کێشەی ماددەهۆشبەرەکان لە کوردستان ! کێشەی ماددەهۆشبەرەکان

19:24 - 4 رەشەمه 2713
Unknown Author
رەحمان رەسووڵ‌پوور

لە سێدارە دانی مەواد فرۆشەکان دەردی ئێمە دەرمان ناکات! ناو زڕاندنی مەوادفرۆشەکان ئاورەکە خۆشتر دەکات و دژمنایەتی لە نێو خەڵک زیاد دەکات و سێدارەش تەنیا بۆ فریودان و هەڵخەڵەتاندنی خەڵکی ساویلکەیە کە وادەزانن بەڵێ عەداڵەت جێبەجێ بووە و تاوانبارەکان بە سزای تاوانەکەیان گەییشتوون.

کێشەی ماددە هۆشبەرەکان _ لە کوردستان بەگشتی و لە سەردەشت بەتایبەتی _ کێشەیەکە، کە راستەوخۆ و ناراستەوخۆ پێوەندی لەگەڵ تاک‌تاکی ئێمە هەیە. هەر لە ئەگەری موعتادبوونی خزم‌و کەسوکارەکانمانەوە بگرە، هەتــــا دزێوکردن و ناشیرن کردنی هێما و سیمای شارەکەمان‌و ناساندنی سەردەشت بە دنیا وەک \"شاری شیشە\" ئەوە راستییەکی حاشا هەڵنەگرە کە وڵاتەکەمان لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا لەگەڵ ئەو دیاردە ناشیرنە رووبەڕو بۆتەوە، بەڵام ئەرکی \"من و تۆ\" وەک کەسێک کە لەم کۆمەڵگەیەدا دەژیت‌و دەرد و ژانی شارەکەی هەست پێ‌دەکات چییە؟ چ بکەین بۆ ئەوەی کەسانێکی دیکە و بە تایبەت مناڵەکانمان لە داهاتودا گیرۆدەی ئەو داوە شەیتانییە نەبن؟ هەندێک لە دۆستان پێیانوایە ئەگەر ناونیشانی مەوادفرۆشەکان ئاشکرا بکرێت، ئیتر کێشەی ماددەهۆشبەرەکان کۆتایی پێ‌دێت! بەڵام بەداخەوە کار لە قۆناغی ناساندن و ئاشکرا کردن تێپەڕ بووە و نەتەنیا خەڵک، بەڵکوو پۆلیسیش زۆر بەباشی مەوادفرۆشەکان دەناسن و تەنانەت پێوەندی گەرم‌و‌گووڕیشان لەگەڵ هەیە! ئەو زەمان ڕۆییشت کە ئارەق فرۆشەکان - کە تەنانەت لە رووی ناچاری‌وبێ‌پووڵی ئارەقیان دەفرۆشت - پێیان عەیب بوو بێنە نێو خەڵک! ئێستا کەسانێک بە کیلۆ شیشە ‌و تریاک بڵاو دەکەنەوە و لە حاجی و مەلا و کەیخوداکانیش ڕێزو حورمەتیان زیاترە! بە نەزەری ئێمە چەند خاڵێک هەن کە پێوەندی راستەوخۆیان لەگەڵ ئەو دیاردە دزێوە هەیە و لە راستی‌دا رێگەخۆشکەرن بۆ پەرەستاندنی ئەو کارە نائیناسنییە! ئەو خاڵە بریتین لە :
یەکـــــەم: نەخوێندەواری‌و نەزانی! دووهەم: بێکــاری‌و بێ‌پووڵــــــی! سێـــهەم: لاوازی(یان گەندەڵی)هێزە دەوڵەتییەکان! _ نەخوێندەواری یەکێک لە فاکتەرە بەرچاوەکانە کە ڕێگە خۆش‌دەکات بۆ زیاد بوونی جورم و جناتەیەت لە کۆمەڵگا!
توێژینەوە کۆمەڵناسیەکان باس لەوە دەکەن کە ٨٠ لە سەدی تاوانەکان لە ناو چینی نەخوێندەوار، یان کەم خوێندەوار(ژێردیپڵۆم)دا ئەنجام دەدرێن. بۆ سەلماندنی ئەو ئیدعایە پێویستە چاوێک لە مەوادفرۆشەکانی شارەکەمان بکەین! دەبینین کە زۆربەیان خوێندەوارییەکی ئەوتۆیان نییە و لە زەرەر و زیانەکانی ئەو کارە ئاگادار نین و نازانن کە ئەو شیشەی ئەوان بڵاوی دەکەنەوە چ زەبرێک لە بناغە و پێگەی ئابووری و کۆمەڵایەتی وڵات دەدات و لەوەش گرنگتر لەهەر چرکەیەک‌دا گیانی چەندین هەزارکەس دەستێنێت! _ \"نەداری پیاوەکان بەرەو جینایەت و ژنانیش بەرەولەشفرۆشی رادەکێشێ\" ئەوە وتەی ڤیکتۆرهوگۆیە! ڤیکتۆرهوگۆ دووسەدساڵ لەمەوبەر ئەو ڕاستییەی بۆ دەرکەوتووە کە نەداری و بێ‌پووڵی چەندە مەترسیدارە! بەڵام بەداخەوە کاربەدەستانی ئێمە ئێستاش بەو شتە نەگەییشتوون، یان لانیکەم هیچ هەنگاوێکیان بۆ چارەسەری ئەو کێشەیە (بە تایبەت لە کوردستان) هەڵنەهێناوەتەوە، هەر بۆیەش زۆرکەس کە تەنانەت لەگەڵ زیانەکانی شیشە و ماددەهۆشبەرەکانیش ئاشنان، لە روو ناچارییەوە پەنا بۆ ئەو کارە ناپەسندە دەبەن! -\"گەر دز و خاوەنماڵ یەک بن، گا بە کولانکەدا هەڵدەکێش \" پۆلیس کە ئەرکی پاراستنی نەزم‌وئاسایشی کۆمەڵگەی لە ئەستۆیە، ئەمڕۆ نە تەنیا نەیتوانیوە ئەو ئەرکە پیرۆزە بە باشی بەجێ بگەیەنێت و پێش بە هاوردە کردنی مەواد بگرێ، بەڵکو زۆر بە داخەوە دەنگۆی ئەوەش هەیە کە زۆریەک لە هێزە نیزامی و قەزاییەکانیش لەو کارە گڵاوەدا دەستیان هەبێت ! لە کۆتاییدا بە‌ڕای ئێمە بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ئەو دیاردە ناشیرنە پێویستە هەموو گووڕ و تینی خۆمان بخەینە گەڕ و لەجێگای ئەوەی پردەکانی پشت سەری مەوادفرۆشەکان بڕوخێنین و ناخواستە پێش بە گەڕانەوەیان بگرین، باشتر وایە هەوڵ بدەین ئاستی \"نەخوێندەواری و بێکاری\" لە کۆمەڵگا کەم بکەینەوە. نێوهێنان و ئابڕوو بردن دەردی ئێمە دەرمان ناکات ! سێدارە دەردی ئێمە دەرمان ناکات! نێو هێنان تەنیا ئاورەکە خۆشتر دەکات و دژمنایەتی لە نێو خەڵک زیاد دەکات و سێدارەش تەنیا بۆ فریودان و هەڵخەڵەتاندنی خەڵکی ساویلکەیە کە وادەزانن بەڵێ عەداڵەت جێبەجێ بووە و تاوانبارەکان بە سزای تاوانەکەیان گەییشتوون. بە دڵنییایەوە ئەگەر هەموو مەواد فرۆشەکانیش لە سێدارە بدرێن، بەڵام نەخوێندەواری و بێکاری بن‌بڕ نەکرێت، هەر رۆژە دەیان مەوادفرۆشی دیکە لە دایک دەبنەوە!
ئەم بابەتە روانگەی نووسەرەکەیەتی و ئاژانسی کوردپا لەمەڕ ناوەرۆکەکەی بەرپرسیار نییە