ئەوەی ئێستا لەباشووری کوردستان ڕوودەدات، کۆڕەوی دووەم و سێیەمە

21:45 - 26 گەلاوێژ 2714
Unknown Author
عومەر ئیزەدخا

دروستبوونی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بەهێزبوونی پێگەی لە ناوچە، لە مێژووی باشووری کوردستاندا چەندین وێزگە و پاڵنەری دیاری هەیە، کە یەکێک لەوانە کۆڕەوەکەی ساڵی ١٣٧٠یە، کە لەوێوە گرینگیی ئەو حکوومەتە هاتە سەر سکە و پێخۆری خۆی لەو سەرچاوە سروشتیە وەرگرت، مانگی ئۆگستی ئەمساڵیش ئەم سەرچاوەیە زۆر بەگوڕی تەقیەوە.

دوای ئەوەی بارودۆخی سوریا ئاڵۆز بوو و لەو فەزایەدا گروپێکی توندڕەوەی تیرۆریست دروست بوو، کە بەڕاستە و خۆ یان ناڕاستەوخۆ دەستی زۆر لە حکوومەتانی وڵاتانی جیهانی تێدابوو، دەبینین ئێستا مەترسیدارتر دەرکەوێ و سوپای وڵاتیکی وەک عێڕاقی لە چەند خولەکێکی کەمدا ڕای کرد و ناوچەیەکی بەهێزی وەک نەینەوای کەوتە دەست، بە هەموو ئامرازە سەربازیە پیشکەوتووەکانی و بڕی زۆری سەرچاوی سروشتی وەک نەوت و بەنداوەکان و دانەوێڵە و هاتنەناوەوەی کۆمەڵە خەڵکیکی زۆری ئەو ناوچانە بۆ ناو ڕیزەکانی، وایکرد زۆر زیاتر بەهێز بێت و چاوەڕوانی مەترسی گەورەی لێ بکرێ لەلای کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، کە ڕوون نیە تاچەند حکوومەتەکانی ناوخۆی عێڕاق دەتوانن پارێزگاری لە خۆیان بکەن، جگە لەو قەیران و گرفتانەی کەلەبەردەم پرۆسەی سیاسی ناو سیستەمی سیاسی ئەو وڵاتەن، هەر بۆیە دوای ئەو فراوان خوازیە زۆرەی کە داعش کردی و لە دوایین هێرشەکانیان کە کردیان بۆ سەر خاکی باشووری کوردستان، دەنگدانەوەیەکی گەورەی لە ناو میدیاکاندا دروست کرد، وڵاتانی ڕۆژئاوا کەوتنە خۆیان بۆ گەیاندنی هاوکاریی بەپەلە .

ڕاستەوخۆ دوای جێژنی ڕەمەزان، داعش هێرشی کردە سەر ناوچەکانی شەنگال و زومار و دەوروبەری و بەهەر شێوەیەک بێت، هەرچی چەکدار و بێچەکی ئەو ناوچەیە بوو یەکبەر ئەوێیان بەجێ هێشت، هەرچی هاووڵاتییان بوون، کە ژمارەیان زیاتر لە ٢٠٠،٠٠٠ کەس مەزەندە دەکرێت، بەکۆمەڵ روویان لە چیا و ناوچەکانی دیکە کرد \" جگە لە چەندە گوندێک کە تائێستا چوار دەوردراون و ناتوانن ڕابکەن \"، بەبێ هیچ شتێک جگە لە جلوبەرگیان، ئەوەی زۆر جیای دەکاتەوە لە ئاوارەبوونی ناوچەکانی دیکە، ئەوەبوو، کە خەڵکی شنگال لە سەر چیای شنگال چوار دەور دران و جوڵەیان بۆ نەکرا بێ خۆراک و لە حاڵیکی زۆر ناخۆش دان، بەداخەوە، ئەگەرچی ئێستا خۆشبەختانە باسی ئەوە دەکەن کە ژمارەیەکی کەم ماون لەسەر چیاکە، هەر زوو سەرکردەکانی ناو ئێزیدەیەکان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان داوایان لە وڵاتانی دونیا کرد بۆ هاوکاریکردیان، بە تێپەڕووبنی زیاتر لەهەفتەیەک بارودۆخی ئاوارەکان بەڕادەیەکی زۆر خراپ بوو، ئەمەش بە خێڕایی وایکرد حکوومەتانی جیهانی وەک ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بێنە دەنگ، کۆبونەوەی بەپەلەی سەرانی ئەو وڵاتانە و یەکیەتی ئەوروپای بەدوای خۆیدا هێنا، ئێستاش دەبینین کە وڵاتانی ئەمریکا و فەڕەنسا و بەریتانیا و ئیتاڵیا و فینلاند و ..

دەیانەوێ هاوکاری مرۆیی و سەربازی ڕاستەوخۆ بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستانی عێڕاق بنێرن، جگە لە تورکیا !، هۆکاری ئەو هاوکاریانەش بۆ چەند شتێک دەگەڕێتەوە، یەکەم : ژمارەی زۆری خەڵکی ئاوارە و بەگەرمی بانگ ڕاهێشتنی دونیا لەلایەن سەرکردە ئیزیدیەکان و مەسیحیەکان و حکوومەتی هەرێم، دووەم : لەماوەی ڕابردوودا باشووری کوردستان و حکوومەتەکەی ناوچەیەکی ئارام بووە و تاڕادەیەکی باش مافی مرۆڤ و کەمینەکانی پاراستووە، سێیەم : بوونی ژمارەی زۆری کۆمپانیای وەبەرهێنانی ئەو وڵاتان لە هەرێمی کوردستان، چوارەم : هەرێمی کوردستان وەک فەرمانڕەوایەتیەکی نەتەوەیی بەردەوام خۆی نواندووە تا ئایینی و جێگەی سەرنجی وڵاتانی دونیایە لە ئێسیاتادا، کە ببێتە مایەی گرینگی پێدانیان بەم هەرێمە کە لە ناوچەیەکدایە کە ئەو وڵاتانەی دەوروبەری مەرجەعە ئایینیەکان باڵا دەستن و دێموکراسی و لیبڕاڵی تێیاندا زۆر کاڵ و کرچە، پێنجەم : بەهێزبوونی میدیای باشووری کوردستان، شەشەم بوونی کەمینەی جۆراوجۆر لە ناو باشووری کوردستان و خواستیان بۆ مانەوەیان لە حکوومەتەکەیدا، حەوتەم : بێهێزی و شکستەکانی ئەو دوایانەی حکەمەتی عێڕاقی وای کرد کە وڵاتان بیر لە جۆریکی تری بەرژەوەندیەکانیان بکەنەوە لە عێڕاق و پێشێل کردنی سەروەری ئەو وڵاتە، هەشتەم : دەوڵەمەندی باشووری کوردستان لە ڕووی سەرچاو سروشتیەکانەوە، نۆیەم : بەهێزبوونی دیپلۆماسیەتی ئەو دوایانەی حکوومەتی هەرێم و ڕۆڵی سەرۆکایەتیەکەی، دەیەم : مەترسی لەناوچوونی ئەو حکوومەتە لەلایەن گروپی داعشەوە، وایکرد وڵاتانی دەوروبەری وەک تورکیای زۆر پێ شپرزە بێت و ژێربەژێر هانی وڵاتانی ڕۆژ ئاوا بدات، ئەگەر بۆ خۆیشی ڕاستەوخۆ بەهەر پاساوێک بێت هاوکاری سەربازی هەرێم نەکات .

ئێستا بۆچی کۆڕەوە، چونکو باشووری کوردستان هەر وەک ساڵی ١٩٩١ی زایینی خەریکە بازدەدات بۆ قۆناغێکی گرنگ و هۆکاری هاوشێوەیان هەیە بۆ ئەو بازدانانە و خەڵکێکی زۆر ئاوارە و دەربەدەر بوون، کۆچی بەکۆمەڵی هاووڵاتییان و برسیبوون و دروست بوونی مەترسی و دڵەڕاوکێی زۆر ..، جگە لەوەش دروستبوونی پێگەیەکی بەرزتر لەجاران بۆ حکوومەتی هەرێم ..، ئەگەر ئەوەی یەکەم دروستبوونی ئەو حکوومەتەی زۆر ئاسان کرد، ئەوا ئەوەی ئێستا دروستبوونی دەوڵەتی کوردی زۆر ئاسانتر کرد، چونکو، یەکەم : کۆنتڕۆڵکردنی ناوچەیەکی زۆر لە خاکی باشوور لەلایەن حکوومەتی هەرێم و جگە لە \" شەنگال و دەوروبەری و چەند ناوچەیەکی تر \" هەر بەهۆی هاتنی داعشەوە، دووەم : ئەگەر لە ڕابردوودا وڵاتان پشتگیری خۆیان بۆ بەدەوڵەت بوونی هەرێمی کوردستان دەردەبڕی، ئەوەتا دەبینین بەدەر لەوە پاڵپشتی سەربازی و مرۆیی ڕاستەوخۆ بۆ ئەو حکوومەتە دەنێرن، کە ئەمەش وەکوو ئەوە وایە مامەڵە لە گەڵ دەوڵەتێکدا بکەن، نەک لەگەڵ هەرێمێک کە لەناو دەوڵەتێکدایە، حکوومەتی هەرێم چ لەماوەی ڕابردوودا گرێبەستی بازرگانی و لەنێویشیدا نەوتی کردووە لەگەڵ وڵاتاندا و ئەوەتا ئێستاش هاوکاری سەربازی بۆ سوپایەکی لۆکاڵی ڕەوانە دەکەن، بێ هیچ حسابکردنێک بۆ حکوومەتی ناوەند، جا بە خواست یان غەیری خواستی ناوەند بێت، ئەو واقیعەش تەواو پێچەوانەی دەستوور و سەروەری خاکی عێڕاقە و لە ئەزری واقیعدا دەری دەخات کە هەرێمی کوردستان تەنها ئەندامی رێکخراوی نێودەوڵەتی نەتەوە یەکگرتووەکان و دراو و ڕەگەزنامەی نیە، ئەگەرنا وەک هەر شوێنێکی دیکە دەوڵەتە و جیهانیش نایەوێ پێگەی بێتە خوارەوە، لەم دوایانەدا هەناردەکردن و بەستی ڕێکەوتنامەی نێودەوڵەتی لەبواری نەوت و ئێستاش لە بواری سەربازییەوە سەلمێنەری ئەو ڕاستیەن.

کۆڕەوی ساڵی ١٩٩١ زاینی کە بە یەکێک لەو سێ هۆکارە گرنگە ناوخۆییەدا دادەنرێت، کە ڕێگە خۆش کەر بوون بۆ هاتنە کایەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەپاڵ ڕاپەڕینە بەربڵاوەکەی ٥ی ئازاری هەمان ساڵ، کە دوای سەرکەوتنی ئەو ڕاپەڕینە و شکستی ڕژێمی بەعس، ئەو ڕژێمە پەیامێکی سزادانەوەی ئاراستەکردن و هاوڵاتییانیش بۆ ئەوەی نەبادا وەک ساڵانی هەشاتاکانی زایینی بە چەکی کۆمەڵکوژ وڵامیان بداتەوە، بۆیە زیاتر لە ملیۆن و نیوێک ئاوارەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران و پارچەکانی دیکە و تورکیا بوون، هۆکاری سێیەمیش قوڵ بونەوەی کێشەکانی نێوان کورد و بەغداد بوون، بێگومان هۆکارگەلی ناوچەیی و جیهانی وەک جەنگی کەنداو و ڕوخانی سۆڤیەت و هاتنە ئارای تاک جەمسەری و دەنگ وەدانەوەی ژینۆسایدی کورد لە میدیای جیهانی و بڕیاڕی ٦٨٨ی UN دەوری خۆیان هەبوو ..، لە ساڵی ٢٠٠٣ی زایینیش جۆرێک لە کۆڕەو ڕوویدا بەڵام، تەنها خاڵی هاوبەشی لەگەڵ دووەکەی تر ئەویە کە ئەو دەرەنجامانەی لە واقیعی پرۆسەی سیاسی و سیستەمی سیاسی عێڕاق کەوتنەوە، زۆر کەمتر کەوتنە ژێر کاریگەری ئەوەوە، بە کورتی ئەوەیە کە ژمارەی کۆچبەران کەمتر بوو، ئەوەندەی هۆکاری ڕوخانی ڕژێمی بەعس و یەکگرتنی ئۆپزسیۆنی کورد و شیعە و سونە و نوسینەوەی ڕەشنوسی دەستورێکی نوێ کاریگەری نەبوو، کۆچ بەرانیش زیاتر بریتیبوون لە دانیشتوانی خواروی باشووری کوردستان، لە بەر مەترسی هەڕەشەکانی ڕژێمی پێشوو ..، کۆڕەوی دواتریش مانگی ئۆگستی ئێستایە ٢٠١٤ ە، کە لە ئەوانی دیکە زۆر بەهێزترە، ڕاستە کەمیەنەکان زیاتر تووشی کۆچ و ڕەو بوونە، بەڵام ئەوان خۆیان بەردەوام ڕایدەگەیەنن کە ئەوان کوردن و نایان هەوی بە جیا خۆیان لەقەڵەم بدەن، هەر هاوکاریەکیش بۆ ئەوان و لەبەر خاتری ئەوان هاتبێ، ئەوا تاکە شەخسێک کە پێی دەدرێ و سەرپرشتی دەکات و حسابی بۆ دەکرێ، هەرێمی کوردستانی عێڕاقە .

کەواتە دوو کۆڕەو هەیە کە ڕەهەندێکی سیاسی زۆر بەهێزیان هەیە، جگە لە پێناسە مرۆییەکەی، لە مێژووی سیاسی باشووری کوردستان و دوو وێزگەی گرنگی پرسەی سیاسی ئەو هەریمە پێک دەهێنن، ئەوانیش کۆڕەوەکەی ساڵی ١٩٩١ی زاینی و کۆڕەوەکەی ٢٠١٤ ەن، بۆیە چەمکی کۆڕەوم هەڵبژراد، چونکو نیشانەیە بۆ مێژوویەکی گرنگ و لە ئەدەبیاتی باشووری کوردستاندا جێی خۆی گرتووە، بەهۆی ئەوەی کە ئەوەی لەمڕۆدا هەیە، زۆر لەو رووداوە دەچێت کە کۆڕەوی یەکەم پێک دەهێنێ، ئەمەش ئاسانکاری دەکات لە ناو ئەدەبیاتی سیاسیدا و کاتێک دەیبیستین زۆر بەئاسانی مێشکمان وێنای دەکات .

لەمەو بەدوا وڵاتانی جیهان بە شێوازێکی دیکە مامەڵە لەگەڵ ئەو حکوومەتەدا دەکەن و لە لایەنی پەیوەندی نێودەوڵتیەوە قۆناغێکی باشی بڕی و چاوەڕێ ناکرێ بگەڕێتەوە بۆ دواوە هەروەها میدیای جیهانیش بە گرنگیەوە وەک دەڵین فۆکەسی لەسەر دەکات، کەواتە بەهەر شێوەیەک بێت قۆناغیکی نوێی بڕیوە لە پرۆسەی بەدەوڵەت بوون، لەمەو بەدوا هێزی پێشمەرگە بە وزەیەکی دیکەوە بەردەوامی بەخۆی دەدات و هەموو ئەو بەشدارییەی پێشەمەرگەی باشووری کوردستان و هاوڵاتیانی وا دەکات لەمەو بەدوا زۆر بەهێز تربێت، هەم لەلایەنی تەکنیکی و تاکتیکی و مەعنەوی و لۆجیستی و .. بەهەر شێوەیەک بێت بیرکردنەوەیەکی بەهێزتر لەلای تاکی ئەو هەرێمە دروست دەبێت، کە متمانەی زیاتری بەخۆیە و وڵاتەکەی شیرینترە لەلای، پێویستە ئەوەشمان لەبیر نەچێت کە یەکڕیزی نێون هێزە سیاسیەکانی باشوور ئەگەر لەئاستێکی زۆر باشیش دانەبێت، ئەوا لەئێستادا بە خۆشحاڵیەوە تاڕادەیەکی پێویست گوتاریکی یەکگرتوویان هەیە، هۆکاری ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ بەرەوپێشچوونی کلتوری سیاسی ئەو سیستەمە و بوونی ئۆپزسیۆنێکی کارا و میدیایەکی هەمەڕەنگ لە ڕابردوودا، کە هیوادارم زۆر لەوە بەروپێشتر بچێت.