ئیتلاعات بۆ ئازادکردنی هاووڵاتییەکی کورد بیانوو دەهێنێتەوە

11:43 - 24 خەرمانان 2719

ئاژانسی کوردپا: ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری نەغەدە بە بیانووی دانانی بارمتەی ١ میلیارد تمەنی، ڕێگری لە ئازادبوونی هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری شنۆ دەکات.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئیتلاعات ڕێگری لە ئازادکردنی هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "عەلی ئیسماعیلی" خەڵکی شاری شنۆ دەکات کە هەنووکە لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری نەغەدەدایە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: "ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری نەغەدە، بڕیار بووە حەوتووی ڕابردوو ئەو هاووڵاتییە کوردە ئازاد بکات، بەڵام بە بیانووی هاتنی موحەڕەم، ڕێگرییان لە ئازادکردنی ناوبراو کردووە و دواتر داوای یەک میلیارد تمەن بارمتەیان بۆ ئازادکردنی کردووە".

ئەو سەرچاوەیە، ئامانجی دواخستنی ئازادکردنی "عەلی ئیسماعیلیـ"ـی بۆ دادگاییکردنی ناوبراو گەڕاندەوە و ڕایگەیاند: "ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری نەغەدە، بە مەبەستی زووتر دادگاییکردنی ئەو هاووڵاتییە کوردە، بیانووی بڕی یەک میلیارد تمەن دەکات و دەیهەوێت پێش لە دانانی ئەو بارمتەیە، دادگاییکردنی عەلی ئیسماعیلی بەڕێوەبچێت و حوکمەکەی دیاری بکەن".

ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٠ی پووشپەڕی ئەمساڵ، "عەلی ئیسماعیلی" لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و لە تۆمەتی وەپاڵدراوی ناوبراو هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.