گۆڕان لە ڕوانینی خەڵکی ناوچە لە مەڕ ئەلقاعیدە و بەرنامەی ناوکیی ئێران

21:59 - 4 بانەمەڕ 2713
Unknown Author
و: شلێر دەروێشی

دوو ڕووداوی گرینگ لە مەودایەکی کەمتر لە یەک رۆژدا روویدا: تەقینەوە لە یەکێک لە شارەکانی ئەمریکا کە کوژرانی سێ کەسی لێکەوتەوە و بوومەلەرزەی ئێران ، کە ئەو وڵاتە و سەرجەم وڵاتانی ناوچەی کەنداوی بە شێوەیەکی ترسێنەر هەژاند.
هەموومان دەزانین کە ١١ی سێپتامبری ١١ ساڵ لە مەوبەر تا کوو ئێستا ، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای لە دۆخێکی دڵەڕاوکێ، پارێزراو و ئاگادار دا ڕاگرتووە ، هەر چەند توانیویەتی ئەمنیەت و ئاسایش لە وڵاتەکەی دا بپارێزێ . لەو ماوەیە دا ئێرانیش سەرەڕای هەموو هۆشدار و هەڕەشە سیاسی ، نیزامی و ژینگەیی بەرنامە ئەتۆمیەکەی بۆ ناوچەکە ، ڕەوتی دامەزران و تەواو کردنی درێژە پێداوە.

ئەگەر دوو بابەتی تیرۆریسمی نێودەوڵەتی و پڕۆژەی ناوکیی ئێران ڕووداوێکی نوێ نین ، کە وایە چ شتێک نوێیە ؟

ئەوەی نوێیە ، ڕوانینی خەڵک و هەڵسوکەوتی غەریزیی ئەوان لە پێوەندی بەم دوو ڕووداوە دایە . کاتێک هێرشەکانی ١١ ی سێپتامبر ڕوویدا بیر و ڕای گشتیی عەڕەبی و ئیسلامی زۆر شەرمەزار نەبوون، هەندێک کەس پاساویان بۆ دێنایەوە و هەندێکیش تەنانەت پشتیوانیان لەم جینایەتە دەکرد. بەڵام ئێران دۆخ و پێگەیەکی باشی هەبوو . بەشێکی بەرجاو لە عەڕەبەکان بە تایبەتی دانیشتوانی کەنداو ڕوانینێکی ئەرێنی و هۆگرانەیان بە بەرنامە ئەتۆمیەکەی ئێران هەبوو، بەڵام بە تێپەڕ بوونی کات و ڕووداوە جۆربەجۆرەکان مەسەلەکە بە تەواوی گۆڕانی بە سەر دا هات .

تووڕەیی و ترس لە بابەت هەواڵەکانی تەقینەوەی بۆستۆن بەرچاوترین کاردانەوە بوو کە دنیای عەرەب بە شێوەیەکی سادقانە و ڕووڕاست لە خۆی نواندی . ئەو ڕووداوە سەلماندی کە زۆربەی هەرە زۆری خەڵک لە گرووپە تیرۆریستییەکان بێزارن ، لە حاڵێکدا لە ڕابردوودا بە هەست و ئیحساسەوە پشتیوانیان لێدەکردن.

کەوابوو چ ئەم گرووپانە تاوانباری تەقینەوەکانی بۆستۆن بن و چ نەبن ، ڕوانگەی گشتیی خەڵک لە سەر ئەوان گۆڕانی بە سەر داهاتووە . ئەگەر بە وردییەوە بڕوانن
چەند ڕۆژ پێش ئەم ڕووداوە ، زۆربەی دامەزراوە ئایینی و کەسایەتییە ئیسلامییەکانی سووریە بەیانیەی ڕێکخراوی ئەلقاعیدەیان لە مەڕ پێوەندییی تەشکیلاتی لە گەڵ بەرەی ئەلنەسرە بە توندی مەحکووم کرد.

دە ساڵ لە مەوبەر کێ دەیتوانی بیر لە وەها کاردانەوەیەکی روون ، بە بڕشت و بە هێزی خەڵکی بکاتەوە ؟ ئەو کات بەشێکی کەم لە خەڵک ، ئەلقاعیدە و جینایەتەکانی ئەویان مەحکووم دەکرد . توندئاژوە ئیسلامییەکان لەوە نیگەران بووون کە کەسانێک کە لە لایەن خۆیانەوە شستشوی مەغزی درابوون لە گەڵ خەڵکی ئاسایی دابنیشن و هەڵسوکەوت بکەن بۆیەش دۆزینەوەی کەسانێک کە بە ڕاشکاوی قسە لە سەر ئەلقاعیدە بکەن دژوار بوو ، بەلام ئەمڕۆکە زۆرینەی خەڵک بە ڕاستییەوە رادەگەیەنن کە لە گرووپە چەکدار و گوماناویەکان ( لە بواری فیکری و سیاسی) بێزارن .بەو پێیە دەتوانین لێکدانەوەی بۆ بکەین کە بۆ چی گرووپە جیهادییە ڕادیکاڵەکانی وەک بەرەی ئەلنەسرە شەڕکەرانیان فێر کردووە کە لە بلاو کراوە و ڕاگەیەنەکاندا دەرنەکەون و میلییەت و ناسنامەی خۆیان ئاشکرا نەکەن ، چونکە دەزانن کە رادیکاڵیسم و توند ئاژۆیی کردەوەیەکی مەکرو‌ـه و ڕەتکراوەیە و ڕوانین و بۆچوونی خەڵک لە سەری گۆڕاوە .

ئەوە تایبەتە بە ڕابردوو کە عەرەبەکان دیدێکی هۆگرانە و هاندەرانەیان بە ئێران و بەرنامە ئەتۆمیەکەی هەبوو. ئەوە ئەمڕۆکە بە دەرکەوتنی ڕووی ڕاستەقینەی رژیمی ئێران و هەولەکانی بۆ بەرزە فڕی و حاکمیەتی جیهان و کەڵک وەرگرتن لە ئیسلام و مەسەلەی فەلەستین بۆ نانەوەی فیتنە و ئاژاوە و هەوڵدان بۆ بەربڵاو کردنی سەیتەرەی خۆی لەو ناوچانەدا ، ئەو ولاتە(ئێران) بۆتە یەکێک لە دزیوترین و گۆشە گیر ترین ولاتانی ناوچەکە پاش ڕوودانی دوو بوومەلەرزەی بەهێز لە مەودایەکی کورتی زەمەنیدا لە ئێران و چوونە دەرەوەی هەزاران کەس لە دانیشتوانی ولاتانی کەنداو لە ماڵەکانیان ، پڕۆژەی ئەتۆمیی ئێران دراوەتە بەر هێرشی توند و بۆتە هۆکاری تووڕەیی خەڵک بە تایبەتی دراوسێکانی ئێران واتە وڵاتانی عەرەبیی کەنداو .

ترس و دڵەڕاوکێی خەڵکی ناوچەکە لە بوومەلەرزە نییە ، بەڵکوو ترس لە بلاو بوونەوەی تیشکەکانی وێستگەی ئەتۆمیی بوشێهر و ناوەندە ناوکییەکانی دیکەی ئێرانە . ترسەکەیان راست و لە جێگەی خۆی دایە ، چونکە زۆر کەس پێداگری لەوە دەکەن کە ئامانجی سەرەکیی بەرنامە ناوکییەکەی ئایەتوڵلا خامنەیی ، ڕیبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، بۆ بەربەرەکانی لە گەڵ ئیسرائیل نییە و بەڵکوو ئامانج پتەو کردنی پێگەی نیزامی ڕژیمەکەیەتی لە ناوچەی کەنداو دا.

بەرهەمهێنانی کارەبا و چراغانی کردنی ماڵی ئێرانیەکانیش تەنیا ئیدعایە
دوو ڕووداوی هاوکات، تەقینەوەی بۆستۆن و بوومەلەرزەی ئێران پەردەی لە سەر هەستی ڕاستەقینە و ڕوانینی سیاسیی نوێ هەڵدایەوە.