ئەفشین ئیلاهی بە دانانی بارمتە لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە ئازاد کرا

16:34 - 5 رەشەمه 2720

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "ئەفشین ئیلاهی"، خەڵکی شاری سەقز، بە دانانی بارمتە لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە ئازاد کراوە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، پاش دەسبەسەرکرانی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە، بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە کرابوو.

ڕۆژی شەممە ٤ی ڕێبەندان، ئەو هاووڵاتییە کە کرێکاری بڵاوکردنەوەی کاڵا خۆراکییەکانی "نووشینـ"ـی سەقزە، بە بێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرا.

هێزە ئەمنییەتییەکان، پاش دەسبەسەرکردنی ئەو هاووڵاتییە، هێرشیان کردبووەوە سەر ماڵی ناوبراو و وێڕای پشکنینی ماڵەکەی، مۆبایلی هاوژینەکەی و هەروەها هەندێک کەرەستەی کەسیی ئەفشینیان لەگەڵ خۆیان بردووە.

هەتا ئیستا لە هۆکاری دسبەسەری و تۆمەتەوەپاڵدراوەکانی دژی ئەو هاووڵاتییە، زانیارییەکی ورد لە بەر دەستدا نییە.