یارسان (کاکەیی) هێزی سەرەکیی کۆمەڵگەی مەدەنیی کرماشان

16:29 - 9 گەلاوێژ 2714
Unknown Author
شارام میرزایی

ساڵێک بەسەر یەکەمین خۆسووتاندن، له زنجیره خۆسوتاندنی پەیرەوانی ئایینی یارسان تێپەڕ دەبێت، ساڵێک پڕ له تێکوشان و خۆپێشاندانی چالاکانی مەدەنیی یارسان بۆ بەدەست هێنانی مافه رەواکانیان و هەروەها پێش پێشگرتن له دووپات‌بوونەوەی کارەساتگەلێکی لەو چەشنە، بەڵام بەداخەوه لەگەڵ ئەوەشدا کە هیچ یەک له داواکارییەکاننیان به‌دی نەهاتووه بەڵکوو له یەکەمین مانگی بەهاردا \"حیکمەت سەفەری\" لەسەر بێڕێزی کردنی ئەفسەرێکی سوپای ئێران به بنەماکانی ئایینی یارسان بە چەکەکەی، خۆی کوشت.

ئەگەر ئاوڕێک لە مێژوو بدەینەوە، ئەمە یەکەم جار نییه که یارسانییەکان ئاوا توشی  سووکایەتی و له دەستدانی ئازیزانییان دەبن. له ساڵانی  ٧٠ هەتاویشدا کاتێک ٢ پیاوی یارسان بۆ شایەتیدان له دادگا بانگهێشت دەکران، دادوەری دادگا هاوکات لەگەڵ بینینی شێوازی سمێڵی یارسانییەکان ئەو دوو کەسه له ژوورەکەی دەر دەکرد و دەیگوت: به گوێرەی فتوای گەورەکانی ئایینی ئیسلام قسەکانتان نابێته بنەمایەک بۆ حوکم دان.

له پاییزی ٨٣ هەتاویدا فەرماندەرێکی هێزە نیزامی له ئازەربایجان، به زور سمێڵی سەربازێکی یارسانی دەتاشێ، که ئەم سووکایەتییه بوو به هۆی سەرهەڵدانی گوندەکانی سەر به یارسانی دەورەبەری ئەو پایەگایه که له ئاکامدا شەش چەکداری ئێرانی لەگەل فەرماندەرە ئاماژه پێکراوەکه کوژران و شەش کەسیش له گوندەکان کوژران. له دووای ئەو هەلومەرجەدا سوپای ئێران به تەواوی هێرش دەکاته سەر ناوچەکەو دەیان کەس دەگرت و بەپەله له کورته ماوەیەک لە مەحکەمەیەکی فەرمایەشی دوو کەس به ناوەکانی \" مادی قسم‌زاده\" و \" یونس ئاقایان\" سزای له سێدارەدانیان دەدرێت و هەروەها \" سەهەند علی محەمەدی \" و \" بەخش عەلی محەمەدی\" به ١٣ ساڵ زیندان سزا دران.

سووکایەتی به بنەماکانی ئایینی یارسان و له ئاکامدا شەڕ و تێکهەڵچوون لە نێوان پەیڕەوانی ئایینی یارسان و هێزه ئەمنییەکانی ئێران ئەوەنده زۆرە که باس کردن لەو بارەیه له تاقەتی ئەم وتارهدا نییه، بەڵام گرینگ ترین خاڵی بەرچاوی ئەو رووداوانه تاوانبار بوونی دام و دەزگاکانی ئێران له تەعامولییان لەگەڵ خەڵکی یارسانه کە دەبێته هۆکاری سەرەکیی کێشە و پێکهێنانی بارودۆخێکی ئاڵۆز.

ئەگەر هەڵگەڕێینەوه بۆ رووداوەکانی ساڵی رابردوو دەبینین له ژوئەنی ٢٠١٣دا \"حەسەن رەزەوی\" بۆ دەربرینی نارزاییەتی خوی بەرامبەر به سووکایەتی کردن به ئایینی یاری خۆی سووتاند و له درێژەی ئەو شێوه نارزایەتی دەربڕینه له ٤ ژوئنی ٢٠١٣دا \"نیکمەردی تاهیری \" ئاگر له جەستەی خۆی بەردا و هەروەها ٢٧ ژوئییه هەر ئەو ساڵه \"مەحەمەدی قەنبەری\" لەبەردەمی پارلمانی ئێران خۆی سووتاند و گیانی لەدەست دا. بەداخەوه گیان بەخشینی ئەم سێ کەسه که به ئامانجی گۆڕینی بارودۆخەکەدا و دەربڕینی نارزایەتیان بوو، کە کاریگەرییەکی ئەوتوی لەسەر تەعامولی دام و دەزگاکانی حوکمەتی نەبووه و \"حیکمەت سەفەری\" که دەورانی سەربازی تێپەر دەکرد بە دەستوری فەرماندەری پایەگاکەی به زور سمێلی دەتاشن و ئەمه ئەبێت به هۆی خۆکوشتنی حکمەت سەفەری .

کێشه له کوێدایە ؟

به گوێرەی یاسای بنەڕەتیی حکوومەتی ئێران – بەشی ١٣ – حکوومەتی ناوەندی تەنیا زەردەشت و مەسیحی و جوولەکه به ئایینێکی خودایی و ناسراو دەناسێت و بێجگه لەوانه هەر دین و ئایینێکی تر دەستکردن. بەهۆی ئەم یاسایەوە له ئێراندا دامەزراندنی پەیرەوانی ئایینی یارسان له دام و دەزگا حوکمییەکاندا قەدەغه بووه و هەیه، هەروەها گەنجانی یارسانی ناتوانن بەناوی یارسان بوون، بەشداری له خۆلی زانکوەکاندا بکەن و... هتد.

سەرەرای لەوەیکه مافی ئینسانی ئەم خەڵکه له دەستوری ئێراندا نەپارزراوه، بەڵکوو رێژەی ئاوەدانی ناوچه یارسانییەکان له کەمترین ئاستی پەرەپێداندا بووه، هەتا ئەو رادەیەی که دواکەوتووترین ناوچەی رۆژئاوای ئێرانه له بواری سەنایع و کومپانیا بەرهەم هێنەرەکاندا پێکهاتنی \" لێژنەی ڕاوێژکاری چالاکانی مەدەنی یارسانی\" چالاکانی مەدەنی یارسان، له درێژەی چەند ساڵی رابردوو ئاوا نەبووه که خەڵکی زانا و کەسایەتیی سیاسی- کۆمەڵایەتییەکانی یارسان بەرامبەر بەو هەموو بێ‌عدالەتی و نابەرابەرییه بێدەنگ ببن، بەڵکوو له هەر ڕووداوێکی دژبه یارسان، چالاکییەکی مەدەنییان رێک خستووه و نارزاییەتی خۆیان دەربڕیوە، بەڵام لەو جموجۆڵانه دەتوانین چەند خاڵی گرینگ لەبەرچاو بگرین:
١- ئەو چالاکییانه تەنیا لە کاتی رووداوە لێقەوماوەکاندا هاتنە ئاراوە و بەداخەوه چالاکی مەدەنی یان ئەکتەری سیاسی یارسان نەیتوانیوه خوەی رچە شکێن و هاندەری خەكک بۆ بەدەست هێنانی مافه رەواکانیان بێت.

٢- چالاکییەکان ماوەیەک دوای رووداوەکان دەوەستێن و ئەکتەری سیاسی یان چالاکی مەدەنی نەیتوانیوه لەو دۆخە بۆ گەیشتن به ئامانج و داخوازییه ڕەواکانی کەڵک وەربگرێت.

٣- نەبوونی خوێندنەویەک له دۆخی ئێستا و داهاتووی یارسان بۆ رێکخستنی مەدەنی- سیاسی کۆمەڵگە، که له پرش و بڵاو بوونی چالاکان و چالاکییەکان ئاو دەخوات.

٤- نەبوونی پەیوەندیی بەردەوام و پتەو لەگەڵ بەشەکانی تری کۆمەڵگەی مەدەنی له دەرەوەی ئەتمۆسفریای بیروباوەڕی یارسان که بووەته هۆی کەڵک وەرنەگرتن له هێز و تواناکان له پێناوی بڵاو بوونی خەباتی ئازادیخوازانەی خەڵکی یارسان له هەموو سووچو قوژبنی کۆمەڵگەدا.

ئاڵوگوڕەکانی ناوچەیی و جیهانی هیچ کاتێک چاوه‌ڕێی ئێمه نابن که چ کاتێک دەمانهەوێ لێکدانەوەیەک بکەین یان چ هەڵسەنگاندنێک بۆ دۆخەکەمان هەیه پاشان بڕیار بدەین، بۆیه چالاکانی مەدەنی-سیاسی یارسان له ساڵی ٢٠١٣ بۆ بەردەوام بوون و چڕو پڕ کردنی چالاکییەکان \" لێژنەی ڕاوێژکاری چالاکانی مەدەنی یارسانی\"یان پێک هێنا تا له رێگای ئاشتی و دیاڵوگ بتوانن مافه رەواکانی خەڵکی یارسان بستێنن. ئەم بزاڤه توانیویه‌تی لە ماوەی یەک ساڵی رابردوودا چەندین خۆپیشاندان لەبەردەم بینای پارێزگای کرماشان و پارلمانی ئێران له تارن ساز بکات و له هەموو ساڵێکدا یادی گیان بەختکردوانی رێگەی ئازادی و بەرابەری بکاتەوە.