گواستنەوەی دوو بەندکراوی مەحکووم بە ئێعدام بۆ بەندی تاکەکەسیی بەندیخانەی ورمێ

13:26 - 5 گەلاوێژ 2720

ڕۆژی یەکشەممە ٥ی گەلاوێژ، دوو بەندکراوی مەحکووم بە ئێعدام، بۆ بەڕێوەبردنی حوکمەکەیان گواسترانەوە بۆ بەندی تاکەکەسیی بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ.

شوناسی یەکێک لەو بەندکراوانە "عەلی عەبدی" لە "بەندی ١-٢ی بەندیخانەی ورمێ" ڕاگەیەندراوە و بەندکراوێکیش لە بەندی لاوانی ئەو بەندیخانەیە بۆ بەندی تاکەکەسی گواستراوەتەوە کە شوناسی تا ئێستا ڕوون نەبووەتەوە.

ئەو دوو بەندکراوە پێشتر لە دۆسیەگەلێکی جیاوازدا بە تۆمەتی "کوشتنی بەئەنقەست" دەسبەسەر و لەلایەن دەزگای دادوەرییەوە بە ئێعدام مەحکووم کرابوون.

هەر لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی شەممە ٤ی گەلاوێژ، دوو بەندکراوی تۆمەتبار بە "کوشتنی بەئەنقەست" بە ناوەکانی "سەعید محەممەدی‌فەر" خەڵکی کرماشان و "مورتەزا پیرخزری" خەڵکی سنە، بۆ بەڕێوەبردنی حوکمی ئێعدام گواستراونەتەوە بۆ بەندی تاکەکەسیی بەندیخانەی ناوەندیی شاری سنە.

ئەو دوو بەندکراوە چەند ساڵ پێش بە تۆمەتی "کوشتنی بەئەنقەست" دەسبەسەر و بە ئێعدام مەحکووم کرابوون.

لە ئەگەری لێخۆشنەبوونی بنەماڵەی کوژراوەکان، ئەو دوو زیندانییە بە زووترین کات ئێعدام دەکرێن.

"سەعید محەممەدی‌فەر" ڕۆژی یەکشەممە ٣١ی خاکەلێوەی ئەوساڵیش، بۆ بەڕێوەبردنی حوکمی ئێعدامەکەی گواسترابووەوە بۆ بەندی تاکەکەسیی بەندیخانەی ناوەندیی شاری سنە کە بە ڕەزامەندیی بنەماڵەی کوژراوەکە بۆ وەرگرتنی لێخۆشبوون لێیان، گەڕێندرابووەوە بەندی خۆی.