٧٢ کەس لە گوندێکی کرماشان، نەخۆشیی \"تەبی ماڵت\"یان گرتووە

20:28 - 11 سەرماوەز 2714
ئاژانسی کوردپا: زیاتر لە ٧٠ کەس لە دانیشتوانی گوندیکی ئوستانی کرماشان بەهۆی نەبوونی شوێنێک تایبەت بۆ سەرانگوێڵکی مەڕ و ماڵاتەکانیان، تووشی نەخۆشیی تەبی ماڵت بوون.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هەنووکە لە گوندی \"کانی گەچ\"ی سەر بە بەخشی سەرفیروزاوای کرماشان ٧٢ هاووڵاتیی کورد تووشی نەخۆشیی تەبی ماڵت بوون و هاوکات لە هەموو ئیمکاناتی پزیشکیش بێبەرین.

بە گوتەی دانیشتوانی گوندی کانی گەچ، ئەو نەخۆشییە بەهۆی \"کەڵەکە بوونی پاشەڕۆ\"ی مەڕ و ماڵاتەوە سەری هەڵداوەو بڵاوبۆتەوەو بووەتە یەکێک لە گەورەترین کیشەی بێهداشتیی بەخشی سەرفیروزاوای کرماشان، کە ٢٥٣ گوندی لەخۆ گرتووە.

دێهیاری ئەو گوندە، نەبوونی شوینی تایبەتی بۆ فڕێدانی پاشەڕۆی مەڕوماڵاتەکە بە کێشەی بەردەوامی خەڵکەکەی لەقەڵەم داوە، کە سەرچاوەی سەرهەڵدانی هەزاران جۆری نەخۆشی بووە، گەورەترین خەساری گیانی و ماڵیی بۆ هاووڵاتییان بەدواوە بووە.

هەواڵدەریی ئیلنا، بەرپرسانی دەولەتیی بەوە تۆمەتبار کردووە، کە ئاوڕ لە مەترسییە جیدییەکان نادەنەوەو رێگەوبانەکانی ئەو گوندەش بچووکترین ستانداردە جیهانییەکانیان تێدا بەدی ناکرێ.

گوندی کانی گەچ، ناوەند(خانە)ی بێهداشتی تێدا نییەو ماوەیەک پێش ئێستاش بەرپرسی دەفتەری گوندنشینانی ئوستانداریی کرماشان لە وڵامی پرسیاری میدیاکاندا، رایەگەیاندبوو: ناوەڕاست مانگی زستان خانە بێهداشتی گوندی کانی گەچ بە فەرمی دەکرێتەوە و دەست بە چالاکی دەکات.

هەر ماڵێکی ئەو گوندە، ٧٠ بۆ ٨٠ سەر مەر و ماڵاتیان هەیە و لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا پاشەڕۆی ئاژەڵ و مەڕووماڵات هۆکاری تووشبوونی ٧٢ کەس بە نەخۆشیی تەبی ماڵت لەو گوندەدا بووە.

دامەزراندنی ئاژەڵداریی سەنعەتی و پێشکەوتوو، بە گرینگترین رێگەی پێشگیری لە بڵاوبوونەوەی تەبی ماڵت دادەندرێ.

نەخۆشیی تەبی ماڵت، دەبێتە هۆی بەرخستنی ئاژەڵ و مەرووماڵات و ئینسانیش تووشی تاو و لەرز دەکات.

گرینگترین نیشانەکانی ئەو نەخۆشییە پلەی گەرمیی لەش بۆ ٣٨ هەتا ٤٠ پلە سەدی بەرز دەکاتەوەو لەرزێکی قورسیش بەدوای خۆیدا دێنێ و لەگەڵ ئەوەشدا ئازاری ماسوولکە و ئێسک، سەرئێشە، لاوازیی جەستەیی، هەو کردنی جگەر و ئارەق کردنێکی زۆریش بە دوای خۆیدا دێنێ.

ناوەڕاست مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵیش زانکۆی پزیشکیی ئوستانی کرماشان بەهۆی بڵاوبوونەوەی تەبی ماڵت \"بارودۆخی نائاسایی\" راگەیاند و هۆشداریی دا، کە هەنووکە لە کرماشان لە هەر ١٠٠ هەزار کەسدا ٥٤ کەسیان تووشی نەخۆشیی تەبی ماڵت دەبن، ئەوەش لە حاڵێکدایە، کە رێژەی تووشبوون بەو نەخۆشییە لە ئاستی ئێراندا لە هەر ١٠٠ هەزار کەس، ٢٤ کەسە.