ئەو لێدوانەی بەرێز سەلاحەدین دەمیرتاش تووشی شۆکی کردم

20:01 - 4 بەفرانبار 2714
Unknown Author
عارف باوەجانی

بەڕێز سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆكی گشتیی پارتی دێموكراتی گەلان (هەدەپە) لە لێدانیکیدا بۆ ماڵپەری فورات نیوز، لە پێوەندی بە هێرشەکانی پێشمەرگە بۆ ڕزگارکردنەوەی ناوچەکانی شەنگال دڵخۆشیی خۆی بۆ ئازاد‌كردنی زۆربەی ناوچەكانی سنووری شەنگال دەربڕی و پیرۆزباییشی لە پێشمەرگەو گەریلا كرد. بەڵام لە لایەکی دیکەوە ڕایگەیاند کە شنگال بە شێوەیەكی فەرمی بەشێكە لە عێراق، ئێستا مەترسی هەیە كە ئەو شارۆچكەیە بخرێتەوە سەر هەرێمی كوردستان.

هیچ نکۆڵی لەوە ناکرێت کە بەرێز دەمیرتاش بە هۆی پێداگری لە مافە رەواکانی گەلی کورد لە باکووری وڵاتمان تا ڕادەیەکی باش خۆشەویستیی خۆی بردوەتە دڵی خەڵکەوە. کەچی زۆر پێچەوانەی کەسایەتی و هەڵویستە سیاسی و نەتەوەیەکانی چەندساڵ پێشی، و لە کات و ساتێکی زۆر ناسکدا، کە بە سەدان هەزار کوردی خەڵکی شەنگال بە ئیزەدی وغەیرە ئیزەدییەوە چاوەڕوانی ڕزگاری شارە داگیرکراوەکەیان بوون بە هیمەتی هێزەکانی پێشمەرگەو هاوپەیمانانیان لە ژێرچنگی چەتەکانی داعش، و بۆ گەرانەوەی سەر دەسەڵاتی باشوری کوردستان.
کەچی ناوبراو داوای ئەوە دەکات شەنگال نەخرێتەوە سەر هەرێمی کوردستان.
بەڕاستی ئەم لێدوانەی بەرێزیان بۆ من و هەزارانی وەک من جێگەی پرسیارە، و نایشارمەوە کە من بەو لێدوانەی بەرێزیان وێرای ئەو هەموو خۆشەویستییەی کە بۆ بەرێزیان هەمە بەڵام تووشی شۆک بووم. ناوبراو بە تەوای شینەکردوەتەوە کە مەبەستی چییە لەوەی نەگەرێتەوە ژێر دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان. ئەگەر مەبەستی ئەوەیە کە شەنگالیش بکرێتە کانتۆنێکی سەربەخۆ ئەوەش بەبۆچوونی من بیرکردنەوەیەکی هەڵەیە. بە کانتونکردنی شارەکانی کوردستان بە بۆچوونی من دیسانەوە پارچە پارچە کردنەوەی کوردستان ولە یەکدابراندنێکی کۆمەڵایەتییەوە. با هەر بەشەی کوردستان حکوومەتێکی گشتی هەبێت کە یاساکانی بۆ گشت شارو ناوچەکانی بێت، نەک هەر شارەی کوردستان بۆ خۆی حکومەتێکی هەبێت و خۆی بریار بدات. ئەم جۆرە کانتۆنانە دەمانگەرێنێتەوە بۆ سەردەمی ئەمارەتەکانی سەدان ساڵەی پێشوومان کە بە ناچاری و بە هۆی نەریتی نالەباری ئەو سەردەمە هەر ناوچەیەکی وەک بابان و سۆران و هیدیکە دەسەڵاتی ناوچەی خۆیان بەرێوە دەبرد.

یان ئەگەر بەرێزیان پێیان وایە کە شەنگال بخرێتەوە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی بەغدا ئەمەش هەڵەیەکی مێژوویە بۆ بەرێزیان و خەباتی چەند ساڵەیان دەخاتە ژێر پرسیارەوە.

لەم سەردەمەی ئێستادا لە سەرتاسەری جیهان باس باسی گەلی کورد و خۆڕاگریی پێشمەرگەو گەریلایە. کەیسی سەربەخۆیی کوردستان و بە بە دەوڵەتبوونی کوردستان زۆر رێگەی بۆ خۆشکراوە، دەرکردنی داگیرکەری کوردستان لە سەر خاکەکەمان بووەتە پرۆژەی رۆژانەی هێزەکانی پێشمەرگە و گەریلا. کەچی مخابن تازە لە لایەن هێندێک سەرکردەی نەتەوەیی کوردەوە گۆی بیسی مانەوەی یەکێتی خاکی ئێراق و نەگەرانەوەی شارێکی مەزنی وەک شنگال بۆ سەر کوردستان دەبین؟ بەڕاستی نازانم ئەمە چ نهێنییەکی بە شۆیندایە و مەبەست لەم جۆرە لێدوانانە لەم کاتانەی خاکی کوردستان بەرەو ڕزگاربوون دەروا لە چ دایە.

ئەم بابەتە روانگەی نووسەرەکەیەتی و ئاژانسی کوردپا لە ناوەرۆکەکەی بەرپرسیار نییە.