ئەویدی و دەروونشیکاریی

16:57 - 6 جۆزەردان 2719
Unknown Author
عەلی قاسمی

مانای \"ئەویدی\" لەگەڵ شێوەبیرکردنەوەی فڕۆیددا هاتووەتە ئاراوە و لە نێو بیر و ئەندێشەی ژاک لاکاندا لە نوێ مانای پێبخشراوەتەوە و بە گرینگترین و سەرەکیترین بابەتی دەروونشیکاریی دێتە ئەژمار. لە ڕوانگەی لاکانەوە، مەیل هەموو کات مەیلی ئەویدییە و دواجار لاکان لەم ڕێگەیەوە مانای \"ئەویدی\" مان، لە سێ بواری:

- ئەمری خەیاڵی یان ئاوێنەیی (imaginary order)
- ئەمری هێمایی (sembolic order)
- ئەمری ڕیئاڵ (reality order) دا بۆ شی دەکاتەوە.

لە بەستێن و بواری خەیاڵی و قۆناغی ئاوێنەییدا، ئەوە، ئەویدییە کە بۆ یەکەمجار، لە چوارچێوەی \"وێنە لە ئاوێنە\"دا بە ڕووی منداڵدا خۆی نیشان دەدا، وێنەیەک کە داڕێژراو و یەکدەستە و جیاوازیی هەیە دەگەڵ ئەو وێنە لەت لەت و چڕژبردووەی کە مناڵ لە خۆی هەیبووە. ئا بەم شێوەیە، لە منداڵدا جۆرێک هەستی نارسیستیی و وەهمی شوناسخوازیی شکڵ دەگرێ و دەڕسکێ و تەواوی هەوڵەکەشی دەبێتە ئەوەیکە خۆی وەکوو وێنەی ئاوێنەکە لێبکا کە شوناسێکی یەکدەست و تۆکمە و بێ قەڵشت و بێ چڕژی هەبێ.

لە ڕاستیدا مناڵ تا پێش شەش مانگی لە جیهانێکدا دەژی کە خۆی جیا لەویتر نازانێ، هێشتا هەستێکی یەکپارچەی لە بوونی خۆی نییە، هەر بۆیە تێگەیشتنی لە خۆی وەکوو شتێکی جیا لەویتر تووشی ترس و دڵەڕاوکێیی دەکا. کۆی قۆناغی ئاوێنەیی تێدەکۆشێ بۆ پڕکردنەوەی ئەو قەڵشت و بۆشاییە دەروونییە، ئەویش لە ڕێگەی منی ئارمانییەوە - Idal Ego.

لەم نێوەدا دایکیش بۆ مناڵ وەکوو ئەویدی دێتە ئەژمار، دایک یان بە وتەی لاکان m - Other ئەویدییەکە جۆری پێوەندیی مناڵ لە پێوەندیی \"پێویستی - سەرچاوەی پێویستی\" دەگۆڕێ بە پێوەندیی لە سەر بناخەی مەیل. مناڵ نازانێ دایکی بۆ خۆشی دەوێ، هەر بۆیە پرسیاری بۆ ساز دەبێ:
من لە ناو مەیلی دایکمدا چ ڕۆڵێکم هەیە و چیم؟ و دواجار بە خۆتێهەڵقوورتاندنی هێمایی، \"باوکی\" وەک ماکی سێهەم و جێگۆڕکێی \"ناوی باوک\" لە جێگەی \"مەیلی دایکانە\" مناڵ دەچێتە ناو قۆناغی هێماییەوە.

لە بەستێنی هێماییدایە کە \"زمان\" و زنجیرەی دالەکان، یاسا و بە شێوەی گشتی کۆی زنجیرەی نەزمی هێمایی کۆمەڵگا لە سەر \"سووژە\" حەک دەکرێ.

لە وەها قۆناغێکدایە کە سووژە وەک سووژەی وتەبێژ یان پەیڤێنەر دەتوانێ لە نێو ئەم زنجیرە نیزامە هێماییەدا جێگە و پێگەیەک بۆ خۆی بدۆزێتەوە.

لاکان بۆ شیکردنەوەی نیشانەکانیی هاتنە ناوەوەی سووژە بۆ نێو ئەمری هێمایی و پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەی باسمانکرد، لە زمان کەڵک وەردەگرێ و نموونەش لە بۆچوونی فڕۆید دێنێتەوە.

فڕۆید لە کتێبی \"فراسوی اصل لذت\"دا لە هانسی خوشکەزای کە هەژدە مانگانەیە، بە نموونە دێنێتەوە کە کایە بە فڕفڕە دەکا، مناڵە فڕفڕەکەی هەڵفڕاندووە و دەڵێ: فوت (کە بە ئاڵمانی یانی ڕۆیشتووە) دوایە بەنی فڕفڕەکە بۆ لای خۆی ڕاکێش دەکا و دەڵێ: \"دا\" یانی ئێرە. فڕۆید دەڵێ ئەم کایەیە ڕۆڵی هێمایی بۆ مناڵ دەگێڕێ و ڕێگایەکە بۆ کەمکردنەوەی دڵەڕاوکێیی جیایی دایکی لە خۆی. کاتێ فڕفڕەکە هەڵدەفڕێنێ لە ڕاستیدا ئەزموونی لە دەستدانی ئۆبژەی خۆشەویستی بۆ دووبارە دەبێتەوە و کاتێ بۆ لای خۆی ڕایدەکێشێتەوە، لە کاتی گەڕانەوەی ئۆبژەکە هەست بە چێژێکی تایبەت دەکات. (لەم بەستێنەی نەزمی هێماییدا زمان، جێگەی وێنەی ئاوێنەی بەستێنی خەیاڵی یان ئاوێنەیی دەگرێتەوە).

لە تێرمینۆلۆژی دەروونشیکاریی لاکاندا، فڕفڕە ڕۆڵی \"ئۆبژەی پەتی\" یان \"ئۆبژەی هۆکار - مەیل\" یاری دەکا و بۆ مناڵ بابەتی لە دەستدان وێنا دەکاتەوە.
لەم قۆناغەدا دیسان دەتوانین بۆ \"مەیل مەیلی ئەویدییە\" بگەڕێینەوە، بەڵام بۆچی سووژە لە شوناس دۆزی خۆیدا، لە ڕێگەی ئەویترەوە و لە گۆڕەپانی وەکوو وێچوون لەگەڵ ئاوێنەکەدا شکست دێنێ؟ و هەر تێکۆشانێک بۆ ئەوەیکە پێکهاتەیەکی یەکگرتوو، تۆکمە و قەبەی وەک ئایدیۆلۆژی، ئایینزا، پێشەوا، حیزب، نەتەوە و ... نەک هەر بۆشایی مرۆڤیان پێ پڕ نابێتەوە، بەڵکوو هەر لە بناخەڕا شکستی پێهاتووە، هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ قۆناغی ئاوێنەیی کە دوو کارەساتی درۆیین لە وجود و ڕەوانی مرۆڤەکاندا شکڵ دەگرێ:
۱- ئاوێنە، واتە ئەویدییە پێماندەڵێ ئێمە کێین.
۲- شوناسی مرۆڤ نەک هەر یەکدەست و یەکگرتوو نییە بەڵکوو زۆر بەربڵاو و ناسەقامگیرە.
کە ڕۆژانە بە سەدان و بگرە هەزاران جار بۆمان چەندپات دەبێتەوە.

ناوەرۆکی ئەم بابەتە روانگەی نووسەرەکەیەتی و ئاژانسی کوردپا لێی بەرپرسیار نییە.