کۆماری ئیسلامی لە نێوان داگیرکاری و ئازادیخوازییدا

13:48 - 26 رەشەمه 2714
Unknown Author
ئاگری ئیسماعیل نژاد

کەم کەس هەیە خەڵکی رۆژهەڵاتی‌نێوەراست بێت و ناوی سولیمانی سەرۆکی سوپای قودس کە لقێکی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامییە نەبیستبێ و لەسەر هەبوونی دەستی سولیمانی لە بابەتێکی وڵاتەکەییدا گوێبیستی هەوالێک نەبووبێت.

پرسیاری گرینگ ئەوەیە ئایا ئەوەی سوپای قودس لەرۆژهەڵاتی‌نێوەراستدا دەیکات ئازادیخوازییە یان داگیرکارییە؟
بۆ جوابی ئەو پرسیارە دەبێت بگەرێینەوە ڕووداوەکانی سەردەمی شۆرشی نەتەوەکانی ئێران و چونێتیی دامەزاندنی سپای پاسداران لە ئێراندا؛ لە سەرەتای دامەزراندنی سپای پاسداران بەشێک بە نێوی \"یەکەی بزوتنەوەی رزگارکەری سپا\" دامەزرا ئەو یەکەیە لە ژێر چاوەدێری محەممەدی مونتەزری دابوو.

مونتەزری باوەری بە ئینترناسیونالیزمی ئیسلامی هەبوو و بە پێی ئەو باوەرەش ئەو یەکەیەی دامەزراندبوو. ئەرکی سەرەکیی یەکەی \"بزووتنەوەی رزگارکەری سپا \"، پشتگیری لە بزاڤ و رێکخراوە ئیسلامییەکان بوو. مونتەزری هاوکات لەگەڵ ئەوە، گۆڤارێکی بە زمانی عەرەبی بە ناوی \"الشهید\" دەردەکرد، ئەو گۆڤارە لە راستیدا وەکوو زمانحاڵی \"یەکەی بزوتنەوەی رزگارکەری سپا\" وابوو پاش مونتەزری میهدی هاشمی کە کەسێکی نزیک لە حوسێن عەلی مونتەزری بوو، بەرپرسایەتیی \"یەکەی شۆرشی رزگارکەی سپا\"ی گرتە ئەستۆ.

بەڵام چەند مانگ دواتر ئەو یەکەیە بە هۆی ئەوەی بە تەواوی لە ژێر رکێفی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامیدا نەبوو لە لایان پارلمانی ئێرانەوە هەڵوەشاوە و زۆربەی ئەندامانی چوونە نێو \"یەکەی زانیاری سپا\"وە هەر چەند پاش ئەوەش، میهدی هاشمی \"ریکخراوی شۆرشی جیهانی ئیسلام\"ی دامەزراند و بەشێکیش لە ئەندامانی \"یەکەی بزوتنەوەی رزگارکەری سپا\" لەگەل مێهدی هاشمی کەوتن.

حەمەعەلی رەجایی لە مانگی گەلاوێژی ساڵی ١٣٦٠ دا و لەو سەردەمەی کە سەرکۆماری ئێران بوو، لەگەڵ دووحەتونامەیەک بە ناوی \"پیام انقلاب\" وتوێژێک دەکات و دەڵێت: \"بەرژەوەندیی کۆماری ئیسلامی لەوە دایە کە شۆرش بنێرێتە دەرەوەی ئێران\".

رەجایی لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: \"بەرژەوەندیی کۆماری ئیسلامی لەوەدایە کە شۆرشە ئیسلامییەکەی هەناردەی هەموو دنیا بکات، هەرچەند ئەگەر، لەو کردەوەیە لە بواری مادییەوە هیچ قازانجێکێش نەکەین و ناچاریش بین خەرجیشی تێدا بکەین\".

هەر لەو ژمارەیەدا وتارێک لە ژێر ناوی \"بزوتنەوەکان و سپا\" باس لە دامەزراندنی پەیوەندی پتەو لە نێوان حەشیمەتی موسلمانان دەکات و لە درێژەی بابەتەکەی دا دەڵێت: \"بۆ برەودان بە شۆرشی ئیسلامی لە نێوان نەتەوەکاندا دەبێ سیاسەتی دەرەوەری کۆماری ئیسلامی بە روانینێکی تایبەت بروانێتە بزوتنەوەکان\" هەر لە درێژەی ئەو بابەتەدا هاتووە: \"سپای پاسدارانی شۆرشی ئیسلامی چەند بەرپرسایەتییەکی لە بەرانبەر بزوتنەوە رزگاریخوازەکان لە ئەستۆیە لەو بوارەدا چەند هەنگاوێکی هەڵێناوتەوە\".

ئەو وتووێژە و ئەو وتارە پاش ئەوە کراوە کە \"یەکەی بزوتنەوەی رزگارکەری سپا\" هەڵوەشاوتەوە.

دووحەتوونامەی \"پیام انقلاب\" سەر بە سپای پاسداران بوو. ئەو دووحەوتوونامەیە لە چەند ژمارەی دواتری دا وتارێکی لە ژێر ناوی \"شکستی سەدام، شکستی ئیمپریالیزم بە دامەزراندنی سپای قودس\" بڵاوکردەوە و لەو وتارەدا باس لە دامەزرانی سپای قودس دەکا، کە ئەرکی هەناردەکردنی شۆرشی ئیسلامی بۆ دەرەوەی ئێران بوو.

لە مانگی سەرماوەزی ساڵی ١٣٦٠دا هاشمی رەفسنجانی کە لەو کاتەدا سەرۆکی پارلمانی کۆماری ئیسلامی بوو لە نوێژی جومعەی تاراندا دەلێت:\"وا باشە وڵاتانی ئیسلامی هەموویان گەمارۆیەکی نەوتی بخەنە سەر ئیسرائیل و پاشان هەر کامەی لەشکرێک بێنێت و ئەو لەشکرانە کۆکرێنەوە و رێکبخرێن و پاشان بە هەمووان بچین بۆ شەری ئیسرائیل\" ئەو پێشنیارەی رەفسنجانی قەت سەری نەگرت و هیچ وڵاتێک لەگەڵی نەکەوت.

لە سەردەمی شەڕی نێوان عێراق و ئێراندا قەرارگای رەمەزان لە کرماشان ببوو بە یەکێ لەو ناوەندانەی کە بریار بوو شۆرش لەوێوە هەناردە بکرێتە عێراق و هەر ئەوەش وای کردبوو کە زۆربەی بەرهەڵستکارانی ریژیمی بەعس لەوێ کۆببونەوە.
پاش هەڵگیرسانی شەری یەکەمی خەلیج بە پێشنیاری هاشمی رەفسنجانی بۆ ئامادەکاری لە بەرانبەر هەر ئەگەرێکدا باسی بڕەودان بە سپای قودس وەکوو بەشێک لە سپای پاسداران هاتە ئاراوە ئەو لە بیرەوەرییەکانی ساڵی ٧٠دا باسی ئەو بابەتە دەکا.
حەسەنی روحانی سەرکۆماری ئێستای کۆماری ئیسلامی لە ٤ژانوییەی ٢٠١٥دا و لە یەکەم کۆنفرانسی ئابووری ئیراندا دەلێت: \"سالیانی ساڵە ئابووری ئەم وڵاتە باج دەدا بە سیاسەتی دەرەوە و نێوخۆی ئێران دەبێ بریارێک بدەین و ئەو پیتاکە لە سیاسەت بستێنینەوە و ئەو جار سیاسەت باج بدا بە ئابووری، با دە سالیش وابێت بزانین چۆن دەبێ؟\"

لە ڕاستییدا ئەوەی کە ئێستا سپای قودس دەیکات بەشێک لە ئێستراتژییەکی گەورەی کۆماری ئیسلامییە کە لە سەرەتای شۆرشی نەتەوەکانی ئێراندا لە چوارچێوەی دروشمی \"هەناردەکردنی شۆرش بۆ دەرەوەی ئێران\" باسی لێکراوە ئامانجش سازکردنی ناوچەیەکی تایبەت بە خۆی بە مەبەستی پاراستنی کۆماری ئیسلامییە و سپای قودس ناوەندی رێکخەری کردەوە چەکدارییەکانی پەیوەندیدار بەو دروشمەوەیە و لەو نێوانەدا هەڵسووکەوتی سوپای قودس وایکردووە ناوەندی دارێژەری گەڵاڵەکان و بەشی دیپلۆماسی دروشمی \"هەناردەکردنی شۆرشی ئیسلامی\" بزر بوون بۆ دیتنەوەی ئەو ناوەندانە دەبێت بەڵگەکانی دادگای \"میکۆنوس\" سەیر بکەین لە دادگای میکۆنوسدا شاهیدی C\"ئەبولقاسمی مسباحی\" باسی \"کومیتەی بابەتی تایبەت\" دەکا؛ مسباحی دەلێ، ئەو کومیتەیە پێکهاتووە لە رێبەری ئێران، سەرکۆمار و وەزیری دەرەوە و وەزیری ئیتلاعات و سەرۆکی سپای پاسداران و ئەو دەلێت، ئەو کومیتەیە بڕیارەکانی لە سەرووی دەستووری ئێرانەوەیە هەر لەو دادگاییەدا زاراوەی \"رێکخراوەی تاوانکار\" بۆ کۆماری ئیسلامی بەکار دەهێندرێت.

ئەگەر ئەو زانیاریانە لە پاڵ یەک دانێین بۆمان ڕوون دەبێتەوە سپای قودس و قاسم سلێمانی سەرۆکی ئەو سپایە نەک لایەنێکی سەرەڕۆی نێو کۆماری ئیسلامی نیین بەڵکوو ئەوان تەنیا بەشی چەکداری لە سیاسەتێکن کە بڕیارەکەی لەلایان رێبەری کۆماری ئیسلامییەوە دەدرێت؛ ڕوونیشە کە پشتیوانی ئەو گروپە چەکدارە بۆ سەرگرتنی چالاکییەکانیان تەنیا توانایی ئابووری ئێران نییە بەڵکوو توانای سیاسی و پێگەی ئایینی ئێران لە ناوچەکەدا پشتگیری سیاسەتی ناوچەی کۆماری ئیسلامی دەکەن و بالی چەکداری ئەو سیاسەتەش لە ئەستۆی سپای قودسە.

ئەم بابەتە روانگەی نووسەرەو ئاژانسی کوردپا لێی بەرپرسیار نییە.