات لەو باوەڕەدا بوو کە دەنگدان دەبێ لە ئاگاییەوە سەرچاوە بگرێت نەک لە تواناییەوە، واتە کاریگەریی ئەرێنی دەنگ دەبێ لە رووی ئاگایی و شارەزایی دەنگدەرەوە بێت و ئەگەر دەنگدەر تەنیا پێوەری دەنگدانی تەمەنی دەنگدان بێت، ئەوە پرۆسەکە ئاکامێکی نەرێنی لێدەکەوێتەوە. بەپێ پێناسەی سۆقرات لە دەنگدان کە بەشێکە لە دێمۆکراسی لە پرۆسەیەکی دەنگداندا دەکرێ دیکتاتۆری و نادادپەروەری پێک بێت.

د. عەبدولڕەحمان قاسملوو لە وتووێژێکیدا دەڵێت: دێمۆکراسی ناتوانێت بەتەنیا پرسی کورد چارەسەر بکات. ئەگەرچی د. قاسملوو باوەڕێکی قووڵی بە دێمۆکراسی هەبوو لەهەمان کاتدا دەکرێت شارەزایی و تێڕوانینی لە دێمۆکراسی هاوچەشنی بۆچوونەکە سۆقرات بێت.

ناوەرۆکی ئەم بابەتە روانگەی نووسەرەکەیەتی و ئاژانسی کوردپا لێی بەرپرسیار نییە.