گۆڕانکارییەکانی ناوچە لە سێبەری دانوستانەکان

12:45 - 19 رەشەمه 2714
Unknown Author
رەحمان پیرۆتی

یەکێک لە گرینگ­ترین بابەتە سیاسی­یەکانی جیهان لەو چەند ساڵەی دوایی­دا، پرسی بەرنامەی ناوکی ئیران بووە. ١٣ ساڵ لەمەوبەر، واتا ساڵێک پاش رووداوی ١١ی سێپتامبر و دوابەدوای هێرشی هاوپەیمانان بە سەرکردایەتی ئەمریکا بۆ سەر حکوومەتی تاڵیبان لە ئەفغانستان، حکوومەتی ئیسلامی لەژێر گوشاری پارڵەمانی رێفۆڕمخوازی ئەوکاتی ئێران، بە فەرمی بەرنامەی ناوکی خۆی ئاشکرا کرد و رایگەیاند کە دەستی بە \"تەکنۆڵۆژیی هەستەیی\" راگەیشتووە؛ راگەیاندنێک کە وەکوو \"هەوڵێک بۆ دەربازکردنی ئێران لەژێر ئاگری هەڕەشەکانی ئەمریکا\" لێکدرایەوە. یەک ساڵ دواتر و پاش ئاشکرابوونی چەند بنکەی ناوکی-نیزامی، گومان لەسەر ئامانج و مەبەستی کۆماری ئیسلامی دروست بوو.

لەو کاتەوە تا ئێستا، پرسی ناوکیی ئێران هەوراز و نشێوی زۆری بووە؛ پەسەندکرانی چەندین بڕیاڕنامەی ئەنجومەنی ئاسایش، چەند خول دانوستانی بێ ئاکام، واژۆکرانی رێکەوتننامەی جۆراوجۆر و سەپاندنی گەمارۆی ئابووری و نیزامی بەسەر ئێران­، گرینگترین خاڵەکانی پرۆسەی چارەسەریی ئەو پرسە بوونە تا لەلایەک پێش بە دەستپێڕاگەیشتنی کۆماری ئیسلامی بە چەکی ناوکی بگیرێ و لەلایەکی دیکە هەوڵەکان بۆ دەستپێکردنی رکەبەری تەسلیحاتی بڕەوێتەوە.

ئێستا لایەنەکانی دانوستانکار، ئەگەری بە ئاکام­گەیشتنی وتوێژەکانی چارەسەریی پرسی ناوکیی ئێران بەهێز دەبینن. بەپێی ئەو رێکەوتنە، چالاکی بنکە ناوکی­یەکانی ئێران بە شێوەی کاتی بەرتەسک دەبێتەوە، بنکەکان لە لایەن پشکێنەرانی سازمانی وزەی ئەتۆمی چاودێری دەکرێن و لەبڕی ئەوە، بەشێک لەگەمارۆکانی سەر ئێران هەڵدەگیرێن. ئەگەری گەیشتن بەو رێکەوتنە، لانیکەم بۆ دوو لایەن جێی نیگەرانی­یە: یەکەم بۆ ئیسرائیل؛ کە حکوومەتی تاران نزیک بە چوار دەیەیە مەرگ و نەمانی بە ئاوات دەخوازێ؛ و دووەم بۆ وڵاتانی عەرەبی سوننی کەنداوی فارس و بەتایبەتی عەرەبستانی سعودی کە رکەبەری نەریتی کۆماری ئیسلامی لە ئەژمار دێن.

بێنیامین ناتانیاهو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، سێشەممەی رابردوو لە کۆنگرەی ئەمریکا باسی لەوە کرد کە بەرتەسک­کردنی بەرنامەی ناوکی ئێران، پێش بە دەستپێڕاگەیشتنی ئەو وڵاتە بە چەکی ناوکی ناگرێ. ناوبراو هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە هەڵگیرانی گەمارۆکان، دەستی ئەو حکوومەتە بۆ پشتگیری­کردنی تێرۆریسم ئاوەڵاتر دەکا. عەرەبستانی سعودی و وڵاتانی ئەندام لە شوڕای هاوکاری کەنداوی فارسیش لە نیگەرانییەکانی ناتانیاهو شەریکن. ئەو وڵاتانە کۆماری ئیسلامی بە سەرچاوەی ئاژاوە و کێشەکانی ناوچە دەزانن و بەردەوام روو لە رۆژئاوا باسیان لەوە کردووە کە \" یان ئێران بوردومان بکەن، یان لەگەڵ بۆمبی ئێران هەڵ بکەن. گەمارۆ خستنەسەر ، دەرفەت­پێدان و هاندانی ئێران بێ ئاکامە\".

جگە لە پرسی ناوکی، کۆماری ئیسلامی چالاکانە جموجۆڵ بە \"سوپای قودس\" دەکا، کە بە هەمان رادەی چەکی کۆمەڵکوژ، مەترسیدار و وێرانکەرە. سپای قودس بە کردەوە بەرپرسی جێبەجێ­کردنی ستراتێژی سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامییە و بە شێوەیەکی بەربڵاو لە عێراق، لوبنان، سووریا و بە گشتی لە تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڵاو بۆتەوە. سوپای قودس، یەکلایەنە لەهەمبەر گۆڕانکاری­یەکانی ناوچە بە قازانجی کۆماری ئیسلامی دژکردەوە نیشان دەدا، ئازادانە جموجۆڵ دەکا و بۆ کردەوەکانی وڵامدەری هیچ لایەنێک نییە.

وڵاتانی ناوچە، ئیسرائیل، عەرەبستانی سعودی و تورکیە کە هەم لەڕووی ئیدئۆلۆژیک و هەم بەگوێڕەی بەرژەوەندی­یەکانیانەوە لە بەرەی دژ بە کۆماری ئیسلامی دان، بەردەوام ئەو هەوڵانەی تاران­یان مەحکوم کردووە و هەموو دەرفەتێکیان بۆ سەرکوتی هێژمۆنی ئێران و پاشەکشەپێکردن بە دەستدرێژی­یە نیزامی­یەکانی ئەو وڵاتە قۆزتۆتەوە. لە هەمان کاتدا، ئەو وڵاتانە بە شێوەیەکی بەربڵاو رەخنە لە سیاسەتەکانی ئەمریکا دەگرن؛ بەو هۆیە کە پێیان وایە، کابینەی ئۆباما مەترسیی بەرهەمهێنانی چەکی ناوکی لەلایەن ئێرانەوە بە کەم دەگرێ و بەرامبەر بەچالاکی سوپای قودس و گۆڕانکاری­یەکانی ناوچە دەستەوەستانە.

لە لایەکی دیکە بیرمەندانی سیاسی، دانوستان و وتوێژەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا وەکوو لێک ­دوور کەوتنەوەی دۆستەکان و لێک نزیک‌بوونەوەی دوژمنەکان پێناسە دەکەن و باس لە پێویستی هاوکاری ئەو دوو وڵاتە بۆ چارەسەری کێشە و قەیرانەکانی ناوچە دەکەن. ئەو کەسانە زیادبوونی رەخنەکانی ئیسرائیل و تورکیا لە سیاسەتەکانی ئەمریکا، تێکچوونی هاوکێشەی \"ئەمنییەت لە بەرامبەر نەوت\"ی نێوان وڵاتانی عەرەبی و رۆژئاوا وەکوو بەڵگە بۆ لێك دوور کەوتنەوەی دۆستەکان دەهێننەوە؛ و لە بەرامبەردا ئاماژە بە دانیشتنی پەیتا پەیتای نێوان ئێران و ئەمریکا وەکوو نیشانەیەک بۆ ئەگەری درێژەکێشانی دانوستانەکان لەسەر پرسەکانی ناوچەیی دەکەن.

رۆژی پێنج­شەممە، لە کۆنفرانسی چاپەمەنیی سعود ئەلفەیسەل و جان کێری لە ریاز، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هەوڵی دا بەشێک لەو نیگەرانییانە وڵام بداتەوە. ناوبراو رایگەیاند: \"وڵاتە یەکگرتووەکان، چاودێریی هەوڵەکانی حکوومەتی ئیسلامی بۆ ناسەقامگیرکردنی ناوچە دەکا و رێکەوتن لەگەڵ ئەو وڵاتە لەمەڕ پرسی ناوکی، بە مانای قبووڵ کردنی دەستێوەردانەکانی ئێران لە ناوچە نییە\". ناوبراو رایگەیاند کە لە ئەگەری واژۆکرانی رێکەوتننامەی ناوکی لەگەڵ ئێران، هیچ شتێک لە پێوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران ناگۆڕدرێ، جگە لەوەی کە ئێمە دڵنیا دەبین کە ئێران دەستی بە چەکی ناوکی راناگا\".هەر لەو کۆنفرانسەدا، ئەلفەیسەل وێڕای دەربڕینی رەخنەکانی وڵاتەکەی لە ئەمریکا، ئێرانی بە پشتیوانی لە تێرۆریسم، داگیرکردنی وڵاتان و کۆنترۆڵی عێراق لە رێگەی عەمەلیاتی تەکریت تۆمەتبار کرد.

ئێستا جان کێری و دیپڵۆماتکارانی ئەمریکایی لە هەوڵی جێ­خستنی ئەو بابەتەن کە رەوتی گۆڕانکاری­یەکانی ناوچە، بە تایبەت لە یەمەن و عێراق، پێگەی وڵاتانی عەرەبی لە بەرامبەر ئێران­ لاواز ناکا و وڵاتە یەکگرتووەکان بە چارەسەری کێشەی سوریە بەڵێندەرە. هەروەها ئەوان بەردەوام باس لەوە دەکەن کە دانوستان لەگەڵ ئێران بەرتەسک بە چارەسەری پرسی ناوکییە و وڵاتە یەکگرتووەکان بەبێ گۆڕانکاری ئەساسی لە سیاسەتوەرزی ناوخۆیی و دەرەکی کۆماری ئیسلامی، ئامادە نییە لەسەر پرسەکانی ناوچەیی لەگەڵ ئێران وتووێژ بکا. ئەوەش یانی ئەمریکا دەیهەوێ هەموو لایەنەکان \"رازی\" بن، بەبێ ئەوەی کە کێشە و قەیرانەکان چارەسەری یەکلاکەرەوەیان بۆ بدیترێتەوە. ئاراستەیەک کە بە سەرنجدان بە پاسیڤ­بوونی رێژەیی وڵاتانی عەرەبی و سیاسەتی \"چاوەڕوانی\" تورکیە؛جگە لە ئاڵۆزتربوونی ناوچە، دەستدرێژی زیاتری ئێران و بەرزبوونەوەی رێژەی قوربانییەکان چی­تری بەدواوە نابێ.

ئەم بابەتە روانگەی نووسەرەکەیەتی و کوردپا لە ناوەرۆکەکەی بەرپرسیار نییە.