کاناڵی تێلێگرامیی "ڕووداوی هۆزی عالی" لەژێر گوشاری ناوەندە ئەمنییەکان داخرا

11:41 - 10 خەرمانان 2721

کاناڵی تێلێگرامیی "ڕووداوی هۆزی عالی"، لەژێر گوشار و هەڕەشەی ئیتڵاعاتی سپای پاسدارانەوە داخرا.

ئەو کاناڵە تێلێگرامییە نزیک بە ٣ هەزار "بەردەنگی" هەبووە و ڕووداوەکانی ناوچەی جوانڕۆ و سەلاسی‌باوەجانیی ڕووماڵ دەکرد.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئیتلاعاتی سپای پاسداران بە بەڕێوەبەرانی ئەو کاناڵە تێلێگرامییەی ڕاگەیاندوو کە هەتا ٤٨ کاتژمێر موڵەتیان هەیە کە کاناڵەکەیان بسڕنەوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها هۆکاری داخرانی کاناڵی تێلێگرامیی "ڕووداوی هۆزی عالی" بۆ ڕووماڵکردنی گیرانی هاووڵاتییان گەڕاندووەتەوە.

پێشتریش، چەند کەس لە بەڕێوەبەرانی ئەو کاناڵە تێلیگرامییە لەلایەن ئیتلاعاتی سپاوە دەسبەسەر کرابوون.