ئیتلاعات ڕێگری لە بەڕێوەچوونی دادگاییکردنی هاووڵاتییەکی کورد دەکات

12:22 - 22 خەرمانان 2719

ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری شنۆ، بەهۆی ڕێگرییەکانی ئیتلاعات لە دادگاییکردنی، چارەنووسی ناڕوونە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی سێشەممە، ١٦ی خەرمانان، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "عەلی ئیسماعیلی"، تەمەن ٤٠ ساڵ، کوڕی "محەممەد"، خەڵکی گوندی "جاشێرانـ"ـی شاری شنۆ، لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ، بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی شاری نەغەدە، ڕاگوێزرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، وەزارەتی ئیتلاعات لەو ماوەیەدا، ڕێگریی لە بەڕێوەچوونی دادگایی ئەو هاووڵاتییە کوردە کردووە و هەتا ئێستا دۆسیەی ناوبراو ڕەوتی یاسایی خۆی تێنەپەڕاندووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها وتی: "بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە کوردە، پاش گواستنەوەی ناوبراو بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری نەغەدە، لە چاوەڕوانیی بەڕیوەچوونی دادگایی عەلی ئیسماعیلیدان کە ئیتلاعات بە بیانووی مانگی موحەڕەم، ڕێگری لە بەڕێوەچوونی دادگاییەکەی دەکات".

ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٠ی پووشپەڕ، "عەلی ئیسماعیلی" لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و لە تۆمەتی وەپاڵدراوی ناوبراو هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

هەروها ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٧ی بەفرانباری ساڵی ٩٧یش، ئەو هاووڵاتییە کوردە بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران"، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.