کۆبانێ لەدوو ڕێیانی ژینۆسایدی رەگەزی و خاک، یان بوون بەرەمزی یەکگرتنەوەی نیشتمان و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان!

14:58 - 15 رەزبەر 2714
Unknown Author
سیروان کاوسی

پلانی داگیرکردنی کۆبانێ لەلایەن عەرەبی سوننەی ناوچەکە لەژێر ناوی \'\'داعش\'\'، بە یارمەتیی دارایی چەند وڵاتێکی عەرەب و جەماوەری سوننەی رۆژهەلاتی ناڤین و پشتیوانیی لۆجستیکی و سەربازیی رژێمی تورک، بۆ گەیشتن بەچەند ئامانجێکی هاوبەشە، لەسەروویانەوە خستنی هەردوو نیوچە دەسەلاتدارێتیی کوردە لە باشوور و رۆژاوای کوردستان و کپکردنی بزووتنەوەی رزگاریخوازی و بیری دامەزرانی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستانە لەسێ بەشی نیشتمانەکەی کە بریتییە لەباشوور و باکوور و رۆژئاوای کوردستان.

ئەم جەنگە نابەرامبەرەی کە ماوەی بیست رۆژێکە لە شاری کۆبانێ لەلایەن کچان و کوڕان و پیاوان و ژنانی خۆبەخش و گیانفیدا و قارەمانی گەلەکەمان لەدژی داگیرکەرانی تورک و لایەنەکانی عەرەبی سوننە بەڕێوە دەچێت، بەتەنیا شەڕی پارێزگاریکردن لە شارێک نییە، بەڵکوو دوای داگیرکردن و دەستدرێژی و سووتاندن و سەربڕین و، پاکتاوی رەگەزیی شاری کۆبانێ و دەوروبەری، خاکەکەشی داگیردەکرێ و رێ بەتاکە کوردێک نادرێ جارێکی دی پێ بنێتەوە سەر خاکی نیشتمانەکەی. لەبەر ئەوە ئەم جەنگە چارەنووسسازە وەک هەموو بزاڤ و بەرخۆدانەکانی دیکە لەهەموو بەشەکانی کوردستان، شەڕی رزگاریی خاکی کوردستان و پاراستنی گیان و کەرامەت و ئابڕووی نەتەوەی کوردە لەبەرامبەر هێرشی داگیرکەرانی خوێنڕێژ و دڕندەی عەرەب وتورک کە ئەمڕۆکە بەدەمامکی \'\'داعش\'\' وە لەهەوڵی لەنیوبردنی کورد و داگیرکردنی نیشتمانەکەیدان.

رژێمی \'\'کەمالیست - ئیسلامیست\'\' ی تورکیا کە چەند ساڵێکە تێدەکۆشێ وەک سەردەمی عوسمانی خۆی بە نوێنەر و پشتوپەنای دنیای سوننە بداتە قەلەم، بەسوودوەرگرتن لەئەندامبوونی لە \'\'ناتۆ\'\' و ڕەزامەندیی ئەمریکا و رۆژاوا بۆ لاوازکردنی رژێمەکەی ئەسەد و رێگرتن لەپەرەسەندی بیری شیعەگەرێتیی لەناوچەکە کە لەلایەن ئێرانەوە سەرۆکایەتی دەکرێت، لە پڕچەککردن و پەروەردەی سەربازیی ئەو رێکخراوە سوننانەدا دەوری سەرەکیی بینی کە شەڕی لەنێوبردنی رژێمی ئەسەدیان دەکرد لەسووریا. ئەمەش زەوینەیەکی لەباری بۆ رژێمی تورکیا رەخساند، هێزەکانی ئیسلامیی سوننە کە لەبەرەی شەڕی سووریادا بوون، بەکار بێنی بۆ ئامانجی سیاسی و داگیرکاریی خۆی لەدژی نەتەوەی کورد لەهەردوو بەشی باشوور و رۆژاڤای کوردستان. کاتێ رۆژاوای کوردستان کەوتەدەستی پێ کێ کێ وە، کاربەدەستانی تورک بڕیاری لەشکرکێشییان نەدا، چۆنکە لەباکوور ورۆژاوای کوردستان سوپاکەی لەدوو بەرەدا دەکەوتە شەڕی پێ کێ کێ و، جەماوەری باکوور و رۆژاڤای کوردستانیان لەدژی خۆیان دەورووژاند کە ئاکامەکەی دیار نەدەبوو بەکوێ دەگات، لەلایەکی دیکەشەوە لەئاستی نێونەتەوییدا بەرەوڕووی گوشاری سیاسی و رەخنە و گازندە دەبووەوە، ئەوەبوو وەک تاکە ئاڵتەرناتیڤ و باشترین رێگەچارەی سیاسی و سەربازیی، \'\'داعش\'\'ی بەکارهێنا، کە قورسایی هێرشەکانی بگۆڕی بۆ شەڕی داگیرکردنی خاک و قەلاچۆکردنی نەتەوەی کورد لەهەردوو بەشی باشوور و رۆژاوای کوردستان و، بە پلەی یەکەم هەوڵی لەنێوبردنی ئەو دەسەڵاتە سیاسییە کوردییە بدات کە لەرۆژاڤای کوردستان لەلایەن پێ کێ کێ وە دامەزراوە. خاڵێکی دیکەی هاوپەیمانێتیی ژێربەژێری تورکیا و سعوودی، پەکخستنی ئەو هەوڵانەی ئەمریکا و رۆژاوایە کە بەنیازن دێمۆگرافیای سیاسی ناوچەکە بگۆڕن و، چەند دەولەتێکی تازە لەنێو دڵی ئەو وڵاتانەدا پێکبهێنن کە ئێستاکە سەرچاوەی تێرۆر و کێشە و دژایەتیکردنی رۆژاوان لە ناوچەکە و، بیری بنچینەگریی ئیسلامیی لەنێویاندا پەرەیسەندووە.

وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا تازە بەئاگا هاتووە کە رژێمی تورکیا لەژێر پەردەی هاوپەیمانێتی و ئەندامەتی ناتۆ، لەماوەی ئەم چەند ساڵەدا بەهاوبەشی لەگەڵ رژێمەکانی سعوودیا و ئیمارات چەندە رۆڵی کاریگەریان بینیوە لە بەهێزکردنی رێکخراوی ئیسلامیی داعش کە ئەمڕۆ ببێتە ئەو ئەژدیها دڕندەیە و هەڕەشە لە بەرژەوەندیی هەموو رۆژاوا بکا و، هاووڵاتیانی ئۆروپا و ئەمریکا بگرێ و، وەک بەرخی نێر سەریان ببڕێ و، دیمانە و وێنەی سەریبڕاویان لە تۆڕەکانی سەر ئینتەرنێتدا بڵاوبکاتەوە!

ئەوە بوو جۆبایدن جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە وتارێكدا كە لە زانكۆی هارڤەرد لە ویلایەتی ماساچووسێت پێشکێشیکرد، رایگەیاند: \'\'گەورەترین كێشەی ئێمە لە هاوپەیمانەكانمانەوەیە، توركەكان هاوڕێی بەنرخی ئێمەبوون، هەر بەو شێوەیە ئیماراتییەكان و سعودییەكانیش، بەڵام ئەوان چیان كرد؟ ئەوان تاكە كێشەیان رژێمی بەشار ئەسەد بوو لە سووریا، بۆیە ملیۆنان دۆلار و دەیان هەزار تۆن چەكیان پێشكێش بە هەر هێزێك كرد كە ئامادەبوو دژی ئەسەد بجەنگێت\'\'. بایدن هەروەها گوتی،\" ئەو لایەنانەی پارە و چەكەكانیان وەرگرتووە جەبهەتولنوسرە و قاعیدە بوون، ئەگەر پێتانوایە من زیادەڕۆیی دەكەم ؟ خۆتان سەری ئەنجامەكەی بكەن\".

لەبەرامبەر قسەکانی جۆبایدن دا، ئەردۆگان هاتەدەنگ و، گوتی: \'\'ئەمریکا ناتوانێ ئێمە بە هاوکاریکردنی \'\'داعش\'\' تۆمەتبار بکات!\'\'. دیارە مەبەستی ئەردۆگان ئەوەیە هەردوولامان لە یارمەتیدانی رێکخراوەئیسلامییەکانی دژ بە رژێمی سووریا دەستمان هەبووە، هیچ مەڵێ با منیش هیچ نەڵێم! ئەوەبوو رۆژێک دواتر بایدن داوای لێبوردنی لە ئەردۆگان کرد و، گوتی مەبەستی من ئەوەنەبووە تورکیا هاوکاریی داعشی کردووە!!

بەکورتی: کۆبانێ و دانیشتوانەکەی، خاک و کەلەپوور و مێژووەکەی لەسەر دووڕێیانی مان، یان نەمان دایە. ئەگەرچی پێ کێ کێ هەر لەسەرەتاوە لەڕۆژاوای کوردستان، سیاسەتێکی واینواند کە حیزبوریکخراوەکانی دیکەی ئەو بەشە بەتایبەتی پارت و لایەنگرانی سەر بە پارتی دێمۆکراتی کوردستان بێوەریبکرێن لە بەڕێوەبردنی ئازادانەی چالاکی سیاسی و جەماوەریی، بەڵام قەرەبووی پاوانخوازیی پێ کێ کێ بە لەدەستدانی خاک و جێنۆسایدی گەلی کورد لە رۆژاوا ناکرێتەوە.

بەتایبەتیی پارتی دێمۆکراتی کوردستان کە ئەوڕۆکە خۆی لەقەوارە و ئاستی دەوڵەتی کوردیدا دەبینێ، نابێ بەسیاسەتی تەسکوچەوتی حیزبییەوە بیر لە تۆڵەی سیاسی و لاوازیی پێ کێ کێ و باڵادەستبوونی خۆی لەگۆڕەپانی سیاسی کوردستاندا بکاتەوە. ئەرکی نەتەوەیی ومێژوویی حکوومەتی هەرێمی کوردستان - بەتایبەتیی سەرۆکی هەرێم رێزدار کاک مەسعوود بارزانییە، پەلەبکەن لە گەیاندنی یارمەتی سەربازی و مرۆڤی بە گەریلا و دانیشتوانی شاری کۆبانێ.

نواندنی هەڵوێستێکی وەها لەلایەن سەۆکایەتیی هەرێمەوە، جگە لەبردنەسەری ئاستی رێز وخۆشەویستی و متمانەی تێکڕای جەماوەری کوردستان بەرامبەر سەرۆکایەتییەکەی، هەروەها دەستەبەری سەرکەونتی بزاڤی رزگاریخوازیی کورد و یەکگرتنەوەی نیشتمانی پارچەپارچەکراو و کارەساتلێدراومان دەکات کە سەد ساڵێکە بندەستی خوێنڕێژان و بکوژانی گەورەی مێژووە.

ئەم بابەتە روانگەی نووسەرەکەیەتی و ئاژانسی کوردپا لەمەڕ ناوەرۆکەکەی بەرپرسیار نییە.