کوردبوون لە نێوان رەچەڵەک و بەرپرسیارەتیدا

14:31 - 11 رەشەمه 2714
Unknown Author
ئاگری ئیسمائیل نژاد

پرسیار ئەوەیە ئایا ئەوە نوسەر و وەرگێرانەی کە بە رەچەڵەک کوردن بەڵام نوسراوەیان بە زمانی کوردیی نییە کوردن یان نا؟

رەنگە پرسیارەکە زۆر رەشۆکی بێت، بەڵام زۆر جاران کە کەسایەتییەک لە کەسایەتییە ناوبەدەرەوەکان کە بە رەچەڵەک کوردن کۆچی دوایی دەکەن ئەو پرسیارە لە نێو کۆمەڵگەی کوردستان دێتە گۆرێ.

کوردبوون زۆر سادەیە ئەگەر رەچەکەلت بگەرێتەوە سەر کەسێک کە کوردبووە تۆش وەکوو تاکێکی کورد ژومار دەکرێیت وەکوو چۆن فارس‌بوون و عەرەب‌بوون و تورک‌بوون هتد... هەر وایە، بەڵام پاش ئەوە بابەتە، باسێک هەیە ئەوەیش بەرپرسایەتی لە ئاست خەباتی رزگاری‌خوازی کورد و چارەنووسی ئەو نەتەوەیەیە.

ئاڵۆزی کۆمەڵگەی کوردستان و سەرلێشێواوی هەڵکەوتی نێو ئەو کۆمەڵگەیە وا دەکات کە زۆر جاران لەلایەن کەسانێکەوە رەچەڵەک وەکوو بنەمایەکی کوردبوون حیساب نەکرێت، بەڵکوو بەرپرسایەتی لە ئاستی چارەنووسی نەتەوەی کورد و بەشداری لە خەباتی رزگاری‌خوازی کوردستان دەکرێتە بنەمای ئەوەی کە ئایا کەسێک کوردە یان نا؟

بۆ وێنە دەبیستن کە کوردێک زۆر بە دەنگێکی دلێریشەوە دەڵێت: \"کریس کۆچێرا یان ئیسماعیل بێشکچی کوردە\"و لە بەرانبەریشدا گوێبیست دەبین کە، \"یاشار کەماڵ کورد نییە و محەممەد قازی کورد نییە\" و هتد.

لێرەدا ئێمە لەگەڵ بابەتێک بەرورووین بابەتەکە ئەوەیە: \"بەرپرسایەتی لەئاست چارەنووسی نەتەوەیەک\" ئایا دەکرێت بەرپرسایەتی لە ئاست چارەنووسی نەتەوەیەک بکەینەوە بنەما بۆ ئەوەی کە ئەگەر بێتو کەسێک لە ئاست ئەو چارەنووسە نابەرپرس بێت یان هەموو توانای خۆی بەکار نەهێنێ لە شوناسێک بشۆردرێتەوە؟

لە یەک وشەدا نا، بە هیچ پێوەرێک ناتوانرێ کە شوناس لە کەسێک بسێندرێتەوە بەڵام ئەگەر لەسەر ئەو بنەمایە بدوێن کە هەموو تاکێک لە ئاست ئازادیی خۆی و گەیشتنی بە مافەکانی و هەروەها لە ئاست چارەنووسی نەتەوەکەی بەرپرسە و دەبێ هەوڵی بۆ بدات، بێگومان دەکرێت بڵێن کە ئەو کەسایەتییانەی کە بە رەچەڵەک کورد بوون، بەڵام هیچ نوسراوەیەکیان بە زمانی کوردی نییە غەدریان لە خۆیان و نەتەوەکەیان کردووە.

بەڵام چۆن غەدرێک؟ لێرەدا زۆر جار باسێک دێتە گۆرێ کە گوایە ئەو کەسانە لە چارەنووسی نەتەوەکەیان غافڵ نەبوون و هەموویان لەسەر کورد و لە پەیوەندی بەکورددا نوسراوە و کتێبیان بڵاوکردۆتەوە ئەوەش نکۆڵی لێ‌ناکرێت دیارە هەر ئەو کریس کۆچێرایەی کە بەدەنگ باسی لەسەر دەکرێ و رەنگە زۆربەشمان شانازی پێوە بکەین خۆ هیچ دەقێکی بە زمانی کوردی نییە و تەنیا لە پەیوندی بە کورد و لەسەر کورد توێژینەوەی کردووە، بەڵام بابەتێکی‌تر هەیە ئەوەش \"مافی زمانی\"یە یەکێ لە ویستە سەرەکییەکانی خەباتی رزگاری‌خوازی کوردستان بەتایبەتی لە رۆژهەڵات و باشووردا \"مافی زمانی \"یە و لەو نێوانەشدا یەکێ لە کێشە سەرەکییەکانی زمانی کوردی ئەوەیە کە لە ژیانی رۆژانەی خەڵکدا پێگەی زمانێکی سەربەخۆی نەماوە ئەوەش وای کردووە کە ئەگەر تاکێکی کورد خۆی بە فێرکردنی زمانی کوردییەوە ماندوو بکات بۆ ئەوە نییە کە پێویستی بەو زمانە هەیە بۆیە دەبێ فێری بێت، بەڵکوو کەڵکەلەیەکی نەتەوەی هانیداوە کە ئەو کەسە بەرەو ئەو زمانە بچێت و فێری بێت بە زمانێکی رەوانتر زمانی کوردی ئێستا لە زۆربەی خاکی کوردستان دەخوێندرێ، بەڵام وەردە وردە خەریکە لە ژیانی رۆژانەی کوردەکاندا وەلادەندرێ چون پێگەی زمانی کوردی هەم لەژیانی تاکەکەسیدا و لە ژیانی گشتی و کۆمەڵایەتییدا دابەزیوە.

روونە کە بەرهەمهێنانی دەقێک بە زمانی کوردی لەلایەن کەسایەتییەکی وەکوو \"یاشار کەماڵ\" یا \"محەمەدی قازی\" یان \"برایم خانی یوونسی\"یەوە، دەبوو یان دەبێتە هەوێنی ئەوەی کە زمانی کوردی زیاتر لەوەی کە ئێستا هەیە بۆ نێو ژیانی تاکەکانی کورد بگەڕێتەوە.

رەنگە هێندێ کەس ئەو باسە بێنە گۆڕێ کە، زۆربەی ئەو کەسانەی کە ناویان هاتووە بە نووسراوە داوایان لە دەسەڵات و لایەنی پەیوەندیدار کردووە کە رێگە بدرێت زمانی کوردی ئازاد بێت و بخوێندرێ و گەشە بکات دیارە ئەو بابەتش راستە بەڵام بێگومان نووسینی دەقێک لەلایەن ئەو کەسایەتییانەوە بە زمانی کوردی کارتێکەرییەکی زۆر زیاتری لەسەر چارەنووسی زمانی کوردی دەبوو.

ئەو قەیرانی کە ئێستا زمانی کوردی تێکەوتووە نەبوونی دەرەتان بۆ فێربوونی زمان نییە بەڵکوو پەراوێز کەوتنی زمانی کوردی لە ژیانی رۆژانەی تاکی کوردە، و لە راستییدا ئێستا دەسەڵاتەکانی داگیرکەری کوردستان دەیانەوێت زمانی کوردی لە ژیانی کوردەکاندا بخەنە پەراوێزەوە، بێگومان ئەو کەسایەتییانەش دەیانتوانی یارمەتیدەر بن لەوەی کە زمانی کوردی لە قەیرانی لەپەراوێزکەوتندا دەرباز بێت بەڵام نەیانکرد، بۆیە لێردەدا دەبێ بڵێین زۆربەی ئەو کەسایەتییانەی کە بەڕەچەڵەک کوردن و بە زمانیتر دەنووسن، نابەرپرسانە لە ئاست چارەنووسی نەتەوەکەیان جووڵاونەوە و دەبێ لەسەر ئەو نابەرپرسایەتیش رەخنەیان لێبگرێت.

ئەم بابەتە روانگەی نووسەرەو ئاژانسی کوردپا لێی بەرپرسیار نییە.