ئەو دەرسانەی من لە هەڵبژاردن وەرم گرتن

20:03 - 10 رەشەمه 2715
Unknown Author
ئارش ساڵح

هەموو لایەنەکانی کوردستانی ئێران پێویستە دوای هەڵبژاردنەکان و لە چوارچێوەی هەڵسووکەوتێکی عەقڵانی هەوڵ بدەین خوێندەنەوەیێکی دوور لە دەمارگرژیمان لە راستیەکان هەبێت و هەوڵ بدەین تا ئەو رادەیە کە دەتوانین ئەزموونی لێ وەربگرین. لەم ئاراستەیەدا پێویستە ئامارەکان و رێژەکان کە لەلایەن حکوومەتەوە رادەگیێندرێن بە چاوێکی گوماناوی چاو لێ بکەین و هەوڵ وتێکۆشانەکانی خۆمان بە چاوێکی رەخنەگرانە لێک بدەینەوە.

جێی ئاماژەیە کە رێژەی بەشداری -ئەگەرچی بە دڵنیایەوە کەمترە لەو شتەی کە راگەیێندراوە-رێژەیێکی چاوەڕوان کراو بوو لەبەر ئەوەی هەندێک فاکتەر هەن کە هەموو کاتێک لە کۆمەڵگای کوردستان دا بە شێوەی نەریتی رۆڵیان گێڕاوە لە هێنانی خەڵک بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدان بە تایبەت لە هەڵبژاردنەکانی مەجلیس دا.

بەڵام لە راستی دا ئەمە هەمووی راستیەکان نیە و ئەم ئامارانە و رێژانە ناتوانن هەموو راستیەکان بۆ ئێمە دەربخەن. بۆهەبوونی خوێندنەوەیێیکی دروستتر ناکرێت تەنیا پاڵ بە ئامار و رێژەکان بەو شێوەیە کە دێنە بەرچاو بدرێت.

لە کۆمەڵگایێک کە جوڵانەوەیێکی گشتگیر بوونی هەبێت و خەبات بە شیوەیێکی هیوابەخش باڵی بەسەر کۆمەڵگا دا کشاندبێت ئەکتێکی سیاسی وەکوو بەشداری نەکردن لە هەڵبژاردن پێویستە بە شێوەیێکی بەربڵاوتر و بە یەکدەنگی و بە شیوەیێک کە هەم دەسەڵات هەست بە قووڵایی کەلێنەکە بکات و هەم کۆمەڵگا یەکدەستی خۆی لە بەرامبەر ئێستێبداد دا رابگرێت بە کردەوەیی بکرێتەوە هەموو پێکهاتەکان و فاکتەرەکان بخاتە ژێر کاریگەری سێبەری خۆیەوە.

دیارە دەکرێت هۆکاری ئەوەی کە کۆمەڵگای کوردستان ناتوێنێت یەکدەنگ خواستە هاوبەشەکانی باس بکات و لە قاڵبی ئەکتێکی سیاسی هاوبەش دەری بخات دەتوانێت لە روانگەگەلی جۆربەجۆر لێک بدرێتەوە. لێرە هەوڵی ئەم وتارە ئەوەیە کە بە چاو خشانێک بەسەر فەزای دنیای مەجازی و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و بە گۆشە نیگایەک بەو چەمکانەی کە لە پێوەندی لەگەڵ ئەکتی سیاسی هاوبەش دێنە ئاراوە یەکێک لە هۆکارەکانی پێک نەهاتنی ئەفەزایە بەوە گرێ بداتەوەکە باروودۆخی کۆمەڵگای کوردستان لە ئاکامی لاواز بونی بەرگری چەکدارانە گەیشتۆتە ئاستێک کە ئیمکانی گفتووگۆ یان کردەوەی کامیونیکەتیڤی لێ دابڕاوە. ئەوەی کە کۆمەڵگای کوردستان تا ئێستا توانیویەتی کە تێگەیشتنێکی هاوبەشی لە باروودۆخ و شوناسی خۆی هەبێت لە ئاکامی هەبوونی بەرگری چەکدارانە بووە و لە ئاکام دا لەگەڵ لاواز بوونی ئەو شێوازە لە بەرگری، ناسیۆناڵیسمی ئێرانی هەوڵی داوە کە پانتایی گشتی لە کوردستان پاوان بکات و پێوەندیەکانی بەینولازهانی بە هەندێک مێکانیسم وەکوو هەڵبژاردن بخاتە ژێر رکێفی خۆی. ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی کە ئیمکانی وتووێژ لە کۆمەڵگای کوردستان بسڕێتەوە و کۆمەڵگا تووشی بارێکی ئانۆماڵی بووە کە ناتوانێت وەک جەستەیێکی هاوئاهەنگ کار بکات.

بۆ کردنەوەی باسەکان ناچارین لە دنیای مەجازی بە جێگەی ئەو شوێنە راستیەی کە پانتایی گشتی پێک دێت کەڵک وەربگرین و هەڵسووکەوتی تاک و چالاکڤانی کورد لەوێ بخرێتە بەر لێکۆڵینەوە. هەموومان ئاگادرین کە ئەو ئیستێدلال کردن و باس کردنەی کە لە سەر دنیای مەجازی و لە نێوان ئەکتیڤیستەکانی کۆمەڵگای سیاسی کوردستان لە هەردوو لایەن دەهاتە ئاراوە لە راستی دا زۆر مەودای لەگەڵ وتووێژ هەبوو. راستیەکە ئەوەیە کە لە باروودۆخی ئێستای کۆمەڵگای کوردستان و لە ئاستێکی گشتگیردا وتووێژ و باس کردن لە ئاکامی پرۆسەی زاڵ بوونی فەرهەنگی باڵادەست واتە خۆ سەپێنەر لە ماهیەت یا چیەتی خۆی دوور کەوتۆتەوە.

باس کردن و ئێستێدلال هێنانەوە لە بارودۆخی ئەمڕۆی کۆمەڵگای کوردستان دا کردەوەیێکی دراماتۆرژیکە dramaturgical action بەو مانایە کە ئەو باسانە کە ئەمڕۆ لە سەر دنیای مەجازی و لە نێوان چالاکانی بەرەکانی جیاواز دا بەڕێوە دەچێت زیاتر لەوەی کە لە پێناو گەیشتن بە تێگەیشتنێکی هاوبەش لە خێری گشتی کۆمەڵگا بێت لە پێناو وێنا کردنی وێنەیێکی خۆ کێشراو لە خۆد بە سەر ئەویدیە. دیارە بابەتی سیاسەت خێری گشتیە واتە سیاسەت بابەتێکە پێوەندی بە هەموو ئەو شتانەوە هەیە کە گشتین و لە واتای خۆیان دا خێر یان مەسڵەحەتی گشتی پێک دەهێنن. بۆیە سیاسەت ئاراستەیێکی رزگاری کەری هەیە. ئەم جۆرە باس کردنە لە دنیای ئەمڕۆ دا بەهیچ شێوە ناتوانێت لە پێناو سیاسەت بێت بەڵکوو زیاتر پێوەندی بە هێما و وێنەیێک هەیە کە تاکەکان دەیانەوێت لە خۆیان نیشان بدەن و تیایا حەقانیەتی خۆیان و ناحەقی ئەوانی دی دەر بخەن.

ئەمە بەو مانایە نیە کە درگای گفتوگۆ بە گشتی لە کۆمەڵگا داخراوە بەڵام بەو مانایەیە کە باس کردن لەم باروودۆخە و بەو شێوازە ئاساییە کە دەیناسین ناتوانێت بگاتە هیچ ئاکامێک کە پێوەندی بە خێری گشتیەوە بێت. بۆیە بە زمانێکی تر دەتوانین بڵێین کە شێوازی سیاسەت بە تایبەت دوای کەمڕەنگ بوونی بەرگری چەکداری لە رۆڵە سەرەکیەکەی خۆی واتە رۆڵە رزگاریکەرەکەی دوور کەوتۆتەوە.

هەموومان خەریکین ئەو راستیە بە رۆژانە لە سەر فەیسبووک و شوێنەکانی دی هەست پێ دەکەین. دیارە ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو هۆکارەی کە پانتایی گشتی یان حەوزەی عومومی یان public sphere لە کوردستانی ئێران دا زیاتر لە ژێر کونترۆڵی دامەزراوە فەرهەنگیەکانی فەرهەنگی باڵا دەست واتە فەرهەنگی فارس دایە و بەم شێوە ئەوان ئیمکانی گفتووگۆیان لەسەتحی کۆمەڵگای کوردستان و لە ناو خۆیدا سڕیوەتەوە. ئەو دامازراوە فەرهەنگیانە بریتین لە دوو شێواز یەکەم نۆرم کە لە ناو زمان و تێگەیشتنمان زاڵ دەبن و دووهەم دامودەزگای حوکومی و مەدەنی کە بەسەر کۆنێشەکانمان یان ئەکتەکانمان زاڵن. بۆیە ناسیونالیسمی ئێرانی بە ناوەرۆکی فەرهەنگی فارسەوە خۆی بەو دامەزراوانەوە زاڵ کردوە بە سەر پانتایی گشتیمان و ئیمکانی حوزور و هەبوونی دامازراوە فەرهەنگیەکانی کەلتووری کورد لەوێ نادات بەتایبەت دامەزراوە زەینیەکان. واتە تاکی کورد تەنیا کاتێک دەتوانێ لە شوێنێک بە ناوی پانتایی گشتی حوزوری هەبێت کە زەینیەتی فارسی-ئێرانی پەسەند کردبێت و لە چوارچێوەی دامەزراوە فەرهەنگیەکانی ئەوان دا بجوڵێتەوە. تاکی کورد تەنیا لەو حاڵەتە دایە کە دەتوانێت لە مێکانیزمە زاڵەکانی کۆمەڵگای کوردستان کەڵک وەربگرێت بۆ ئەوەی ئەکتی کامیونیکەتیڤ و لە ئاکام دا وتووێژی هەبێت.

بۆیە لەو پانتاییە دا بەهیچ شێوە ئیمکانی ئەکتێک یان وتوووێژێک بە لایەنێک نادرێت کە بیەوێت کەلێنی نێوان کەلتووری ژێردەست و باڵا دەست زەق بکاتەوە.

هیچ ئەکتێکی گەیێنی یان کامیونیکەتیڤ کە بیەوێت شوناسی کوردستانی بە خۆیەوە بنوێنێت ئیمکانی حوزوری نابێت. لە ئاکام دا تەنانەت پێوەندی نێوان زەینەکان و فیکرەکانیش دەکەوێتە ژێر ئیجباری ئەو ناسیۆناڵیزمەوە. بە شێوەیێکی نەرم رێگا بەهیچ زەینەتیێکیش نادرێت بخرێتە ناو وتووێژەکانەوە کە ئیمکانی ئەوەی تیا دروست بێت کە ئاگایێک یان پێوەندیێکی نێوان زەینی پێک بێنێت کە لە سەر بنەمای ئەو چەمکانە بێت کە ئێمە پێیان دەڵێین کوردایەتی یان بزاڤی رزگاریخوازی کوردستان. واتە لە پانتایی گشتی کوردستان دا بەهیچ شێوە ئیمکانی وتووێژێک نایێتە ئاراوە کە بتوانێت لە پێناو پێناسە کردنی خێری گشتی کۆمەڵگای کوردستان بێت.

ئەگەر بە وردی چاو لە باسی بەشداری لە هەڵبژاردن بکرێت، داواکاریەکان و باسە بنەڕەتیەکانی ئەو زەینیەتەی کە باسی بەشداری دێنێتە ئاراوە زیاتر دەکەوێتە خانەی حقوقی مەدەنیەوە. دیارە حقوقی مەدەنی زۆر باشە بەڵام حقوقوی مدەنی یان شارۆمەندی رەمزی سەرەکی ناسیۆنالیسمی ئێرانیە بۆ بە ناحەق ناساندنی ویستی نەتەوایەتی. واتە ناسیۆناڵیسمی ئێرانی بە پێچەوانەی ناسسیۆناڵیسمی تورک یان عەرەب حاشا لە کیشەکە ناکات بەڵام هەوڵ دەدات ئەو کێشەیە لە چوارچێوەی حقوقی فەرهەنگی پێناسە بکات کە لە بەرزترین ئاستی خۆی دا بە ئوسولی ئێستای قانونی ئەساسی ئێران جێبەجێ دەبێت. واتە مودێلێک وەکوو ئێستای تورکیە مودێلی مەتلووبی ناسیۆناڵیسمی ئێرانیە و زۆر هەوڵ دەدات کە بە میکانیزمی هەڵبژاردنە نائازدەکان و باسە پێوەندیدارەکانی بنەما زەینی و فیکریەکەی ئەو ئاڵتێرناتیڤەش لە ناو کۆمەڵگای سیاسی کوردستان دا پەرە پێ بدات.

ئێمڕۆ پانتایی گشتی لە کوردستانی ئێران لە لایەن ناسیۆناڵیسمی ئێرانیەوە هەوڵی قۆرخ کردنی دەدرێت و ئەو ناسیۆناڵیسمە بە پەرەدانی خۆی لە ناو کوردستان دا هەوڵ دەدات پێش بە حوزوری دامەزراوە فەرهەنگیەکانی کورد لە پانتایی گشتی کوردستان بگرێت. بەم شێوە لە راستی دا ناسیۆناڵیسمی ئێرانی بە پێچەوانەی ناسیۆناڵیسمی عەرەب و تورکیەیی کە دەیانەوێ لە رێگەی تووندووتیژی دامەزروە کوردیەکان بە چۆک دابێنن دەیەوێت بە پاوان کردنی پێوەدنیەکانی بەینولازهانی لە ناو کوردستان دا زەینیەتی کوردی بە گشتی لە ناو ببەن. بەم شێوە تەنانەت پێویست ناکات نیگەرانی زمانی کوردی یان حیزبی کوردی بن لەبەر ئەوەی ئەو دامەزراوانە لە چیەتی خۆیان خاڵی کراون. دیارە ئەم دیاردەیە دەرەوەی کوردستانیش دەگرێتەوە و هەندێک جەرەیانی کوردی دەرەوەی کوردستانی ئیران چۆک بۆ ئەو گەورەییەی کە بۆیان کێشراوە دادەدەن.

لە راستی دا ئەم ئاراستەیە خەریکە جەریاناتی رۆشنبیری و سیاسی باشوور و باکووری کوردستانیش دەخاتە ژێر کاریگەریەوە و ئەو ناوەندانەش گرینگی درگایێکیپشتەوەیان بۆ ئەو ئاراستەیە هەیە کە بەرەو کۆمەڵگای سیاسی کوردستانی ئێران دەکرێتەوە.

ئەم راستیانە ئەوە ناگەیێنێ کە ئیمکانی پێکهاتنی پێوەندیێکی بەینولازهانی لە کوردستان بە تەواوی لە ناو چووە. بۆ دۆزینەوەی ئەو ئیمکانە بە باوەڕی من پێویستە بگەڕێینەوە بۆ ئەزموونی خەباتی گەلی کورد. بۆ ئەم مەبەستە پێویستە لەم بابەتەوە دەست پێ بکرێت کە بەشێکی زۆر لە چالاکانی کوردستان کە بەشداری هەڵمەتی هەڵبژاردن دەکەن خۆیان لە چوارچێوەی کوردایەتی و هەندێک جاریش تەنانەت حیزبەکانی رۆژهەڵات واتا دەکەنەوە و ئەو کەسانەی کە خۆیان پێوەست بە دامەزراوە سیاسیەکانی ناسیونالیسمی ئێرانی وەکوو \"ئیسڵاح تەڵەب\"، \"بەنەوش\" یان لایەنگری رۆحانی و یان \"سەوز\" تاریف دەکەنەوە زۆر لە کەمینە دان و هەندێک جاریش هەر بوونیان نیە.

لە راستی دا کە چاو لە بەرهەمەکانی ئەو چالاکانە دەکرێت هۆکاری ئەو چالاکیەیان زیاتر بەوە دادەنێن کە بە باوەڕی ئەوان ئەمە هەلێکە بۆ ئەوەی بکرێت لە تابلۆی کاندیدێک بۆ پەرەی \"گوتاری\" خۆیان کەڵک وەربگرن. لە راستی دا ئاکامی عەمەلی ئەو مەسەلەیە سەرەڕای ئەوەی کە ئەو چالاکانە چۆن بیر دەکەنەوە ئەوە دەبێت کە لە ناو سێتادەکانا واتە کەمپینە تەبلێغاتیەکاناجووڵەیێک سەرهەڵدەدات کە خاوەنی قووڵایی فکری وبنەمای پتەوی تەحلیلی نیە و بەرهەمی ناسیۆناڵیسمی ئێرانیە بۆیە لەگەڵ خۆی هەندێک چەمک پێک دەهێنێت کە بە تەواوەتی جێگە بە زەینیەتی شۆڕشگێڕانەی کوردایەتی لەق دەکات و پێش فەرزە زەینیەکانی پرۆسەی ئاسیمیلاسیۆنی نەرم لە ناو کۆمەڵگا دا پەرە پێ دەدات. واتە بەرە بەرە کۆمەڵگا بە لەحازی ئیپیستیمۆلۆژیک و ئانتۆلۆژیک لەگەڵ زەینیەتی کوردایەتی بێگانە دەکات.بۆیە مەودای هەیە لە گەڵ حەرەکەتێک کە کورد وەکوو نەتەوەیێکی جیاواز و بە خواستی تایبەتی خۆیەوە پێناسە دەکات و شوناسی خۆی و کەلێنەکەی لە نێوان \"خۆد\" و \"ئەوی دی\" دا زاڵ دەکاتەوە. بۆیە تەقابولە سەرەکیەکە یان رووبەرووبونەوە سەرەکیەکە دەشارێتەوە. واتە کێشە و تەقابولەکانی تاکێکی تارانی دەکات بە کێشە و تەقابولەکانی تاکێکی کورد و بەم شێوە چیەتی و ماهیەتی کێشەی کورد لە پێناوبەرژەوەندی ناسیۆناڵیسمی ئێرانی دەسڕێتەوە.

بە چاو کردن لە مێژووی ٢٠ ساڵی رابردووی کوردستانی ئێران و چاو کردن لە سەیری گٶڕانکاریەکان دەردەکەوێت کە پێک هاتنی ئەو جەرەیانەی کە دەیەوێت کێشەکان لە ناو دامەزراوەکانی ناسیۆنالیسمی ئێرانی واتا بکاتەوە یان لانی کەم لە چوارچێوەی ئەو واتایانە کە ئەوان بەرهەم دەهێنن چالاکی بکات، وەکوو دیاردەیێک بەرهەمی لاوازبوونی دامەزراوە سیاسیە کوردستانیەکانن. بۆیە لە راستی دا ئێمکانی وتووێژ لە کۆمەڵگای کوردستان لەگەڵ لاواز بوونی بزاڤی رزگاریخوازی کوردستان لەو بەشە لاواز تر بووە و ناسیۆناڵیسمی ئێرانی خەریکە ئەو فەزایەی کە وتووێژ لەوێ روودەدات پاوان دەکات.

ئەوەی کە لەم هەڵبژاردنە رووی داو ئێمە پێویستە زیاتر ئاگاداری بین ئەوەیە کە ناسیۆنالیسمی ئێرانی لە رێگەی دامەزراوەی هەڵبژاردنەوە توانی فەزایێکی بەینولازهانی لە نێوان ئەو ئەکتیڤیستانە پێک بێنێت کە هەڵبژاردنیان وەکوو رێگایێک بۆ ئاراستە کردنی خواستەکانی کورد دەزانی و لە ئاکام دا ئەمە بوە هۆی ئەوە کە پێوەندی زەینی ئەو لایەنانە لەگەڵ کوردستان پچرا بۆیە ئیمکانی وتووێژ لەو نێوانە نەما.

بە واتایێکی تر لەگەڵ نەمانی شەڕی چەکداری، ناسویوناڵیسمی ئێرانی توانی لەبەر ئەوەی کە دەزگای حکومەت و ئابووری بە دەستەوە بوو و هەروەها بە راشکاوانە و بە بێ هیچ ترسێکی ئەمنیەتی لە کوردستان چالاکی دەکرد فەزا بە گونجاو بینی کە بە هەندێک چەمکی حقوقی مەدەنی و شارۆمەندی خۆی بە ناوی ناسیوناڵیسمی مەدەنی پێناسە بکات و ناسیوناڵیسمی کوردی بە ناسیوناڵیسمی قەومی و دوواکەوتوو. ناسیوناڵیسمی ئێرانی کە ئیتر بەرگری بەهێزی چەکدارانەی لە بەرامبەر خۆی دا نەدەدی بەم شێوەیە بە ئاسانی لە رێگەی دامەزراوە نەرم و لە روواڵەت مودێڕنەکانیەوە پانتایی گشتی لە کوردستان زیاتر لە دەستی ناسیوناڵیسمی کوردی دەربێنێت و بکاەت هی خۆی.

بەم شێوە ئیمکانی وتووێژ و ئەو پانتاییە گشتیەی کە لە سێبەری بەرگری چەکداریەوە هاتبووە ئارا وە و بەستێنی ئەکتی کامیونیکەیتیڤ بوو بەرەو لاواز بووە و ئەمڕۆ لا للاواز ترین شوێنی خۆی دایە.

دیارە هیوای ناسیونالیسمی ئێرانی ئەو رۆژە دەستی پی کرد کە حیزبی دیموکرات هێزەکانی لە قەندیل هێنایە خوار و تووشی نسکۆ و دابڕان بوو و ئەو هیوایە ئەو کاتە گەیشتە ئەوپەڕی خۆی کە چالاکانی کورد بەو دەستەواژە و چەمکانە کە ناسیونالیسمی ئێرانی بەرهەمی دەهێنان دەستی دایە واتا کردنی کێشەکانی و بەو ئاکامە گەیشت کە هەڵبژاردن تەحریم نەکات و تاران چۆن هەڵسوکەوت دەکات کرماشان و سنە و مەهابادیش هەر بەو چەشنە.

دیارە بە بەراورد کردنی رێژەی بەشداری پارێزگای کوردستان و پارێزگای تاران و میانگینی ئێران هەروەها رێژەی بەشداری ئەمساڵ و ساڵانی تر، دیار دەکەوێت کە هەڵوێستی حیزب کاریگەریێکی جێگەی سەرنجی هەبووە. بە باوەڕی من ئەو کاریگەریەش وێڕای زەحمەتی هاوڕێیان لە هەموو بەشەکان دا زۆرتر دەگەڕێتەوە بۆ گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ کێلەشین.

بۆیە بەباوەڕی من بە لەبەرچاو گرتنی هەموو ئەو باسانەی سەرەوە پێم وایە:

یەکەم: تەحریمی هەڵبژاردن تا ئەو رۆژەی کە بارودۆخ گۆڕانێکی زۆر جيددی بەسەردا نەیێت بێ لەبەرچاوگرتنی رێژەی بەشدار بووان هەڵوێستی دروست و ئوسولیە و حیزبی سیاسی پێویستە زیاتر لەوەی کە لەسەر بنەمای ترس لە جەوی کۆمەڵگا سیاسەت بکات پێویستە لە سەر هەندێک ئوسولی عەقڵانی کار بکات. لێرەش دا مەبەست ئوسولی ئایدۆلۆژیک نین بەڵکوو ئەو ئوسوڵانە کە بەسەر عەقڵانیەتی پراگماتیک و کاری حیزبی دا زاڵن. واتە حیزب پێویستە پێش ئەوەی بیر لەوە بکاتەوە کە ئایا خەڵک بە گوێم دەکەن یان نا بیر لەوە بکاتەوە کە کام هەڵوێست لە درێژ خایەن من تووشی قەیرانی شوناس دەکات یان من لە قەیرانی شوناس دەردێنێت، یان کام هەڵوێست کۆمەڵگا لە گوتاری من دوور دەخاتەوە یان کۆمەڵگا بە گوتاری من نزیک دەکاتەوە جا لە قۆناخی دووهەم پرسیاری چۆنیەتی راکێشانی سەرنجی خەڵک بۆ هەڵوێستەکەی مەترەح بکات.

لەبیرمان نەچێت کە هەموو کۆمەڵگا سیاسی نین بەڵام هەموو لایەنگرانی حیزبەکان کە بەشێکی زۆر لە کۆمەڵگا پێک دێنن لە ژێر کاریگەری سیاسەتەکانی ئەو حیزبە شوناسی سیاسیان گۆڕانکاری بەسەردا دێت.

دووهەم: کاریگەری هەڵوێستی حیزب کاریگەریێکی جێگای سەرنجە و دەکرا زۆر لەوە باشتر بێت. ئەم ئاراستەیەش بۆیە پەیرەو دەکرێت کە هەر لە ئێستاوە بیر لە هەلی داهاتووی سیاسەت بکەینەوە و جیا لەوە کە بەرنامە گشتیەکانمان بەرەو پێش دەبەین بتوانین بۆ ئەو هەلانەش زیاتر ئامادە بین.

سێهەم: هەموو ئەو مەسائێلە بۆ ئێمە دەرسێکیان هەیە و ئەویش ئەوەیە کە سیاسەت بە ئێستێدلال کردن ناچێتە پێش بەڵکوو وەکوو فارس دەڵێت بە عەرزە ئەندام و پیشان دانی هیز و قورساییە کە دەچێتە پێش. قورسایی ئێمەش تا ئەو رۆژەی کە بارەگاکانمان لە فەزایێکی دیموکراتیک نەچنەوە ناو شارەکان تەنیا لوولەی چەکەکانمانە.

ناوەرۆکی ئەم بابەتە روانگەی نووسەرەکەیەتی و ئاژانسی کوردپا لێی بەرپرسیار نییە.