ئەندامێکی دیکەی ئەنجومەنی "نۆژین" بە دانانی بارمتە ئازاد کرا

13:24 - 24 خەرمانان 2719

ئاژانسی کوردپا: یەکێک لە ئەندامانی دیکەی ئەنجومەنی فەرهەنگی- کۆمەڵایەتیی "نۆژین"، خەڵکی شاری کامیاران، بە دانانی بارمتە ئازاد کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممە، ٢٣ی خەرمانان، "منەت ڕەحمانی"، ئەندامی ئەنجومەنی فەرهەنگی- کۆمەڵایەتیی "نۆژین"، خەڵکی گوندی "لۆنی سادات" سەر بە شاری کامیاران، بە دانانی بارمتە ئازاد کرا.

"منەت" ئەندامی ئەنجومەنی فەرهەنگی- کۆمەڵایەتیی "نۆژینـ"ـە کە ڕۆژی چوارشەممە، ٥ی پووشپەڕ، بەبێ بەڵگەی یاسایی، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا، لە بواری  فێرکردنی زمانی کوردی لە گوندەکانی کامیاراندا، ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبووە.

لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی پێنجشەممە،٢١ی خەرمانان، "سیروان ئیبراهیمی"، بەرپرسی لقی ئەنجومەنی فەرهەنگی- کۆمەڵایەتیی "نۆژین" لە شاری کامیاران، بە دانانی بارمتەیەکی ٥٠٠ ملیۆن تمەنی ئازاد کرا.