کوژرانی لاوێکی تەمەن ٢٠ ساڵ لە شاری شنۆ

21:31 - 2 پووشپەڕ 2713
ئاژانسی کوردپا: لاوێکی تەمەن ٢٠ ساڵ لە گەرەکی \"ئەمیر ئاباد\"ی شاری شنۆ بەدەستی یەکێک لە نزیکانی خۆی بەزەبری چەقۆ و بەشیوەیەکی بێ‌بەزەییانە کوژرا.

سەر لە بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە رێکەوتی ٢ی پووشپەڕ کەسێک بەناوی \"حوسێن، کاویانی\" خێزاندار و باوکی منداڵێکی ساوا، لە ئەنجامی شەڕ و کێشەی بنەماڵەییدا بەدەستی \"مام\"ی خۆی بەناوی \"رەسووڵ\" گیانی لێ ئەستێندرا.

یەکێک لە ماڵپەڕە ناوچەیییەکانی شاری شنۆ لە زاری شایەتحاڵانەوە بڵاوی کردەوە، بکوژەکە پاش کوشتنی برازاکەی خۆی، شوێنی رووداوەکەی بەجێهێشتووە و شاردۆتەوەو هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هۆکاری کوژرانی ئەو لاوە کوردە نەزانراوە.

کۆمەڵناسان لەسەر ئەو باوەڕەن کە هەبوونی توند و تیژی لە وڵاتی ئێران، بەرئەنجامی نەبوونی رێگەی چارەسەریی شیاو بۆ نەهێشتنی و چارەسەر کردنی کێشەی نیوان هاووڵاتییانە کە کێشەی چینایەتی، هەڵاواردنی رەگەزی، داخراوەیی کۆمەڵگە و تەنانەت پیسبوونی ئاوو هەوا لە هۆکارەکانی هاتنە ئارای ئەو جۆرە رووداوانەن.

هەر لەو پەیوەندییەدا جێگری بەرپرسی دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بە هەواڵدەریی \"مێهر\"ی راگەیاندووە، لە ساڵی رابردوودا ٦ ملیۆن پەروەندە و سکاڵا لە دادگاکانی ئێراندا تۆمار کران، کە بەشێوەی نێونجی لەهەر رۆژێکدا ١٦ هەزار پەروەندە گەیشتۆتە دادگاکان.

هەروەها رۆژی رابردوو برپرسی گشتیی دادگاکانی ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا رایگەیاندبوو، لە ساڵی رابردوودا سەرجەم لەو ئوستانەدا ٤٠٠ هەزار پەروەندە، پێراگەیشتنیان بۆ ئەنجام دراوە کە ٥١ هەتا ٥٢%یان لە شۆراکانی حەللی ئیختیلافدا تاوتوێ کراون.