ئێران لە سەر رەوڕەوەی گۆڕانكاری و بێ هەڵوێستیی حیزبە كوردستانیەكان

16:57 - 7 خاکەلێوه 2713
Unknown Author
ئەژین بەهرامی

بارودۆخە سیاسیەكانی ئەم دواییانەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، هەموویان وەك حەڵقەی زنجیرێكی لێكبەستراون و گۆڕانكاری و هەڵكشان و داكشانەكانی هەر یەك لەم وڵاتانە كاریگەرییان لەسەر یەكتر هەیە.

لە ماوەی نەچەندان دووری رابردوودا گەمەی سیاسی وڵاتە بەرژەوەندی خوازەكان لە ناوچە و دەسەڵاتی بەهێزی دیكتاتۆرە سەرەڕۆكان وای كرد کۆمەڵیک ئاڵوگۆڕی بنەڕەتی بەسەر ناوچەكەدا بێت كە هەموو تەنگەشەكان بۆ چارەسەری لە یەك خاڵدا كۆببنەوە، ئەویش روخانی كۆماری ئیسلامی‌یە.

بە لەرزین و لێك هەڵوەشانی رێژیمی \"بەشار ئەسەد\" پێگەی كۆماری ئیسلامی لە رۆژهەڵاتی نێوەراستیش كەوتە لەرزینەوە، ئێستاش تەقریبەن بە رازی بوونی زلهێزەكان بە كۆتایی هێنان بە كوشتار لە سوریە و كۆتایی هێنان بە حكومەتی بەشار ئەسەد، زەربەیەكی گەورەش لە كۆماری ئیسلامی دەدرێ.

هەر بۆیەش بە جۆرێك كۆماری ئیسلامی ناتوانێ بێدەنگ بێ و كاردانەوەی خۆی بۆ ئەم مەسەلە لە رێگەی حیزبووڵا و گروپە تیرۆریستیەكانی بەستراوە بە خۆیەوە دەخاتە مەیدانەوە كە توڕەیی خۆی دەببرێت, ئەمەش دیسان هەڵگیرسانی شەڕێكی نوێ و بیانوویەكی تازە دەداتە دەستی ئامریكا و ئیسرائیل و رۆژئاوا بۆ سەلماندنی هەموو ئەو بەڵگانەی كە دژ بە كۆماری ئیسلامی كۆكراونەتەوە.

پێداگری ئێران بۆ بەرهەمهێنانی چەكی ناوكی و بەدەستەوە نەدانی ناوندە ئەتۆمیەكان و شاردنەوەیان لە وڵاتانی 5+1 و هەموو وڵاتانی نیگەران بەم پرسە وای كردووە بێزارییەكان لەم مەسەلەیە لە دەسەڵات و حكومەتەكانەوە بگوازرێتەوە بۆ نێو كۆمەڵانی خەڵك و دانیشتوانی وڵاتەكانیش تا رادەیەك كە دانیشتوانی وڵاتێكی وەك ئامریكا كە لە ماوەی ئەم دەیەی دواییەدا وڵاتەكەیان چەند شەڕی قورسی تووش بووە و بەشێكی زۆر لە لاوانی وڵاتەكەیان تێدا چوون، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەوانەش لە دوایین راپرسی دا لە وڵاتی ئەمریكا كە لە لایەن رێكخراوی \" پیو \" ئەنجامدراوە ٦٤%ی خەڵكی ئەمریكا دەنگیان بە هێرشكردنی نیزامی بۆ سەر كۆماری ئیسلامی ئێران داوە, ئەمە نیشانەی ئەو راستییە كە كۆماری ئیسلامی بۆتە دێوەزمەیەكی جیهانی بۆ سەر مرۆڤایەتی.

رۆژ بە رۆژ گوشار و گرتن و ئێعدام و زیادبوونی گەندەڵی لە ناوخۆی ئێراندا هاواری هەموو ناوەندەكانی مافی مرۆڤی بەرزكردۆتەوە، زۆرترین لاپەڕەی راپۆرتەكانی نوێنەرانی مافی مرۆڤ بە پێشێلكردنی مافی مرۆڤ لە ئێراندا پڕ دەبنەوە.

ئەم هەموو گرتن و ئازار و ئەشكەنجە دانەی لاوان و چالاكانی سیاسی و فەرهەنگی و رۆژنامەوانان و ....هتد لە ئێراندا خۆی نیشانەی بێدەنگ نەبوونی خەڵك و ناڕەزایەتی دەربڕینی خەڵكە لە بەرانبەر ئەو كردەوانەی كە روبەڕوویان دەبێتەوە.

پلانی ستراتژیی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی كە بە هێرش كردنە سەر عێراق دەستی پێكرد و جێگیركردنی هێزەكانیان لەم وڵاتە و وڵاتانی دیکەی دراوسێ بۆ هەموو چاودێرانی سیاسی و لایەنەپەیوەندیدارەكان ئاشكرایە كە هەموو ئەم ئامادەكاریانە بۆ رەخساندنی دەرفەت و هەلێكی گونجاوە بۆ هێرشكردنی نیزامی بۆ سەر حکوومەتی ئێران.

تا ئێستا باس لە فاكتەرە دەرەكیەكان كرا كە رۆڵێكی سەرەكی و گەورەیان هەیە لە پێك هێنانی ئاڵوگۆر لە ئێراندا، بەڵام بۆشاییەكی گەورە هەست پێدەكرێ كە ئەویش رۆڵی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانیە لەم نێوەندەدا.

چەند پرسیارێك داوێنگیری ئەم باسەی ئێمە دەبێت كە:
ئایا ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی كە مەبەستمان حیزبە كوردستانی و حیزبەكانی تری نەتەوەكانی دیکەیە، ئەگەر سەربەخۆن و گرێدراوی هیچ هێزێكی دەرەكی نین، بۆچی تا ئێستا ئەوان هیچ ئامادەكارییەكیان نەگرتۆتەبەر لە بەرانبەر پرسێكدا كە راستەوخۆ پەیوەندی هەیە بە چارەنوسی خۆیان و میللەتەكانیانەوە؟!

ئەگەر ئەو حیزبانە چاوەرێی فەرمان و دەستوری زلهێزەكانن، بۆچی ئەو پرسیارە لە خۆیان ناكەن، ئایا كاتی نەهاتووە؟ هەموو ئامادەكاریەكی دەركی گیراوەتە بەر بۆچی هیچ ئەركێك بە حیزبەكان ناسپێردرێ؟؟!!

ئایا بەراستی لەم پلانە ستراتیژی و چارەنوس سازەدا لە هیچ گۆشیەكدا باس لە پرس و چارەنوسی نەتەەوەكانی ئێرانی كراوە؟

لەو ئاڵوگۆڕانەدا هیچ ئەركێكیان بۆ دیاری كراوە؟؟
لەگەڵ هەموو ئەمانەدا بە تایبەتی حیزبە كوردستانیەكان كە خاوەنی خەباتی چەندین ساڵەن بە خۆیاندا بچنەوە و سیاسەتی راستەقینەی خۆیان كە بەرژەوەندی میللەتی كوردە و نەچوونە ژێر كاریگەری هیچ هێز و لایەنێكە و سەربەخۆی خۆیان لە بڕیارداندا دیاری بكەن و ئامادەكارییەكانیان دەست پێبكەن.

لەگەڵ ئەوەی دەرفەت و كاتی زۆریشیان لەدەست داوە ، بۆ ئامادەكاری بۆ وەرزێكی نوێ لە تێكۆشان و خەبات لە نزیكترین نوقتەی گەیشتن بە خۆری ئازادی.

دەست لەسەر دانان و دانیشتنی حیزبەكان لە كەمپەكانی خۆیاندا و كەمرەنگ كردنەوەی هەموو بەرنامە تەشكیلاتی و رێكخستنەكانی ناوخۆییان گەورەترین نائومێدی و دڵەراوكێی لە نێو میللەتی كورد و لایەنە لێكبەستراوەكان بە پرسیی ئازادی لە ئێران و كوردستاندا دروست كردووە!

گرتنی كۆنگرە و كۆنفرانس و دەركردنی پرۆتۆكۆل و بەیاننامەی هاوبەشی بە جودا و بە تەنیا و دروستكردنی گەمەی سیاسی لێكدابڕان و یەكگرتنەوە، و هەموو ئەو پرسە نێوخۆیانە تەنیا خۆ دزینەوەیە لە بڕیاردانێكی بە ورە و چارەنوس ساز، هەرچەندە ئێستا تەنیا دەتوانن بازنەی بچوكی خۆیانی پێ سەرقاڵ بكەن و میللەتی كوردیش گرینگی بەم باسانە نادات و زۆر بەرینتر لە كردەوەكانی حیزبەكان دەفكرنە چارەسەری بۆ مەسەلەی كورد.

زۆر بە راشكاوی ئەگەر حیزبە كانی كوردستانی ئێران گۆڕانكارییەك لە سیاسەت و بەرنامەكانی خۆیاندا پێك نەهێنن و هەرچی زووتر هەڵوێستێكی چارەنووس‌ساز بۆ میللەتی كورد نەگرن، بە دڵنیایەوە لە داهاتووی ئێران و كوردستانی ئازادا كە گۆڕانكاری تێیدا زۆر نزیكە پشك و بەشی حیزبەكان لە دەسەڵاتدا زۆر لاواز دەبێت و نابنە خاوەنی ئەو هەرێمە سەربەخۆیەی كە بە حكومەتیی فیدراڵدا چاوەروانی دەكەن.
ئەم بابەتە روانگەی نووسەرکەیەتی و \"ئاژانسی کوردپا\" لەمەڕ ناوەرۆکەکەی بەرپرسیار نییە.