ئێران، وڵاتی قەیرانە گەورەکان

20:52 - 7 گەلاوێژ 2715
Unknown Author
بورهان پاڵانی

بە درێژایی مێژووی نوێ، ئێران بەشێکی گرنگ بووە لە ململانێ و جەنگە گەورە و بچووکەکانی ناوچەکەدا. لەم ململانێ و پێکهەڵپژانانەدا بەردەوام ئایدۆلۆژیا جیاجیاکان رۆڵیان گێڕاوە و سێبەریان بەسەر رووداوەکانەوە دیارە.

وەک سەرەتا دەتوانین ئاماژە بە ململانێیە گەورەکەی نێوان سەفەوییەکان و عوسمانییەکان کە زیاتر لە چەند سەدەیەکی خایاند و تا ئێستاش دەرکەوەتە و شوێنەوارەکانی بەرچاون. لەم ململانێیەدا ئەقڵییەتی پاوانخوازی نەتەوەی سەر دەستی فارس چ لە پێوەندیی لەگەڵ کێشە ناوخۆییەکان، چ لە بواری ئایینی‌دا، چ لەپێوەندیی لەگەڵ پرسی نەتەوەکانی دیکەی ئەو وڵاتەدا، وەک هێزێکی داگیرکەر رۆڵی بینیوە و رۆڵی سەفەوییەکان ئیلهامدەریان بووە.

کۆتایی سەدەی بیست دیارترین و باڵاترین ململانێی نێوان عێراق و ئێران، هەر چەند ئەم جەنگە خوێناوییە نەیتوانی چارەسەری قەیرانە ناوخۆیی و دەرەکییەکان بکات، بەڵام لە کۆکردنەوەی ئەقڵییەتی ئیسلامیی سیاسیدا لە ناوچەکەو بگرە لە زۆر جوگرافیای دووردا سەرنجی جیهانی بۆ لای خۆی ڕاکێشا. بەتایبەتی سەرکردایەتی باڵی \"شیعە\"ی دژ بە \"سوننە\"کان لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە دەکرا و دەکرێ. ئەم جەنگە بە درێژترین جەنگ ژماردە دەکرێت لە مێژووی مرۆڤایەتیدا و لە ئێستادا گەیشتووە قڕکردنی یەکتری و توندوتیژییەکی زۆری لە ناوچەکە بەرهەم هێناوە. ئێران وەت کولتوور سەر بە ئەفسانەی ململانێی ڕۆمانییەکانە و هاوکات ‌هەڵگری تایبەتمەندی خۆیەتی لە درووستکردنی کۆمێدیای سیاسی دا. هەر وەک ئەوەی لە سەرەتای سەدەی ٢١ دا بە ئاشکرا سیناریۆکانی دەردەکەون و لە گۆڕەپانی سیاسیی جیهاندا نمایش دەکرێن.

بە مانا ماکیاڤێلییەکەی ئیسلام هۆکارە، نەک ئامانج. ئامانج پاوانخوازی و دیکتاتۆرییەتی دینی ئیسلامییە بۆ قازانجی زۆرتر. هەروەها هەڵمەتێکی پێشوەختیشە بۆ بەرگری کردن لە سیستەمێکی تێکەڵاوی نا ئەقڵانی \"پان ئێرانیست\".

ئەگەر ئیسلام خۆی هەڵگری فەلسەفەی خۆسەپاندن بێت بەسەر ئایدۆلۆژیا و ئایینەکانی دیکەدا، ئەوا سیستەمی سیاسی لە ئێران بەهۆی ئەو خۆسەپاندن و سەرکوت کردنانەوە، هۆکاری قووڵترکردنەوەی جیاوازییەکانە. کاتێک وڵاتانی خۆراوا داوای راگرتنی پرۆژەی ئەتۆمی ئێران دەکەن، ئەوا هەوڵی ساردکردنەوەی ئەو توڕەییە دەدەن کە ئیران هەمیشە وەک فشارێکی درۆین بە کاری دەهێنێ بۆ رێکخستنی ئایدۆلۆژیای خۆی، رێک وەکو کارگە ناوەکییەکانی عێراق.

لە کۆتایی سەدەی رابردووەوە ئێران بووەتە سەرچاوەیەک بۆ پشتگیری لە گرووپە توندڕەوەکان، بەڵام بە هەڵگرتن و پاراستنی فەلسەفەی \"داخرانی کەلتووری\" لەگەڵ دنیای دەرەوەی خۆیدا. هەروەها کاتێکیش فشارە سیاسییەکانی جیهان زۆر ببێت ئەوا ئێران بە دڵنیاییەوە زەلیلترین و ترسنۆکترین هەڵوێست لە قەیران و ململانێکاندا دەگرێتە بەر.

دروشم چ دروشمی ئایینی یان سیاسی یان کۆمەڵایەتی، چەکێکی دەروونی دیکەی ئەم وڵاتەیە کە خۆی وا پیشان دەدات گوایە نوێنەری هەزاران ملیۆن مسوڵمانی سەر زەوییە و بەم شیوەیە لە رووی سیاسی و ئایدۆلۆژی و کولتوورییەوە بۆ بەرژەوەندیی خۆی بەکاریان دێنێت.

ئەمانە دروشمی هەموو قۆنا‌‌غەکانی ئەو کولتوورە سیاسییەن کە بۆ سەرجەم مرۆڤایەتی سەرسوڕهێنەر و پێش‌بینی نەکراون. چ لە ناو ئێران یان لە دەرەوەی جوگرافیای خۆیان لە هەموو حاڵەتەکاندا کۆماری ئیسلامی هەوڵ دەدا پەرە بە دوگماتیزمی فەلسەفیی وکولتووری خۆی لە ناوچەکە بدات. بەداخەوە زۆر بیرمەند و ئەدیب و کەسانی ڕۆشنبیر لە لێکدانەوەی ئەم ئەقڵییەتە پڕ لە فێڵ و مەترسیدارەدا کەوتوونەتە هەڵەی مێژووییەوە. هەڵەکەش لەوەدایە کە گوایە حەلی ململانێیی نێوان رۆژهەڵات و رۆژاوا بەشێکی گرێدراوی ئەقڵییەت و دۆخی سیاسی ئێرانە. ئەم مەسەلەیە ڕێک پێچەوانەی ئەو تیۆرییانەن کە قۆناغی پێشکەوتنی مرۆڤایەتی بە گوێرەی تایبەتمەندییەکانی ناوچەکە پێدا تێپەڕ دەبێ.

گەلانی ناوچەکە پڕن لە جیاوازی و فرە رەنگی. بۆیە مرۆڤایەتی قەرزداری فەیلەسوفەکانی سەدەی ١٧ و١٨ی ئەورووپان کە داهێنەری لێکدانەوەی راستکردنەوەی هەڵەکانی ئەقڵییەت و کولتووری ئیسلامن. ئەوان هەر هیچ نەبێ توانیان فەلسەفەی دین لە بنەما دەستوورییەکان و پیادە کردنی یاساو ڕێسا کۆمەڵایەتییەکان جیابکەنەوە.

ئێمە ناتوانین دان بەو ڕاستییەدا نەنێن کە ئێران سەرکردایەتی تێرۆریزم لە ناوچەکە دەکات کە پەیوەستە بە جوڵانەوەی هەستی ئەو خەڵکانەوە کە هێشتا ئاستی تێروانینە فکری و سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانیان لە ناو قەفەزێکی پۆڵایین دایە. کۆماری ئیسلامی ئێران لە پیرۆز هێشتنەوەی چەمکەکان و ململانێیە دەرەکییەکانیان لاوازە، بەڵام بە هێزی دۆگماتیزمی خۆیان دەتوانن بەرگری لەسەر ئەخلاقە کۆن و رزیوی سەدەکانی ڕابردوو بکەن و بۆ ئەمڕۆیان بەکار بێنن. چونکە هەمیشە دین بانگەشەی هەستانەوە دەکات، بەڵام بێ ئەوەی بزانین کە میکانیزمی هەستانەوەی مرۆڤ، فەلسەفەی تێگەیشتنیەتی لەو قۆناغەی خۆی تێیدا دەژی.

بەگشتی ئەقڵیەتی کۆماری ئیسلامی ئێران کارەساتێکە و پێش هەموو جیهان گەلانی ئێران قوربانی ئەو ئەقڵییەتەن. ئەم قوربانیدانەی خەڵک، قازانجی بۆ سیستەم و دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکانی ناوچەکە هەیە بۆ درۆست کردنی هێزێکی دڕندەی وەک (داعش) کە ئێران بەو هیوا و ئامانجە کاری لەسەر دەکات. ئەم هۆکارەش کاتییە و هێندەی دیکە ئێران پەراوێز دەخات.

لە رووی ناوخۆییەوە یەکێک لە دیارترین هەوڵەکانی ئێران پەراوێز خستنی گەلانی ناو ئێرانە وەکو کورد، عەرەب، بەلووچ، تورک و کەمایەتییە ئاینیی و نەتەوەییەکانی دیکەیە. ئەم پەراوێز خستنە لە چەند ڕوویەکەوە مەترسیدارە، دیارترینیان زیندە بە چاڵکردنی هیواو ئاواتەکانی ئەو گەلانەن. تا ئەو رادەی کە پەتی سێدارە هەمیشە وەک هەڕەشەیەکی دیار سێبەری بەسەر ژیانی نەتەوەکانی ناو ئێرانەوە هەیە. هیچ شارو شارۆچکە و گوندێکی ئێران بێبەش نییە لە هەڕەشەی دەزگا سەرکوتکەرەکانی دەسەڵات. بەداخەوە دونیای مۆدێرنیش بەرانبەر بەم دەسەڵاتە قڕکەرە تا ڕادەیەک بێدەنگە.

بەگشتی ئەفسانەی ئێران جۆرە ئەقلیەتێک بەڕێوەی دەبات کە سەر بە خێزانی ئەو فۆبیایەیە کە کۆمەڵگا لە چەقبەستوویی دا رادەگرێ. خنکاندن و کۆشتن و زیندە بە چاڵکردن و ... بە هەر بیانوویەک بێت گوزارشتە لەو هێزە داپڵۆسێنەرەی کە ئایندەی ئەو گەلانە و خەڵکەکەی خستووەتە مەترسییەوە. بەبێ ئەوەی بیر لەوە بکەنەوە کە مێژوو رۆژێک بڕیاری خۆی دەدا و تا سەر ئاوا ناڕوات. بە مانایەکی دیکە هەموو فەلسەفە و ئایدلۆژیا چەوسێنەرەکان لە سنوورێکی دیاریکراودا دەوستێن و ناتوانن بەرانبەر پێشکەوتنی مرۆڤایەتی خۆیان بگرن.

ئەم بابەتە روانگەی نووسەرەکەیەتی و ئاژانسی کوردپا لە ناوەڕۆکی بەرپرسیار نییە