یەمەن؛ هەوراز و نشێوەکانی مێژوو

12:37 - 26 رێبەندان 2714
Unknown Author
رەحمان پیرۆتی</strong>

مێژووی نوێی یەمەن لەپاش سەربەخۆیی ئەو وڵاتە لە ساڵی ١٩٦٧ دەست پێدەکا. سەربەخۆیی ئەو وڵاتە پاش شەڕێکی خوێناوی لەگەڵ ئیستعماری بریتانیا و دوابەدوای ئەو، شەڕی ناوخۆیی نێوان لایەنە سیاسی­یە رکەبەرەکان وەدی­هات.
رکەبەری لایەنە سیاسی­یەکانی یەمەن لە گەرماوگەرمی شەڕی ساردی نێوان بلوکی رۆژهەڵات و رۆژئاوا، دابەشبوونی ئەو وڵاتەی بۆ دوو وڵاتی سەربەخۆ لێکەوتەوە؛ کۆماری عەرەبی یەمەن(یەمەنی باکوور) کە لەلایەن عەرەبستانی سعودی و رۆژئاوا پشتگیری دەکرا، و کۆماری دێموکراتیکی یەمەن (یەمەنی باشوور) کە سەر بە بەرەی سۆسیالیستی و یەکێتی شووڕەوی بوو. لە ماوەی شەڕی سارد و لە چوارچێوەی پرەنسیپە سەخت و نەگۆڕەکانی سیستمی دووجەمسەری­دا، ئەو دوو وڵاتە چەندین جار رووبەڕووی یەکتر بوونەوە و تەنانەت تا سنووری تێکهەڵچوونی نیزامیش چوونەپێش. پاش کۆتایی­هاتنی شەڕی سارد، لە ساڵی ١٩٩٠ ناکۆکی­یەکانی نێوان یەمەنی باشوور و باکوور رێگاچارەیان بۆ دۆزرایەوە وئەو دوو وڵاتە لەچوارچێوەی\"کۆماری یەمەن\" یەکیان گرتەوە.

یەمەن پێکهاتەیەکی سادە و لەهەمان کاتدا تێکهاڵاوی هەیە؛ سادە بەو هۆیە کە فەرهەنگی زۆرینەی خەڵک لەسەر بنەمای نۆڕمی عەشیرەیی، باوەڕی مەزهەبی و رەهەندەکانی کۆمەڵگایەکی لایەلایە فۆڕمی گرتووە؛ و تێکهاڵاو بەو هۆیە کە ئەو وڵاتە کێشە و قەیرانی ریشەداری مێژووی هەیە کە بەردەوام مەترسی­یەکی گەورە لەسەر یەکگرتوویی و یەکگرتوومانەوەی ئەو وڵاتە بووە. ئەو کێشە و قەیرانانە دوو سەرچاوەی سەرەکی­یان هەیە: یەکەم؛ بوونی دوو بافتی جیاوازی سیاسی- فەرهەنگی لە باکوور و باشوور، نۆرمی عەشیرەیی و دەسەڵاتخوازی هێزە ئیسلامی­یەکان. و دووەم؛ دەستێوەردانی دەرەکی لە کاروباری ئەو وڵاتە.
یەکێک لە گرینگ­ترین ئەکتەرانی گۆڕەپانی سیاسی یەمەن، بزووتنەوەی حوسی­یە کە نوێنەرایەتی پێکهاتەی شیعەمەزهەبی \"زەیدی\" دەکاولەگەڵ حکوومەتی ناوەندی کێشەی جیددی­ هەیە. ریشەی سەرەکی ناکۆکی­یەکانی نێوان شیعەکانی \"زەیدی\" و حکوومەتی ناوەندی بۆ دەیەی ٦٠ی زایینی و گۆڕانی سیستمی سیاسی ئەو وڵاتە لە \"ئیمامەت\"ەوە بۆ \"کۆماری\" دەگەڕێتەوە. زەیدی­یەکان بە درێژایی ١٢٠٠ ساڵ، لەژێر ئاڵای ئیمامەتی ئیسلامی شیعە بەسەر ناوچەکانی باکووری یەمەن حکومڕانی­یان کردووە، حکوومەتداری بە مافی ئیمامانی \"بەنی هاشم\" دەزانن و دەسەڵاتدارێتی هەر لایەنێکی دیکە جگە لەو بنەماڵەیە رەد دەکەنەوە؛ بەو پێیەبەردەوام هەوڵی وەدەست­گرتنەوەی دەسەڵاتیان داوە. ئەو هۆکارە مێژووییە لەپاڵ سیاسەتە هەڵەکانی حکوومەتی ناوەندی، نابەرابەری لە دابەشکردنی دەسەڵات و بەتایبەتی هەڵاواردنی نێگاتیڤی رێژیمی \"عەلی عەبدوڵلا ساڵح\"،سەرۆکی ئەوکاتی یەمەن، ناکۆکی­یەکانی نێوان زەیدی­یەکان و حکوومەتی سەنعای گرژتر کردووە.

لە کاردانەوە بە دۆخی نالەباری ئابووری و سیاسەتی جیاکارانەی حکوومەتی ناوەندی، لە ساڵی ١٩٩٢، گروپێکی سیاسی بەناوی \" ئەنسارواللە\" لە \"پارێزگای سەعدە\" کە پێگەی سروشتی زەیدی­یەکان لە ئەژمار دێ، بۆ بارهێنانی لاوانی زەیدی بوونی خۆی راگەیاند. ئەو گروپە بەرەبەرە چالاکی­یەکانی خۆی پەرەپێدا و بەتایبەتی پاش ساڵی ٢٠٠٠ لەژێر سەرکردایەتی \"حوسێن ئەلحوسی\" تەواو وەکوو هێزێکی سیاسی خاوەن پێگەی جەماوەری دەرکەوت. ئەلحوسی، کەسایەتییەکی مەزهەبی بناژۆخوازی تووندڕەو بوو،دروشمەکانی شۆڕشی ئیسلامی ئێرانی کردە بنەمای ئیدیۆلۆژیکی کاری سیاسی ئەو رێکخراوەیە؛ و شێلگیرانە دژایەتی ئەمریکا، ئیسرائیل و وڵاتانی سوننەمەزهەبی هاوپەیمانی رۆژئاوای دەکرد.داواکاری سەرەکی ئەوان خودموختاری زیاتر بۆ پارێزگای سەعدە بوو تا بتوانن پارێزگاری لە نەریتی سیاسی و مەزهەبی \"زەیدییە\" لە بەرامبەر کارتێکەری ئیسلام­گەرایانی سوننی بکەن.

رێژیمی عەبدوڵڵا ساڵح،دەرکەوتنی لەناکاوی ئەو هێزەی وەکوو مەترسی­یەکی گەورە بۆ سەر داهاتووی دەسەڵاتی حکوومەتی یەمەن دەدی. شەڕی عێراق و هاوکاری یەمەن و ئەمریکا، نوتفەی سەرەتایی پێکدادانی ئەو دوو لایەنەی دروست کرد. لە ساڵی ٢٠٠٤، لە ئاکامی رێپێوانی جەماوەری بە دژی سیاسەتەکانی حکوومەتی ناوەندی، لە شاری سەنعا پێکدادانی نیزامی لەنێوان لایەنگرانی ئەنساروللەوهێزەکانی ئەرتەش روویدا. ئەو رووداوە، سەرەتای زنجیرە پێکدادانی نیزامی نێوان ئەو دوو لایەنە بوو کە هەر لە قۆناغەکانی یەکەم، کوژرانی حوسێن ئەلحوسی لێکەوتەوە. کوژرانی ئەلحوسی، عەشیرەتی زەیدی و ئەنساروللای بۆ دەستەبەرکردنی ئامانجەکانیان پێداگرتر کرد؛ بەشێوەیەک کە تا واژۆکرانی رێککەوتننامەی ئاگربڕ لە ساڵی ٢٠١١، پێنج جار سەرهەڵدان و پێکدادانی نیزامی لەنێوان ئەو دوو لایەنە روویدا.

بە گەیشتنی شەپۆلەکانی بەهاری عەرەبی بۆ یەمەن، حوسی­یەکان پشتگیری حەرەکەتی دێموکراسی­خوازانەی گەلی یەمەن­یان کرد، بەدژی حکوومەتی ناوەندی هاتنە سەر شەقام و هاوکات دەرفەتی بۆشایی دەسەڵاتی سەرچاوەگرتوو لە رووخانی حکوومەتی عەلی عەبدووڵلا ساڵح­یان، بۆ پەرەپێدانی هێژمۆنی خۆیان لە پارێزگای سەعدە و ناوچەکانی دەوروبەری ئەو پارێزگایە قۆزتەوە. پەراوێزخران و بەشدار­نەکردنی حوسی­یەکان، لە هاوکێشەکانی ساختی دەسەڵاتی سیاسی پاش حکوومەتی ساڵح، کاردانەوەی تووندی ئەو لایەنەی لێکەوتەوە. پلانە ئابووری­یەکانی حکوومەتی \"عەبدرەبا مەنسوور هادی\"، سەرۆک کۆماری نوێی یەمەن، کە بە پرۆژە و ناوبژیوانی عەرەبستانی سعودی دەسەڵاتی بەدەستەوە گرت، دەنگی ناڕەزایەتی بزووتنەوەی حوسی بەرز کردوە؛ ناڕەزایەتییەک کە بە پشتیوانی و هاوکاری سەرەکی کۆماری ئیسلامی شێوەی نیزامی بەخۆوە گرت.

لە ٢١ی سێپتامبری ٢٠١٤، حوسییەکان دەستیان بەسەر سەنعادا گرت و دوو رۆژ دواتر سەرۆک کۆمار و تێکڕای ئەندامانی کابینەی حکوومەت دەستیان لەکار کێشایەوە. هەڵدێرانی دەوڵەت و کابینەی حکوومەتی یەمەن نەتەنیا ئەو وڵاتەی بۆ هەڵدێرگەی شەڕی ناوخۆیی راکێشاوە، بەڵکوو ئەوە بەمانای دەسەڵات­نوێنی لایەنێکی سیاسی هاوپەیمانی کۆماری ئیسلامی لە ئەژمار دێ، کە کۆتایی بە تەمەنی دەوڵەتێک هێناوە کە بە پرۆژەی عەرەبستان و ئەنجومەنی هاوکاری کەنداوی فارس دەسەڵاتی بەدەستەوە گرتبوو.

لە روانگەی عەرەبستان، هەڵدێرانی یەمەن بۆ بەرەی ئێران دەتوانێ سەرەتایەک بۆ هەڵدێرانی وڵاتانی دیکەش بێ. ئەو شەڕە درێژەی شەڕی نیابەتی دوو جەمسەری شیعەو سوننی­یە کە لە سەنگەرە جیاجیاکانی ناوچە، لە رووبەڕووبوونەوەیەکی قورس دان. خاڵی جیاکەرەوەی پرسی یەمەن ئەوەیە، کە ئەو وڵاتە لە نیمچەدوڕگەی عەرەبی هەڵکەوتووە؛ کە بە درێژایی مێژوو عەرەبستانی سعودی تێیدا دەسەڵاتی ‌هێژمۆن بووە؛ بەو پێیە پێدەچی بەزاندنی هێڵە سوورەکانی عەرەبستان، بە تووندی وڵام بدرێتەوە.لەبەرامبەردا، بە بەدەسەڵات گەیشتنی حوسی­یەکان لە یەمەن، ئەو کۆماری ئیسلامی لە نیمچەدوڕگەی عەرەبی و هاوسنوور لەگەڵ عەرەبستان هاوپەیمانی دەبێ،و ئەو دەرفەتە بۆ تاراندەڕەخسێ تا ناوچەکانی رۆژهەڵاتی عەرەبستان ئاڵۆز بکا. جگە لەوە، یەمەن دەتوانێ کارتێکی یاری بۆ ئێران بێ، تا عەرەبستان ناچار بە سازان لە پرسەکانی سوریە، عێراق و بەحرەین بکا.بەو پێیە گۆڕانکاری لە ساختی دەسەڵاتی یەمەن، گۆڕانکاری ناوچەیی بەدواوە دەبێ.

ئێستا یەمەن لە پڕهەورازو نشێوترین رۆژەکانی مێژووی خۆی دایە؛شتێک بەناوی دەسەڵاتی یاسا نەماوە و شۆڕشگێڕانی حوسی بەشێکی هەراوی ئەو وڵاتەیان کۆنترۆڵ کردووە؛ بەڵام راستییەکەی ئەوەیە کە کۆنترۆڵی نیزامی، بە مانای دەسەڵاتی سیاسی نییە. دەسەڵات­سەپێنی تاک­لایەنەی حوسییەکان بەبێ گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ لایەنەکانی دیکە، ئەو وڵاتە بەرەو شەڕی ناوخۆیی، دەستێوەردانی زیاتری لایەنە دەرەکی­یەکان و پارچە پارچەبوونی ئەو وڵاتە دەبا. رازی سەرکەوتن لە یەمەن، لە کۆتاییدا دامەزراندنی ساختارێکی سیاسی بنکەفراوان، حکوومەتێکی وڵامدەر و گەشەی ئابووری­یە.
١٤.٢.٢٠١٥

ناوەرۆکی ئەم بابەتە روانگەی نووسەرەکەیەتی و ئاژانسی کوردپا لێی بەرپرسیار نییە.