کارکردی ڕووحانی لە بیاڤی ئازادیی ڕادەربڕین مەحکووم کرا

15:22 - 1 رەزبەر 2716
ئاژانسی کوردپا: دۆخی نالەباری هەواڵنێران و ڕۆژنامەوان بەتایبەتی محەممەد سدیق کەبوودوەند لە دەوڵەتی تەدبیر و ئۆمیدی حەسەن ڕووحانی‌دا وەکوو خۆی ماوەتەوە.

ڕێکخراوێکی چاوەدێر لە شوورای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەهەمبەر درێژەدان بە سانسۆڕ و سەرکوت لە ئێراندا نیگەرانیی دەربڕی.

لە بەیاننامەی ڕۆژی ڕابردووی ڕێکخراوی هەواڵنێرانی بێ‌سنووردا بە هێماکردن بۆ فشارهێنان بۆ ڕاگەیەنەکان، باسی ڕۆژنامەنووسانی وەک سەدرا موحەقق، یاشار سوڵتانی، ئافەرین چیت ساز، عیسا سەحەرخیز، ئیحسان مازەندەرانی و ... لەنێو گرتووخانەکانی ئێراندا کراوە.

لەدرێژەی بەیاننامەکەدا هاتووە: \"کۆمەڵێک لەم ڕۆژنامەوانانە هەروەک هەواڵانی زیندانیی خۆیان لەوانە محەممەد سدیق کەبوودوەند، نەرگێس محەممەدی و هاووڵاتی - ڕۆژنامەوانی زیندانی، ڕۆیا سابیری نۆبەخت، نەخۆش کەوتوون، بەڵام بەرپرسانی حکوومەت لە ئازادکردنیان خۆدەبوێرن و چارەسەری پێویستیان بۆ ناکەن.\"

هەڵوێستی ئەو ڕێکخراوە غەیرە حوکومییە لە بەرەبەرەی سەفەری بەرپرسی دەسەڵاتی جێبەجێکار(قوە مجریە) بۆ حەفتاویەکەمین دانیشتنی کۆڕی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیۆیۆرک ڕادەگەیەنرێت.

بەوتەی لێپرسراوی بەشی ئەفغانستان و ئێران لە هەواڵنێرانی بێ‌سنوور؛ بەڵێنی حەسەن ڕووحانی لەبارەی \"گۆڕان لە بەرژەوەندیی ئازادی ڕادەربڕین و چاپەمەنی\" نەهاتووەتە دی.

ماڵپەڕی ئەو ڕێکخراوە جیهانییەی داکۆکیکاری ماف و ئازادییەکانی ڕۆژنامەنووسان لەزاری ڕەزا موعینی ڕاگەیاند: ڕووحانی بەباشتری زانیوە بازاڕەکانی ئێران بەڕووی سەرمایەی دەرەکی ئاوەڵا بکات، تاکوو دەرگای گرتووخانەکان بەڕووی زیندانییانی سیاسی بکاتەوە.

ئێران لە نوێترین ڕاپۆرتی ڕێکخراوی هەواڵنێرانی بێ‌سنووردا، لەنێوان ١٨٠ وڵاتدا، پلەی ١٦٩هەمینی هەیە و بەم پێیە یەکێ لە پێنج زیندانی گەورەی ڕۆژنامەوانان لە جیهاندایە.