کۆدار، کڵافێکی نادیار

15:03 - 10 خەرمانان 2714
Unknown Author
ئومید تاهێری

بە سەدان ساڵە کورد وەک گەورەترین \"نەتەوەی بێ دەوڵەتی جیهان\" ، بە مەبەستی دەستکێشان لە شوناسی نەتەوەیی و لە لایەن دەسەڵاتەوە جینوساید دەکرێت ، تاڵان دەبێت و بناغەکانی دەکرێتە ئامانج بەڵام هێشتاکە بەردەوامە.هۆکاری سەرەکی ماننەوەی شوناس و کەلتوری ئەم گەلە لە دوای داگیربوونی ، گرینگی و پتەویی پەیوەندیە نەتەوایەتیەکانی بووە کەوا زۆر کات قەیران و کارەسات و تەنانەت براکۆژیەکانیشی لە نێو خۆیدا نۆقم کردووەو خەونی دەوڵەتێکی سەربەخۆ هەزاران جار گڕی بەرداوەتە چیامانیەکانی ئەم کۆمەڵگایە.

بێگۆمان ئامانجی سەرەکی هەر نەتەوەیەکی بندەست مافی چارەی خۆنووسین و ڕزگاری لە کۆیلایەتی نەتەوەییەو رەت کردنەوەی بنەما و هۆکارەکانی بوونی ئێستای ، هەبوونی دوارۆژی دەخاتە مەترسیەوە. 

 بە درێژەی مێژوو ، بزوتنەوە ڕزگاریخوازی کورد بۆ دەستگەیشتن بە کیانی کوردی و ژیانی ئازاد و پێکهاتەی دەولەت تێکۆشاوە ، لەم پێناوەدا بەسەدان هەزار قۆربانی و بە دەیان هەزار ڕۆڵەی شەهید کراوەو بەداخەوە تا ئێستا نەیتوانیوە لە ژێر چەپۆکی شوێنیزمی داگیرکەرڕزگاری بوێت. بەڵام هەلوومەرجی ئێستا جیاوازەو لە دوای خەباتێکی درێژخایەن و بەهۆی ڕووداوەکانی رۆژئاوا و ئەم دواییانەی باشوور هەروەها زۆربوونی ڕاگەیاندن و ئاستی زانیاری کۆمەڵگا ، هەستی نەتەوایەتی کورد بەتەواوی جووڵاتەوە. کۆمەڵگای جیهانی دیانی پێدا دەنێت و ئەگەری دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردی بەم زوانە لەئارادایە. لەم بارودۆخە هەستیارەدا ، ڕەت کردنەوەی بنەمای نەتەوەیی و دەوڵەت ، جگە لە فەرمی ناسینی کۆیلایەتی و ماف دان بە داگیرکاری ، سڕینەوەی هەموو ئەو هێرشانەیە کە بە تاوانی نەتەوە بوون دەکرێتە سەر کورد و ئاهەنگی دژایەتی لەگەل سیستەمی بەڕێوەبەری ئێستای جیهان و پێداویستیەکانی کوردە. لەبەر چاو نەگرتنی کورد وەک نەتەوەیەکی جیاواز و سەربەخۆ ، لەبەر چاونەگرتنی هەموو ئەو جیاوازیانەیە کە نەتەوەکان پێکەوە هێیانە، وڵاتان بڕوایان پێیەتی و لە یاسا نێونەتەوەییەکان دابین کراوە. ئەمە دەستپێکی گەمەیەکی مەترسیدارە کە مێژوو تاوانبار دەکات ، ئێستا بە فیڕۆ ئەدات و داهاتووش دەباتە ناو تارماییەوە.  

لە مانگی گۆڵانی ئەم ساڵ و لە کوێستانەکانی قەندیل ڕێکخراوێکی نوێ بە ناوی کۆمەڵگای دیمۆکراتیک و ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان (کۆدار) دامەزراو بڕوای وایە مۆدێلی دەوڵەت- نەتەوە و رێگەچارەگەلی نەتەوەگەرایانە ، داوێنی قەیران و کێشەکانی تێکۆشانی گەلان و بەتایبەت گەلی کوردی بەرفراوانتر و قووڵتر کردوە و نابێ هێز و توانای كورد بچێته‌خزمه‌ت ئەو بابەتەوە و پیوایە بە پێی ئەزموونی مێژوویی، کورد قۆناغی ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه‌ی تێپەڕاندوە.

کۆدار ئەگەرچی لە لایەن دامەزرێنەرانیەوە وەک سیستەمەکبۆ چارەسەری کێشەی \"نەتەوەی کورد\" لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەناسرێت ، بەڵاملەگەڵ پێگە و پێداویستی کورد وەک نەتەوەیەکلە بندەستی سێ نەتەوەی جیاوازو کوردستان وەک وڵاتێکی پارچەکراو لە نێوان چوار دەوڵەتدا بە گشتیو هەروەها رۆژهەڵاتوەک بەشی دایک و هەرە گرینگی کوردستان، بە تایبەتینایێتەوە.

رۆژهەڵات زۆرتر لە پارچەکانیکە لە ژێر سیاسەتی داگیرکاری و ئاسێمیلەی فارس وەک نەتەوەیەکی شارەزا و خاوەن لوژیک لە داگیرکاریدا بووەولەو بەشەدا کۆمەڵگا تووشی داڕمانی دووبارە لە ناوخۆدا بووە . پرسی کورد لە نێوان بیرۆکەی تاک و بەشێکی بەرچاوی کۆمەڵگا ، لە سەر کوردستان - ئێران ، کوردایەتی - ئێرانچیەتی ، موسڵمانیەتی - کورد بوون و یان کوردی شێعە و کوردی سۆننە ماوەتەوە. هەروەها دەسەڵاتی ئێران وەک زل هێزێکی پاوانخوازی دیکتاتۆری - مەزهەبی بە پێچەوانەی دەوڵەتانی دیکە لە دوای کشانەوەی پێشمەرگە لەناوچەدا خواست و ئیرادەیەکی بۆ چارەسەری کێشەی کورد نیشان نەداوە.  

کۆدار خۆی وەک پێکهاتەیەکی سەربەخۆ ، فرەلایەنی و تایبەت بە رۆژهەڵات دەناسێنێت و پیوایە هەموو جیاوازیەکی لەبەرچاوگرتوە ، بەڵام لە ڕاستیدا شێوەیەک لە تەڤدمی ڕۆژئاوایە کە لە باکوورەو بۆ رۆژهەڵات دابین کراوەو لە درێژەی خەباتی  pjakو گۆڕینی ئیستراتیجی سەرەکیpkkلە ناوچەدا هاتوەتە ئاراوە. کۆدار ئاپۆ بە ڕێبەری دەزانێت و لە ڕێبازی چالاکی و سیاسەتدا لە ئاپۆییزم پەیڕەویی دەکات. هەروەها دەستەی سەرۆکایەتی کۆدار هاوشێوەی پەکەکە لە  ١٩ كه‌س پێکدێت، کۆنگرەی کۆدار بە بەشداری ئەندامانی پژاک بەڕێوە دەچێت و هاوسەرۆکایەتی کۆدار لە نێوان ئەندامان و سەرۆکانی پێشووی ئەو حیزبە هەڵبژردران. بۆیە ئەگەر نەڵێین کەpjakوpydوbdpوpcdkباڵە کرداریەکانیpkkلە چوارپارچەی کوردستانن ، بێ گۆمان نوێنەرانی سیاسەت و ڕەوتێکن کەpkkڕێبەرایەتی دەکات.

پارتی کرێکارانی کوردستان لەگەڵ ئەوەی کە لە سەربنەمای چەپی کرێکاری و بیرۆکەی مارکسیزم دامەزرا ، نرخ و بایەخی زۆری بە بۆنی نەتەوایەتی ئەداو لە پێناو پێکهاتنی کوردستانی گەورەو دەوڵەت-نەتەوەی سەربەخۆ تێدەکۆشی. پێگەی جەماوەری باشی بەدەست هێنا و توانی لە دوای شۆڕشی شێخ سەعید و کۆماری ئاڕارات ، شوناسی مردووی ژێردەستی شوینیزمی تورک تا ڕادەیەک زیندوو کاتەوە . بەڵام چۆنیەتی بڕیاردان و دارژاندنی سیاسەتەکانی پەکەکە بە تەواوی لە سەر تێفکرین و بیرۆکەی ئاپۆ هەڵدەسووڕا ، بۆیە دەکرێت ماوەی سێ دەیە خەبات و تێکۆشانیpkkلە بواری نەتەوەییدا وەکوو دوو نیوە چاو لێ کەین :
- نیوەی یەکەمی (دامەزران تاکوو دەستبەسەر بوونی ڕێبەرێکی کاریزما) ،کە بە هۆی ڕێکخستنی چرووپڕی سازمانی، تێگەیشتن لە پێداویستیە شوێنی و کاتیەکان ، ئابووریەکی باش و نەبوونی تەڤگەری کوردی لە باکوور و ناوچەکەدا توانیی وەکوو حیزبێکی ڕۆڵگێر و چارەنووسساز خۆی دیاری کات.

- بەڵام لە نیوەی دووهەم و لەدوای دەسبەسەر بوونی ئاپۆ ، پەکەکە تووشی قەیرانبوو. لەم ماوەیەدا بیروڕای ئاپۆ بە تەواوی گۆردراو ئەولەویەتەکانی هەڵوەشاندەوەو زۆربەی تواناو پوتانسیەڵی ئەو حیزبەی بە خۆیەوە خەریک کرد ، ئاڵوگۆڕێکی بنەڕەتی ئایدۆلۆژیک-ئیستراتیجی دەستی پێکرد و دەتوانین وەک دەورەی چاوەڕوانی و یان خۆنوێ کردنەوەش ناوی لێ ببەین.

لە نیوەی دووهەمدا ، بە هۆی ئاڵۆزی دۆخی ئاپۆ و لەگەڵ چرا سەوزی دەوڵەتی تورک ،  pkkگۆرانکاری بەسەرهات و لە زۆربەی ئامانجە پێشووەکانی پاشەکشەی کردو بۆ چارەسەری کێشەی کورد ، ڕەوتی ئاشتی و ڕێکاری دانووستان و ڕێکەوتنی هەڵبژارد. ئەم ڕووداوە بازنەی چالاکیەکانی لە باکوور بچووک دەکردەوەو بۆیە لە هەڵچەرخانێکدا، تواناو هێزی خۆی بۆ گرینگی و بایەخدان بە پارچەکانی دیکە تەرخان کرد. لە ساڵی ٢٠٠٢  pcdkی بۆ باشوور و لە ساڵی ٢٠٠٣دا ، pjakی بۆ رۆژهەڵات وpydی بۆ رۆژئاوا دامەزراند و لەم ماوەدا :
- لە باکوور و لە دوای خەباتێکی درێژخایەن ، ڕوانگەی دەوڵەتی ئەردوغان و سیاسەتەکانی بەرامبەر بە کورد تا ڕادەیەکی بەرچاو گۆڕدراوەو پرسی کورد هاتووەتە ناو بازنەی دەسەڵاتی تورکەوە ، بۆیەpkk  لەسەر خاڵەکانی  ڕزگاری ئاپۆ ، بە فەرمی ناسینی زمانی کوردی ، بەشداری لەدەسەڵات و هەڵبژراندن و بەڕیوەبەرایەتی ناوچەکان لە ژێر دەسەڵاتی ناوەنددا لەگەڵیان بە ڕێکەوتن هات .

بەڵام هێشتا بەڵێنەکانی دەسەڵات بە شێوازی کرداری دەرنەهاتووە کە بۆ دەستپێشخەری هێزەکانی لە باکوور کشانەوە (زۆربەیانی لە رۆژئاوا جێگیر کرد). ئاپۆ لە زیندانەوە نارەزایی خۆی بە بۆنەی خۆپیشاندانی ئەم دواییانەی گەلی کورد لە باکوور ( ئامۆد) دەبڕی و داگرتنی ئاڵای تورکیەو ناڕەزایی دەربڕینی لاوانی بە بەربەست لە بەرامبەر پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا زانی و داوای کۆتایی هاتن بەو کۆبوونەوانەی کرد .

- لە رۆژهەڵات ، pjakڕێگای ٣ دەیەیی حیزبی دایکی لە یەک دەیەداو لە هەلوومەرجێکی بچووکتر بەڕێوە برد و  ئەم حیزبەش وەک تەنیا لایەنەک کە دەستی  لە شەری چەکداری نەکێشابوویەوە لە دوای شەڕی ساڵی ٢٠١١ لەگەڵ سوپای ئێران و بە پێی ئاگربەست و  ڕێکەوتنێک وازی لە خەباتی چەکداری هێناو ماوەیەک لە بێدەنگیدا بوو. بەڵام لە دوای دوایین هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری ، لەسەر بڕیاری ئاپۆ نامەیەکیان ئاراستەی رۆحانی کردو ئامدەیی خۆیان بۆ پێداچوونەوە سەبارەت بە سیاسەتەکانیان لە ڕۆژهەڵات دەربڕی.  ئەگەرچی وتەکانی رۆحانی و تەنانەت دروست بوونی لێژنەی کەمینە قەومی و مەزهەبیەکان تا ئێستا بۆ کورد بێجگە لە گۆشار ،گرتن و کۆشتن چیدیکەی نەبووەو لانیکەم بەڕێوەبەرایەتی پارێزگاو دەسەلاتی ناوچەییش بە هاووڵاتیانی کورد نەدرا.

 ئێستاش کە کۆدار داوای خۆبەڕێوەبەری لە ژێر دەسەڵات و چوارچێوەی سنووری ئێران و وتووبێژ و دانووستان لەگەل کۆماری ئیسلامی دەکات ، بەرپرسی لێژنەی باڵای ئەمنیەتی مەجلیس ، تێڕوانینی ئێرانی سەبارەت بە کورد ڕوون کردەوە و رایگەیاند پژاك به‌گۆڕینی ناو و سیما ناتوانێ داوای بەش بكات و گرووپێكی تیرۆریستیه‌کە ده‌بێ ئه‌ندامانی دادگایی بكرێن.

-  لە ڕۆژئاوا  و بە دوای کشانەوەی سوپای سوریا ، کورد (pyd) توانی بە بێ شەڕ و قڕەی قۆرس زۆربەی ناوچە کوردنشینەکان ڕزگار بکات و بە قارەمانی و شۆڕشگێڕی شەڕڤانانی لە بەرامبەر تیرۆریستان بیپارێزێت، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا نەیتوانیوە دەسەڵاتێکی ناوەندی و پتەو لەو بەشە دابین بکات و یان سیاسەتی دەرەکی و پەیوەندیە ئابووری و نێونەتەویەکانی بە باشی پەرە پێدات و لە هەندێک ناوچە کوردیەکان هەڵبژراندنی سەرۆک کۆماری سوریا بەڕێوە دەچێت.

بێگۆمان ڕووداوەکانی عێراق و دەستپێکی شەڕی شێعەو سۆننەو کۆبوونەوەی هێزە ئیسلامیەکان لە ناوچەدا ، مەودای ڕووخانی بەشار ئەسەد دەخاتە قۆناغێکی نادیارەو ئەگەری زۆرە دەسەڵاتی ناوەند یان ئیسلامیەکان لە دوای بەهێز بوونیان ڕوو لە ناوچە کوردیەکان بکەن و  لە ئەگەری ڕوودانی هەرکام لەم دوو پێشهاتە ، چارەنووسی رۆژئاوا نادیارە.

- لە باشووریش ئەگەرچی تێکهەڵچوونەکانی ئەم دواییانە لەگەڵ داعش دەسەڵاتی تووشی قەیران کردوەبەڵام ڕادەی نفووس و کاریگەریpcdk  لاوازە و کوردی ئەو بەشە توانیویە ئەرکە نەتەوەییەکانی تا ڕادەیەک بباتە پێش و جگە لە ڕخنەکانی شێوازی بەڕێوەبردن ، لە ئێستادا باروودۆخی لە پارچەکانی دیکە باشترو بە سەربەخۆیی نزیکترە.

لە درێژەدا:

کۆدار خۆی وەک سیسته‌مێکى کۆنفێدڕالی دیمۆکراتیک و کۆمه‌ڵایه‌تی له‌سه‌ر بنه‌ماى \"مافى دیارى کردنى چاره‌نووسى نه‌ته‌وه‌کان\"  پێناسە دەکات و بایەخی زۆر بە \"دیموکراسی\" و \"ئازادى ژن\" دەدات . مۆدێلی دەوڵەت- نەتەوەیە بە ناکارئامەو \"ده‌وڵه‌ت- نه‌ته‌وه‌\" و \"نه‌ته‌وه‌گەرایی\" بە ئاسته‌نگ له‌به‌رامبه‌ر هاتنه‌دى \"دیموکراسى و ئازادى\"  دەزانێت و بە وتەی ئەمیر کەریمی (ئەندامی سەرۆکایەتی کۆدار)، \" ئەگەر ئێران بە دەست نەتەوەکانەوە بدرێت ، مەترسی باڵکانیزە بوون بەسەریەوە هێیە و لەوانەیە وەک یووگوسلاوی لێ بێت \". لە ڕوانگەی کۆدارەوە ، دەوڵەت- نەتەوە بە دروستکردنی کۆمەڵگایەکی یەکدەست دووژمنی هەموو ئەو رەنگ و جیاوازیانەیە کە لە نێو کۆمەڵگادا بوونیان هەیەو پیوایە سیستەمی کۆنفێدڕاڵیزمی دیمۆکراتیک بە هۆی یەکانگیر بوونی لەگەڵ زاتی پڕ لە رەنگاوڕەنگی کۆمەڵگا باشترین ئاڵترناتیڤ بۆ مودێلی دەوڵەتە.

سەرەتا ئاماژە بکەین ماناکانی مافی چارەی خۆنووسین ، دیموکراسی ، مافی مرۆڤ و شارومەندی بەرهەمی دەوڵەت - نەتەوەکانی مودیرنەو لە پروسەیەکی مێژوویی و بە بۆنەی (هاوکاری و تەعامولی) تاک و کۆمەڵگا پێکهاتووە و بە ئەهوەنی و بەردەوام پێشکەوتوویی بە خۆیەوە بینیوە. هەر وەها کۆمەڵگای جیهانی و ئاستی تێگەیشتنی تاکەکان لە ئەمڕۆدا ، بڕوای بە ماف و ئازادی یەکسان  بۆ هەموو مرۆڤەکانە و جێگەی جۆرسالاری نە بۆ پیاو و نە بۆ ژن ناهێڵێتەوە. لە پرەنسیپ و خاڵەکانی گرێبەستی کۆمەڵایەتی کۆداردا بەردەوام بە جێگەی یەکسانی ژن و پیاو ، باس لە ئازادی ژن دەکات و ئەم تێڕوانینە لەوانەیە هەنگاوێک بەرەو دوا چوون بێت. 

لە لایەکی دیکەوە لە ئەگەری دیاری بوونی مافی چارەی خۆ نووسین و دەنگی زۆرینە لەوانەیە کە کورد بیهەوێت دەولەت-نەتەوەیێکی یەکدەست و سەربەخۆ ڕابگەیێنێت و ئەمە بە واتای پابەندی بە دەستووری نێونەتەوەییە، کە بەداخەوە لەگەڵ بنەماکانی ئەم سیستەمە نایێتەوە. بە نەتەوە بوون لەسەر بنەماکانی زمان ،مێژوو، رەگەز، کەلتور ، نەریت و جوگرافیا و مەنافیعی هاوبەش ، لەبەرچاوگرتنی یەکێ لە سەرەکی ترین جیاوازیەکانە وا بوونی هێیەو وەک ماف دابین کراوە.

هەروەها لەم ڕوانگەوە هێڵی نێوان دەوڵەتانی دیموکرات و دیکتاتور لە بەرچاو نەگیراوە. لە سەردەمی دەولەت-شارەکانەوە بە شێوازێکی دیکە و لە دوای رۆنسانس و پێکهاتنی دەولەت -نەتەوەی مۆدرن بە جۆرێکی کە ، دەوڵەت کەرەسەیەک بۆ جێبەجێ کردنی پێداویستی و پاراستن و پەروەردەی کۆمەڵگا بووە و بەردەوام چاکسازی بە خۆیەوە بینیوە.ئەو سیستەمە پاوشاییەی پێشوو لەدوای گۆڕانکاری و ئالووگۆڕێکی بنەڕەتی لە وڵاتانی دمۆکراتیکدا جێگەی بە دەسەڵات و هێزی زۆرینەی دەنگ داوەو بەرپرسانی خزمەتکار و لێهاتوو  لە لایەن خەڵک و بۆ ماوەیەکی دیاریکراو هەڵدەبژرێن . هەروەها لە زۆربەی وڵاتانی پێشکەوتوو مافی هەموو ڕەنگ و جیاوازیەکان و تەنانەت تاکەکانیش تا ڕادەیەکی بەرچاو پارێزراوە.

دەوڵەت هێزی یەکەمە بۆ بەربەرەکانێ لەگەڵ دەستێوەردان و تەخریبی گرووپە ئایینی و باوڕیەکان و بەرزکردنەوەی ڕادەی زانیاری کۆمەڵگا.

بە تێڕوانینێکی دروست دەتوانین بڵێین کێشەی سەرەکی ئەمڕۆی کۆمەڵگای جیهانی دوو قەیرانە :

- کە یەکیان پەیوەندی لەگەڵ دەوڵەت-نەتەوەدایەو ئەویش بە واتای بوونی دەوڵەت نییە ، بەڵکوو بوونی دەوڵەتانی نادیموکرات و داگیرکەر یان نەبوونی دەوڵەت بۆ هەندێ لە نەتەوەکانە. بە تایبەت ئەم پەتا لە رۆژهەڵاتی ناەراست لەبەرچاوترەو نەبوونی شۆناس و سنووری ڕاستەقینە لە ناوچەدا سەرەکی ترین هۆکاری ئاڵۆزی و ناکۆکی بووە. 

- قەیرانی دووهەم بیرۆکەی ئایینی و ئاوێتە بوونی بە دەسەڵات و سیاسەتە ، هەروەها بوونی هەندێ لایەنەکە لەسەر بنەمای پاوانخوازی دینیی-باوڕی ، دژی دیموکراسی تێکۆشان و دەستێوەردان دەکەن. بەداخەوە لەم ناوچەدا تێڕوانینی دینیی و مەزهەبی لە ناخ و دەروونی تاکەکان زۆقمی بەستووەو ئایین زۆرترین کاریگەری لەسەر ئاستی دەوڵەتان هەیە. پێویست بە ئاماژە ناکات کە لە ئەگەری تێکڵاو بوونی ئایین بە دەسەڵاتەوە چ کارەساتێک دەخۆلقێت یان تا چ ڕادەیەک بنەماکانی دیموکراسی و بەها مرۆڤیەکان دەکەونە مەترسیەوە. جێگەی ئاماژەیە لەم هەلوومەرجەدا پەکەکەی چەپگەرا لە ئامەد کۆنگرەی ئیسلامی دیمۆکراتیک بەڕێوە دەبات و لە کۆداردا لێژنەی تایبەتی ئایینی-باوەڕی پێک دەهێنێت تاکوو دژی بیرۆکەی دەوڵەت- نەتەوەگەرا  تێکۆشان بکات ( بەشی ٤ - گۆڕەپانی کۆمەڵایەتی - ژمارەی ٥).

ڕاگەیاندنی دامەزراندن و گرێبەستی کۆمەڵایەتی کۆدار ئەگەرچی جاڕنامەکانی مافی مرۆڤ پەسەند دەکات و بە بنەمایان وەردەگرێت (خاڵی هەشتم-ژمارەی ٢) بەڵام لە زۆر شوێندا لەگەڵ بنەماکانی مافی مرۆڤ ، دیموکراسی و تەنانەت خاڵەکانی دیکەی خۆی دژایەتی دەکات کە لە هەندێکیان ورد دەبینەوە.

سەرەتا بۆ لێکۆڵینەوە دەبێ چەن خاڵی سەرەکی لەبەرچاو بگرین، لە گرێبەستی کۆمەڵایەتی کۆدار دا هاتووە: 

- \" هەموو ئەو کەسانەی کە پرنسیپ و بنەماکانی KODAR پەسەند دەکەن، وەەکوو هاووڵاتی KODAR دێنەژمار\" (خاڵی ٦)  و  \"هاووڵاتییانی KODAR، بە بێ هیچ جیاوازییەک یان ئیمتیازێک لەو مافانەی کە لە پەیماننامەی KODARداهاتوون بەهرەمەندن.\". (خاڵی ٨- ژمارەی ١٧).

کەوابوو لە هەر شوێنێک مافێک مسۆگەر دەبێت تایبەت بە هاووڵاتیانی کۆدارەو ئەوانەی کە بیر و ڕایان جیاوازە وەک هاووڵاتی نایەنە ئەژمار ، ئەم خاڵانە دژایەتی لەگەڵ بنەماکانی جارنامەی مافی مرۆڤە کە ئاماژەی داوە هەموو مرۆڤێک \" مافی هێیە بەرامبەر بە یاسا وەک تاکێک پێناسە بکرێت (بنەمای ٦) و هەموو مرۆڤێک بە شێوازی یەکسان دەبێت لە یاسا بەهرەوەر بێت (بنەمای ٧) .

- بە بێ ڕاپرسی و بەشداری کۆمەڵگا و یەک لایەنە \"بنەما و پرەنسیپی پەیماننامەی KODAR، لە هەموو یاساکان بە بنەما  وەردەگرێت.\" (خاڵی ٨- ژمارەی ١)

و ئەمە دژایەتی لەگەڵ مادەی ١ و ٣ بنەمای ٢١ جارنامەی مافی مرۆڤە کە ڕووونی دەکاتەوە \" هەر مرۆڤێک بۆی هێیە لە چۆنیەتی بەڕێوە بردن و یاسای وڵاتەکەی ڕاستەوخۆ یان بەناردنی نوێنەر بەشدار بێت (مادەی ١) و دەنگ و ڕای گەل بنەمای دەسەڵاتی ناوەندەو ئەم خواستە دەبێ بە پێی هەلبژاردنی ئازاد و دەورەیی دابین بکرێت. ( مادەی ٣) 

لە ژێر سەردێڕی بنەما سەرەکیەکانی سیستەمدا هاتووە :

- سیستەمی کۆنفێدڕالیزمی دیمۆکراتیک کۆمەڵگا بە ناوەندی بڕیاردان دەزانێت. دیمۆکراسی بە شێوەی راستەوخۆ و بە بەشداری هەموو جیاوازییەکان و بە گونجاوترین شێواز بەڕێوەدەچێت (ژمارەی ٣) و سەبارەت بە بابەتی هەستیار کە پەیوەندی بە هەموو کۆمەڵانی کوردستانەوە هەیە رێفراندۆمی سەرانسەری دەکرێت (خاڵی ١١ی کۆدار) . بەڵام بە کردار دەبینین بە بێ هەڵبژراندن و ڕاپرسی لە جەماوەری رۆژهەڵات لەسەر بابەتی هەستیار بڕیار ئەدرێت و ئامانجی زۆربەی تاک و لایەن بۆ گەیشتن بە دەسەڵاتی سیاسی و شوناسی نەتەوەیی ، یەک لایەنە ڕەت دەکرێتەوە. 

- سیستەمێکی دیمۆکراتیک و نا دەوڵەتیە کە لە هەموو چین و توێژ و جیاوازییەکانی کۆمەڵایەتی \"لە سەروی هەمووویانەوە ژنان و جەوانان\"، مەجلیسی هاووڵاتی ئازاد و یەکسان پێکدەهێنن. (ژمارەی ٥) و  هاوکات جەخت دەکاتەوە  \"ناکرێت هیچ کەسێک بە هۆکاری جیاوازی ئەتنیکی، دینی، ئایینی، فەرهەنگی، شۆناسی کۆمەڵایەتی و زایەندی ئیمتیازێکیان پێ بدرێت.\"  (خاڵی ٨ - ژمارەی ٦). پرسیار ئەوەیە چۆن لە سیستەمێکی حقوقی یەکسانیخواز و دیموکراتیکدا هەندێک چین و توێژ ، مافی تایبەتیان دەبێت و ژنان و جوانان لەسەروی چینەکانی دیکەوە پێناسە دەکرن و چ تایبەتمەندی و یان جیاوازیەکیان هەیە کە دەبێت زیاتر لەوانی دیکە دەنگ و ڕەنگیان بێت.

- پەیوەندییەکانی  لەگەڵ دەوڵەتدا لەرێگای فۆرموولاسیۆنی (دەوڵەت+ دیمۆکراسی) رێکدەخات (ژمارەی ٦)، بەڵام بۆ کوردستان کونفدرالیزمی دیموکراتیک ڕەچاو دەکات و  دەسەڵاتی سیاسی و هەرێمی رەت دەکاتەوە ( ئامانج لە خۆبەرێوەبەری دیمۆکراتیک بەشدار بوون لە پێکهاتەی دەوڵەت نییە، بە پێچەوانەوە پێکهێنانی بەرێوەبەری یا ئۆتۆریتەی دیمۆکراتیکی کۆمەڵگایە لەچوارچێوەی سنوورەکانی ئێستای دەوڵەتدا - ژمارەی ٧ بنەمای سەرەکی کۆدار) . کەوابوو دەزگای دەوڵەت و دەسەڵات بۆ وڵاتانی دیکە بە فەرمی دەناسێت بەڵامبۆ کورد ئەم دیاردە قەدەغە دەکات و پێی بڤەیە.

- کۆنفێدڕالیسمی دیمۆکراتیک، لەبەرامبەر  دەستێوەردەانی هێزە پاوانخوازە ناوخۆییەکان و هێرشی چینی دەسەڵاتخوازی ناوکۆمەڵگا، خاوەنی هێزی پاراستی زاتییە(ژمارەی ١١) و ئەمە بە واتای ماف دانان بۆ سەرکۆت کردنی ئەو بەشەی کۆمەڵگایە کە  لە ئەگەری زۆرینە بوونیان ، ئەشێ بە شێوازێکی دیموکراتیک کێشەیان چارەسەر بکرێت و لەگەڵ ئەم خاڵەش دژایەتی دەکات کە  \"هێچ تاک یان گرووپێک ناتوانێ باوەڕییەکانی خۆی لە رێبازی زەبر و زەنگەوە لە سەر کەسان یان گرووپەکانی دیکە داسەپێنێ. (خاڵی ٨ - ژمارەی ١٠)

- لە خاڵی دوووهەم بەڕێز عەبدۆڵا ئۆجاڵان وەکوو ڕێبەری گەلی کورد دەناسێنێت ، جگە لەوەی مکانیزمی ئەم هەڵبژراندنە دیار نییە، پرسیار ئەوەیە کە جێگەو پێگەی ڕێبەر لەو سیستەمە دیموکراتیکەدا کە هەر چەشنە دەسەڵاتێک رەت دەکاتەوە چییە و چ پێویستیەک بە بوونی کاراکتێری ڕێبەر هەیە.

خاڵی پێنجەم:

KODAR، سەربەخۆیی ئایدۆلۆژیک- رێکخستنی بە بنەما دەگرێت (ژمارەی ١ - خاڵی ٥) ، بەڵام هاوکات، بنەما و پرەنسیپی KODAR، لە هەموو یاساکان بە بنەما وەردەگیردرێت (خاڵی ٨ / ژمارەی ١)

خالی هەشتم:

- \"هەر هاووڵاتی، یان کۆمەڵەیەکی KODAR\"( بە لەبەرچاو گرتنی پێناسەی هاووڵاتی) مافی هەیە بە رێبازەکانی دیمۆکراتیک وەکوو مانگرتن، رێپێوان، و بەرهەڵستکاری مەدەنی مافەکانی خۆی دەستەبەر بکات\" (ژمارەی ٩ ) و ئەمە پێچەوانەی جارنامەی مافی مرۆڤە کە ئەم مافانە بۆ هەموو مرۆڤەکان بە بێ جیاوازی مسۆگەر دەکات. (بەندی ١ مادەی ٢٠)

- \"هەر هاووڵاتی و کۆمەڵگایەکی فەرهەنگی  \"لە سەر بنچینە و پرەنسیپی KODAR \" مافی هاوکاری هەیە لەگەڵ رێکخراوە دیمۆکراتیکەکانی ناونەتەوەیی و رێکخراوەکانی ناوخۆیی\".(ژمارەی ١٤) ئەمە پێچەوانەی بنەمای ١٩ جارنامەی مافی مرۆڤە کە تێدا جەختی کردوە هەموو کەس مافی ئەوەی هێیە \"بە دوور لە دڵەڕاوکەو چوارچیوەی دیاریکراو\" پەیوەندی بوێت و بیر و ڕای خۆی دەربڕێت .

- \"هاووڵاتیبوونێک(تابعیت) کە لە سەرەتای منداڵیەوە دەستیان خستوە ناگۆڕدرێت\" (ژمارەی ١٦). ئەمە لە کاتێکدایە لە بنەمای ١٥ی جارنامەی مافی مرۆڤ بە ئاشکرایی هاتووە \" هیچ تاک و گرووپێک بۆی نییە مافی بوونی تابعیەت لە تاکێک بگرێت و یان پێش بە گۆڕینی تابعیەتی لە مرۆڤێک بگرێت.\" 

- \"جوانان لە مافی بەشداری کردن لە هەموو چالاکییەکان و بەڕێوەبری لە هەموو گۆڕەپانەکانی KODAR بەهرەمەندن\" (ژمارەی ١٨). ئەم ڕەستە وادەگەیێنێ یان ئەوانی دیکە  مافی بەشداری تەواویان نییەو یان جوانان ئیمتیازێکیان پێ دراوە.

خاڵی دەیەم:

- کۆنگرەی \"کۆدار\" بانترین ئۆرگانی بڕیاردانی کۆمەلگای دیمۆکراتیک و ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستانە(ژمارەی ١).

- کۆنگرە؛ هاوسەرۆکیKODAR ، دەستەی سەرۆکایەتی کۆنگرە، زۆربەی شوێنە باڵاکان هەڵدەبژێرێ . کۆنگرە لە سەر کاری گۆرەپانەکان و ئۆرگانەکان نەخشی چاودێری هەیە( ژمارەی ٣). 

- شۆڕای بەڕێوەبەری لەلایەن هاوسەرۆکایەتی بۆ کۆبوونەوەی گشتی پێشنیار دەکرێن و لە لایەن کۆنگرەوە پەسەند یان رەد دەکرێنەوە.  (ژمارەی ١٢)

- شۆڕای بەڕێوەبەری ، ئەندامانی دەستەی فەرماندەیی گۆڕەپانی پاراستنی رەوا پەسەند دەکات. ئەوانن کە بڕیاری شەڕ و ئاشتی ئەدەن و هێزەکانی پاراستنیش لە ژێر چاودێری کۆداردا کۆدەبنەوە ( د / هێزەکانی پاراستنی ڕەوا).

- ریزی پاڵێوراوەکانی \"دەزگای باڵای هەڵبژاردن\" لە لایەن دەستەی سەرۆکایەتی کۆنگرەوە پێشکەش دەکرێن و لە لایەن کۆبوونەوەی کۆدارەوە پەسەند دەکردرێن. ئەوان بەڕێوەبەری و پێشخستنی رفراندۆم و هەڵبژاردن لە ئەستۆ دەگرن و بریاری  دەزگای باڵای هەڵبژاردن ، بڕیاری کۆتاییە ( خاڵی ١١/ دەزگای باڵای هەڵبژراندن).

هەروەها هەموو ڕێکخراوەکان لە بەرامبەر پرەنسیپی کۆدار بەرپرسن و بە مەرجی پابەندی بە پەیماننامە بەشدار دەبن. بە لەبەر چاوگرتنی ئەم خاڵانە، لەم مۆدێلەدا ئەگەرچی کۆدار پێکهاتەی دەوڵەت رەت دەکاتەوە بەڵام خۆی  جێگەی دەولەت دەگرێتەوە ، ڕێکخراوەکانی وەکوو ئۆرگانهایەک بۆ بەڕێوە بەری  و گرێبەستەکەش وەک یاسای بنەڕەتی دەناسێنێت.
  
مادەی دوازدهەم:

- ڕادەی بەشداری لە هەڵبژاردنەکان بە \"پێی رەگەز\" 40 لەسەدە (ژمارەی ١)،ئەمە جگە لەوە لەگەڵ ماناکانی مافی مرۆڤ و یەکسانی کێشەی هەیە، لەگەڵ بنەما و ڕێساکانی دیمۆکراتیکی سیستەمەکەدا نایەتەوە کە ئاماژە دەکات ، \"لە هەموو گۆڕەپانەکانی چالاکیدا بەشداری هاوسانی و بەرابەری ژن و پیاو بە بنچینە وەر دەگرێ (خاڵی ٢٩ ، ژمارەی ٤).

خاڵی یازدەهەم :

- ئەگەر بڕیارەکانی هەرێمی و کۆمەڵگاکان دژی پرەنسیپ و ئامانجەکانی پەیڕەوی ناوخۆی کۆدار بن، دەزگاکانی باڵای بڕیاردانی گەل، خاوەنی بەکار بردنی مافی وێتۆن.(١١- دەزگای باڵای هەڵبژاردن)

بێگۆمان یەکێک لە سەرەکی ترین ڕخنەکان کە بەڕێوەبەری کۆمەڵگای جیهانی و نیزامی سەرمایەداری ئەمڕۆدا مافی وتۆیەو ئەم ڕەستەیە بەتەواوی لەگەڵ ناوەڕۆکی ئەم گرێبەستە نایەتەوە . وێتۆ ماف و ئێمتیازێکە کە بۆ هێز و دەسەڵات و کۆمەڵێکی تایبەت دیاری دەکرێت . هەروەها لە کاتی ناکۆکی و ململانە یان پێشێلکردنی مافەکان ، ڕەوایی دان بە دژایەتی لەگەڵ دەنگ و ڕای زۆرینەی کۆمەڵگایە.

گۆرەپانی ئایدۆلۆژیک

- لە سیاسەتی چاپەمەنی و راگەیاندنیدا پارادایمی کۆمەڵگای ئیکۆلۆژی- دیمۆکراتیک لە سەر بنەمای ئازادی ژن بە بنەما وەردەگریت و بە مەبەستی  تێپەڕبوون لە \"دەسەڵاتخوازی\" تێکۆشان دەکات. (لێژنەی چاپەمەنی – راگەیاندنەکان - ٣) بە دابین کردنی چوارچێوە و دیاری کردنی گۆڕەپانی چالاکی ، سەربەخۆیی و ئازادی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی لەم سیستەمەدا دەکەوێتە قۆناغێکی نادیارەوەو بە کرداری واتای نامێنێت.

کژار

- KJAR بە شێوەی \"سەربەخۆ و تایبەتبەخۆ\"، لە ناوەندی لێژنەکان و ئۆرگانەکانی بنەڕەتیKODAR دا جێگە دەگرێت و خۆی بەڕێکخستن دەکات. بەڵام ئەندامانی KJAR هەم لە بەرامبەر ئۆرگانەکانی خۆی بەرپرسیارن، هەمیش لە بەرامبەر رێکخراوە و دەزگاکان وسیستەمی   KODAR (خاڵی ١٨)  کەوابوو سەربەخۆیی ئەم ڕێکخراوەیە مانای نامێنێت. 

هەروەها لە دونیای ئەمرۆدا کات زۆر گرینگەو لەم سیستەمەدا ، تاکی کۆمەڵگا دەبێ زۆربەی ژیانی خۆی بۆ کۆمەڵگا تەرخان بکات و بەو هەموو ئەرک و بەرپرسیارەتی ئۆرگانی - سیستەمیەوە ، ناتوانێت کاتی پێویست بۆ ژیانی خۆی تەرخان بکات و هەروەها ئەم هەموو ناوەندە بێگۆمان برۆکراسی ئیداری بەدوای خۆیدا دێنێت. 

خاڵی بیستەم:

- پارتە سیاسییەکان بەشێوازێکی ئازادانە دادەمەزرێن و KODAR سەبارەت بە سیاسەتەکانیان بە هیچ شێوازێک بەرپرسیار نییە ( ژمارەی ١) و هێچ کەرت یان کەسێک، مافی دەستێوەردان یان دروست کردنی ئاستەنگی لە کارو باری یەکتریان نییە و ناتوانن دەرەوەی کەرتی خۆیان سەبارەت بە دەزگاکان و کەرتەکانی دیکە \"بەخشنامە\" دەرخەن (ژمارەی ٩).

بەڵام لە لایەکی دیکەوە:

- دەبێت پارتەکان هەموو یاسا و رێساکانی خۆیان بە شێوازێکی روون و ئاشکرا پێشکەشی گەل بکەن (ژمارەی ٢) و  لە ئەگەری ئەوەدا کە یاسایەک یان رێزکنامەیەکی پەسەندکراو لە لایەن کەرت یان رێکخراوێکەوە لە گەڵ پەیماننامەی KODAR دژبەری هەبێت، رەوایی جێبەجێ کردنی نییە (خاڵی ٢٩ - ژمارەی ١٠) و هەموو کەرتەکان، دەزگاکان و ئۆرگانەکان لە رێگای مکانیسمی راپۆرت نووسین و بەخشنامەوە لەناو یەکێتی و هاوئاهەنگی دا دەبن. (خاڵی ٢٩ - ژمارەی ١١).

لێرەدا هەم بە ڕوونی سەبارەت بە کەرتی دیکە بەخشنامە دەردەکات و هەم ڕادەی ئازادی سیاسەتی پارتە سیاسیەکان تا ئاستی دژایەتی نەکردن لەگەڵ کۆدار دیاری دەکات. 

ئابووری - سیاسەتە دەرەکی

لە ڕاستیدا چۆنیەتی دارژاندن و بەڕێوە بردن و پەیوەوندی  لە دوو بابەتی گرینگی سیاسەتی دەرەکی و ئابووری لە سیستەم و ئایدۆلۆژی ئاپۆدا ناڕوونەو ئەزموونی رۆژئاوا و هەڵسەنگاندنی لەگەڵ باشوور ، ناکارئامەیی ئەم ڕوانگەیە پیشان ئەدات. بەداخەوە لێرەشدا ئەم دوو بابەتە گرینگە بە جوانی شی نەکراتەوە.

- لە کاتێکدا کاروباری دەرەوەی هەر وڵاتیک لە سەر بنەماو لەپێناو دەسکەوتەکانی نەتەوەیی و بەرژەوەندی گەلدا تێکۆشان دەکات و دەبێ پارێزەری لە مافی نەتەوەیی بکات ، لێژنەی کاروباری دەرەوەی کۆدار ، \"لە پێناو سیاسەتەکانیKODAR \" خەباتی دیپلۆماتیک ئەنجام ئەدات(گۆرەپانی سیاسی - ژمارەی ٣).

 هەروەها

لە ئەمڕۆدا ئابووری وڵاتان لەسەر قازانج و بەرژەوەندی نەتەوەیی و بەرامبەر پێک دێت و گەشە دەسێنێت و سەرەکی ترین هۆکاری هاوردەی سەرمایەی دەرەکی و ناوەکی دەستگەیشتن بە قازانجی بەرامبەرە. بە واتایەکی دیکە دژایەتی لەگەڵ ئەو ڕاستیە، تەنیا پەراوێزی ئابووری بەدوای خۆیدا دێنێت و :
- کۆدار بازەرگانییەک کە لەسەر بنەمای وەدەست خستنی سوود و سەرمایە دامەزرابێت، پەسەند ناکات ( خاڵی ٢٤- ژمارەی ٥)

- لەگەڵ \"ئابووری دەوڵەتی\" و کەرتی تایبەتی وابەستە بە دەوڵەت، هەروەها ئابوورییەکی کە تەنیا بە شوێن قازانجدا دەسووڕێتەوە دژایەتی دەکات (خاڵی ٢٤ - ژمارەی٢) بەڵام، لە ئەگەری رێزدانانی دەوڵەت بۆ خۆبەڕێوەبەری ئابووری دەتوانێ لەگەڵ دەزگا \"ئابوورییەکانی دەوڵەت\" لە سەر بنەمای پرەنسیپی کۆمەڵگای دیمۆکراتیک رێکبکەوێت.(خاڵی ٢٤ - ژمارەی ٣) 

سیستەمی دادوەری:

لە هەموو وڵاتانی دیمۆکرات و پێشکەوتوو ناوەندی داد باڵاترین ناوەندی بڕیاردانە و ڕێکخراوێکی تەواو سەربەخۆ و جیاوازە و بەواتای ڕاستەقینەو یەکسان لە بەرامبەر ناکۆکیەکانی تاک و کۆمەڵگا ئەرکدارە. بە پێی جارنامەی مافی مرۆڤ ، \"هەر مرۆڤێک بۆی هێیە لە مەحکەمەی شیاوی \"نەتەوەیی\" کەڵک وەرگرێت (بنەمای ٨ ) و هەر مرۆفێک بۆی هێیە بە شێوازی یەکسان لە مافی دادوەری \"بێ لایەن\" و \"سەربەخۆ\" بەهرەوەر بێت (بنەمای ١٠) بەڵام :
- دیوانی دادی کۆدار ئەگەرچی ، \"ناوەندی بڕیارداین نییە\" بەڵام سەبارەت بەو سکاڵایانەی کە پێویستیان بە چارەسەری کرداری هەیە دەتوانێ \"بڕیار\" دەربکات(!). دیوانی داد، \"مژاری دادوەری\" خۆی بە پێی پرەنسیپی کۆدار بەڕێوەدەبات. \"ئەرکدارە\" لە چوارچێوەی خەباتی و چالاکی خۆیدا لە \"پرەنسیپ و بنەماکانی KODAR\" پارێزوانی بکات و بۆ جێبەجێبوونی دروستی \"پەیماننامەی KODAR \" بەسەر هەموو رێکخراو و بەشەکاندا چاوەدێری بکات . ئەندامانی دیوانی داد لەلایەن کۆنگرەی KODARەوە هەڵدەبژێردرێن و لە بەرامبەر پەیماننامەیKODAR بەرپرسیارن( خاڵی ٢٥).  

- دیوانی باڵای داد لە ئەگەری بوونی سکاڵا سەبارەت بە بڕیاری دیوانی دادی هەرێمەکان و گۆڕەپانەکانی KODAR، ناوەندی بڕیاردەری کۆتاییە. دیوانی باڵای داد بە پێی پەیماننامەی کۆمەڵایەتی کۆدار کار دەکات. (خاڵی ٢٦)

بڕیارەکانی پەیوەندیدار بە جەنگ و ئاشتیەوە:

- لە ئەگەری هەبوونی هێرشی لەشکەری لە سەر کۆدار، چەوساندنەوەی سیاسی کوردستان، تیرۆری ئابووری کۆمەڵگا و هێرشی سەر دەزگاکانی خۆبەڕێوەبەری ئابووری و قڕکردنی فەرهەنگی و جەستەیی، مافی کەڵک وەرگرتن لە پارستنی رەوا حاشا هەڵنەگرە(خاڵی ٢٨ - ئا) و بە هەموو هێزی خۆی لە بەرانبەر سیاسەتەکانی نکۆڵی و قڕکردنی فەرهەنگی و جەستەیی لە لایەن هەر چەشنە دەسەڵاتدارییەک، بەرپرسیاری پاراستنی ئازادییەکان و مافی دیمۆکراتیکی گەلانی کوردستانە(گۆڕەپانی پاراستنی رەوا) و هێزەکانی پاراستنی رەوا، لە بەرامبەر هەموو کاروباری ئەمنییەتی گیانی و مادی کۆمەڵگا بەرپرسیارە. 

ئەمە لە کاتێکدایە ئێستا لە رۆژهەڵات بە هەموو جۆرێک سیاسەتی قڕکردن و زەخت و گۆشار لە سەر کورد بەکار دێتو دەچەوسێتەوە بەڵام بەداخەوە هێزەکانی پاراستنی گەل و گۆرەپانی پاراستنی ڕەوا هیچ چەشنە کاردانەوەیەکیان بەرامبەر بەو هێرشانە نییەو تەنانەت وەک پارچەکانی دیکە خۆپیشاندانێک بۆ ناڕەزایی دەربڕین پێک ناهێنن. لە ڕۆژهەڵات ئەو بەرپرسیایەتیە جێگەی بە بێدەنگی بەرامبەر کردەوەکانی کۆماری ئیسلامی داوە.

بنەما و رێساکانی دیمۆکراتیک:

دەبێ ناوەندی سەرۆکایەتی هەر ڕێکخراوێک توانایبێت کە لە هەلوومەرجی نەخوازراو و گرینگ بە خێرایی بڕیاری کۆتایی دەرکات. بۆیە چ وەک سەرۆکی تاک و چ  وەک شورایەکی ڕێبەرایەتی ئەشێ ژمارەیان تاک بێت بۆ ئەوەی بە پێی دەنگی زۆرینە بڕیار دەربکرێت. لە سیستەمی هاوسەرۆکایەتی ،لە ئەگەری ڕێک نەکەوتنی قسەو بڕیاری ئەم دوو کەسە لە کاتی گرینگ و چارەنووس سازدا ، کێشە پەیدا دەبێت و ڕوون نییە کامیان خاوەن بڕیاری کۆتایین.

-کۆدار سیستەمی هاوسەرۆکایەتی وەکوو بنەمایەک بۆ بەرابەری ( بە لەبەر چاو کردنی جیاوازی) ژن و پیاو پەسەند دەکات.(خاڵی ٢٩ - ژمارەی ٣)

لەوانەیە هاوڕێیانی دامەزرێنەر و نووسەر لە دارشتن و تۆمارکردنی ئەم گرێبەستە کۆمەڵایەتیە لە بواری حقووقی - ناوەڕۆکیەوە و هەڵسەنگاندنی لەگەڵ جاڕنامەی مافی مرۆڤ کاتی پێویستیان تەرخان نەکردبێت. هەروەها بە لەبەرچاو گرتنی ڕوانگەو هەڵوێستی کۆماری ئیسلامی بەرامبەر بە کێشەی کورد و ئەم ڕێکخراوەیە ، پێداگری لەسەر ئەو ڕێکارگەلەی کە باس کراوە بێگۆمان بۆ کورد دەستکەوتی ئەوتۆی نابێت.جێگەی ئاماژەیە پێشهێنانی بابەتی وا بۆ پرسی کورد لەم بارودۆخە هەستیارەدا جگە لە جیایی و دوورخستنەوەی ماڵی کورد چیدیکەی نییەو مەلە کردن بە پێچەوانەی خرۆشی ئەم لافاوەیە. بە هیوای پێداچوونەوەی ئەو ئازیزانە لە سەر دەقی گرێبەستەکەو یەکیەتی و یەکدەنگی گەلی کورد لە هەر چوارپارچەی لێک دابڕاو.