ئێران و ئیسراییل: هاوپەیمانییەكی هەتاهەتایی

13:44 - 13 خەرمانان 2712
Unknown Author
ن: ئەنێر شاڵێڤ
و: لە ئینگلیزییەوە: كەیهان یووسفی


ئێران پێویستی بە ئیسراییلە. ئێران پێویستییەكی زۆری بە ئیسراییلە. ئەگەر ئیسراییل لەناو بچێت، ئێران دەبێ دیسانەوە دایبمەزرێنێتەوە. ئیسراییل هەزوێڵەی ژیانی رێژیمی ئێرانە. رێژیمی ئێران دەبێ خۆی بە قەرزداری ئیسراییل بزانێت، لەبەر ئیسراییلە كە بۆ ماوەیەكی زۆر زیندووە و بوونی هەیە.

دەربڕینی رق و تووڕەیی دژە ئیسرایلیە كە ئەو ئیجازە بە مەلا بێ رەحمەكانی رێژیمی ئێران دەدات تا بێروڕای گشتی لە پێوەندی لەگەڵ واقعی مەسەلەكان بەلاڕێدا بەرن بۆ نموونە لە پێوەندی لەگەڵ ئابووریی خاپوور و نەخۆشیی وڵاتی ئێران و تێچووی سەرسووڕهێنەری ژیان، ستەمی سیاسی و كوشتنی خۆپیشاندەران و هەروەها نەبوونی ئازادی و بەردباران كردنی ژنان.

بێزاری و دژایەتیی هەمیشە دەتوانێت هێزێك بێت بۆ یەكیەتی و بەهێزكردنی رێژیمەكان. بێگومان هیچ شتێك وەكوو دوژمنێكی شێتی دەرەكی ناتوانێت كێشە و گرفتە نێوخۆییەكان بێدەنگ و لەبیر بباتەوە. نیچە دەڵێت\" هەڵبژاردنی دوژمنێك زۆر گرنگترە لە هەڵبژاردنی هاوڕێیەك\". لەم ‎بارەوە ئێران سەركەوتووتر بووە لەوەی كە چاوەڕوانی لێدەكرا.

ئیسراییلش یارمەتیدەری ئێران بووە. ئەمەش هەڕەشەیەكی جیددییە، هەڕەشەی تێكهەڵچوونێكی حەتمی، كە بەرزتر بوونەوەی هات و هاوارەكان وەكوو گریسێكە (رۆن) بۆ تەق و تۆقی چەرخەكانی مەلاكانی رێژێمی ئێران، لە ئاخرین خولەكەكاندا ئەوان لە رێگەی رێبەرانی ئیسراییلیەوە رزگاریان دەبێت. هێزە رووناكبیر و دێموكراتەكان لە ئێران، خوێندكاران، ئاكادمێستەكان و چینی ناوەڕاستی كۆمەڵگا كە سێ ساڵ لەمەوبەر رژانە سەر شەقامەكانی شاری تاران و داوای ئازادی و هەڵبژاردنی ئازادییان كرد، هەڵوێستی ئەوان هەڕەشەیەك بوو بۆ سەر رێژیمی ئێران لە تەنیشتی ئەگەری هێرشی ئیسراییلدا.

سەرۆك وەزیران بنیامین نێتانیاهوو و وزیری بەرگری ئێهوود باراك خزمەتێكی باشیان بە بەررژوەندییەكانی رێبەری باڵای ئێران ئایەتۆڵلا خامنەیی و سەركۆمار مەحموود ئەحمەدی نژاد كرد. لە رێگەی ئەو كایەیەوە كە رۆڵی داگیركەرییان گێڕا وەكوو شەڕفرۆشێك بە ئێران. ئێستا بە ئاسانی ئەم بابەتە دەگێڕدرێتەوە كە ئیسراییل وەكوو نەخۆشی شێرپەنجە لە رۆژهەڵاتی ناڤیندا خەریكی گەشە كردنە. تەنانەت ئەو كەسەی كە گومانیش هەبووە هەنووكە بە قەناعەت گەیشتووە.

تەنانەت ئەگەر هەڕەشەكەری شەڕ ئیسراییلیش بێت رێبەرانی ئەم وڵاتە هەرگیز تێنەگەیشتوون كە ئەوان پێشتر یارمەتیی رێژیمی ئێرانیان كردووە، لە رێگەی هەڵبژاردنیان وەكوو دوژمنێك كە خزمەتێكی راستگۆیانەیان كردووە بەم رێژیمە.

خەڵكی ئێران شیاوی رێبەرانێكی جیاوازن و ئەوان دەیانهەوێت ئەوە بەدەست بێنن. بەهاری عەرەبی دەتوانێت سنوورەكانی جیهانی عەرەب تێپەڕێنێ و بگاتە تاران، ئەوكاتەی كە پلانی ناوكیی ئێران توانیبێتی زۆرتر بە دڵی ئێمە بووبێت هەتا هیند، ئەوە روو دەدات. ئیسراییل پێویستی بە ئێرانە. ئیسراییل پێویستیەكی ئێجگار زۆری بە ئێرانە. ئەگەر ئێران لەناو بچێت، ئیسراییل دەبێت ئێرانێكی دیكە درووست بكات. ئێران هەزوێڵەی ژیانی باوی رێبەارنی ئیسراییلە. ئەوان دەبێت قەرزداری ئێران بن. لەبەر ئێرانە كە ئەوان تا هەنووكە هێشتا لە دەسەڵاتدان.

بێزاری و تۆقاندن هەمیشە میكانیزمی كۆنترۆڵ كردنێكی شوێندانەر بووە، بەتایبەت بۆ حكوومەتە دەست راستییەكان. نتانیاهۆ لە رێگەی دەربڕینی نەفرەت و دژایەتی دژە ئێرانیەوە و هەورەوها بە زەق كردنەوەی هۆلۆكاست توانیویەتی بیروڕای گشتی لە پێوەندی لەگەڵ مەسەلە واقعیەكاندا بەڵاڕێدا ببات، واقعگەلێك وەك هەژاریی ئابووری و چوونەوە سەروەی تێچووە تاقەت پڕوكێنەكانی ژیان و لە هەڵوەشاندنەوەی خزمەتگوزارییە گشتیەكان تا خەرجی زۆری خانووسازی و نیشتەجێكردنی كۆچبەران.

ئێران یارمەتیدەری ئیسراییل بووە. هەڕەشەی لێكردووە. ئەم هەڕەشانە وەكوو گریس بوون بۆ تەق و تۆقی چەرخەكانی حكوومەتەكەی نتانیاهۆ، كە ئەمە بۆ ئەوان وەكوو گەنجینەیەكی نهێنی بە ئەژمار دەهات. هەورەكانی شەڕ كە لەلایەن باراك و نتانیاهۆوە دروستكران و ئەتمۆسفێری ئێمەی لە زستانی رابردووەوە پیس كردووە، سەركەوتنێك بوو لە پێوەندی لەگەڵ بێدەنگ كردنی ناڕزایەتیە بەربڵاوە كۆمەڵایەتییەكان كە وەكوو هەڕەشەیەكی ئاشكرا بۆ سەر حكوومەت وێنا دەكران.

داواكارییەكان بۆ خانووسازیی هەرزان، دادپەروەریی كۆمەڵایەتی و پاشكەوتی شیاو و خزمەتگوزاریی گشتیی كار و پیشەیی، توانەوە بەهۆی رووبەڕوو بوونە لەگەڵ ئیلهامی هاتنی مووشكەكان و بۆمبەكان. ئەم شوێنە رازاوە بێ وێنەیە كە خاوەنی گوتاری مەدەنی و فێمێنیستی بوو، جارێكی دیكە دەركەوتەكەی بووە گوتارێكی پیاوسالارانە و شەڕخوازانە. هەروەكوو ئێران كە پیاوێكی رۆحانی كۆنترۆڵی دەسەڵاتی بەدەستەوەیە لە ئیسراییلیش: رێبەری ئایینی شاس پارتی (shas party) رابی ئۆڤیدا یووسێف كە بە تازەیی و لە لایەن راوێژكاری ئەمنیەتی نەتەوەیی یەعقووب ئامیدۆرەوە رێگەی پێدراوە، چونكە تەنیا شتێك كە ماوەتەوە دۆزینەوەی بڕیاڕێكی ئایینیە بۆ پاساوی هەڵگیرساندنی شەڕ.

ئیسراییل شیاوی رێبەرانی جۆراوجۆرە و ئەوەش بەدەست دێت. مەسەلەكە تەنیا كاتە. لەم نێوەدا رێبەرانی ئێران و ئیسراییل شكستیان خواردووە و شەیدای سەمایەكی ئاڵۆز بوون كەلە دوورەوە وا دیارە شمشێرەكان شەڕێكی تۆقێنەر هەڵدەخڕێنن، بەڵام لێكۆڵینەوەكان دەری دەخات كە ئەمانە تەنیا شەڕی حەوت حیجاب دەكەن. ئەمە هاوپەیمانیەتییەكی هەتاهەتاییە لە نێوان دوو رێژیمی كۆندا كە هەركامەیان بوونی خۆی قەرزداری بوونی ئەوی دیكەیە.

سەرچاوە:
http://www.haaretz.com/opinion/israel-and-iran-an-eternal-alliance.premium-1.460707