یونان؛ پەنابەرێکی خەڵکی مەریوان پاش ١٨ ڕۆژ خەوێندران لە نەخۆشخانە گیانی لەدەست دا

19:33 - 2 پووشپەڕ 2721

ئەمڕۆ چوارشەممە ٢ی پووشپەڕ، ڕامین شەریفی، پەنابەرێکی خەڵکی مەریوان کە لە ڕەوتی ڕووداوێکی هاتوچۆدا بە توندی بریندار ببوو، پاش ١٨ ڕۆژ خەوێندران لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی یونان، گیانی لەدەست داوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو پەنابەرە لەو ڕووداوەدا، هەر دوو گورچیلەی لەدەست دابوو.

ڕۆژی شەممە ١٥ی جۆزەردان، ماشینێکی هەڵگری پەنابەران لە شاری کاوالای یوناندا، پاش ڕاودوونانی لەلایەن پۆلیسەوە بەهۆی خێرایی زۆرەوە، وەرگەڕاوەتەوە و لەو ڕووداوەدا، دوو پەنابەری خەڵکی مەریوان بە ناوەکانی "موحسین ئەحمەدی" و "ڕزگار قوربانی"، دەسبەجێ گیانیان لەدەست داوە و لوقمان ئەحمەدی، برای موحسین ئەحمەدی و ڕامین شەریفی بە توندی بریندار ببوون.