کۆمەڵەی \" ژ . ك \" ناسننامەی کۆمار و دێمۆکراتە

15:20 - 17 رێبەندان 2714
Unknown Author
ئەرسەلان یارئەحمەدی

کۆماری کوردستان کەساڵی ١٣٢٤ی هەتاوی و لەسەر دەستی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان دامەزرا، یەکێک لەپیرۆزی و سەرکەوتنە نەتەوەییەکانی کورد بە ئەژمار دێت کە زۆربەی هێما نەتەوەییەکانی ئێستای کورد وەکوو ئاڵای کوردستان، سروودی نەتەوەیی و ناوی پێشمەرگە یادگاری ئەو کۆمارە ساوایەیە.
لەماوەی ساڵانی رابردوودا کەسانێکی دیاریکراو و کە رادەیان لە قامکەکانی دەست تێناپەڕێت و سەر بەلایەنێکی \"قەدیم ٤ پارچە خواز\"! بوون، بەردەوام هەوڵیان داوە کە کۆماری کوردستان و حیزبی دێمۆکرات لێک جیا بکەنەوە و حیزبی دیمۆکرات بەوە تاوانبار بکەن کە لەرێبازی پێشەوای نەمرو کۆماری کوردستان لای داوە.
ئەو کەسانە کە گوایە چوار پارچەی بیر دەکەنەوە بێ خەبەرن لەوەی کە هێشتاش بازنەی تەسکی بیریان ناوچەکەی خۆیان و تەنانەت هێندێک جاریش گەڕەکەکەیان تێناپەڕێنێت.
کاتێک هەوڵەکانی ئەو تاقمە کە دەیانهەویست کەلێنێک دروست بکەن و کۆمار کە بەڵگە نەویستە لەسەر دەستی حیزبی دێمۆکرات دامەزراوە لە حیزبەکەی جیا بکەنەوە و نەیانتوانی، ئێستا باس لەوە دەکەن کە گوایە حیزبی دامەزرێنەری کۆماری کوردستان لەرێبازی کۆمەلەی \" ژ _ ک \" لای داوە!
ئەمجۆرە بادانەوەش کە لەپڕیکدالەلایەنگری کۆمارەوە ببیتە دژی و بڵێی لە کۆمەڵەی \" ژ _ ک \" لای داوە تەنیا لە ئەوانەی دەوەشێتەوە کە لە کوردستانی چوارپارچەوە بایان داوەتەوە بۆ کانتۆنێستان و دابەشکردنی نەتەوەی کورد بۆ چەندین گەل و نەتەوەی جیاواز لەیەکتر!

کۆمەڵەی \" ژ _ ک \" لە ٢٥ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٢٠ و لەسەر دەستی کۆمەڵێک و کەسایەتی ئایینی لەشاری مەهاباد و بەمەبەستی دوور کەوتنەوە لە رێبەری تاکەکەسی کە هەتا ئەو کات تایبەتمەندی لاواز و دیاری بزووتنەوەکانی کوردی بوو، پێک هات.
کەسانێک دەڵێن ئەو کەسانە کە دامەزرێنەری کۆمەڵەکە بوون کەسانی رۆشنبیری مەهاباد بوون. بەڵام من پێم وایە ئەو کەسانە زیاتر ئایینی بوون،چونکوو لەو سەردەمەدا تەنیا کەسانێک توانای خوێندن و نوسینیان هەبووە کە لەحوجرە و مزگەوتەکاندا فێری نوسین و خوێندن بوون و بەبڕوای من ناکرێ ناوی رۆشنبیریان لێ بنێن کە لەخوارەوە باشتر روونی دەکەینەوە.

دواتر و لەرێکەوتی ٢٣ی بانەمەڕی ١٣٢٢ نزیک ٢٠٠ کەس لەئەندامانی کۆمەلەی \" ژ _ ک \" لەشوێنێک بەناوی \" کێوی خواپەرەست\" کۆ بوونەوە کە وەکوو کۆنگرەیەک وابوو و بەمەبەستی پەل هاویشتن بۆ ناوچەکانی دیکە بەرنامە و پێڕەوێکیان بۆ خۆیان دانا و دەستیان کرد بە ئەندام گیری لەمەهاباد و دەورووبەری.
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا رەمزێکیان بۆ ناسینەوەی یەکتر دانا کە خۆی سەلمێنەری ئەوەیە کە ئەو کەسانە زیاتر کەسانێکی ئایینی بوون. ئەویش ئەوە بوو کە لەکاتی خۆناساندن بەیەکتر \" ئەنگوستیلەکەیان بسووڕێنن\" و بڵێن \" خودا پەرەستی شتێکی باشە\". ئەمەش بە دوو مەبەست بوو؛ یەکیان وەبیر هێنانەوەی بەڵێنەکانی کێوی خواپەرەست و ئەوی دیکەشیان پێبەندبوونیان بە ئایین و خواپەرەستی.
هەروەها لە گۆڤاری نیشتمان زمانحاڵی کۆمەڵەی \" ژ _ ک \" چوار خاڵیان وەکوو بنەماکانی کۆمەڵەکە هێناوە کە بریتییە لە ؛ ١_ ئیسلامیەت ، ٢_ نەتەوایەتی ، ٣_ عداڵەت و ٤ _ ئاشتی . ئەمەش کە لەیەکم خاڵ باسیان لە ئیسلام کردووە دەتوانێ بەڵگەیەکی دیکە بێ بۆ ئەو باسەی کە لەسەرەوە ئاماژەم پێداوە.

دوای ئەوەی ئەندامانی کۆمەڵەی \" ژ _ ک \" بریار دەدەن کە داوا لە پێشەوا قازی محەممەد وەکوو کەسایەتییەکی ناسراوی شاری مەهاباد بکەن کە ببێتە ئەندامی کۆمەڵەکە و دوای وڵامی ئەرێنی پێشەوا بە دەنگی زۆرینەی ئەندامان وەکوو کەسی یەکەمی کۆمەڵەکە هەڵدەبژێردرێ.
دواتر پێشەوا قازی محەممەد بە هەڵسەنگاندنی دۆخی ناوچەکە و پێشبینی کردنی رووداوەکانی ئەو سەردەمە، ئەوەی بۆ دەرکەوت کە رێکخراوێکی وەها بەستراو و بەرتەسک ناتوانێ پەرە بستێنێت و بۆ پەیوەندی کردن بە حیزب و نەتەوەکانی دیکەی ئێران و هەروەها پەرەسەندن لە شارەکانی دیکەی کوردستان داوای کرد کە نێوی کۆمەڵەکەیان بگۆڕن بۆ حیزبی دیمۆکراتی کوردستان و دواتر واژۆی بۆ کرایەوە و پەسەند کرا.
بەرهەمی ئەم ئاڵوگۆڕەش وەک هەموومان دەزانین بوو بە کۆماری کوردستان کەهەتا ئێستاش وەکوو ئەستێرەیەکی پرشنگدار لەنێو مێژووی کورددا دەدرەوشێتەوە و پێویست بەوە ناکات زیاتری لەسەر بنووسم.
ئێستا کەسانێک دەڵێن کە ئەندامانی کۆمەڵەی \" ژ . ک \" لە رووی ناچارییەوە بوونەتە ئەندامی حیزبی دێمۆکرات و کۆمەڵەی \" ژ . ک \" یان هەڵوەشاندووەتەوە ! بەڵام ئاخۆ وایە؟

پێویستە لێرەدا ئاماژە بە مەرجەکانی ئەندامگیری کۆمەڵەی \" ژ . ک \" بکەین کە بەشێوەی خوارەوەیە؛
١_ دوو ئەندام ناسێنەری بن ، ٢_ حەوت جار بە قورئان سوێند بخوات کە خەیانەت بە کورد و کوردستان نەکات، ٣_ هەتا سەر ئەندامی کۆمەڵەی \" ژ . ک \" بمێنێتەوە، ٤_ بەبێ ئیزنی \" ژ . ک \" نەبێتە ئەندامی هیچ رێکخراوێکی دیکە.
بە سەرەنجدان بەم خاڵانەی خوارەوە بە روونی بۆمان دەر دەکەوێت ئەو کەسانەی کە ئەو جۆرە بیرکردنەوەیان بە نیسبەت حیزبی دێمۆکرات و کۆمەڵەی \" ژ . ک \" وە هەیە زانیارییەکی ئەوتۆیان لەسەر مێژوی حیزبی دێمۆکرات و کۆمەلەی \" ژ . ک \" نییە و تەنیا بەمەبەستی دژایەتی کردنی حیزبی دێمۆکرات و بیرتەسکی خۆیان تووشی ئەو جۆرە بیرکردنەوانە بوون.

١_ کۆکردنەوەی واژۆ و راپرسی هێمای ئاڵوگۆرە نەک هەڵوەشانەوە و پێکهێنانی حیزبێکی نوێ، ئەگەر وا بوایەت پێشەوا هیچ پێویستی بە کۆکردنەوەی واژۆ و راپرسی نەبوو و خۆی حیزبێکی دیکەی دادەنا.
٢_ وەک پێشتر ئاماژەم پێداوە هەم پێشەوا و هەم باقی ئەندامانی کۆمەلەی \" ژ . ک \" کەسانێکی ئایینی بوون و لەکاتی بوونە ئەندامی لەو کۆمەڵەیەدا سوێندیان خواردبوو کە ئەلف) هەتا سەر ئەندامی کۆمەڵەی \" ژ . ک \" بمێننەوە، ب) بەبێ ئیزنی \" ژ . ک \" نەبنە ئەندامی هیچ رێکخراوێکی دیکە. کەوابوو هیچ ئاسایی نییە ئەو کەسانە دوو خاڵ لەو خاڵانەی کە پێشتر سوێندیان پێ خوارد لەو ماوە کەمەدا لەبیر بکەن و ببنە ئەندامی بەقەوڵی هاوڕێیان حیزبێکی دیکە!
٣_ بە هەڵکەوت نییە کە راست ٢٥ی گەلاوێژیان وەکوو رۆژی دامەزراندنی حیزبی دێمۆکرات هەڵبژاردووە کە ساڵڕۆژی دامەزراندنی کۆمەڵەی \" ژ . ک \"یش بووە.
٤_ خاڵێکی دیکە کە زۆر گیرنگە ئەوەیە کە هەموو ئەندامانی رێبەری کۆمەڵەی \" ژ . ک \" چوونەتە نێو حیزبی دێمۆکرات و بوونەتە ئەندامی رێبەرایەتی ئەو حیزبە.
کەوابوو، بەپێی ئەو خاڵانەوی کە ئاماژەم پێداوە، وەک چۆن جیاکردنەوەی حیزبی دێمۆکرات و کۆماری کوردستان ئاو لە هاون کوتانە، ئەو هەوڵانەش کە ئێستا بەشێکی دیکە لەمێژووی حیزبی دێمۆکراتیان کردوەتە ئامانج دەبنە بڵقی سەر ئاو و لەکۆتاییدا ئەوە حیزبی دێمۆکرات و مێژووە خاوێنەکەیەتی کە براوە دەبن و \" ژ . ک \" و کۆماریش وەک ناسننامەی هەمیشەیی دێمۆکرات دەمێننەوە.

ناوەرۆکی ئەم بابەتە روانگەی نووسەرەکەیەتی و ئاژانسی کوردپا لێی بەرپرسیار نییە.