كۆماری ئیسلامی به‌رهه‌مهێنه‌ری سه‌ره‌كیی دیارده‌ی له‌سێداره‌دانه‌

20:03 - 15 جۆزەردان 2714
Unknown Author
محه‌مەد ساڵح قادری

جێگای داخە کە له‌سه‌ده‌ی بیست یه‌ک‌دا مرۆڤ باس لە دیاردەیەک بکات کە سه‌رچاوه‌كه‌ی ده‌گه‌رێته‌وه‌بۆ کولتورێكی دواكه‌وتوانه‌و داب و نه‌ریتێكی سونه‌تی چەند سه‌ده‌ی رابردوو له‌مێژووی ئاده‌میزاده‌و جێبه‌جێ كردنی ئه‌و دیارده‌یه‌ش له‌و سەردەمەی ژیانی مرۆڤایەتیدا مایەی شەرمەزاریەكی گه‌وره‌یه‌ بۆ كۆمه‌ڵگەی جیهانی. هەر چەند لە زۆربەی وڵاتانی جیهان‌دا سێدارە بەپێی یاسا قەدەغە کراوە، بەڵام لە وڵاتێکی دیکتاتۆری وەک ئێران بە بەردەوامی سزای لەسێدارەدان لەلایەن دەزگای قەزایی ئەو رێژیمەوە پەیڕەو دەکرێت و هیچ نیشانێکی روونیش لە کەمکردنەوە و نەمانی بەدی ناکرێت. لە ئێران دا رۆژ نییە کە گوێمان لە وشەی ئیعدام نەبێ و بە بیستنی ئه و وشەیە رانه چله كێین. دیارده‌ی لەسێدارەدان بۆ حکوومەتی ئیسلامی بوەتە کارێکی ئاسایی و رۆژانە لە لایەن رژیمەوە کولتورسازی بۆ دەکرێت و بە کۆکردنەوەی جەماوەر لە کاتی جێبەجێ کردنی حوکمی سێدارە و سەیر كردنی ئه‌و دیمه‌نه‌تۆقێنه‌ر و دڵته‌زێنانه‌، هەستی ئینسان دۆستی و ژیان حه‌زی خه‌ڵک به‌ته‌واوی دەرووخێنن و تووشی دڵەڕاوكێ و نه‌خۆشی ده‌روونیان ده‌كه‌ن. ئاكامی ئه‌و كاره‌بێزراوە‌ئه‌وه‌یه‌كه‌به‌داخه‌وه‌رۆژانه‌شاهیدی خۆ خنكاندی خه‌ڵكی مه‌ده‌نی ئێران و رۆژهه‌ڵاتی كوردستان بین، كه‌ له‌ته‌مه‌نی نێوان ١٥ ساڵی بۆ ٧٠ ساڵی‌ڕا به‌هۆی جۆراجۆر خۆیان ده‌خنكێنن و رۆژ له‌گەڵ رۆژ ئه‌و رێژه‌یه‌زیاتریش ده‌ببێته‌وه‌و كۆمه‌ڵگەیە به‌ته‌واوی تووشی شۆكه‌و ناسه‌قامگیری كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌بێت.

ئەو كاره‌ سەلمێنەرى ئەو راستیەیە، کە رێژیم به‌هۆی ترس و نیگەرانىی لە رادەبەدەرى لە داهاتوویى دەسەڵاتەکەی، په‌نای بۆ وه‌ها كردار و روانگەیه‌كی ئەمنیەتى دەرهەق بە هاووڵاتییان بردووه‌و ده‌یهه‌وێ بەوپەڕى زەبر و زەنگ و دیکتاتۆرىیەوە لە دژی جیابیران و دژبەرانى نیزامەکەى درێژە بە جینایەتەکانى بداتەوە. له لایەكی دیكەوه ‌ئەو شەپۆلەى لە سێدارەدانەکان دەربڕى ئەو راستیەیە، کە لە رێژیمى ئیسلامى‌دا ئەوە تاکەکان نین، کە لە کاتى وەرگرتنى بەرپرسایەتی حكوومه‌تی دا وێراى درۆشم و بەڵێنیەکانیان ،کە لە کاتى هەلیژاردن دابە خەڵکى دەدەن ،بتوانن ئاڵۆگوڕێک لە ژیانى ئەو خەڵکە‌دا پێک بێنن. بەڵکۆ ئەو ە ئەو یاسا نەگۆرانە حوکم دەکەن کە بناخەکانیان لە سەر بنەمای یاسا ئاسمانی‌یەكان و داب و نەریتە سونەتی‌یەکانى کۆمەڵگەى دواکەوتوو دانراون و لەلایەن کاربەدەستانی ئەو رێژیمەوه بەرێوە دەچن.

لە وەها حاڵەتێکدا نەک هەر چاوەڕوانى ئەوە لەو رێژیمە ناکرێ کە بەزەیى بە چارەنووسى بەندکراوانى سیاسى ئێران بە گشتى و کوردستان بە تایبەتى بێت.

به‌ڵكوو وێراى زیندانیانى سیاسى، پاکانە حیسابى لەگەڵ خەڵکى ئاسایی و كاسبكارانی سنووره‌ده‌ستكرده‌كان و بگرە مه‌رو ماڵات و ئه‌سب و بارهه‌ڵگری ئه‌وانیش بە بەهانەى جۆراوجۆر ده‌كات و ‌ رەشەکوژی و ترۆریش ئەنجام ده‌دات. ئەو کارانه‌ش نەک هەر نیشانەى سەقامگیرى و هێزى ئەو رێژیمە نییە، بەڵکۆ نیشانەى ترسی ئەو رێژیمە لە داهاتووى لەرزۆک و شوومی خۆیەتى. لەلایەکی دیکەش لە بەر ئەوەى کە فەلسەفەى بوونى ئەو رێژیمە لە بنەرەتدا لەگەڵ مافى مرۆڤ و ئازادیەکانى مرۆڤ ناتەبایە و دژ بە یەکە، سه‌ره‌ڕای بوونى ئەندامەتى ئێران لە پەیماننامە نێونەتەوەییەکانى مافى مرۆڤ و باقى پەیماننامە نێونەتەوەییەکانى دیکەدا، كه‌چی لە ماوەى 35 ساڵ تەمەنى ئەو رێژیمە دا تا ئێستا نەک هەر کاریگەریەکى ئەوتۆى لە سەر کردەوە دژى گەلییەکانى ئەو رێژیمە لاسارە دەرهەق بە هاوڵاتیانى نەبووە، بگرە لە زۆر قۆناغدا بە هۆى سات و سەوداى بازرگانى و بەرژەوەندیە ئابوورییەکانى کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى لە گەل ئێران، خەڵکى ئێران زیاتر لە هەر کاتێک باجى پێشێلکاریەکانى ئەو رێژیمەى لە بوارى مافى مرۆڤ و پێوەر و پرنسیپە نێونەتەوەیەکانی داوه‌.

لە لایەکى دیکەشەوە بەداخەوە نە تەنیا تا ئێستا کۆماری ئیسلامی ئێران هیچ کام لەو پەیماننامە نێونەتەوەییانەی کە واژۆی کردووە نەیخستۆتە بواری جێبەجێ کردن و لە لایەن کۆمەڵگەى نێودەوڵەتیشەوە زەختی نەکراوەتە سەر بۆ پێبەند بوون بەو پەیماننامانەوە. هەر بۆیە ئەو رێژیمە ملهوڕە لە کردەوەدا نەک هەر خۆى پێبه‌ند بە لەبەر چاوگرتنی ئەو پێوه‌ره‌ نێونەتەوەییانەى پێوەندیدار بە مافی مرۆڤ نەزانیوە، بگرە بە کردەوە لە جیهەتى دژایەتى کردنى ئەو یاسا و رێسایانە دا جووڵاتەوە و تەنانەت زۆر جار رێگەى نەداوە نوێنەران سەربە نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ مافى مرۆڤ سەردانى ئێران بکەن و لە نزیکەوە رادەی درنده‌یی و پێشێکاریەکانى مافى مرۆڤ لە لایەن ئەو رێژیمەوە هەڵسەنگێنن.

هەر بۆیە پێکهێنانى بەستێنى کارى هاوبەش بۆ رووخاندنى ئەو رێژیمە و جێگر کردنى سیستەمێکى دێمۆکراتیک، ته‌نیا چاره‌سه‌ره‌بۆ رزگاریى یەکجارەكی لە دەست ئەو نەهامەتیانە. له‌وه‌ها بارودۆخێكدا سەرەکیترین ئەرکى لایەنە سیاسییەکان لەو پێوەندییەدا ئەوەیە کە بە یەک گۆتارى سیاسىیان وێراى لە قاودانى کردەوە دژى مرۆڤیەکانى کۆمارى ئیسلامى لە بیروراى گشتى جیهاندا، و هاندانى رێکخراوە مرۆڤدۆستەکان بۆ خاوەن دەرکەوتنیان لە کەرامەتى مرۆڤەکان و بە جێ گەیاندنى ئەرکى ئەخلاقى خۆیان دەرهەق بە سەدان هەزار بەندکراو و میلیۆنان ماف پێشێلکراوى ئێرانى، تێبکۆشن و دژایەتی لەگەڵ سزای لەسێدارەدان بە هەر شێوەیەکی گونجاو بخرێته‌ ناو مێـژكی هەر تاکێکی کۆمەڵگە و لە کارێکی سیاسی حیزبی را بگوازرێتەوە بۆ ناو کۆمەڵگەو به‌و كاره‌فەرهەنگی دژی لەسێدارەدان ببێته ‌به‌ستێنی خەباتی دێمۆکراتیک و رزگاریخوازی له‌پێناو رووخاندنی ئه‌و رێژیمه‌و بنبڕ كردنی یه‌كجاره‌كی سێداره‌دان.