کوردستان ببێتە بە دەوڵەت ناتوانێت نەفەس بکێشت ئاو لە ئاشی دوژمن کردنە

21:36 - 10 جۆزەردان 2716
Unknown Author
جەماڵ رەسوڵ دنخه

\"کوندەبۆش وێرانەیەک کە نیشتمانەکەیەتی دەیپەرەستێت\".
هەموو مرۆڤەکان کە لە سەرەتای ژیانەوە تەنانەت لە کەمترین ئاستی تێگەیشتن و پێگەیشتنەوە هەر کات بە دوای ئەوە دابوونە کە لە سەر پێی خۆیان رابوەستن و بە قورس و قایمتر و متمانەبەخشتر درێژە بە ژیان بدەن و ئاسایش و ئەمنییەتی خۆیان دابین بکەن و بپارێزن. باس لە سەر وشە و چەمکی سەربەخۆیی مانایەکی قووڵ و بەربڵاوی هەیە و هەر کام لە زانایانی سیاسی لە زانستی سیاسەت‌دا جۆرێک ئەو چەمکە پێناسە دەکەن.

مانای وشەی سەربەخۆیی لای هەر کەسێک تەنانەت بە شێوەی دەرونیش ئەو مانایە دەدات کە مرۆڤ لە بەند و کوت ئازاد بێت و لە سەر پێی خۆی بێت؛ پەس مانای ڕاستەقینەی سەربەخۆیی ئەوەیە کە نەتەوەیەک بۆ مافی ژیان و چارەنووسی خۆی سەربەخۆ بێت و لە هەر چەشنە دەسەڵاتێکی سەپێندراو لە لایەن تاک یا گرووپ یا نەتەوەیەکی دیکە ئازاد و بە واتایەکی دیکە خۆی جڵەوی ژیانی خۆی لە بواری سیاسی، ئابووری، نیزامی و کۆمەڵایەتی بگرێتە دەستەوە و خۆی سەروەریی لە سەر چارەنووسی خۆیدا هەبێت.

باس لە سەر بەخۆیی بۆ سەردەمی ئێستا ناگەڕێتەوە بەڵکوو فیلسوفان و زانایان و تەنانەت کتێبە پیرۆزەکانیش باسیان لە \"ئازاد\"بوونی مرۆڤیان کردووە و مرۆڤەکانیان بە ئازاد لە سەر چارەنووسی خۆیان و کۆیلەکان دابەش کردووە.

لێرەدا دەردەکەوێت کە نەبوونی ئازادی بەرانبەرە لەگەڵ کۆیلەبوون و ژێردەستەیی؛ واتا سەربەخۆ نەبوون. هەروەها دەبێ ئەوەش بزانین کە ئازادی سۆغات و هاوەردەی ڕۆژئاوا نیە و لە کۆنەوە بەهای مرۆڤ بە ئازادی ئەو بەسراوەتەوە.

بۆ ئێمەی نەتەوەی کورد کە بە درێژایی مێژوو خەبات و تێکۆشانمان بۆ گەیشتن بە ئازادی و لە هەموان گرینگتر بۆ سەربەخۆیی کردووە باسێکی زۆر گرینگە چوونکە باس لە سەربەخۆیی لە یەکەم هەنگاودا ئەوە دەخاتە ڕوو کە من وەک نەتەوەیەک داوای مافی خۆم دەکەم و ئەوەش مافێکی سروشتیە کە هیچ کەس و تەنانەت کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش حاشای لێ ناکات.

باس لێرەدا ئەوەیە نیشتمانی کورد لە ڕەوتێکی مێژوویی‌دا بە چوار بەش دابەشکراوە کە هەموو کەسێک لێی ئاگادارە. لە پەنای ئەوەش‌دا ئەوە نەتەوەی کورد بووه هیچ کات کۆڵی نەداوە و بۆ گەیشتن بە مافی خۆی و لە دەستگرتنی جڵەوی ژیانی خۆی خەباتی کردووە، لەو پێناوەشەدا هەزاران شەهیدی بۆ خاکی خۆی داووە و تەنانەت خودی ڕێبەرانی شۆڕشی کوردیش ئاواتیان ئەوە بووە کوردستان ببێتە بە دەوڵەت و سەریان لەو رێگایەدا داناوە.

ئەگەرچی خەسارناسیی شۆڕشی کورد لە دنیای سیاسەت‌دا ئەوەمان دەخاتە بەرچاو کە هەمیشە \"نەبوونی یەکگرتوویی کورد\" بووەتە لەمپەری سەرەکی بۆ گەیشتن بە ئامانجی هاوبەش و دوژمنانی کوردیش باش لەو خاڵە ئاگادارن و لە هەل‌ومەرجی زۆر هەستیار و چارەنووس‌سازدا کە نەتەوەی کورد ویستووتی کارێکی مێژوویی لە خەباتی خۆیدا بکات وەک پاشنە ئاشیلێک کەڵکی لێوەر گرتووە و لە هەر شێوەیەک بۆ نەزۆک کردنی خەبات و تێکۆشانی سیاسی گەلی کورد کەڵکیان وەرگرتووە.

ئەمڕۆ دوای ١٣ لە ڕووخانی رێژیمی بەعسی عێراق و هاتنە سەرکاری حکوومەتێکی بەناو فێدڕاڵ لە عێراقدا، هەرێمی کوردستانی باشوور، بە تایبەت دوای هێرشی گرووپی داعش بۆ سەر کوردستان و بە تەنیا هێشتنەوەی هەرێمی کوردستان لە لایەن حکوومەتی ناوەندییەوە لە شەڕ دژی تێرۆر، ئەمڕۆ بەرپرسانی باڵای سیاسی هەرێمی کوردستان زیاتر لە هەر کات پێداگری دەکەن لە سەر ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان و لەو پێوەندییەش‌دا چەندین دەوڵەتی ڕۆژئاوایی و درواسێی عەرەبیپشتیوانیان خۆیان لە سەربەخۆیی کوردستان دەربڕیوە وکۆمەڵگای نێودەوڵەتیش دیاریکردنی مافی چارەنووسی بە مافی سروشتیی هەر نەتەوەیەک و یەک لەوانە نەتەوەی کوردی وەسف کردووە.

لەو نێوانەدا ئەوەی کە جێگای سەرنجە و داخه ئەوەیە لە کاتێک‌دا کە هەموو کوردێک ئاواتی بە دەوڵەت‌بوونی کوردستانی هەیە، لەوەها کات و ساتێکدا سەرجەم ڕووناکبیر و نووسەر و سیاسەتەمەدار و حیزب و لایەنە سیاسییەکان بە جۆرێک پرسی سەربەخۆیی دەبنە ژێر پرسیار و ئیستدلال و هۆکاری سیاسی بۆ دێننەوە کە کورد ناتوانێت ببێت بە دەوڵەت و زیانی هەیە کە تەنانەت شۆڕشگێڕانی کوردیش لە کردەوەی خۆیان بۆ ڕزگاریی نەتەوەی کورد دڵسارد دەکاتەوە.

لە سەدوومین ساڵی پەیمانی نگریسی سایکس ـ پیکۆدا باس و شرۆڤەکردنی پرسی سەربەخۆیی کوردستان زیاتر لە هەموو ساتێک‌دا خۆی دەرخەست و نەتەوەی کورد لە کوردستان و وڵاتانی ڕۆژئاواش بە خۆپیشاندان ئەو پەیمانە داسەپاوە و نامەعقووڵەیان هەڵوەشاوە لە قەڵەم دا.

بۆ پرسی سەربەخۆیی کوردستان دیسانەوە ڕێژیمی تێرۆریستی ئێران زیاتر لە هەر لایەنێک دژایەتی خۆیان لەگەڵ بوونی دەوڵەتی کوردی دەربڕیوە و هەموو بەرپرسانی باڵای رێژیمی ئێران لە سیاسی و نیزامی بە توندترین شێوە هەڵوێستی خۆیان دەبڕیوە و لە سەرووی هەموویان عەلی خامنەیی بە ڕاشکاوی باسی لەوە کرد کە بوونی دەوڵەتی کوردی لە ناوچەدا تەحەموول ناکرێت.

دوژمنانی کورد ئەگەرچی هەڵوێستی خۆیان دەبڕیوە بەڵام ڕوونە کە ئێرادە و هێزی خەڵک مەسەلەیەکە کە ناتوانن پێشی پێ بگرن، بەڵام دیسانیش ئەوە هەندێک هێز و لایەنی سیاسی لە کوردستانن کە دەڵێن هەرێمی کوردستان ببێتە بە دەوڵەت ناتوانێت نەفەس بکێشت و لاواز دەبێت و دەیان قسەی دیکە کە جیا لە ئاو لە ئاشی دوژمن کردن هیچ شتێکی دیکە نیە و پاساو هەڵناگرێت.
لەو پێوەندییەدا، ئەگەر کورد ببێتە بە دەوڵەتیش بە هەموو لاوازییەکانییەوە باشترە لەوەیکە زوڵمی رێژیمەکان قەبووڵ بکات. بۆ هەموو کەس ئاشکرایە چەندین دەوڵەت لە جیهاندا هەیە کە ناویان تەنیا دەوڵەتە و بەس. بەڵام کە گەیشتە کوردستان دەڵێن لاواز دەبێت نەبێتە دەوڵەت باشترە.

نەتەوەی کورد دەبێ بیر لەوە بکاتەوە کە ئەگەر پرسی سەربەخۆیی نەکاتە ڕۆژەڤی کۆڕ و کۆبوونەوە نێودەوڵەتییەکان و پێداگر نەبێت لە سەر بە دەوڵەت بوون ئەوە تەنیا مێژووی خوێناوی بۆ دووپات دەبێتەوە و زەحمەت بە خەسار دەبێت.

ناوەرۆکی ئەم بابەتە روانگەی نووسەرەکەیەتی و ئاژانسی کوردپا لێی بەرپرسیار نییە.