کۆمەڵگای بەهاییەکان: کۆتایی بە هەڵاواردنی ئابووری بێنن

21:38 - 18 خەرمانان 2716
ئاژانسی کوردپا: کۆمەڵگای بەهاییەکان لە نامەیەکی سەرئاوەڵادا بۆ حەسەن ڕووحانی دەڵێن؛ کۆتایی بە هەڵاواردنی ئابووری دژی بەهاییەکان بهێنن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی ٦ی سێپتامبر بەرانبەر بە ١٦ی خەرمانان، کۆمەڵگای بەهاییەکانی نیشتەجێی شاری ژنێف، لە نامەیەکی سەرئاوەڵادا بۆ حەسەن ڕۆحانی، داوی کۆتایی هێنان بە ئاپارتایدی ئابووری لە دژی بەهاییەکانیان کردووە.

لەو نامەدا هاتووە؛ نووسینگەی کۆمەڵگای جیهانیی بەهایی لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و زیاتر لە ٢٣٠ وڵات و هەرێم لە پێنج قاڕەی دونیا، پێیان خۆشە سەرنجی سەرکۆمار بۆ ستەمەکانی هەڵاواردنە ئابوورییەکان بۆ سەر کۆمەڵگای بەهاییەکان لە ئێران ڕاکێشن.

واژۆکەرانی ئەو نامەیە، باس لە بارودۆخی پاش هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی دەکەن و دەڵێن: پاش داخستنی تەواوی ڕێگاکانی دامەزراندنی هاووڵاتییانی بەهایی لە بەشی دەوڵەتی، سەرنجەکان خرایە سەر کەرتی تایبەت.

لە درێژەی ئەو نامەدا هاتووە؛ دانەمەزراندنی بەهاییەکان بە بیانووی نەشیاوی بە \"گڵاو\" ناوهێنانیان، سەرجەم درگا ئابوورییەکانی دیکەشی لەسەر داخستوون.

لەو نامەیەدا ئاماژە بە دەستبەسەرداگرتنی ئەمواڵ و کەرستەی بەهاییەکان و تەنانەت داگیرکردنی شوێنە پیرۆزەکان و گۆڕستانەکانی بەهاییەکان و هەروەها بێبەش کردنی لاوانی بەهایی لە مافی خوێندن کراوە.

لە کۆتایی ئەو نامەیەدا، کۆمەڵگای بەهاییەکان، داوا لە سەرکۆماری ئێران دەکەن نادادپەروەرییە ئابوورییەکان لە ئێران کە باڵی بەسەر کۆمەڵگای بەهاییەکان لەو وەڵاتەدا کێشاوە، کە بە گەورەترین کەمینەی ئاینیی ناموسڵمان بە ئاژمار دێن، بە زووترین کات پێداچوونەی پێدا بکرێتەوە و کۆتایی بەو هەڵاواردنە ئابووریە بهێنن.