کاسبکارێکی دیکەی کورد لە سنووری مەریوان بووە قوربانی

15:07 - 1 پووشپەڕ 2713
ئاژانسی کوردپا: کاسبکارێکی تەمەن ٢٢ ساڵەی کوردی خەڵکی گوندی \"کانی میران\"ی ناوچەی مەریوان بەتەقەی ‌هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بریندار کرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلە ئیوارێی رۆژی پێنج‌شەممە رێکەوتی ٣٠ی جۆزەردان کاسبکارێکی کورد بەناوی \"مەریوان کامران\" لە سنووری باشماخ و لە ماشێنەکەیدا کەوتە بەر دەستڕێژی گولـلەی هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران و لە ئەنجامدا بەتوندی بریندار بوو.

ئەو کاسبکارە کوردە پاش بریندار بوون بەنەخۆشخانەی \"بووعەلی\" شاری مەریوان راگوێزراوە و پزیشکەکان باری تەندرووستیی ناوبراویان مەترسیدار راگەیاندووە.

هەروەها رۆژی سێ‌شەممە رێکەوتی٢٨ی جۆزەردان هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئیران لە ناوچەی سەردەشت تەقەیان لە ٢ ماشێنی کاسبکارانی کورد کرد و لە ئەنجامدا کاسبکارێک بەناوی \"پەیمان\" خەڵکی گوندی زووران کوژراو و ٢ کەسی دیکەش بەناوەکانی \"جەلال\" و \"عوسمان\" بریندار بوون