ئیتلاعاتی مەریوان بنەماڵەیەک پاش سێ ساڵ لە کوژرانی کوڕەکەیان ئاگادار دەکاتەوە

17:48 - 30 بانەمەڕ 2720

هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری مەریوان، بە ناوی "خدر پیروزی"، ١٤ ساڵ پێش لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و بێسەروشوێن کرا.

یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی "پیروزی" سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکرانی ئەو هاووڵاتییە کوردە، بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: "خدر پیروزی ١٤ ساڵ پێش لە مەریوان لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و پاش ئەو چواردە ساڵە، حەوتووی ڕابروو، ئیتلاعاتی ئەو شارە بە بنەماڵەکەی ڕاگەیاندووە کە کوڕەکەیان سێ ساڵ پێش لە زیندانی ورمێ لەژێر ئازار و ئەشکەنجەدا گیانی لەدەست داوە".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: "هێزە ئیتلاعاتییەکانی مەریوان ئەو هاووڵاتییە کوردەیان بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران دەسبەسەر کردووە".

بە وتەی ئەو سەرچاوە ئاگادارە لە بنەماڵەی "پیروزی"، ئەو هاووڵاتییە لە کاتی دەسبەسەرکرانیدا، خێزاندار و خێزانی دووگیان بووە و سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەکەی بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی کوڕەکەیان، هێزە ئیتلاعاتییەکان لە دانی هەر جۆرە زانیارییەک بەو بنەماڵەیە خۆیان بواردووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، حەوتوویەک پێش، هێزە ئیتلاعاتییەکان بنەماڵەی "خدر پیروزیـ"ـیان ئاگادار کردووەتەوە کە چیتر بە شوێن چارەنووسی کوڕەکەیان نەبن و کوڕەکەیان سێ ساڵ پێش لە زیندانی ورمێ لەژێر ئازار و ئەشكەنجەدا گیانی لەدەست داوە و لە شوێنێکی نادیار نێژراوە.

ئەو سەرچاوەیە لە کۆتاییدا، ڕایگەیاند: "هێزە ئیتلاعاتییەکان بە بنەماڵەی پیروزییان ڕاگەیاندووە کە  ئاگاداری چارەنووسی کوڕەکەتان بوون، ئیتر بە شوێن تەرمەکەیدا نەگەڕێن و تەنانەت بۆتان نییە، ڕێوڕەسمی سەرەخۆشیی بۆ دابنێن".