کۆڵبەرێکی دیکەی کورد بە تەقەی هێزە نیزامییەکان بریندار کرا

16:09 - 18 بەفرانبار 2712
ئاژانسی کوردپا: هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە نزیک گوندی سەرشیوی سەردەشت تەقەیان لە دەستەیەک کۆڵبەر کردووە و لە ئەنجامدا یەکێک لەو کۆڵبەرانە بە توندی بریندار بووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ١٧ی بەفرانبار کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی \"سمکۆ ئەحمەدی\" تەمەن ١٨ ساڵ کوڕی کەریم و خەڵکی سەردەشت لە ئەنجامی دەستڕێژی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بریندار بوو.

سەرچاوەیەکی نزیک لەو رووداوە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند: ئەو کۆڵبەرە کوردە پاش بریندار بوون بۆ چارەسەریی برینەکانی رەوانەی نەخۆشخانەی شاری قەڵادزێی هەرێمی کوردستان کراوە.

پێشتریش رێکەوتی ١ی بەفرانبار هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی \"دڵشاد پیروزی\" کوڕی عەلی لە ناوچەی \"قانقا بەردانێ\"ی شاری سەردەشت لە کاتی گەڕانەوە بۆ ماڵەوە بە تەقەی راستەوخۆی هێزە ئینتزامییەکان حکوومەتی ئیسلامیی ئێران گیانی لێ ئەستێندرا.