کۆماری ئیسلامی و داعش

14:28 - 18 گەلاوێژ 2714
Unknown Author
برایم قاسمی زاد

ئەوە کە داڕێژەرانی ستراتێژیی کۆماری ئیسلامی بە پلانێکی داڕێژراوەوە کۆمەڵی پاشڤەڕۆی داعشیان پێک هێنابێ ڕەنگە لەگەڵ بیرێکی ژیری سیاسی نەگونجێ، بەڵام زۆر هۆکار هەن کە سەرهەڵدانی بەرەی توندڕەو و دژی مرۆڤی داعش ڕاستەوخۆ بە دژکردەوە لە بەرامبەر سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی دا دەبەستنەوە. تەنانەت بەڵگە هەن کە دەسەلمێنن کۆماری ئیسلامی لە زۆر شوێن، بە تایبەت لەو هەرێمانەی ئێران کە دانیشتوانی سوننی مەزهەبن ڕێگای بۆ سەرهەڵدانی ئەو کۆمەڵە خۆش کردوە. ئەوەش گومانی ئەوە بە هێز دەکا کە هەر دوو بەرەی توندڕەوی شیعە و سوننە، بوونی لایەنی دیکە بۆ ستراتێژیی سیاسی و تەنانەت ئایینی خۆیان بە پێویست دەزانن.

سەرەڕای هەبوونی چەندین بزووتنەوەی سیاسی بە ئامانجی دینی‌یەوە کە مەبەستیان زاڵ کردنی تێڕوانینی تایبەتی خۆیان لە سەر بنەماکانی دین بە سەر سیاسەت و بەرێوەبەری دا بووە، بەڵام لە سەردەمی ئێمەدا یەکەم سیستەمی سیاسی کە دینی کردە ئامرازی دەسەڵاتداریی سیاسی و توانی لەو ڕێگایەوە لە ساڵی ١٣٥٧ (١٩٧٩)دا بە دەسەڵات بگا کۆماری ئیسلامیی ئێران بوو. ئەوەش توانی لە مەیدانی سیاسەت دا، قورساییەک بۆ لای ڕوانگەی شیعە دا بشکێنێتەوە کە توانیبووی بە شێوەیەک پراگماتیزمی خۆی بە ڕووی بزووتنەوەی سوننی دا بکێشێ و خۆی بە براوەی مەیدانی سیاسەت بناسێنێ. چونکە بزووتنەوەی مەزهەبی سوننە، کە ناسراوترینی تەڤگەڕی \"اخوان المسلمین\" بوو و لە کاتی دامەزرانیەوە لە ساڵی ١٩٢٨ ەوە تا ئەو کات نەیتوانیبوو هەنگاوێک لە دەسەڵات نزیک بێتەوە.

مەبەستی سەرەتایی بزووتنەوەی ئیخوان بە سەرۆکایەتیی حەسەن ئەلبەننا ڕاچاندنی تۆڕێکی کۆمەڵایەتی و دینی بوو کە متمانە لە نێو کۆمەڵگا موسوڵمانەکان دا بە هێز بکا و ڕێگا بۆ بزووتنەوەیەکی بە هێزی کۆمەڵایەتی لە سەر بنەمای روانگە دینیەکانی ئیخوان خۆش بکا، بە بێ ئەوەی کە بزووتنەوە خۆی بە دەسەڵاتی سیاسی و ئیدارییەوە خەریک بکا. تایبەتمەندیی ئەو بزووتنەوە دوورەپەریزی لە توندوتیژی بوو و هەموو لق و پۆپەکانی بزووتنەوەی ئیخوان تا ساڵەکانی ٧٠ و ٨٠ زاینیش بەو ڕێبازە پێبەند بوون، هەر چەند ئیخوان بە تێرۆری مەحموود ئەلنوخرەشی پاشای سەرۆک وەزیری میسر لە ساڵی ١٩٤٩ دا تاوانبار کرا و پاشانیش پێوەندییەکی پڕ لە ئارێشەی لە گەڵ دەسەڵاتدارانی میسر و لە ساڵەکانی ١٩٨٠ش دا لە گەڵ ڕێژیمی بەعسی سووریە هەبوو کە ساڵی ١٩٨٢ کۆمەڵکوژیی حەمای لێکەوتەوە.

لە میانەی شەڕی ئەفغانستان دا و کاتێک کە بزووتنەوەی موجاهیدین بە پشتیوانیی پارە و چەکی عەرەبستان و وەڵاتانی کەنداو، بەڵام بە ڕێنوینی و پشتیوانیی سەرەکی لە لایەن ئامریکاەوە دامەزرا، هەموو ئەو لق و پۆپانەی ئیخوان کە پێیان وابوو بە بێ شەر و توندوتیژی نە وشیاریی ئیسلامی دروست دەبێ و نەش ئامانجی سیاسی یا کۆمەڵایەتیی ئەوان وەدی دێ ڕوویان لە ئەفغانستان کرد و ئەو وەڵاتەیان کردە بنکەی خۆپەروەردە کردن و پێگەیاندنی هێزی جێگەی متمانەی خۆیان. بەڵام لە سەرەتا دا هەم ڕووی بزووتنەوەی موجاهیدین و هەمیش ڕووی هەموو ئەو لایەنە ئیسلامیانەی کە پێوەندییان بەو بزووتنەوەیەوە هەبوو لە داگیرکەرانی سۆڤیەت بوو. بزووتنەوەی سەلەفی، بە پشتیوانیی دارایی و ئیمکاناتی عەرەبستان و قەتەر و هێندێک شێخی میلیاردێری عەرەب، زیاتر لە هێزە ئیسلامیەکانی دیکە توانی مەیدانداری بکا و بە شێوەیەک پێشتر هێژێمۆنیی فیکری و دواتریش هێژێمۆنی سیاسی خۆی بە سەر لایەنەکانی دیکە دا زاڵ بکا. بە گۆڕانی سیستەمی سیاسی لە ئەفغانستان و وەلاچوونی هەڕەشەی هێزی داگیرکەری سۆڤیەت، موعادیلەی سیاسی و پارسەنگی هێزیش گۆڕانی بە سەر دا هات. لەو کاتەوە ئیدی پێویست نەبوو کە هەموو هێزە دەرەکیە ئیسلامیەکان لە ئەفغانستان بمێننەوە. بۆیە هەرێمەکانی وەکوو سۆمالی، یەمەن و تا ڕادەیەکیش عەربستانی سعوودی بوون بە گۆڕەپانی نوێی هێزە توندڕەوە سەلەفیەکان. عەربستان هەر زۆر زوو مۆرە سەرکیەکانی سەلەفیی دەست بە سەر کرد، هێندێکی لە وەڵات وەدەرنا و هێندیکیانیشی بە وادەی پشتیوانیی دارایی لە کۆڵ خۆی کردەوە. بەڵام سۆمالی و یەمەن بوون بە دوو ناوەندی سەرەکیی خۆنواندنی ئەم هێزانە.

هاوکات لە گەڵ چالاکتربوونی هێزە سەلەفیەکان لە سۆمالی و یەمەن، کۆماری ئیسلامیش بە ڕکەبەرایەتی لە گەڵ ئەم هێزانە، حوزووری خۆی هەم بە شێوەی ڕاستەوخۆ و هەمیش لە چوارچێوەی ڕێکخراوەکانی بە ڕواڵەت خێرخوازی و ئاوەدانکردنەوەدا لەو دوو هەرێمە پەرە پێ دا. پێشتر کۆماری ئیسلامی لە لوبنان پێگەی دامەزراندبوو و لە ڕێگای وەڕێ خستنی حیزبوللای لوبنانەوە دەستی باڵای بە سەر هێزە توندڕەوە سەلەفیەکان دا هەبوو. هەر چەند هەبوونی ئێران لە سۆمالی و یەمەن نەیتوانی بۆ بزووتنەوەی سەلەفی ببێ بە مەترسیەکی جێگای سەرنج، بەڵام ئەوەندە لە بەر چاو بوو کە بنئاژۆیی ئاینی لە نێو کۆمەڵگا سوننی مەزهەبەکان دا بە شێوەیەک بهارووژێنێ کە ئەوانیش بیر لە دەسەڵاتێکی سیاسی لە سەر بنەمای ئایینی بکەن.

شەڕی دووهەمی کەنداو، ڕووخانی سەددام حوسێن و خزانە سەرکاری وردە وردەی ڕێژیمێکی هاوپەیمانی ئێران لە بەغدا، پارسەنگی هێز و هەر بەم پێیەش دوورەدیمەنی هەڕەشەی ئێرانی بۆ سەر هەرێمەکانی جێی نفووزی ئیحتیمالیی هێزە سەلەفیەکان گۆڕی. سوننیەکانی عێڕاق، پێیان وابوو کە دەسەڵاتی نوێی بەغدا، عێراقی خستۆتە پاوانی ئێرانەوە کە لە لایەن کۆمەڵگای سوننی وەڵاتەوە وەکوو دوژمنی دێرینی وەڵات بە حیساب دەهات. ڕاپەرینی جەماوەری لە وەڵاتانی عەرەبی لەم ٣ ساڵەی دوایی دا ئەو مەترسیەی کە ئێران دەتوانێ بۆ کۆمەڵگای سوننی هەبێ چەند قات کردەوە، چونکە لە هەر شوێنێک کە ئێران زانی کۆمەڵگایەکی تەنانەت بچووکی شیعەشی لێیە، دەستی کرد بە دروست کردنی حوسێنیە کە بە شێوەی ڕاستەوخۆ دەکران بە ناوەندی سیاسیی مەزهەبی و بە تاران و قومەوە دەبەسترانەوە. لە ڕێگای ئەو حوسێنیانەوە، ئێران هەوڵی دەدا و ئێستاش هەوڵ دەدا کە هەرێمی جێی نفووزی خۆی زیاتر بکا و ڕایەڵکەیەکی سیاسی و مەزهەبی پێک بێنێ کە بە دەستووری تاران و قوم هەڵسوکەوت بکا.

دەست‌تێوەردانی ڕاستەوخۆی ئێران لە سوورییەدا و پاڵپشتی هەمەچەشنی ئێران لە ڕێژیمی ئەسەد، قینی کۆمەڵگای سوننی لە سووڕییەشی لە بەرامبەر ئێران و بزووتنەوەی مەزهەبیی شیعە‌دا هاڕووژاندەوە. نەبوونی زەمینە بۆ گەشەپێدانی بیرۆکەی دێمۆکراسی و زاڵبوونی هزری هێژموونیخوازی لە نێوخۆی ئەو وەڵاتەدا لە لایەکەوە، دەست‌تێوەردانی دەرەکی هێزە خاوەن بەرژەوەندییەکان و نەبوونی پشتیوانیی جیددی نێونەتەوەیی لە لایەکی دیکەوە، زەمینەی بۆ گەشەکردنی خێرای بزووتنەوە توندڕەوە سەلەفیەکان خۆشتر کردەوە. بە شێوەیەک کە دوای کەمتر لە یەک ساڵ لە ڕاپەڕینی خەڵکی سوورییە، بزووتنەوە سەلەفیەکان توانیان ببن بە سەرەکیترین هێزی گۆڕەپانی سیاسی لە نێو ئۆپۆزیسیۆنی سوورییەدا. ئەو وەزعە، پارسەنگی هێزی لە عێراقیش گۆڕی و گڕ و تینێکی زیاتری بە خۆ بەڕێکخستن کردنی هێزە سەلەفیەکان لە ناوچە سوننەنشینەکانی عێراق بەخشی.

بەم شێوەیە پاش ٣٥ ساڵ دامەزرانی سیستەمی ویلایەتی فەقیهی لە ئێران دا کە لە لایەن خومەینیەوە وەکوو ئالتەرناتیڤی شیعە بۆ دەسەڵاتی سیاسی شکڵی پێدرابوو، بیرۆکەی دەسەڵاتێکی هاوشێوە بەڵام ڕیشەداکوتاو لە مەزهەبی سوننە دا لە کۆمەڵگا سوننی مەزهەبەکانیش دا شکڵی گرت و ئێستا لە عێراق و سوورییەدا مەیدانداری دەکا. لە تەقاندنەوە و سەربڕینە پەیتا پەیتا و ئاشکراکان بە دەر، باقی کردەوەکانی ئەو سیستەمە کە ئێستا بە ناوی \"دەوڵەتی ئیسلامی\"ەوە کار دەکا لە گەڵ کردەوەکانی کۆماری ئیسلامی جیاوازیی زۆریان نیە. تەنانەت لە سەربڕین و تەقاندنەوەی شوێنە پیرۆزەکانیش بەڵگە هەن کە دەسەلمێنن یەکەم بکەرانی سیستەماتیکی ئەو کردەوە دڕندانانە کۆماری ئیسلامیی ئێران بوو.

کۆمەڵکوژییەکانی نەورۆزی خوێناویی شاری سنە، کۆمەڵکوژییەکانی قارنێ و قەڵاتان، گێچێ، شەڕی نەغەدە و بە سەدان لەشی لەت و کوت کراوی خەلکی بێ تاوانی کوردستان، تورکمەن سەحرا، بەلووچستان و هتد بەرچاوترین نموونەن.

لەم ساڵانەی دواییش دا سەربڕینی پەروانە و داریووشی فرووهەر و بە زیندووی لە گۆڕنانی بە دەیان خەباتکاری سیاسی هەموویان هاوشێوەی جینایەتەکانی دەوڵەتی ئیسلامی یا داعشن، بەڵام وێنە و ویدیۆکانی لە سەر ماڵپەڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاو نەکراونەوە.

بێجگە لە دڕندەیی و مرۆڤکوژی، چەند لایەنی هاوبەشی دیکەی دەولەتی ئیسلامی (داعش) و کۆماری ئیسلامی (جما) هەن کە بە کورتی دەکرێ چەند نموونەیکیان بەم شێوەیە ناو بەرین:
هەر دوو سیستەم بە تەواوی لە دژی بنەماکانی مافی مرۆڤ، دێمۆکراسی و ئازادییە تاکیەکانن. لە سەرەتای هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامیەوە تا ئێستا، ڕێژیمی ئێران بیرۆکەی مافی مرۆڤی بە دیاردەیەکی ڕۆژئاوایی بە ناو کردوە و بە توندی لە دژی هەموو هەوڵ و تەقەلایەک بۆ هێنانە ڕۆژەڤی مەسەلی مافی مرۆڤ لە ئێران دا ڕاوەستاوە. داعشیش هەر بەو شێوەیە مافەکانی مرۆڤ و مافی تاک بە دژی یاسا ئاسمانیەکان و وەک بەشێک لە سیستەمی ڕۆژئاوایی لە دژی بەها ئاینیەکانی خۆی لە قەڵەم دەدا و بە کردەوە لە دژی مافی مرۆڤ دەجووڵێتەوە. سەبارەت بە دێمۆکراسیش، جیاوازییەک لە نێوان ئەو دوو دەسەڵاتەدا نابیندرێ.

نویترین تێڕوانینی کۆماری ئیسلامی لە سەر مەسەلەی دێمۆکراسی، پێشنیاری یاسای حیزبە سیاسیەکانە کە لە لایەن مەجلیسی شوورای ئیسلامیەوە خراوەتە ڕۆژەڤەوە و مەرجی سەرەکی تێکۆشانی سیاسی بە پێبەندبوونی حیزبە سیاسیەکان بە ئەسڵی ویلایەتی فەقیهەوە دەبەسترێتەوە.

هەر دوو سیستەم، مرۆڤ وەکوو ئامرازێک چاو لێ دەکەن کە تەنیا ئەرکی بە جێ گەیاندنی فەرمانی وەلی فەقێ/خەلیفەی دەوڵەتی ئیسلامیە. لە توضیح المسائیلی خومەینی دا مرۆڤ وەکوو بوونەوەرێکی ناکامڵ پێناسە دەکرێ کە دەبێ لە لایەن وەلی فەقیهەوە ڕێگای پێشان بدرێ. مرۆڤ تەنانەت بە مەڕ تەشبێ کراوە کە ئەرکی سەرەکی ئەوەیە پێڕەوی لە بڕیار و حوکمی دەسەڵاتداری ئایینی بکا. داعشیش هەر تێڕوانینێکی بەم شێوەیە لە سەر مرۆڤ و مرۆڤایەتی هەیە.

هەر دوو سیستەم، خۆیان بە تەنیا و تەنیا ئالتەرناتیڤی دەسەلاتی سیاسی و تاکە دەسەڵاتداری شەرعی سەر رووی زەوی دەزانن کە تەنیا لە خودا و ڕێبەر فەرمان وەردەگرن و لە بەرامبەر ئەوان دا بەرپرسیارن. قسەکانی ئەبووبەکر ئەلبەغدادی خەلیفۆکەی خۆ سەپێن بە سەر هەرێمە سوننیەکانی عێراق و سوورییەدا سەبارەت بە شێوەی دەسەڵاتداری دەقاودەق لە گەڵ قسەکانی خومەینی دوای گەڕانەوە لە پاریس لە ساڵی ١٣٥٧ دا یەک دەگرنەوە کە داوای لە خەڵک دەکرد یارمەتیدەری بن تا بۆ زاڵ کردنی دینی خودا بە سەر هەموو جیهان دا سەربکەوێ.

لە چوارچێوەی ئەو بیرۆکەدا بوو کە خومەینی هەموو حیزبە سیاسیەکانی ئێرانی هەڵوەشاندەوە و تەنانەت فەرمانی جیهادی لە دژی گەلی کورد ڕاگەیاند.

هەر دوو دەسەڵات بەردباران لە ژێر بیانووی سزای ڕەوای شەرعی دا بەڕێوە دەبەن، داعش زیاتر و ڕاشکاوانتر وکۆماری ئیسلامیش هەر چەند ئێستا کەمتر لە سالەکانی سەرەتای دامەزرانی بەڵام بە شێوەی ئاشکرا و ڕاگەیەندراو. ئێران بێجگە لە بەردباران کردن، هیچ مانگێک نیە کە لە بەر چاوی خەڵک و لە گۆڕەپانەکانی شارەکان دا چەند سزادراوێک هەڵناوەسێ. مەسەلەی بەردبارانیش هەم لە مەجلیسی شوورای ئیسلامی دا و هەمیش لە شووڕای نیگابان دا وەکوو بنەمایەکی سزای ئیسلامی پێداگری لە سەر کراوە و بە کردەوە بەڕیوە دەبردرێ.

داعشیش هەمان کار دەکا، بەڵام کردەوە نامرۆڤیەکانی دەخاتە سەر میدیا کۆمەڵایەتیەکان و ڕێکلامی پێوە دەکا.

داعش و جما کۆکن لە سەر ئەوەی کە هەر کەس و لایەنێک کە لە دژی شێوەی دەسەڵاتداریی ئەوان بێ، هیچ چەشنە مەشرووعیەتی نیە و نە تەنیا نابێ دەرفەتی کارکردنی پێ نەدرێ، بەڵکوو دەبێ لە بواری فیزیکیشەوە لە نێو ببرێ و شوێنەواری بسڕێتەوە. لەم ڕۆژانە دا ٢٥ ساڵەی تێڕۆری ڕێبەری هەمیشە زیندووی کورد، دوکتۆر قاسملوومان بەڕێوە برد و دوای ماوەیەکی کورتی دیکە لە ساڵڕۆژی تێڕۆرکردنی ڕێبەری نەمر دوکتۆر سادقی شەرەفکەندی نزیک دەبینەوە. ئەو دوو رێبەرە، نموونەی بەرچاوی قوربانیانی تێڕۆری کۆماری ئیسلامین کە وەک داعش هەموو جیهانی بۆ دژبەرانی خۆی نائارام کردوە.

داعش و جما خۆیان بە سیستەمی جیهانگیر دەناسینن کە بۆ پەرەپیدانی دەسەڵاتی خۆیان بە سەر هەموو جیهان دا، دەبێ هەموو ئامرازیک بە کار بێنن.

بیرۆکەی ناردنەدەرەوەی شۆڕشی ئیسلامی پێشتر لە لایەن خومەینیەوە هاتە گۆڕێ. ئەگەر ئێستا داعش باسی لابردنی سنوورەکان و دامەزراندنی دەسەڵاتی جیهانیی خۆی دەکا، تەنیا کۆپیەک لە بیرۆکەی خومەینیی زیندوو کردۆتەوە و شتێکی نوێی نەهێناوەتە گۆڕێ. بەڵام هەر پاش هاتنە سەر کاری کۆماری ئیسلامی و بەر لەوەی کە ئەو ڕێژیمە بتوانێ لە ناوچەدا مەیدانداری بکا سەددام توانی لمبۆزی خومەینی لە قوڕ وەربدا و لە بەرامبەر زێدەخوازیی ئەو دا ببێ بە لەمپەر. کۆماری ئیسلامی ئێستاش ئەو بیرۆکەیەی وەلا نەناوە و بە داسەپاندنی هێژێمۆنیی سیاسی، دینی، ئایدیۆلۆژی و تەنانەت سەربازیشی لە بەشی شیعەنشینی عێراق، لە سوورییە، لوبنان، لە نێو شیعەکانی ئەفغانستان، پاکستان، وەڵاتانی کەنداو و هتد دیارترین نموونەن کە دەردەخەن ئێران بە چ شێوەیەک خەریکی ناردنەدەرەوەی بیرۆکەی سیاسی خۆی دایە. داعش تازە هاتۆتە مەیدانەوە.

داعش و جما بڕوایان بە هێزی چەک هەیە بۆ داسەپاندنی دەسەڵاتی خۆیان.

کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستی هێزەکانی سوپا و بەسیجی بۆ خۆ تەیار کردن بە چەک، پارە، دەسەڵات و دەست بە سەرداگرتنی تیجارەتی نێونەتەوەیی ئێران دا ئاواڵە هێشتۆتەوە. بە شێوەیەک کە سوپای پاسداران بێجگە لە کۆنترۆلی هەموو ئێران، بە کردەوە شەڕی دژ بە ئۆپۆزیسیۆنی سوورییە، بەرنامەکانی لایەنە شیعەکانی عێراق، حیزبوللای لوبنان و شەڕی هێزە توندڕەوەکان بە دژی ئیسرائیل بەرێوە دەبا. بە پێی لێکدانەوەی پسپۆرە نێونەتەوەییەکان سوپای پاسدارانی ئێران یەکێک لە بە هێزترین و بە نفووزترین ئەکتەرەکانی گۆڕەپانی سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستە. سوپاش بە هێزی چەک و پارە ئەو دەسەڵاتەی وەدەست هێناوە. داعش هەمان سیاسەت پێڕەو دەکا.

دیارە هەر دوو سیستەم لە زۆر شتیش دا دژ بە یەکتر ڕاوەستاون و وەکوو دوو جەمسەری دژ بە یەک هەڵس و کەوت دەکەن، بەڵام لە دژایەتی لە گەڵ مافەکانی مرۆڤ، ئازادی، دێمۆکراسی و مافی تاک بۆ بڕیاردان دا هەر دوو سیستەم یەک دەگرنەوە و بۆیەش لایەنی هاوبەشیان لە لایەنی لە یەکتر جیاکەرەوەیان زیاترە.

لەم دواییانەدا جمووجۆڵی هێزە سەلەفیەکانی لایەنگری داعش لە بەلووچستان و ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش ڕوو لە زیاد بوونە. کۆماری ئیسلامی زۆر بە چاکی ئاگای لەو جمووجۆڵانە هەیە، بەڵام تا ئێستا هەنگاوێکی جیددیی بۆ سنووردارکردنی چالاکیی ئەو گرووپانە هەڵنەهێناوەتەوە. دیارە مەبەستی کۆماری ئیسلامی لە ریگادان بە خۆ بە ڕێک خستن و چالاکی هێزە سەلەفیەکانی لایەنگری داعش لەو ناوچانەی ئێران کە دانیشتوانی سوننین، بە تایبەت لە کوردستان ئەوەیە کە پێش بە گەشە کردنی بیری ئازادیخوازی و ئالتەرناتیڤێکی سیاسیی دڵخوازی خەلک بگرێ. لە هەمان کاتیش دا بە بیانووی دمکوتکردنی هێزە سەلەفیەکان، کۆماری ئیسلامی دەیەوێ پێش بە تێکۆشانی دێمۆکراسیخوازانەی بزووتنەوەی کوردستان بگرێ و لە ئاستی نێونەتەوەیش دا مەشرووعیەت بەو کارەی خۆی بدا.

سەرهەڵدانی داعش و کردەوە جینایەتکارانەکانی ئەو کۆمەڵە دژ بە مرۆڤە، بەر لە هەموو لایەک بە قازانجی کۆماری ئیسلامی تەواو بووە و تەواو دەبێ. چونکە کردەوەکانی داعش بە شێوەیەک ڕۆژەڤی مێدیا و سیاسەتی جیهانیان داگرتوە کە وردە وردە خەریکە جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامی پەردەپۆشی بکرێن. لە ئاستی نیونەتەوەییدا، تێرۆری ڕێبەر و چالاکڤانە سیاسیە کورد و ئێرانیەکان لە دەرەوەی وەڵات، تەقاندنەوەی ناوەندی جوولەکەکانی ئارژانتین، هێڕش بۆ سەر بنکەی هێزە دەریاییەکانی ئامریکا لە بێرووت و بە دەیان جینایەتی نێو نەتەوەیی دیکە لە نێو دۆسیای کۆماری ئیسلامی دان کە ئێستا بە کارەکانی دەوڵەتی ئیسلامی داعش خەریکە لە بیر بکرێنەوە. لە حاڵێک دا کە هیچ جیاوازییەک لە نێوان ئایدیۆلۆژی، کردەوە و ڕوانگە و کردەوەکانی ئەو دوو جەرەیانە دا نیە.

ئەو بابەتە روانگەی نووسەرەکەیەتی و ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا لێی بەرپرسیار نیە