کوردستان/ فرۆشتنی گورچیلە بۆ دابین کردنی بژیوی ژیان

15:05 - 29 جۆزەردان 2713
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییان لە شارەکانی کوردستان بەهۆی بێکاری و هەژارییەوە پەنا بۆ فرۆشتنی گورچیلەکانیان دەبەن.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوەی ١ مانگی رابردوودا رێژەیەکی بەرچاو لە هاووڵاتییانی شاری سنە بەهۆی هەژاری و دەستکورتییەوە بۆ دابین کردنی بژیوی ژیان و پێداویستییەکانی رۆژانەیان روویان لە فرۆشتنی گورچیلەکانیان کردووە.

یەکێک لە هاووڵاتییانی شاری سنە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند: بیکاری و هەژاری بەڕادەیەک لە شاری سنە رووی لە زیادبوون کردووە، کە لەو ماوەیە دا بە دەیان کەس بە بڵاو کردنەوەی نووسراوە و ژمارە تەلەفۆن لە شوێنە گشتییەکان خوازیاری فرۆشتنی گورچیلەکانیانی خۆیان بوون.

ماوەیەک پێش ئێستا \"مستەفا قاسمی\"، بەرپرسی ئەنجومەنی خێرخوازیی پشتیوانی لە نەخۆشییە گورچیلەییەکان لە وتووێژ لەگەڵ رۆژنامەی تاران رایگەیاندبوو، لە ئێران بە شێوەی نێونجی لە بەرامبەر هەر ١ كەسدا كە خوازیاری پێوەندی گورچیلەیە، چوار كەس خوازیاری فرۆشی گورچیلەكانیانن.

ماوەی زیاتر لە ١٠ ساڵە دیاردەی فرۆشتنی گورچیلە لە ئێران رووی لە زیاد بوون كردووە و پسپۆڕانی كۆمەڵایەتی و تەندروستی ئەو دیاردەیە وەک قەیرانی پڕ مەترسیی كۆمەڵایەتی وەسف دەكەن و هۆكارەکەشی بۆ بێكاری، گرانی و خەسارە كۆمەڵایەتییەكانی دیكە دەگەڕێننەوە.
\"13338.jpg\"