"ئەفشێن حوسێن‌پەناهی" لە گرتووخانەی سنه ئازاد کرا

17:25 - 7 بانەمەڕ 2720

ڕۆژی یەکشەممە ٧ی بانەمەڕ، ئەفشین حوسێن‌پەناهی، چالاکی مەدەنی و ژینگەیی لە گرتووخانەی ناوەندیی شاری سنە، پاش تێپەڕکردنی نزیک بە ٣ ساڵ لە ماوەی زیندانییەکەی، بە لێخۆشبوونی مەرجدار لە زیندانی ئەو شارە ئازاد کرا.

ئەمجەد حوسێن‌پەناهی برای ئەو چالاکە مەدەنییە لەو بارەیەوە ڕایگەیاند: "پاش هەوڵێکی زۆری چالاکانی مەدەنی و بەدواچوونی بنەماڵەکەمان، لە کۆتاییدا بۆ ئازادکردنی مەرجداری ئەفشین ڕەزامەندی درا. هەرچەند ئازادکردنی ئەفشین هێندیک بەربەست لەخۆ دەگرێت، بەڵام بەخۆشییەوە چالاکانی مەدەنیی سنە هەم بە دانانی بارمتە و هەم بە بەدواداچوونی بۆ ئازادکردنی ئەفشین بەڕاستی هەوڵیان دا".

 "ئەفشین حوسێن‌پەناهی"، کۆتاییەکانی مانگی ڕەشەمەی ساڵی ٩٨، بە دانانی بارمتەی ٦٠٠ ملیۆن تەمەنی لە زیندانی ناوەندیی شاری سنە، ئیزنی چەند ڕۆژ مەرەخەسی پێدرابوو.

"ئەفشین حوسێن‌ پەناهی"، چالاکی مەدەنی کە پێشینەی هاوکاری لەگەڵ ناوەندە ژینگەپارێزەییەکانی هەیە، مانگی خەزەڵوەری ساڵی ٩٦، لە لقی ١ی دادگای ئینقلاب بە سەرۆکایەتیی دادوەر "سەعیدی"، بە تۆمەتی "بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی نەورۆز و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان"، بە ٨ ساڵ و نیو زیندان مەحکووم کرا.

ئەو چالاکە مەدەنییە، لە ساڵی ٩٠، بە دوای دۆسیەی گیان لەدەستدانی گوماناویی براکەی بە ناوی "ئەشرەف حوسێن‌پەناهی"، بە تۆمەتی "پڕۆپاگەندە دژی نیزام"، بە ساڵێک زیندان و پاش کۆتاییهاتنی ماوەی زیندانییەکەی ئازاد کرابوو.