کاریزمابوونی پێشەوا لەسۆنگەی پەیوەندی نێوان رێبەر و رێڕەودا

14:19 - 9 خاکەلێوه 2714
Unknown Author
ژیوار رەسوڵی

هەندێک لەلێکۆلەران پێیانوایە بارودۆخی کۆمەڵایەتی و مێژوویی هۆکاری سەرەکیی لەدایکبوونی رێبەرێکی کاریزمایە، هاوکات \"ڤێبێر\" رێبەری کاریزما بەدیاردەیەک دادەنێت کە زۆرجاران لەبارودۆخێکی تایبەت و بێ وێنەدا سەرهەڵدەدات، لانیکەم لەرووی ژمارەی رێبەرە کاریزماکانی مێژووە ئەوە راستە. بەڵام لەگەڵ ئەوەش \"ئابربیچ\" بەپێی ئەو لێکۆڵینەوانەی لەسەر ژینگەی لەدایکبوونی رێبەری کاریزما کردوویەتی پێیوایە \"رێبەرە کاریزماکان بەر لەو قەیرانانەی ئەوانی بەدەسەڵات گەیاندووە، زۆربەی کات وەکوو کەسانێکی ئاسایی دێنەبەرچاو.\" ئەو پێشیوایە کە پەیوەندی قووڵی هەستی رێرەوان لەگەڵ رێبەرە کاریزماکان لەبارودۆخە تایبەتەکانی رێکخراوەو چوارچێوە تایبەتەکانەوە سەرچاوە دەگرێت. هەروەها \"رووچ\" لەسەر ئەو باوەرەیە کە لوتکەی گەشەکردنی رێبەرە کاریزماکان زۆرجاران لەو کاتانەدایە کە پشێوی و ناڕەزایی سیاسیی و کۆمەڵایەتی بەتایبەت ناوخۆیی بوونی هەیە، لەو کاتانەدا خاووی و نەزانی و بەها نائینسانییەکانی رێکخراوەکان وادەکات کە خەڵک وەدوای رێبەرێک بکەون، بۆ ئەوەی دژکردەوەیەکی دەروونی نوێیان بۆ درووست بێت.

بەرای هەموو ئەوانەی باسمکردن هەبوونی قەیران هۆکاری سەرەکی ئەو هەڵسوکەوتانەیە کە کەسایەتی رێبەرێکی کاریزما نیشانی دەدات.
بەڵام لەروانگەی دیکەوە \"لیند هۆڵم\" (١٩٨٨) پێوەندی رێبەری کاریزما وەکوو کەوتنە داوی خۆشەویستی ناودەبات، لە چوارچێوەی ئەو تیۆرییەدا رێرەوەکانی رێبەر وەکوو عاشق وێنا دەکرێن، تیۆری هەڵسوکەوتی عاشقەکان خۆی لەگەورە بینی خۆشەویستەکەی یان لەبەرچاونەگرتن یان بچووک بینینی هەڵەکانی خۆشەویستەکەیەتی دەبینێتەوە. هاوکات \"فرۆید\" پەیوەندی نێوان رێرەو رێبەرە کاریزماکان لەچوارچێوەی تیۆری دوورهاوێژی باوکەوە دەبینێت، فرۆید پێیوایە قایمی و ئیرادەو چالاکی بەردەوام تایبەتمەندی رێبەرێکی کاریزمایە، بەڵام لەژیانی ئاساییدا هەموو ئەو تایبەتمەندیانە وێنای باوک دەکەن، بەگوتنێکی دیکە بەپێی ئەو پێناسەیە رێبەر هەمیشە \"کەسایەتییەکی راستەقینە\" نیە، بەڵکو دەرەنجامی خۆشەویستی رێرەوەکانییەتی. ئەو پێناسانەی رێبەری کاریزما لەسەر بنەمای دیاردە دەروونناسانەکانە و زۆرتر دژکردەوەیەکی روحی و دەروونی رێرەوەکانە بەنیسبەت رێبەرێکی کاریزما.

بەڵام رێبەر لەسەر ئەرزی واقیع و بەپێناسەیەکی ئەرزی پەیوەندییەکی سیمبولیکە، بەپێچەوانەی پەیوەندیی دەروونناسانەی پەیوەندی نێوان رێبەرو رێرەو لەپەیوەندی سیمبولیکدا پەیوەندییەکان لەسەر بنەمای چەمک و پەیام و ئایدیۆلۆژی و بەها مەفهوومی یان ناوەرۆکییەکان گەشە دەکات، کەبەردەوام هەمووی ئەوانە لەرێبەرێکی کاریزما لەلایەن رێرەوەکانییەوە چاوەرێ دەکرێت. بۆ نموونە پێشەوامان قازی محەمەد بەر لەسێدارەدانی و دوای لەسێدارەدانیشی پێداهەڵکوتن بەکەسایەتییەک نەبووەو نییە، بەڵکو ئەو وێنایەک لەکەسایەتی داهاتوویە، پێشەوامان بەوتەی هەمووی ئەوانەی لەسەردەمیدا ژیاون یان لێکۆلینەوەیان لەسەر کردووە، بەتێروانینی هەموو کوردێک وێنایەک لەئازادی و سەربەخۆی و شوناسی نوێی نەتەوەیی کوردە. لەپەیوەندییە سیمبولیکەکانی نێوان ریبەرو رێرەودا رێبەر کاریگەری لەسەر تێگەیشتنی رێرەوەکانی خۆی دادەنێت، و بۆ خۆدەرخستن ئەنگێزەو پاساوی بەهێزی ئینسانی و ئەخلاقی بەرێرەوەکانی دەدات. ئەو پاساوە بەهێزەی پێشەوامان خۆی بۆ کردە قووربانی و بۆ پاساوی ئەخلاقیش رێبەر خۆی بەدەست و ویستی خۆی دەچێتە بەردەم پەتی سێدارە بۆ ئەوەی رێرەوەکانی هیچیان بەسەر نەیەت، چوونکە هەر وەکوو لە وەسیەتنامەکەی پێشەوادا هاتووە، جەوهەری کاریزمابوونی رێبەر لەدەماری هەموو کوردێک دایە، و دوای پێشەوا هەزارانی دیکە بەو جەوهەرە لەدایکدەبنەوە.

بەو پێیەی شوێن و خەڵک و بابەت و بوونەوەرە تایبەتەکان پێناسەیەکی ئاتیفی دیاریان هەیە، ریبەرە تایبەتەکانیش ئامانجی ڕوونیان سەبارەت بە شوناسی رێرەوەکانی خۆیان هەیە، هەر بۆیە رێبەری کاریزما کەرەستەیەکی دەروونییە بۆ بەرزکردنەوەی بەهای رێرەوەکانی خۆی، ئەو راستییە کە رێرەوان خۆیان بەرێبەرێکی تایبەت دەبەستنەوە، ئەوان دەکاتە بەشێک لەجەوهەری رێبەر، ئەو جەوهەرەی ئێستا لەکون و کەلەبەری کوردستانی گەورەو لەناخی هەموو تاکێکی کوردستانیدا پیاسەدەکات، و خۆویست یان نەویست هی پێشەوامان قازی محەمەدە، و ئێستا لە قامیشلی و هەولێرو ئامەد و ئینجا لەمەهاباد لەخرۆشدایە.

مسینتەر (١٩٨١) تێروانینێکی نزیک لەوەی ئێستای تاکی کورد بۆ پێشەوا قازی محەمەدی هەیە، بۆ پێناسەی رێبەری کاریزمای هێنا ئاراوە، لەروانگەی مسینتەر رێبەری کاریزما نیەت و چیرۆکێک باس دەکات، و کاتێک خەڵک خۆیان بەرێبەر دەبەستنەوە، لەراستیدا خۆیان بەچیرۆکێکەوە دەبەستنەوە کە هەمووان بەشێوەیەکی هاوبەش تێیدا دەژین، و رۆڵ دەگێرن. ئەو چیرۆکەی پێشەوامان قازی محەمەد لەگەڵ دامەزراندنی کۆماری کوردستان دەستیپێکرد و دوای لەسێدارەدانیشی چیرۆکەکە هەر بەردەوامە و خاڵقەکەی پێشەوایە و رۆڵگێرەکانیشی رێرەوانی ئەو لەهەرچوار پارچەی کوردستانن.