گوشار بۆ سەر زیندانییان، هەوڵدان بۆ خۆکوژیی سێ ژنی لە زیندانی قەرەچەک لێکەوتەوە

14:15 - 9 گەلاوێژ 2720

لە ماوەی ١٠ ڕۆژی ڕابردوودا، سێ ژنە زیندانی لە زیندانی قەرەچەکی وەرامین، بە هۆکاری جیاجیا هەوڵی خۆکوژیان داوە.

ماڵپەڕی مافی مرۆیی "هێرانا" لەو بارەیەوە نووسیوویەتی: "یەکێک لەو ژنانە که خۆی کوشتووە زیندانییەکی زیندانی قەرەچەک بەناوی "مونیرە بەهرامیـ"ـە کە لەدایکبووی ساڵی ٦٦ی هەتاویه و لە ڕێگای خۆهەڵواسینەوه بە چارشێوەکەی، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە".

بە پێی ڕاپۆرتی ئەو ماڵپەڕە مافی مرۆییە، مونیرە ماوەی سێ مانگە دەسبەسەرە و چارەنووسی لەو ماوەیەدا ناڕوون بووە، ئەو ژنە زیندانییە، گومانی تووشبوون به کۆرۆنای هەبووە و بەهۆی گوشارەکانی زیندان و ترسی لە تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، هەوڵی خۆکوژی داوە.

ئەو ماڵپەڕ لە درێژەدا، نووسیوویەتی: "زیندانییەکی دیکە دوو ڕۆژ پێش لە گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانەی ڕەوان‌دەرمانیی ئەمین ‌ئاوای تاران دەستی داوەتە خۆکوژی و کوتایی بە ژیانی خۆی هێناوە".

ژنە زیندانییەکی دیکە لەو ماوەیەدا، لە  زیندان هەوڵی خۆکوژی داوە، بەڵام لە کاتی خۆیدا، ڕەوانەی بێهداریی زیندان کراوە و لە مردن ڕزگاری بووە.

هەڵسووکەتی نەشیاوی بەرپرسانی زیندان و بارودۆخی خراپی شوێنی ڕاگرتنی زیندانییان، لە هۆکارەکانی خۆکوژیی زیندانییان بە ئەژمار دێن.