ئەمریکا و ئیسرائیل هۆکاری راستەوخۆی دروستبونی داعش نین

14:04 - 21 خەزەڵوەر 2714
Unknown Author
عومەر ئیزەدخا

ڕۆژانە گوێمان لە دەیان شیکار و توێژینەوە و بیر و بۆچون دەبێت لەسەر باکگراوەندی دروستبونی کۆی ئەو بارودۆخە ناهەموارەی ئێستا بەرۆکی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گرتوە و بەتایبەتیش دروستبوونی هێزێکی سیاسی وەک داعش لە وڵاتانی سوریا و عێڕاق ، کە بیر و بۆچونەکان کەمتر پەنجە دانانە لەسەر ڕاستیەکان و بارودۆخەکە لەسەر ئاستی هاوڵاتیانی ئەو وڵاتانە بە شێوەیەکە ، کاتێک پرسیاریان لێ دەکەی و یان دەکەونە نێو گفتوگۆوە دەبینین زۆربەیان هۆکاری ڕاستەوخۆی دروستبونی گروپێکی سیاسی وەک داعش بە پلەی یەکەم بۆ وڵاتانی ئەمریکا و ئیسڕائیل و.. دەگێڕنەوە کە لە ڕاستیدا نابێ وا لێکی بدەینەوە ، بەداخەوە ئەو هەڵە تێگەیشتنە بەشێکی زۆری نوخبە و ڕۆشنبیر و تێگەیشتوانی ئەو وڵاتانەی گرتۆتەوە بەتایبەتیش شەقامی عێڕاقی و کوردستانی .

ئەگەر سەیری مێژوو بکەین دەبینین بەردەوام ئەو وڵاتانەی کە لەناوخۆیاندا بەهێزبونە لە نمونەی ئەوانەش ئەمریکا ، توانیویانە زۆرترین ئامانجی گەلەکانیان بە دەست بێنن و ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ کاریگەری گەورەیان بە بەردەوامی لەسەر کۆی دیاریدە سیاسیەکان هەبێت ، بەڵام خاڵی دەستپێکی هەموو ئەو هێزەی کە ئەو وڵاتانە خاوەنینی ئەوەیە کە سەرەتا لەنێوخۆیاندا یەکڕیزبوون و ڕکابەری لەنێوانیاندا هەیە نەک ململانێ ، توانیان سیستەمی سیاسی بەهێز دابمەزرێنن لە دەرنجامی شۆڕشی زانستی و فیکریەوە ، ئەوان هەوڵیان داوە و بەرهەمەکانیان تا سەدان ساڵی دیکەش وەردەگرنەوە و کۆمەڵگا دواکەوتوەکانیش لەجیاتی ڕاکەبەری لەگەڵیاندا ، خۆیان ڕێ ناکەون و دەرەنجامی هەر کێشەیەک لەنێوانیاندا بۆ شاردنەوەی ڕاستیەکان یەکەم و کۆتا هەر بۆ ڕۆژئاوا و لە چوارچێوەی تیۆری موئامەرەدایە .

ڕاستە بە ناڕستەوخۆ دەکرێ بڵێین داعش سودی لە ئامرازە سەربازیەکانی وڵاتانی زلهێز وەرگرتووە ، کە هۆکارەکانی دروستبوونی داعش هەمەلایەنن و ئەمانەی خوارەوەن :
*- دامەزرێنەرانی داعش ، کەسانێکن کە تێگەیشتنی تەواویان بۆ ئایینی ئیسلام بەو شێوەیەیە کە لە واقیعدا ئێستا دەیبینین ، کەواتە گروپێک بەبەردەوامی لەگەڵ هاتنی ئیسلامدا بەدرێژایی مێژوو ئەو خاسیەتانەیان تێدابووە کە ڕەفتارەکانیان بەم شێوەیەی ئێستای داعش بێت ، جا ئەو کەسانە بەهۆی هەڵە تێگەیشتنیان بێ لە دینی ئیسلام یانیش بەهەر هۆکارێکەوە بێت ، ئەوا ئەوانەی داعشیان دامەزراندووە بە هەموو قەناعەتی خۆیان دەیانەوێ خزمەتی دینی ئیسلام بکەن ، کە ڕای زۆرینەی هەڵگرانی دینی ئیسلام و ئەوەی پێی دەوترێ کۆمەڵگای ئیسلامی دژ بیرکردنەوەن لەگەڵ ئەوەدا .

*- لەپاڵ ئەو گروپەدا کە لەخاڵی یەکەم باسمان کرد گروپی تری خاوەن بەرژەوەندی جۆر بەجۆر دێن هێزی خۆیان لەم گروپانەدا بۆ خزمەتی هزری ئەو کەسانە بەکاردێنن ، کە سەرەنجام ئاسۆی ڕۆژی خۆیان لێ هەڵبێ و بگەنەوە ئەو ڕۆژگارەی کە خۆیان زۆرترین کاریگەری سیاسیان هەبێ لەناوچە و بتوانن ڕقەکانیان بەتاڵ بکەنەوە و سود لەهەلێکی زێڕین وەرگرن و ئەو دەنگە ناڕەزایانە بقۆزنەوە کەبەردەوام زاڵە دەکەن لە گروپێکی تر کە حوکمی وڵاتیان دەکات بە تاک ڕەوی ، لە نمونەی ئە وگروپانەش فەرمانڕەوا توندڕەوە سونیەکانی سەردەمانی ڕژێمی پێشووی عێڕاق ، سەدان کەس هەن لەسەر ئاستی وڵاتان کە شیرازەی ژیانیان و سایکۆلۆژیان لە دۆخێکی زۆر ڕوخاو دایە و بەرەو شوێنێک ڕێ دەکەن کە فەوزای لە خۆگرتبێ و توندوتیژی تێدا کامڵ بێت و مۆڵگەیەکیش بێت بۆ ئەوانەی بە ئارەزووی خۆیان ، خۆیان لە ماددە هۆشبەرەکان و کردە سێکسیەکان کەڵک وەرگرن .

*- دەکرێ بڵێین وڵاتانی هەرێمی وەک قەتەڕ و تورکیا و سعودیە .. دەستێکیان هەبێ لە هاوکاریکردنی ئەو گروپانە بەشێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ ، بە دەلیلی ململانێی ئاینی سەدان ساڵەی ئەو ناچەیە ، کە چاوەڕوانکراوە و ئەو ململانێیە خاوەنی مێژوویەکی دوور و درێژە ، کە زیاتر هاوکاریەکان لە شێوەی ئامرازی سەربازی خۆی دەبینێتەوە ، بەڵام ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە وادەردەکەوێ هاوکاریەکان پێش قۆناغی بەهێزبوونی داعش بن ، واتە پێش ڕاگەیاندنی خەلافەت ، دەکرێ بەناوی گروپی جیا جیاوە ئەندامانی داعش هاوکاریەکانیان بەدەست هێنابێ ، دەلیلی ئەوەش ئەو هەڕەشە زۆرانەی کە ئێستا دەولە خەلافەی داعش لە هەموو دونیا دەیکات و ئەو ئیمکانیاتە سروشتی و ماددیەی کە خۆی لەبەردەستیەتی .

*- دروستبونی بۆشایی سیستەمی سیاسی لە وڵاتانی سوریا و عێڕاق و دروستبوونی هەلی زێڕین بۆ داعش ، بەهاری عەرەبی کە بۆ هەندێ وڵات بە ڕاستی بەهار بوو و لەهەندێ وڵاتیش ئەمڕۆیەکی لێکەوتەوە ، وڵاتانی سوریا و عێڕاق کۆمەڵگاکانیان زۆرترین زەرەرمەندن ، لەگەل دروستبونی بەهاری سوریادا ئەو وڵاتە فەوزا کەوتە ناویەوە و گروپێکی وەک داعشی تیایدا سەری هەڵدا ، لە عێڕاقیش هەر بەناو ئەو بەهارە سەرەتا شاری ئەنباری گرتەوە و پاشانیش موسڵ و سەلاحەدین و.. داعش تێیدا سەری هەڵدا ، کەوتنە دەستی ئەو چەکە زۆرەی کە حکومەتی عێڕاقی پێشوتر لە وڵاتانی وەک ئەمریکای کڕیوە بە داعش ، دەرەنجامی ئەو بەهار و پایزانەش ڕیشەیەکی دوور و درێژی ململانێی ئاینی و ئیتنی و بەرژەوەندی نێو کۆمەڵگای ئەو وڵاتانەن ، کە بەردەوام لە ململانێ و یەکتر قبوڵ نەکردن دابونە ، دەرنجامی ئەوەش ئاسایی دروستبوونی ئەو ڕۆژگارانەن ، کە لە سیستەمێکی سیاسی ناکامڵی وەک عێڕاق بەرهەمهێنەری کەسانێکی تاک ڕەوی وەک نوری مالیکی سەرۆک وەزیرانی پێشوی حکومەتی عێڕاقیە ، کە کاریگەری نەرێنی زۆری هەبوو لەسەر بەهێزبوون و پاڵپشتی بەشێکی ئەوتۆی کۆمەڵگای عێڕاقی بۆ داعش بە تایبەتی لەسەرەتای دروستبوونیدا و هەروەها لەو ڕۆژانەشدا کە حکومەتی عێڕاق هەستا بە دوورخستنەوەی بەردەوامی هێزدارە سونیەکان و تۆمەتبارکردن و دادگاییکردنیان و ڕاونانیان ، لاوازکردنی بەشداری سیاسی بۆ سونە و کوردەکان و دابەش نەکردنی عەدالەتانەی داهات بەسەر کۆمەڵگای عێڕاقیدا ، کە ئێستا ئەو هەڵانە لە بەردەوامیدان و زیندوو دەکرێنەوە بۆ سەدان جار .

بەسەرنجدان لە هۆکارە ڕاستەوخۆکانی دروستبونی گروپ گەلی وەک داعش ، دەبینین خاوەنی ڕیشەی مێژوویی دوورودرێژ و پەیوەندار بە ململانێیەکی کۆنی فیکری و دەرەنجامی هۆکاری ئالقەیی پەیوەست ئامێزن ، لەبەر ئەوە دەکرێ ئەو گروپانە لاواز بکرێن ، سەربازی زۆریان لێ بکوژرێ ، مۆڵگەکانیان لەگەڵ زەوی تەخت بکرێ ، بارەگاکانیان نەهێڵدرێ ، تەئسیراتیان کەم بکرێتەوە ، بەڵام زۆر زەحمەتە بەتەواوی بن بڕبکرێن ، بەڵکو لەژێر ڕۆشنایی هۆی دروستبونیان دەکرێ پەی بۆ ئەوە بەرین کە بڵێین ئەمڕۆش نەهێڵدرێن دوێنێ هەبوونە و سبەش ئەگەر ئەو باردودۆخە لەم ناوچەیە ئاوا بێت کە باسمان کرد ، لەژێر ناوی دیکەدا هەر لە سەرهەڵدەدەنەوە ، کەواتە ئەوەی گرنگە گۆڕانێکی ڕادیکاڵ لە ئەقڵیەتی تاکی ئەو ناوچانە پێویستە ، کاتی ئەوە هاتووە شۆڕشێکی هزری - ئایینی دروست ببێت ، کە نەهێڵێ ئایندە بەو شێوەیە بەردەوام بێت ، چونکە وەک باسمان کرد بە پلەی یەکەم کێشەکان لە شێوەی تێگەیشتندان بۆ ئایین .

ئەم وتارەی من پشتگیری کردنی ڕۆژئاوا نیە لەبەرامبەر پشتکردن لە ڕۆژهەڵات ، بەڵکو ئەوە بینینێکی بابەتیانەیە بۆ کێشەکان ، کە سەرباری ئەو کێشە گەورەیەی کە مەڕۆ پەیدابووە ، هەڵە تێگەیشتنیش هەیە بۆ هۆی دروستبوونیان ، وە بەداخیشەوە بە دیاریدە بووە.

ئەم بابتە روانگەی نووسەرەکەیەتی و ئاژانسی کوردپا لێی بەرپرسیار نییە.