ڕۆحی ڕاسان لە جەستەی شەریفدا

13:55 - 15 خەرمانان 2718
Unknown Author
ڕاسان

ڕۆحی ڕاسان لە جەستەی شەریف و شەریفترین مرۆڤەکاندا مانای هەر قووڵ و کاکڵی سەرەکی ڕاسان، ڕانەوەستان و چاوەڕوان نەکردنی ڕووداوەکانە و هەوڵدانە بۆ درووست کردنی رووداو و شەپۆل و پێشەنگایەتی کۆمەڵگایە، بەو واتایەی کە تاکی کورد و ڕێبوارانی ڕێگای دژوار و پیرۆزی ڕاسان، خۆیان چارەنووسی خۆیان دیاری دەکەن و لەو پێناوەدا ئەرک و بەرپرسیارەتی وەردەگرن و دەستەوەستانی و کەوتنە دوای شەپۆلەکان رەد دەکەنەوە. کێ بێت کاک شەریفی هێژای ناسیبێت و ئەم تایبەتمەندییە بەرچاوەی تێدا بەدی نەکردبێ.

کاتێک بوومەلەرزەی کرماشان ڕووی دا، کاک شەریف و ڕاسانیان چاوەڕوانی یارمەتی هیچ کەس و دەسەڵاتێکیان نەکرد و هەر لەیەکەم چرکە و پێشمەرگەئاسا خۆیان گەیاندە کرماشان و ئەوەی لەدەستیان هات و بە ماندووبوون و شەونخونی بۆ خەڵکی لێقەوماوی ئەو دەڤەرەیان کرد. کاک شەریف و کاک شەریفەکان لە قەرەسەقەل و کۆساڵان و کێلەشین و بۆکان و پیرانشار و بە گشتی لە تەواوی کوردستان تەنیا و تەنیا پشتیان بە خەڵکی خۆیان ئەستوورە و چاوەڕوانی یارمەتی و بارەقەللایی هیچ لایەن و هێزێک نین.

ڕاسان لە هەناوی خۆیدا هەڵگری ئەم پەیامە پیرۆزەیە کە ئێمەی کورد نابێ چاوەڕوانی یارمەتی کەس بین، با ئیمکانات و توانای ماددیشمان بە قەدەر داگیرکەران و چەوسێنەران نەبێت بەڵام بێگومان چوون ڕێگامان پیرۆزە و بەرحەقین کەم بین یا زۆر ئەم کاروانە بۆ خۆر دەڕوانێ و هەر دەگات بە خۆر.

فەلسەفەی راسان لە ئەشق بە ژیان و سروشت و هەوڵدان بۆ بەختیاریەوە دێت، ڕاسان هەوڵێکە بۆ جوانتر کردنی ژیان، هەر چەند لەم ڕێگەیەدا تووشی کەند و کۆسپی وەک لەدەستدانی هاوڕێیانی لە وێنەی شەریفی داربەڕوو و کاوەکان بین. ئەو کاتەی شەریف باجوەر بە دەستی خاڵی و کاوە بە تەنیا کەڵاشینکۆفەکەیەوە بە گژ سووتێنەرانی نیشتمان و ئاگر و ئاسندا چوونەوە، هەستیان بەو ڕاستیە تاڵە کردبوو کە لەم نیشتمانەدا بەرگرتن بە سووتانی داربەڕوەکان و هەستاندنەوەی زاگڕۆس و بەرەو لووتکە چوون و خۆ لە ژێردەست ڕزگار کردن نرخی دەوێ و تەنیا کرداری شۆڕشگێڕانە لە پێناو ئامانجێکی پیرۆزدا و بە ڕێنوێنی گوتارێکی قووڵ وەک ڕاسان دەتوانێ رزگارمان کات، نەک پاڕانەوە بۆ بچووکترین مافەکان و ئەویش لەژێر سێبەری دەسەڵاتێک کە باوەڕی بە هیچ ماف، یاساو پرەنسیپێکی ئینسانی و جیهانی نییە. یەکێک لە هەوڵەکان و خولیاکانی ڕاسان، پەلهاویشتنە بۆ تەواوی زاگڕۆس و ئەو ناوچانەی کە تا ئێستا گوتاری مرۆڤتەوەری کورد کەمتر دەستی پێی ڕاگەیشتبێت، لەم پێناوەدا شەریف و ڕۆحە سەوزەکەی لە ڕێگای داربەڕووەکانەوە هەوڵ بۆ گەیاندنی خەبات و ڕابوون لە تەواوی زاگڕۆسدا ئەدات. هەر بۆیە شانەکانی پاراستنی ژینگە لە لوڕستانی دڵی کوردستاندا دەکاتەوە و دار بەڕووەکانی ئەوێ بانگهێشتی بەرخۆدان دەکاتەوە و هۆرەی راسان لە لوڕستانی هەر دەم کوردستانەوە دەچڕێتەوە کاتێک ناوەندەکانی دەسەڵات و دوژمنانی زاگڕۆس دەیانهەوێ چیا و زرێبار و داربەڕووەکان دەستەمۆ کەن و بۆ ژێر رکێفی ریش و تەور بانگهێشتیان کەن، شەریف لێیان رادەسێ و بەرەنگاریان دەبێتەوە و بە هەڵوێستی شۆڕشگێڕانە و بەرز بەقەد قەندیل، وەرگرتنی هەر جۆرە خەڵات و یارمەتییەک لە دارکوژان و سووتێنەرانی زاگڕۆس و نیشتمانەکەی رەد دەکاتەوە.

هەمان هزرە کە ڕاسانیان بێ هیچ دوودڵییەک هان دەدا بۆ خەبات و رزگاری و دانی هەموو قوربانییەک، بێ ئەوەی تووشی هیچ تەوەهومێک بێت لە بەرانبەر دوژمنانیدا و رێگە بەرەو لووتکە و بەرەو نەمانی ئەو دەسەڵاتە هەڵدەگرێت کە بە ناخ و پێستەوە ئیمانی هەیە کە گۆڕان لەو رێژیمەدا ئیمکانی نییە و تەنیا رێگەیان لەنێوبردنی تەخت و بەختی وێرانکەران و سووتێنەرانی زاگڕۆسە و هیچی تر.

ناوەرۆکی ئەم بابەتە روانگەی نووسەرەکەیەتی و ئاژانسی کوردپا لێی بەرپرسیار نییە.