ئیتر داعشیش براو هاوسێیە- شەریف بێهرووز

14:19 - 15 سەرماوەز 2714
Unknown Author
شەریف بێهرووز

چەند مانگ لەمەوبەر دەرکەوتنی پاسدارانی سپای قودس و لە نێویاندا پاسدار قاسمی سولەیمانی وەک کەسی یەکەمی ئەم ئورگانە سەرکووتکەرە لە نیوراستی خاکی عێراقدا هێندێک هاتوهەرای لێ ساز بوو، بەڵام وێدەچوو ئەو دەرکەوتنانە لە سەر زەوی ئەویش ئاوە بە ئاشکرا رێگاخۆشکەر بوو بۆ مانۆردانی ئاسمانی سپای پاسداران لە سەر خاک عێراق بۆ شەر لە دژی چەکدارانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام، داعش.

سەرچاوەی درکاندنی هەواڵی بزاندنی هەرێمی ئاسمانی عێراق لە لایەن فرۆکە جەنگییەکانی سپای پاسداران گۆڤاری \"جەین دیفەنس ویکلی\" بوو کە فرۆکەکانی ئێرانی لە گرتەیەکی ڤیدیویی تلویزیونی ئەلجەزیرەدا ناسیبۆوە. بە پێی سەرچاوەکان ئەم جۆرە فرۆکانە تەنیا لە وڵاتی تورکیا و ئێران بوونیان هەیە. تورکیا تا ئێستا لە هیچ ئوپێراسیونێکی دژی داعش بەشدار نەبووە و بەو تێکەڵاوییە نزیکەی کە لە نێوان دوو وڵاتی ئێران و عێراقدا هەیە، روونە کە ئەم فرۆکانە هی سپای پاسدارانی رژێم بووبن.

پێشتریش هێزەکانی سوپای قودسی سپای پاسداران لە شەڕی دژی داعش لە ناوچەکانی پارێزگای دیالە بە تایبەتی لە کۆنترۆڵکردنەوەی شاری ئامێرلی، کە زۆربەیان شیعەی تورکەمەنن، شانەبەشانی سوپای عێراق و هێزەی پێشمەرگەی سەر بە یەکیەتی نیشتمانی کوردستان بەشداری راستەوخۆی شەڕیان کردبوو.
ووتەبێژی پنتاگۆن روونیکردەوە کە ئەم هێرشانەی رژێمی ئێران بە هەماهەنگی لە گەڵ ئەمریکا نەبووە و سیاسەتی ئەمریکا لە مەڕ هاوکارینەکردنی ئێران و ئەمریکا بە دژی داعش ئالوگۆڕی بەسەردا نەهاتووە. ووتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رژێمیش بە نۆرەی خۆیی بەشداری فرۆکە شەڕکەرەکانی ولاتەکەی لە عێراق رەد نەکردەوە، بەڵام پشتراستیشی نەکردووە و رایگەیاند کە وڵاتەکەی ئامادەیە هەر هاوکارییەک کە عێراق لە شەڕی دژی داعش پێویستی بێت، بیکات.

هەروەک باسکرا ئەمە یەکەمجارە دەردەکەوێ کە فرۆکە بۆمبهاوێژەکانی دەوڵەتی ئیسلامی لە ئێران بێنە سەر ئاسمانی عێراق و سرنجی زۆر لە میدیا و ناوەندەکانی دەسەڵاتی بۆ لای خۆیی راکێشا. دیارە کاتی خۆیی بەشداری هێزەکانی سپای پاستارانی رژێم لە عێراق مشتومڕی زۆری لێکەوتەوە و دڵەراوکێ و نیگەرانی لای زۆر وڵات ناوچەیی و نێودەوڵەتی دروست کرد، بەڵام وردە وردە وەک تێکەڵاوی راستەوخۆی هێزەکانی سپای قودسی رژێم بە شەری سورییەوە بۆ گشت لایەک ئاسایی بوو.

بەڵام وێدەچێ ئیدارەی ئێستای ئەمریکا بەجۆرێک حەزی لە هاوکاری رژێمی ئێران لە شەڕی دژی داعش بووبێ، بەڵام بە بێ ئەوەی هیچ هاوکارییەکی ئاشکرا و راستەوخۆ لە بەینی ئەمریکا، بەرەی دژی داعش و ئێراندا هەبێ. لە لایەکەوە کاربەدەستانی ئەمریکا بەتەما بوون بە رووخستنی کارتی داعش بە جۆرێک ئاوانس بدەن بە رژێمی ئێران کە لە سەر کێشە ناوەکییەکەی لە گەڵ رۆژئاوا پێک بێ. روونە هەمان سیاسەت لە سوریاش لەبەرچاو گیرابوو، کە یەکێک لە هۆکارەکانی دەستراگرتنی لێدانەکان لە رژێمی ئەسەد لە سوریا هۆکاری رژێمی ئێران و دانوستانە ناوەکییەکان بوو. بەرپرسانی رژێم پێشتر هوشداریان دابوو کە هێرش بۆ سەر سوریا زۆرێک لە معادیلەکان تێک دەدات و دژکردەوە نیشان دەدەن و لەوانەیە دژکردەوەکانیش کشانەوە لە سەر مێزی وتووێژەکان بوو کە ئیدارەی ئوباما مایەی زۆر بۆ دانابوو و کشانەوەی لایەنی ئێرانی وەک شکستێکی سیاسی و دیپلۆماسی چاوی لێدەکرا. دیارە لێکۆلەران لە سەر ئەو باوەڕەن کە ئیدراەی ئێستای ئەمریکا بە رێبەرایەتی باراک ئوباما بەتەمانە ژێربەژێر پێوەندییەکانیان لە گەڵ رژێمی ئیسلامی لە ئێران ئاسایی بکەنەوە و شەڕی دژی دەوڵەتێکی ئیسلامی تر، واتە داعش ئەم هەنگاوانەی خۆشترو خێراتر کردووە. ئەوە سەڕەڕای ئەوەیە کە ئەو شتانەی پێشتر لە پێوەندی ئەم دوو وڵاتەدا بڤە بوون، وەکوو قسە کردنی سەرۆککۆمارەکان و دانیشتنی ئاسایی لە ئاستی وەزیر و هتد... وردە وردە ئاسایی دەبنەوە و بە دوور نییە دوو وڵات لە داهاتووی نزیکدا باس لە کردنەوەی نووسینگەی فەرمی نوێنەرایەتی بکەن، هەڵبەت ئەگەر لایەنی دەمارگژی رژێمیش بەمە رازی بن و بە هەنگاوێک بە جێ پێ لێژکردنی خۆیانی نەزانن.

ئەو تەیفەی رژێمیش کە هەمەکارە و دەسەلاتدارن تا هەنووکە هاوکاری لە گەڵ بەرەی دژی داعشی پێ بڤە بووە و بەردەوام دووپاتیان کردۆتەوە کە داعش دەسکردی ئەم وڵاتانەیە و شەڕی وان بە دژی داعش زیاتر بۆ نانەوەی دووبەرەکی لە ناوچە و دونیای ئیسلام و مەشروعیەت بەخشین بە بوونی خۆیان لە ناوچەکەیە، سیاسەتێک و رێکارێک کە لە ماوەی تەمەنی ئەم رژێمەدا بەردەوام بیستراوەتەوە و شتێکی تازە نییە. بەڵام سەلماندووشیانە کە کاتێک کار کێشایە مەترسی کەوتنی بەرژوەندییەکانی نیزام هیچ هێڵی سوور نامێنێ و هێڵە سوورەکان تەنیا بەرژوەندییەکانی نیزام دەبن و بەس. بەڵام لایەنی رێفۆرمخوازی نێو دەسەڵات، کە ئێستا بە قەولی خۆیان حکومەتیان بەدەستەوەیە، زیاتر هومێدیان بەم کرانەوانە هەیە کە بەرەی دەسڵاتی نێوخۆ تۆزێک لاوازتر بکەن و رژێمی تاران بەرەو کرانەوە و حاوانەوە لە گەڵ دەرەوە بەرن، شتێک کە پێشتر تاقی کراوەتەوە و ئاکامەکەشمان بینیوە.

مەترسی داعش هەڕەشەیەکی گەورەیە لە سەر دۆخی ناوچە و بەرژەوەندی زلهێزەکان لە ناوچەکە. مەترسی داعش بەتەواوی رێکارەکانی سیاسی پێشووی گۆڕیوە و بەدەستەوەگرتنی ناوچەیەکی بەرىڵاو و هەستیاری رۆژهەلاتی ناوەڕاست وەکوو بروسکەیەک ئالوگۆڕی بە ئاراستەی دۆستان و نەیاراندا پێک هێناوە و لە گەڵ خۆی کۆمەلێک دەرفەت و هەڕەشەی لە سەر هێز و خەڵکانی ناوچە بە تایبەتی باشووری کوردستان و رژێمی ئیسلامی ئێران هێناوەتە ئاراوە کە جێگای سرنج و رامانن:

داعش و رژێمی ئێران

لە کەس شاراوە نییە کە تێوەگڵان و دەستێوەردانی راستەوخۆی سپای پاسدارانی رژێم و رێکخراوە دەسکردەکەی حیزبوڵا لە شەڕی سوریا بۆ بەرگری لە رژێمی ئەسەدی شیعەی عەلەوی بە دژی سوونەکانی ئەم وڵاتە پێوەندی راستەوخۆی بە پەلگرتن و بەهێز بوونی هێزە ئیسلامییە توندهاژۆکانی سوریا بە تایبەتی داعشەوە هەیە. دروستە کە هاوکاری نیزامی حیزبوڵا و سپای پاسداران ئەسەدی لە رووخان رزگار کرد، بەڵام ئێران سەرەتا لە زەق کردنەوە و بگرە بەهێزکردنی داعش و گروپە توندهاژۆکانی تر دەستی باڵای هەبوو بۆ خەراپکردنی روخسار و وەجهەی ئوپوزسیونی سوریا. لەوانەیە بەهێز بوونی داعش لە درێژخایەندا زەرەری لە بەرژوەندییەکانی رژێمی ئیسلامی ئێران لە ناوچەکەدا گەیاندبا، بەڵام لە کورتماوەدا ئەو قازانجەی هەبوو کە پێشی لە پرچەک کردن و بەهێزکردنی ئوپوزسیونی سوریا گرت و حەولەکانی لێدان و رووخانی رژێمی ئەسەدی بەتەواوی پووچەڵ کردەوە.

جیا لە هیشتنەوەی رژێمی ئەسەد لە سەر دەسەڵات، قازانجی تری داعش قەڵش خستنە نێو ئوپوزسیونی سوریا بوو، بەڵام ئەمانە گشتی قازانجی کورتماوەی داعش بۆ تاران و هاوپەیمانانی بوون، بەڵام بێ گومان هێندێک ئاکامی نەخوازراویشی لێکەوتەوە کە ئەوانیش ئێران بەجۆرێک وەک هەل قۆزتنێوە و بە قازانجی خۆی کەڵکی لێوەرگرتن. سەرەتا هێرشی لەنەکاوی داعش بۆ عێراق و کۆنترۆڵ کردنی زۆربەی ناوچە سوونییەکانی عێراق تا سنوورەکانی باشووری کوردستان لە باکوور و تا دەورووبەری بەغدا لە باشوورەوە بوو کە لە چەندین لاوە وێدەچوو بە دژی بەرژوەندییەکانی ئەم رژێمە بووبێ.

داعش بە هێرش بۆ سەر عێراق دەستی بە سەر بەشێک لە خاکی وڵاتێکی هاوپەیمان و شیعەی تری ئێران داگرت و دەسەلاتی ناوەندی ئەم وڵاتەی لاواز کرد.

پاشان مەترسی داعش بۆ سەر سنوورەکانی ئێران دەهات زیاتر دەبوو و چەکدارانی داعش تا سنوورەکانی ئێران لە هێندێک شوێن نزیک بوونەوە. هەروەها لە نێو هیلالی شیعەی تاران، بەغدا، شام و لوبنان بە جۆرێک قەڵەشتی تێکەوت بە تایبەتی ئەو بەراوە زەوییە بەپێزەی کە عێراقی پێش هێرشی داعش بۆ یارمەتی سوریا لە لایەن رژێمی ئێرانەوە دەیگێڕا تا رادەیەک تووشی گیران هات. لە هەمووی گرینگتر نەمانی دەسەلاتی ناوەندی عێراق لەم ناوچانە بە تایبەتی کوردستان و ناوچە دابراوەکان هەولەکانی کوردەکانی باشوور بۆ سەربەخۆیی زیاتر کرد و ئەمەش راستەوخۆ بە پێچەوانەی بەرژوەندییەکانی رژێمی کۆماری ئیسلامی ئێرانە کە بە وردی باسی لێوە دەکرێ.

سەڕەڕای هەموو ئەم ئاکامە نەخوازراوانە، رژێمی تاران لە ژێر سێبەری سپای پاسداران و سوپای قودسەوە ناهومێد نەبوون و حەولەکانیان بۆ قوازتنەوەی ئەم مەترسیانە بۆ دەرفەت وەکار خست. پێش هەموو شتێک، ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ئاخوندەکان ولاتێکی ئاهۆن و ئارام نییە کە وەک وڵاتانی تر بە سەرهەڵدانی هێزی چەکداری وەکوو داعش نیگەرانی ئەمنیەت و ئاسایشی وڵاتەکەی و سنوورەکانی بێت. دەسەلاتی زاڵ بە سەر ئێراندا دەسەلاتێکە کە لە قەیران و بشێویدا هاتۆتە ئاراوە و هەر بەم شێوەش دەتوانی درێژە بە دەسەلاتی خوی بدات و شەڕ و قڕەی پێ نیعمەتی ئیلاهییە. هاوکات، ئەم رژێمە لەمێژە بڕیاری داوە کە بۆ پارازتنی بەرژوەندییەکانی چاو زۆر دوورتر لە دەرەوەی سنوورەکانی ببڕێ و زۆربەی وڵاتانی زلهێز و خاوەن پێگەی ناوچەش ئەمە بە باشی دەزانن بەڵام چاریان نییە و تا ئێستا ئەم رژێمەیان بۆ بەچۆک دانەهاتووە. تەنیا ویستوویانە و توانیویانە تا رادەیەک ئەم رژێمە لە کۆمەلگای نێودەوڵەتی تەریک خەنەوە، هەڵبەت تا ئێستا. بە هاتنی داعش و مەترسی بۆ سەر عێراق، دونیای دەرەوە بە تایبەتی ئەمریکا هاتوونەتە سەر ئەو بڕوایە کە پێویستە لە هێندێک شوێن و کات سیاسەتی پەروایزخستنی ئەم مەلایانە شلتر کرێ و ئێستا وەکوو لایەنێکی دژی داعش بناسرێن. دیارە رۆڵی دەوڵەتی ناوەندی عێراق و کوردەکانیش لە ولاتەدا لەم بڕیارەدا یەکلاکەرەوە بوو کە پێیان وایە رژێمی ئێران دەتوانێ هاوپەیمان بێ لە شەڕی دژی داعشدا و ئەمە بە قازانجی گشت لایەکە، لانی کەم لە کورتماوەدا.

رژێمی ئێران وەک دەسەڵاتێکی سەڕەڕۆی ئاینی هیچ جیاوازێکی لە گەڵ دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام، داعشەوە نییە کە لە پڕرا رووخسارێکی دژی داعشی لە خۆ نیشان دا و ولاتان و خەڵکانی دراوسێ و دەرەوە کە هەستێکی زۆریان بە مەترسی داعشی سوونە کرد پەنایان بۆ داعش لە جۆری شیعەکەی برد و بە جۆرێک مەشروعیەتیان بە دەسەڵاتی سەرەڕۆ و دیکتاتۆری ئەم رژێمە بەخشی. هاتنی داعش بۆ ناوچەکە کۆمەڵێک قازانج و زەرەری کورتماوەی بۆ رژێم بەدواوە بوو کە توانی بیانکات بە هەل و بیانقۆزێتەوە، بەڵام لەوانەیە درنگ یان زوو کێشەی داعش کۆتایی پێ بێ و لەوانەشە وەکوو داعشی ئێرانی بۆ درێژخایەن لە گەڵمان بمێنێتەوە. ئەوەی گرینگە قازانجی درێژخایەن و ستراتیژی رژێمە لە هاتنی داعش، ئەویش هەمان مەشروعیەت وەرگرتنی زلهێزی و هاوپەیمانی ناوچەیی بوو کە رژێم ساڵهای ساڵە بە شوێنێتی و ئەمرۆ بە ئاسانی فرۆکە جەنگییەکانی بە ئاسمانی عێراقدا دەخولێنەوە و مانۆڕ دەدەن و سبەی لەوانەیە بگەنە سوریاش و تا رژێمی ئەسەد وەک دەسەلاتداری سوریا لە سەر کار بمێنێ، کە وێدەچێ بمێنێ، دونیای دەرەوە لەوانەیە نەتوانی هیچ دژکردەوەیەک بە دژیان نیشان بدات و رژێمی ئێران وەک زلهێزێکی ئەمری واقیع لە ناوچەکە قەبووڵ و تەحامولی لە گەڵ بکات.

داعش و باشووری کوردستان

هەروەک ووترا ئامانجی ئیستراتژیکی رژێمی ئاخوندی هێشتنەوەی هیلالی شیعە لە رێگای هێشتنەوەی رژێمی ئەسەد و بەهێزکردنی دەسەلاتی ناوەندی عێراقە. بەم تاریفە لە بەرژوەندییە ئیستراتیژییەکانی ئێران، راستەوخۆ بەڕەورووی داعش دەبێتەوە و بەو مەترسییەش کە داعش بۆ ناوچەکە و کۆمەڵگایی نێودەوڵەتی هەیەتی، رژێمی ئێران دەکەوێتە بەری دژی داعش، واتە دوژمنی دوژمنی من دۆستی منە. بەڵام تا ئەو کاتەی داعش لەناوچەکەیە ئێران پێویستە کەڵکی خۆیی لێوەرگرێ و زۆر ئاساییە ئەگەر شەڕ لە گەڵ داعش درێژتر کاتەوە و داعش زیاتر وەک مەترسی بهێڵێتەوە و بە دڵنییایەوە لە پشتەوەش یارمەتی بە مانەوەی داعش بکات کە مەبەستێکی تریشی لە پشتە، ئەویش کوردستان بە گشتی و باشووری کوردستان بە تایبەتییە.

پاش هێرشە بروسکە ئاساکەی داعش بۆ سەر ناوچەکانی عێراق و بەرگری نەکردنی چاوەرواننەکراوی سوپای عێراق و کشانەوەیان لە زۆربەی ناوچە دابڕاوەکانی باشووری کوردستان داوەتی لەنەکاو و بێ پڵان لە دڵی بەرپرسانی باشوور بە تایبەتی لە زۆنی زەرد دەستی پێکرد. لە سەرۆکی هەرێمەوە بگرە تا لێپرسراوانی دەرەوەی هەرێم، کە خڕی سەر بە پارتی بوون، سەروبنی قسەیان لە میدیاکان و کۆڕەکاندا \"عێراقی پاش گیران و پێش گیرانی موسڵ\" بوو و لە راستیدا هەر کاتێک نێوی عێراق دەهات رەحمەتیان بۆ دەنارد و پرسی کوردیان لە عێراق بە تایبەتی مادەی ١٤٠یان بە چارەسەرکراو لە قەڵەم دەدا. بەڵام ئەم داوەتە زۆری نەخایاند و بە نزیکبوونەوەی داعش لە هەولێر هەموو رەسی راگەیاندنی سەربەخۆیی کوردستان لە باشوور بووە بە خوری و رووداوە یەک بە دوای یەکەکانی ئابووری و سیاسی و هتد...پرۆسەی سەربەخۆیی ئەم بەشەی کوردستانی خستەوە ناو بوخچەکە و بە تاقەکە سپێردراوە.

لە روانگەی بەرپرسانی هەرێمەوە، هاتنی داعش بەجۆرێک نەمانی دەسەلاتی ناوەندی و خستنەوەسەری ناوچە دابڕاوەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان و لە کۆتاییدا راگەیاندنی دەوڵەتی کوردی بوو، کە لە جێگای خۆیدا دروست بوو بەلام شێوەی هەڵسووکەوت لە گەڵ ئەم دیاردەیە هەڵە بوو. یەکەم لایەنە کوردییەکان لە سەر ئەم روانگەیە رێک نەبوون. ئەم رێکارە لەجیات رێککردن و پتەوکردنی ریزەکانی کورد، پەرش و بڵاوی زیاتر خستە ناو ریزەکانی کورد بە تایبەتی پارتی و یەکیەتی. بە تایبەتی یەکیەتی کە ترسی لەم هەنگاوەی پارتی، ئەوەیش بە هۆکاری خۆی کە جێگای باسی ئێمە نییە، هەبوو زیاتر بۆ لای ئێران و حکوومەتی ناوەندی عێراق روویشت و دژایەتی ئاشکرای لە گەڵ راگەیاندن دەوڵەتی کوردی کرد.

بە ڕای من، لێکدانەوە وهەڵسووکەوتی بەرپرسانی بالای هەرێم، بە تایبەتی لایەنی پارتی لە گەڵ ئەم دۆخە تازەیە بە تەواوی هەڵە بوو و یەکێتیش لە سەر هەڵەی پارتی خۆی تووشی هەڵەی گەورەتر بوو کە ئەویش دژایەتی لە گەڵ سەربەخۆ بوونی کوردستان بوو. پێمان خۆش بێ یان ناخۆش، ولاتانی زلهێز بە تایبەتی ئەمریکا بە شوێن بەرژوەندییەکانیان و بەم پێیە سیاسەتی خۆیان لە ناوچەکە و بە نیسبەت ئێمەشەوە وەک کورد لەم روانگەیەوە دیاری دەکەن. ئەمریکا مایەی زۆر لە سەر عێراق داناوە و مانەوەی عێراق وەک ولاتێکی سەربەخۆیی بۆ گرینگە لە بەر زۆر هۆ کە ئەویش باسێکی جیاوازە. بۆیە بەرپرسانی هەرێم سەڕەڕای ئەوە کە دەبێ لە سەر حەزی خۆیان بۆ سەربەخۆیی سوور بن بەڵام دەبێ ئەم وردەکارییانەش لەبەرچاو بێ کە ناکرێ لەنەکاوەوە کە عێراق و ئەمریکا پێویستیان بە باشووری کوردستانە یەکسەر بێن داوای جیابوونەوە بکەن. ئەمە وەک لە باشوور دەلێن سومعەی کوردی لە دەرەوە تۆزێک تێکدا. بەرە بەرە کە داعش هێرشەکانی بەرەوە کوردستان چروپڕتر کرد ئیتر دەرکەوت کە بەم شێوە هەستان بۆ سەربەخۆیی کوردستان بە تەواویی هەڵەیە و سەربەخۆیی کوردستان لەوانەیە بەقەرا دابەشبوونی کاتگر بێت.

یەکێک لە قازانجە هەر خێرا و بەرچاوەکانی هاتنی داعش بۆ کوردستان وەسەرکەوتنەوەی ناوچە دابراوەکان بوو کە مخابن ئەوەیش ئێستا کەوتۆتە مەترسی و لەو دانوستانانەی کە ئەم دواییانە لە گەڵ بەغدا کراون لەوانەیە دووبارە بخرێنەوە ژێر دەسەلاتی حکوومەتی ناوەندی و قازانجە درێژخایەنەکەی کە راگەیاندنی سەربەخۆیی بۆ ئەم بەشەی کوردستان بوو، ئەویش بوو بە بڵقی سەر ئاو. جاران ئەم ناوچانە هێزی سوپای عێراقی لێ جێگر بوون بەلام ئێستا پرە لە هێزی میلیشای عێراقی و پاسداری ئێرانی کە بە بێ هیچ پرینگانەوەیەک بە سەربەستی لەم ناوچانەدا مانۆڕ دەدن. دیارە ئەوەش لەبیر نەکرێ کە هەڵوێستی پارتی و سەرۆکایەتی هەرێم بۆ بەرگری کردن لە جیات هێرش بردنە سەر داعش هەر لەوە سەرچاوەی دەگرت کە لێگەڕێن داعش چ لە ناوچەکانی تری عێراق دەکات با بیکات مادام ئیشیان بە کوردستان نییە ئێمە پیویست ناکات شەڕیان بکەین و وەخۆیان بخەین و خەریکی پرۆژەی سەربەخۆی و وەسەرێکخستنەوەی ناوچە دابڕاوەکان بین. کە بە رای من ئەوەش لە جێگای خۆی دابوو بەڵام بە مەرجێک قایمکاری زیاتر لە سەر هێرشی داعش بۆ کوردستان رەچاو کرابا و داعش لەوبەری سنوورەکانی باشووری کوردستان و بگرە زیاتریش کۆنتۆڵ کرابا. بە پێچەوانە یەکیەتی بە هۆی گوشاری عێراق و ئێران و تا رادەیەکیش بۆ دژایەتی لە گەڵ پارتی هەڵوێستی هێرشی گرتە پێش و ئەم سیاسەتە چەندی کاریگەری لە سەر وەرچەرخان لە سیاسەتی داعش بۆ کوردستان بوو زۆر روون نییە بەڵام دەکرێ بێرەبت نەبن.

قازانجێکی تر هاتنی داعش دروست بوونی جۆرێک هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ باشووری کوردستان بوو کە وڵاتەکان بە شەپۆڵ هاودەردی و هاوپەیمانی بێ وێنەیان راگەیاند و بەڵێنی ناردنی چەک و تەقەمەنیان کرد کە بەشێکیشی جێبەجێ بوو، بەڵام دەبێ ببینین کە لە گەڵ ئەم پرسە چۆن هەڵسووکەوت دەکرێ و دەتواندرێ ئەمە وەک رێخۆشکەرێک بۆ هەنگاوی داهاتوو و ئیستراتیژی درێژخایەنی کورد لەم ناوچەیە یانی سەربەخۆیی کەڵکی لێوەربگیرێ.

پێشهاتەکان پێمان دەڵێن دەکرێ خۆشبین بین بەڵام هاوکات تەم و مژێکی زۆریش بەرچاو دەکەوێ کە لەوانەیە کاریگەری نەرێنی هەبێ، ئەویش پەڕشووبڵاوی هێزە کوردییەکان بە تایبەتی هێزی پێشمەرگەیە کە ئێستاش وەک هێزێکی نیشتمانی دەرنەکەوتووە و وەک میلیشا کار دەکات تا هێزی نیشتمانی. لەوەها دۆخێکدا ولاتانێک کە بەڵێنی هاوکاری دەدەن لەم هەنگاوەیان دوودڵیان دەکات. زۆربەیان لەوە نیگەرانن کە ئەم چەک و چۆڵانە وەک چەکی حیزبی کەڵکیان لێوەرگیرێ، و بگرە خراپتریش بۆ سات و سەودا بەکەونەوە دەستی لایەنەکانی کە دەبێ بە دژیان بەکار بێ بە تایبەتی داعش. کاتێک بەرپرسانی باڵای سەربازی و حیزبی هەرێم حازرن ساتوسەودا لە گەڵ داعش لە سەر نەوت بکەن بۆچی لە سەر چەک نایکەن کە بە دڵنییاوە نیگەرانێکی جێگای تێگەیشتنە و زەنگی مەترسییە بۆ ولاتانی کە بەتەمای هاوکاری کوردن.

ئێران و باشووری کوردستان

تا ئێرە باسێک بوو لە سەر کاردانەوەکانی داعش لە سەر رژێمی ئێران و کوردستان ، بەڵام بەشی کۆتایی و تەمومژاوی ئەم باسە کاردانەوەکانی پێوەندی رژێمی ئێران و باشووری کوردستانە. پێشتر ووترا کە سەربەخۆی باشووری کوردستان بۆ ئێران مەترسییەکی ئیستراتژیکیە و تا ئەو جێگای بۆی بکرێ دژایەتی دەکات بەڵام هاوکاتیش بە هۆی رەکەبەرایەتی لە گەڵ نفوزی تورکیا، کە ئەوەش لە حەوسەلەی ئەم بابەتە بەدوورە، ئەوەش سیاسەتێکی نەگۆڕ نییە. بەڵام دژایەتی ئێران وەک دژایەتی لە گەڵ زۆر شتی تر لە رووە نییە و بەردەوام لە ژێرەوە کاری بۆ دەکات.

سەرەتا نازانین گۆڕینی ئاراستەی شەڕی داعش بۆ سەر کوردستان چەندی پێوەندی بە ئێران یان لایەنی ترەوە هەبووبێ. پێشتر باس لەوە کراوە و بەڵگەش خراوەتە روو کە ئێران لە سووریا یارمەتی داعشی داوە و گریمان ئەوە دروست بن بێگومان ئێران و لقوپەلەکانی لە رووکردنی داعش بۆ لای کوردستان بە تایبەتی پاش دەنگۆی راگەیاندنی سەربەخۆی کوردستان بی کاریگەری نەبووە.

بەڵام ئەوەی کارتی گوشار و نفوزی ئێران لە باشووری کوردستانە، لایەنە سیاسییەکانن بە تایبەتی یەکیەتی نیشتمانی کوردستان وەک هێزی سەرەکی ناوچەکەیە کە پێوەندی تەنگاوتەنگی لە گەڵ بەرپرسانی ئەمنی و نیزامی و سیاسی رژێمی ئێرانەوە هەیە. تەنیا وای لێهاتووە کە بۆ چارەسەکردنی کێشە قووڵەکانی نێوخۆی یەکیەتی ناچاران بچنە تاران تا شوێنێکی تر. ئەڵبەت نەمانی هێز و نفوزی ئەمریکاش لە عێراق بی کاریگەری نەبووە کە ئەم لایەنە ئەوەندە پاڵوە ئێرانەوە دا و بێ گومان هۆکاری جوغرافی و مێژوویی و ئیستراتیژی تریش هەن، بەڵام ئەوەی روونە یەکیەتی کارتی نفوزی ئێران لە باشووری کوردستانە و ئێرانیش کارتی مانەوەی هێز و نفوزی یەکیەتی هەم لە هەرێمی کوردستان و هەمیش لە ناوەندی دەسەڵات لە عێراقە.

دەتوانین بڵێن یەکێک لە هاندەرەکانی یەکیەتی بۆ دژایەتی کردنی بەرچاو لە گەڵ دنگۆی راگەیاندنی سەربەخۆیی لە لایەن پارتییەوە، ئێران بوو. بەرپرسانی باڵای ئێران هیچ کات نەیانووت کە دژی سەربەخۆیی باشووری کوردستانن، دیارە بە ئاشکرا لە سەربەخۆیی و یەکگرتویی عێراق داکۆکیان دەکرد کە هەر دەبێ وابێ، بەڵام خێرا لە ژێرەوە پێوەندییەکانیان بە دژی بڕیاری پارتی بۆ راگەیاندنی سەربەخۆیی و نزیکبوونەوەی پارتی لە تورکیا وەرێخست و دەستوپێوەندییەکانی خۆیان لە ناو یەکیەتی تەیار کرد کە دژایەتی لە گەڵ بکەن. وردە وردە ناکۆکییەکان تەشەنیان کردە ئاستەکانی باڵای لایەنە سیاسی و سەربازییەکان لە هەرێم و ئێرانیش لەبنەوە رۆژ لە گەڵ رۆژ ئەم ئاورەی خۆشتر دەکرد، بەڵام هاوکات نیگەرانیش بوو کە پارتی بەتەواوی لە خۆی بتۆرێنێ و بیخاتە بەرەی دژی خۆیی.

رژێمی ئێران وایکرد کە گوشارەکان بۆ سەر پارتی تا ئەو رادەیە بن کە ئاو لە ئەژنوکانی پارتیدا نەهێڵێ و توانایی راکردنی بەرەو رۆژئاوا بە تایبەتی تورکیا لێببڕێ.
دیارە ئەمانە گشتی رووداوەکانی پێش هێرشی داعش بۆ کوردستان بوون، بەڵام بە هێرشی داعش بۆ سەر کوردستان رووداوەکان بە قازانجی ئێران کەوتنەوە، بە تایبەتی ئەوە کە تورکیا بە تەواوی خۆی لە پرۆسەی شەڕی دژی داعش دوور راگرت و یارمەتییەکانی رۆژئاواش زۆر هێدی بوون، پارتی نەتەنیا لەبەرامبەر ئێراندا بە چۆکدا هات بەڵکوو لەسەرئەژنۆش بەڕەو ئێران وەرێکەوت. نمونەی بەرچاو بۆ ئەو دانواندنەی پارتی بۆ ئێران، پێشگرتن لە بەشداری هێزەکانی پێشمەرگەی رۆژهەڵاتی کوردستان لە شەری دژی داعش بوو. سەڕەڕای داوا و رەزامەندی لایەنەکانی پێوەندیدار لە سەر چوونی هێزەکانی پێشمەرگەی رۆژهەڵاتی کوردستانی بە تایبەتی هی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەرپرسانی هەرێم بە تایبەتی لایەنی پارتی – پێشتر باسی نفوزری ئێران لە نێو یەکیەتی دا کرا - لە سەر زەختی ئێران لە لایەک و لە لایەکی ترەوە بە بەڵێنێ ناردنی چەک و تەقەمەنی پێشییان بە بەشداری هێزەکانی حیزبی دێموکرات لەم شەرەدا گرت و ئێران حازر بوو هەموو باجێک بدات کە پێش بەم بەشدارییە بگرێ. دیارە دەنگۆ زۆرن کە گوایە لە ئەگەری نەگەڕاندنەوەی ئەم هێزانەی دێموکرات لایەنێک، کە دەبی یەکیەتی بێ، هەڕەشەی کردووە کە هێرش دەکاتە سەریان.

ئەوەش شاراوە نییە بەڵام هیچ بەڵگەیەکیش لەبەردەست - لانی کەم من - دانییە کە لەوانەیە رەزامەندی و داوای بەرپرسانی هەرێم لە حیزبی دێموکرات و لایەنەکانی تر بۆ هاتنە بەرەکانی شەڕی دژی داعش بەجۆرێک ئاوانس وەرگرتن لە ئێران بووبێ. دەتوانین بڵێن لە ئەگەر ئەم کارەیاندا ئەوان بە بەردێک دوو ئامانجیان پێکاوە، یەکەم ئەوە کە ئەم هێزانە دەتوانن ببنە پشتیوان لە شەڕی دژی داعش کە ورەی پێشمەرگەی باشوور یەکجار زۆر دابەزیبوو و پێویستی بە هێزی پشتیوان بوو. دووهەم، ئەمە بەجۆرێک ئێران دەبزوێنێ کە هێندە بە دژی پارتی و بە لایەنگری لە یەکیەتی هەڵوێست نەگرێ و لە ئاکامدا تۆکمە بێتە شەڕی دژی داعش بۆ بەرگری لە شارەکانی کوردستان، کە هەر واشبوو و لە رێگای فرۆکەوە چەک و تەقەمەنی زۆر هات بۆ هێزی پێشمەرگە و کەسانی پسپۆری سپای پاسدارانیشیان لە گەڵ ناردن کە مەشق و راهێنیان بۆ بەکارهێنانی چەکەکان پێبکەن و لە نێویاندا قاسمی سلێمانی بەرپرسی سپای قودسی رژێمیش وەک راوێژکار لە بەرەکانی شەردا بەرچاو دەکەوت. کاک مەسعوود بارزانیش وەک سەرۆکی هەرێم وەک یەکەم ولات سپاسی ئێرانی کرد کە هاوکاری کردوون و سپاسنامەی فەڕمی بۆ ناردن، بەڵام ئێستاشی لە گەڵ بێ نە سپاسی بەشداری هیچ لایەنێکی کوردی رۆژهەڵاتی لە بەرەی شەری دژی داعشدا کرد و نە بۆخۆی و نە هیچ بەرپرسێکیش تا ئێستا هۆکاری ئەم گەراندنەوەیان نەدرکاندووە.

بەرای من لایەنێکی ئەرێنی ئەو وەرچەرخان لە هەڵوێستە ئەوە بوو کە باش بوو هێزەکانی حیزبی دێموکرات خێرا کشانەوە، چوون ئەگەر مابان لەوانە بوو ناچار بان لە پەنا قاسم سلێمانی و بە چەکی سپای پاسداران کە دەیان رۆڵەی رۆژهەڵاتیشی پێ شەهید بووە تەقیان لە لایەنێک کردووە کە دروستە مەترسی گەورەی بۆ کورد هەیە، بەڵام بە رای من مەترسییەکەی لە رژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ کورد بە گشتی و بۆ کوردی باشوور زیاتر نییە. داعش بۆ کورد و ناوچە وەک شێرپەنجەیەکی لەنەکاو بوو کە پێویستی بە نەشتەرگەرییەکی کتوپڕ هەیە ئەگەر سەرکەوتو بێت، بەڵام داعشی شیعەی ئێران واتە دەوڵەتی ئیسلامی شیعە لە ئێران کاتی خۆی کە دامەزرا ئەویش شێرپەنجەیەکی لەنەکاووە بۆ کورد و ناوچە و کۆمەڵگایی نێودەوڵەتی بوو کە مخابن نەشتەرگەری بۆ نەکرا و ئێستا وەک نەخۆشییەکی گۆزراوە وڵاتانی تریشی گرتۆتەوە. لە کۆتایدا ئەوەندە ماوە بڵێم کە ئەگەر باشووری کوردستان، ناوچەکە و کۆمەڵگایی نێودەوڵەتی بتوانن تاقەتی بوونی دەوڵەتی ئیسلامی لە ئێران بێنن و لە گەڵیدا بژین، دڵنیا بن بەرە بەرە ژیان لە پەنا و بگرە لە گەڵ دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شامیش وەکوو داعشی ئێرانی \"برا\" و هاوسێ و هاوپەیمان زۆر ئاسایی دەبێت و وێدەچێ هەر واشی لێ بێت.

ئەم بابتە روانگەی نووسەرەکەیەتی و ئاژانسی کوردپا لێی بەرپرسیار نییە.