یەکێکی دیکە لە دوو خویندکاری بریندار کراوی بۆکانی، گیانی لە دەست دا

22:21 - 13 پووشپەڕ 2712
كوردپا: یەکێکی دیکە لە دوو خویندکارە بریندار کراوەی كوردی خەڵكی بۆكان کە ماوەیەک لەمەوبەر لەلایەن هێزی ئینتزامیی حكوومەتەوە درابوونە بەر دەستڕێژ، لە نەخۆشخانە گیانی دەست دا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، یەکێکی دیکە لە دوو خوێندكارە كوردەی خەڵكی بۆكان بەناوی: سەلاحەدین فیشاڵ خەتایی كوڕی عەزیز تەمەن 19 ساڵ کە رێكەوتی 28ی جۆزەردان لەسەر جادەی تەورێز كەوتوونەتە بەر دەستڕێژی هێزی ئینتزامی، پاش دوو حەفتە رێكەوتی 11ی پووشپەڕ لە نەخۆشخانەی ئازەربایجانی تەورێز گیانی لەدەست داوە.

هەوالنێری کوردپا ئەوەشی ئاشکرد کردووە کەلە رووداوی رێکەوتی ٢٨ی جۆزەرداندا سیامەند كەریمی یەکێکی دیکە لەو دوو خوێندکارە کوردە دەستبەجێ‌ گیانی لەدەست دابوو.

هەواڵنێری كوردپا لەزاری شایەتحاڵان و كەسانی ئاگاداری ئەو رووداوەوە ئاشكرای كردووە، ئەو دوو خوێندكارە كوردە لەناو ماشیندا بوون و بەبێ‌ هۆ لەلایەن هێزی ئینتزامییەوە دراونەتە بەر دەستڕێژی راستەوخۆ.

بە وتەی شایەتحاڵان تەرمی سەلاحەدین خەتایی رێكەوتی 12ی پووشپەڕ لە شاری بۆكان نێژراوە و هێزە نیزامی و ئەمنیەتییەكان لە ترسی ئەگەری ناڕەزایەتیی خەڵك لەناو كووچە و كۆڵانەكانی شار جێگیر كراون.
هەواڵنێری كوردپا لە درێژەی راپۆرتەكەیدا ئاشكرای كردووە كە رووداوی كوژرانی ئەو دوو خوێندكارە كوردە خەڵكی شاری بۆكانی تووشی نیگەرانی كردووە و هەست بە نەبوونی ئەمنیەتی گیانی دەكەن.

لە مانگەكانی رابردوودا كچێكی لاوی خەڵكی بۆكان بەناوی \"سومەیە فەیزوڵڵاپوور\" لەلایەن كەسانێكی نەناسراوەوە رفێنرا و پاش چەند رۆژ تەرمەكەی بە كوژراوی دۆزرایەوە كە دواتر مانگرتنی ژنان و دایكانی بۆكانی لێكەوتەوە.

لە مانگی پێشووشدا لە شاری مەهاباد لە یەكێك لە پاركەكان تەرمی كوژراوی ژنێك دۆزرایەوە كە هەتا ئێستا هۆكاری كوژرانی روون نەبۆتەوە، لە سەرەتای ساڵی 1391ەوە دیاردەی كووشتنی گوماناوی و هەروەها تەقەی راستەوخۆ لە هاووڵاتییانی ئاسایی لەناو جادەكان یلە ناوچە كوردنشینەكان رووی لە زیادبوون كردووە و ئەمەش بۆتە هۆكاری ترس و دڵەڕاوكێی خەڵكی كوردستان.