ئەندامێکی مەکتەب قورئان لە شاری مەهاباد دەسبەسەر کرا

12:13 - 2 گەلاوێژ 2720

ڕۆژی چوارشەممە ١ی گەلاوێژ، ئەندامێکی مەکتەب قورئان بە ناوی "حوسێن حەسەن‌خانی" خەڵکی شاری مەهاباد، له لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کراوە.

هێزە ئەمنییەتییەکان پاش هێرش بۆ سەر ماڵی ئەو هاووڵاتییە، ناوبراویان دەسبەسەر کردوووە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، پاش دەسبەسەرکرانی بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەهاباد ڕاگوێزراوە.

حوسێن حەسەن‌خانی، لە کاتی شتومەک کڕین لە بازار و پێش لە دەسبەسەرکرانی، لەلایەن مەئمورانی ئەمنییەتیی خرابووە ژێر چاوەدێری و لە کاتی گەڕانەوە بۆ ماڵ، هێزە ئەمنییەتییەکان بە نیشاندانی بەڵگەی بانگهێشتنامە، داوا لە ناوبراو دەکەن لەگەڵیان بڕواتە ئیدارەی ئیتلاعات، بەڵام ئەو هاووڵاتییە کوردە، لە چوون بۆ ئیتلاعات خۆی دەبوێرێ.

شۆرای بەڕێوەبەری مەکتەب قورئان، لە هەمبەر دەسبەسەرکردنی حوسێن حەسەن‌خانی، دژکردەوەی نیشان داوە و ڕایگەیاندووە کە "حەسەن‌خانی" لە مامۆستایانی دوا ناوەندی شاری مەهاباد بووە و ٣٠ ساڵە خەریکی پیشەی مامۆستایەتییە و ئێستا خانەنشین کراوەی ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانە و بەهۆی ئەوەیکە دوو دەماری دڵی دەسکردە و لە ژێر چاوەدێریی دوکتوری پسپۆڕ دایە، دەوا و دەرمان بە کار دێنیت؛ بە سەرنجدان بە بارودۆخی هەنووکەیی نەخۆشیی کۆرۆنا و تەمەنی سەرووی ٦٠ ساڵەی ناوبراو، بەرپرسایەتی تەندروستیی ناوبراو لە ئەستۆی مەئموورانی ئەمنییەتی دایە."