ڕێگری لە کۆنگرەی کانوونی نووسەرانی ئێران کرا

21:03 - 7 خەرمانان 2716
کوردپا: کانوونی نووسەرانی ئێران وێڕای بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک، بۆ ڕای گشتی ڕایگەیەند کە؛ هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئێران ڕێگرییان لە بەڕیوەبردنی حەوتەمین کۆنگرەی ئە کانوونە کردووە.

بڕیار وابوو کانوونی نووسەرانی ئێران، ڕۆژی هەینی ٥ی خەرمانان، حەوتەمین کۆنگرەی خۆی ببەستێت. بەڕێوەچوونی ئەو کۆنگرەیە لە لایەن ژمارەیەک لە هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە ڕێگری لێ کراوە، و ئامادەبووان و بەشدارانی ئەو کۆنگرەیان لە شوێنی کۆنگرەکە دەرکردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی کانوونی نووسەران، مەئموورەکان لە شوێنی بەڕێوەچوونی کۆنگرەکە جێگیر بوون، و نەک هەر ئیزنی بەشدارییان بە ئەندامانی ئەو کانوونە نەداوە، بەڵکوو تەنانەت نەیانهێشتووە لەسەر شەقامەکەش بوەستن.

مەئموورەکان وێنەی بەشداربووانیان گرتووە و ژمارەی ئۆتۆمبیلەکانیان هەڵگرتوونەتەوە.

هەیئەتی بەڕێوەبەریی کانوونی نووسەران، وێڕای دەربڕینی ناڕەزایەتی لەو دۆخە، ئێوارەی ڕۆژی هەینی ڕاگەیەندراوێکی ناڕەزایەتییان بڵاو کردۆتەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بە بانگهێشت کردنی پێنج کەس لە ئەندامانی ئەو کانوونە بە ناوەکانی؛ \"فاتمە سەرحەدی‌زادە، ئەکبەر مەعسووم بەیگی و عەلیڕەزا عەباسی لە ئەندامانی بەڕیوەبەری، و هەروەها \"قارن سەوادکووهی سکرتێری کانوون و ڕەزا خەندان مەهابادی نووسەر و ئەندامی کانوون\"، بۆ وەزارەتی ئیتلاعات کراوە.

وەزارەتی ئیتلاعات داوای لە ناوبراوان کردووە کە کۆنگرەی کانوون بەڕیوە نەبەن.

لە بەشێک لە ڕاگەیەندراوەکەی کانوونی نووسەراندا هاتووە: \"ئێمە زۆر جار ڕامانگەیاندووە کە نووسەرین و پەیوەندیمان بە دەسەڵاتی سیاسییەوە نیە، بەڵام دژی سانسۆڕ و خوازیاری ئازادیی دەربڕین و ئەندێشەین، بە بێ هێچ پەرژین و هەڵاواردنێک بۆ هەمووان، و دیارە کۆڕە گشتییەکانی کانوونینیش هەر لەو بوارەدا چالاکن\".

لێژنەی بەڕێوەبەریی کانوونی نووسەران، وێڕای دەربڕینی ناڕەزایەتیی خۆی لەو کردەوەیەی مەئموورە ئەمنیەتییەکان، ڕایگەیاندووە کە؛ بەپێی ئەساسنامەی نێوخۆیی کانوون، هەتا کۆنگرەی داهاتووی ئەو کانوونە، هەیئەتی پێشوو درێژەدەری کاروباری ئەو کانوونە دەبن.

کانوونی نووسەرانی ئێران لە ماوەی ساڵانی چالاکیی خۆیدا، گەلێک جار ڕووبەڕووی بەرهەڵستکاری و ڕێگریی و دەستێوەردانی مەئموورە ئینتیزامییەکان بۆتەوە، و هەربۆیەش زۆربەی دانیشتنەکان و کۆبوونەوەکانی خۆی لە ماڵی خۆیی ئەندامانی کانووندا بەڕێوە بردووە.