کۆنیی قوتابخانەکان، گیانی ٥/٤ میلیۆن قوتابیی خستۆتە مەترسییەوە

15:55 - 16 خەرمانان 2716
ئاژانسی کوردپا: لە بەرەبەری کرانەوەی قوتابخانەکان لە ئێران، ڕۆژنامەی \"آرمان\" ڕاپۆرتێکی لەسەر دۆخی شپرزەی قوتابخانەکان و پێویستیی نۆژەن کردنەوەیان بڵاو کردۆتەوە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتەی ڕۆژنامەی \"آرمان\"، قوتابخانەکانی ئێران زۆر کۆن بوون و چوارچێوەی بیناکانی، مەترسیی گیانی بۆ لانیکەم ٥/٤ میلیۆن قوتابی هەیە و پێویستییان بە نۆژەن کردنەوەی بەپەلە هەیە.

لە بەشێک لەم ڕاپۆرتەدا، لە زاری کارناسێکی وەزارەتی \"پەروەردە و بارهێنان\" بەناوی محەممەدڕەزا نیک‌نژادەوە هاتووە: ٣٠%ی قوتابخانەکانی ئێران لەحاڵی لەنێوچووندان و بەپێی ئامارەکان ٣٢ هەزار قوتابخانە لە ئێراندا کەڵکیان نەماوە و مەترسیی گیانی بۆ سەر لانیکەم ٤ میلیۆن و ٥٠٠ هەزار قوتابی و ٣٠٠ هەزار کادری ئامووزشی هەیە.

بەپێی لێدوانی ئەم کارناسە، دۆخی هەندێک لەم قوتابخانەگەلە ئەوەندە خراپە کە ئەگەری هەیە بەسەر قوتابییەکاندا بڕووخێ و بۆ نۆژەن کردنەوەی هەر کامەیان لانیکەم ٣ میلیارد تمەن بودجە پێویستە؛ بەم پێیەش ٥٠ ساڵ کات پێویستە تاکوو هەموویان نۆژەن بکرێنەوە.

پرسی ئاماژەبۆکراو، مەسەلەیەکی نوێ نییە، و لە ساڵانی ڕابردوودا بەردەوام هەواڵی ڕووخان و سووتانی قوتابخانەکان و زەرەرمەندبوونی قوتابیان لە ئێران بڵاو بۆتەوە، کە بەرچاوترینیان کارەساتی شیناوێی پیرانشارە کە بەهۆی تەقینی کورەی نەوتی، زیاتر لە ٣٠ قوتابی بێتاوان بوونە قوربانی.