چرکەساتی فەریناز خوسرەوانی و گریمانەی بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی/بەشی یەکەم
21:30 - 2 جۆزەردان 2715
Unknown Author
د. عادڵ باخەوان
سەرەتا
رۆژی یەکشەممە، رێکەوتی ٣ی مایسی ٢٠١٥، کچێکی ٢٥ ساڵانەی مەهاباد، بەناوی فەریناز خوسرەوانی، لە نهۆمی چوارەمی هوتێل تاراوە خۆی فڕێ دایە خوارەوە. فەریناز کەلە هەمان ئوتێلدا کاری دەکرد، چەند خولەکێک دواتر گیانی دەسپێرێت و دەمرێت. هەر چەند تا ئێستە، هۆکاری سەرەکی و راستەوخۆی ئەم تراژیدیایە نەدرکێنراوە، بەڵام یادەوەریی دەستەجەمعی، چەندین چیرۆکی جیاوازی بەدەوردا دروست کردووە.
لە هەر یەکێک لەم چیرۆکانەدا، تاوانبارێک بە چەندین شوناسی جیاوازەوە ئامادەیە. ئەو جارێک کارمەندێکی دەزگەی هەواڵگریی ئێرانە، جارێکی تر کارمەندێکی دەزگەی گەشتوگوزارییە. جارێک بازرگانێکی هاوڕێی خاوەنی ئوتێلەکەیە، جارێکی تر هەموو ئەمانە پێکەوەیە.
لە کۆمەڵگەیەکی دێموکراتیدا، دۆزینەوەی شوناسی راستەقینەی ئەم ئەکتەرە تاوانبارە بۆ دادگەکان، دەبێت بە فەرمانی یەکەم و دەکەوێتە سەری سەرووی لیستەکەوە. بەڵام لە کۆمەڵگەیەکدا کە دەسەڵات لەسەر بنەمای \"ئۆتۆریتاریزم\" بینا کراوە، پرسیاری سەرەتا و یەکەم و باڵا بریتی نییە لە پرسیاری دادگەکان و دادوەرەکان، چونکە گریمانەی شاردنەوەی رووداوەکە وەک ئەوەی کە هەیە، زۆر بەهێزە و هیچ یەکێک لە هێزە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی کۆمەڵگە، ناتوانێت رێگریی لێ بکات. لەم تایپە لە کۆمەڵگەدا، پرسیاری سەرەکی بریتییە لە چەمکی \"تەعبئە/ مۆبیلیزاسیۆن\"؛ واتە تا چ ئاستێک ئەم تراژیدیایە، کەلە بناغەدا چیرۆکی خەمگینی کچێکی خێرنەدیوە لە ژیان، دەتوانێ جەماوەر ساز بدات و بیهێنێتە سەر شەقامەکان و لە دەوری پرۆژەیەک کۆی بکاتەوە؟ چۆن مەرگی فەرینازی خود، تاک، تاقانە، دەبێت بە بنەمای راچڵەکین و بیناکردنی وشیارییەکی دەستەجەمعی، نەک بە تەنیا لە شاری مەهاباد و رۆژهەڵاتی کوردستاندا، بەڵکو لە باشوور و باکووری کوردستان و تەنانەت لە دیاسپۆرای کورد لە ئورووپایشدا؟
لە ٧ی مایسی ٢٠١٥دا، تەنیا چوار رۆژ پاش مەرگی فەریناز، شاری مەهاباد دەبێ بە شانۆی یاخیبوونێکی جەماوەریی گەورە و پاش بەریەکەوتن لەگەڵ دەزگەکانی پۆلیسدا، چەندین کەس بریندار دەبن و دواتر ئۆتێل تارایش دەسووتێت. لە هەمان رۆژدا، خۆپیشاندانێک لە سلێمانیی باشووری کوردستان و خۆپیشاندانێکی تر لە ئامەدی باکوری کوردستان، بۆ پشتیوانی لە جەماوەری تووڕەی مەهاباد، رێک دەخرێن. تەنانەت لە چەندین شاری ئەوروپیشدا، برۆکسل، کۆلن، پاریس، دیاسپۆرای کوردی ناڕەزایی دەردەبڕێت و پشتیوانی لە مەهابادییەکان دەکەن.
ئێمە لە روانگەی سۆسیۆلۆژیای ئەکشنەوە، ئەم رووداوە چۆن دەخوێنینەوە؟ چی لە مەهاباددا روو دەدات و چۆن ناوی بنێین؟ وەڵامی سلێمانی و ئامەد، بخەینە چ چوارچێوەیەکەوە؟ ئایا دەتوانین باس لە دروستبوونی بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی \"ترانس ــ کورد\" بکەین؟ ئایا دەتوانین وەڵامی باشوور و باکووری کوردستان وەک ئامادەیی \"وشیارییەکی دەقگرتوو\" بە هەلومەرجێکی کۆمەڵایەتی و سیاسیی نەخوازراو پێناسە بکەین؟
بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی چییە؟
سەرەتا با گومان بخەمە سەر ئەو تێزەی کە رووبەرێکی گەورەی مێژووی ململانێی لە کوردستاندا داگیر کردووە و پێی وایە، تەنیا و تەنیا پرۆژەی سیاسی و \"ئەکشنی\" سیاسی و بزاوتی سیاسی دەتوانن گوزارشتی تەندروست و گشتی بن لە بەرژەوەندی و داواکاری و خەون و خواستەکانی تاکەکانی کۆمەڵگە و پێکەوە کۆیان بکاتەوە و سازیان بدات و ئاراستەیان بکات. لە ١٠٠ ساڵی رابردوودا، هەژموونی ئەم فیکرەیە وای کردووە کە زۆربەی چوارچێوەکانی تری \"تەعبەئە/ مۆبیلیزاسیۆن\"، نەک هەر دوور بخرێنەوە، بەڵکوو بە چاوێکی سووک و بێ بایەخەوە تەماشا بکرێن. لە کاتێکدا تێزی بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی، دروستبوونی، پەیامی، جووڵانەوەی، وەڵامەکانی، ...، نەک هەر \"وەحدانیەتی\" ئەو فیکرەیە هەڵدەوەشێنێتەوە، بەڵکوو دەبێت بە دڵە زیندووەکەی هەر کۆمەڵگەیەک کە لەسەر بنەمای ململانێ بینا کرابێت. بێگومان هیچ کۆمەڵگەیەکیشمان نییە کە لەسەر بنەمای ململانێ بینا نەکرابێت، ئەگەر نا ئەوە هێشتا کۆمەڵگە نییە و لە قۆناغی پێش دروستبوونی کۆمەڵگەدایە.
کەواتە بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی چییە؟
بەشێکی گرنگ لە رۆشنبیرانی کورد کە ئێستە کاتی ئەوە نییە ناوەکانیان ریز بکەین، هەر لەگەڵ رژانە سەر جادەی چەند کەسێک، هەر لەگەڵ چەند هوتافکێشانێکدا، هاوارکردنێکدا، ناڕەزایی دەربڕینێکدا، یەکسەر باس لە سەرهەڵدانی بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی دەکەن، وەک ئەوەی بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی یەکسان بێت بە خۆپیشاندان. تەنانەت لەم هەفتەیەشدا و لەگەڵ مردنی فەریناز و خۆپیشانەکاندا، دروست وەک لە ١٧ی فێڤریوەری ٢٠١١دا و لەگەڵ خۆپیشاندانەکانی بەردەرکی سەرا، ئەم بۆچوونانە رژانەوە سەر لاپەڕەی رۆژنامەکان. لە راستیدا ئەوانەی کە لەگەڵ سەرهەڵدانی هەر ناڕەزایی و یاخیبوونێکدا دێن و باس لە بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی دەکەن، هەموو ئەوانەن کە قسە دەکەن بۆ ئەوەی هیچ نەڵێن و گوتارەکانیان پڕە لە بۆشایی؛ چونکە تەنیا جۆرێکی تایبەت لە \"جووڵانەوەیەکی دەستەجەمعی\" بریتییە لە بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی، نەک هەموو \"جووڵانەوە دەستەجەمعییەکان\".
ئەم جۆرەیش لە جووڵانەوەی دەستەجەمعی، بریتییە لەو کاتیگۆرییە کۆمەڵایەتییەی کە رەخنە لە هەژموونێکی کۆمەڵایەتی تایبەت دەگرێت و گومانی لەسەر دروست دەکات و لە رێگەی پێشنیارکردنی چوارچێوەیەک لە بەهای جیاوازەوە دێت و پڕەنسیپە گشتییەکانی کۆمەڵگە، لەژێر هەژموونی گرووپی هەژموونداردا دەردەهێنێت و بە ئاراستەی تردا دەیانبات. ئەم کاتیگۆرییە کۆمەڵایەتییە \"تەعبئەکراوە\"، لە ململانێیەکی قووڵ دایە لەگەڵ بەرامبەرێکدا کە دەیەوێ هەموو گرەوەکانی لێ بباتەوە.
لێرەوە رووبەرەکانی بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی زۆر فراوانترن لەوەی کە کورت بکرێتەوە لە گرووپێکی بەرژەوەندی، یان لە کارتێکی فشاری سیاسیدا. بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی لێرەیە بۆ ئەوەی گەردوونی کولتووری کۆمەڵگەیەک دەستکاری بکات و سەرلەنوێ نەخشەی چۆنیەتیی ئامادەبوون لەنێو ژیاندا دەستنیشان بکاتەوە.
ئەم پێناسەیەی بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی، ڕاستەوخۆ دوو جۆر لە جووڵانەوەی دەستەجەمعی، یاخیبوونی دەستەجەمعی، خۆپیشاندانی دەستەجەمعی لە پانتاییە گشتییەکاندا دوور دەخاتەوە و دەیانخاتە چوارچێوەی \"مەفهومیی/کۆنسێپتیول\"ی ترەوە.
جۆری یەکەمیان بریتییە لە کۆی ئەو ڕاپەڕین، یاخیبوون، جووڵانەوە و دەرکەوتنە دەستەجەمعییانەی کە ئامانجی سەرەکییان بریتییە لە بەرەنگاریکردن یا ڕیفۆرمکردنی ڕەگەزێک یان چەند ڕەگەزێکی نەخۆش و زیانبەخشی سیستمی کۆمەڵایەتی/سیاسیی کۆمەڵگە. واتە ڕاپەڕیوەکان، یاخییەکان، خۆپیشاندەرەکان نایانەوێ کۆی سیستمەکە بگۆڕن، بەڵکو هاوار بۆ ڕیفۆرمکردنی چەند ڕەگەزێکی سیستمەکە دەکەن. بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی لەم ڕیفۆرمخوازانە دروست نابێت. زانستە کۆمەڵایەتییەکان پراکتیکی ئەم ئەکتەرانە ناو دەنێت: دەرکەوتنی دەستەجەمعی نەک بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی.
جۆری دووەمیشیان بریتییە لە کۆی ئەو جووڵانەوە و بزاوت و گرووپانەی، کە لەڕێگەی پڕۆژە دەستەجەمعییەکانیانەوە، دەیانەوێ کارایی بەسەر میکانیزمەکانی بڕیاردانی سیاسی دابنێن و ڕێگە نەدەن بەتەنیا نوخبەیەکی هەمیشەیی چوارچێوەی هەموو بڕیارەکان دەستنیشان بکات. لە زانستە کۆمەڵایەتییەکاندا، خەباتی ئەم گرووپانە بە \"ململانێی دەستەجەمعی\" نەک بە بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی ناو دەبرێت.
چرکەساتی فەریناز
لە چرکەساتی فەرینازدا، ئێمە چەند رەگەزێکی گرنگمان لە بەردەستدایە، کە هەر یەکێکیان ئاستێکی تایبەت دەستنیشان دەکەن و وەک ماشێن کۆمەڵێک مانا بەرهەم دەهێنن.
ڕەگەزی یەکەم بریتییە لە ئامادەیی بەهێزی \"ئەکشنێکی دەستەجەمعی\"؛ واتە هەزاران کەس، لە چەندین رووبەری جیاوازدا (مەهاباد، سلێمانی، ئامەد، ئەوروپا)، پێکەوە دێنە سەر جادەکان و پێکەوە هاوار دەکەن و پێکەوە دەجووڵێنەوە. ئامادەبوونی ئەم ڕەگەزە، خۆی لەخۆیدا، بازدانە بەسەر تەواوی ئەو \"من\"ە تاکانەدا کە یەکێک لە بانگکردنە بەردەوامەکانی بریتییە لە خۆپاراستن و دەرگەداخستن بەسەر خوددا و نزیکنەبوونەوەیە لە مەترسی. ئەکشنی دەستەجەمعی گوزارشتە لە خواستی گرێدانی خود بەوانی ترەوە، گوزارشتە لە ئارەزووی دابەشکردنی چوارچێوەیەکی پێکەوەژیان لەگەڵ ئەوانی تردا، جۆرێکە لە مەودا وەرگرتن لەگەڵ کورتکردنەوەی خود لە دوو کەوانەدا، هەنگاونانە بەرەو خۆخستنە سەر شانۆ لەنێو کۆلێکتیڤێکدا.
هیچ بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی بەبێ ئەم رەگەزە لە دایک نابێت، بەڵام هیچ بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتیش تەنیا بەم ڕەگەزە دروست نابێت. لە 2005دا نەوەی پەراوێزخراوی شارەکانی ناوچەی پاریس ڕاپەڕین و زیاتر لە دوو هەزار ئۆتۆمبێلیان پێکەوە سووتاند، بەڵام نەیانتوانی پێکەوە بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی دروست بکەن. لە حەڤدەی فێڤریوەی ٢٠١١دا، هەزاران کەس رژانە بەردەرکی سەرا، بەڵام نەیانتوانی بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی دروست بکەن، چونکە دواتر وەک کارتی سیاسی لەلایەن هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنەوە بەکار هێنران.
بەداخەوە لە ئێستەدا ئێمە هیچ داتایەکی وردمان لەسەر ئەو کەسانەی کە بەشداری ئەم \"ئەکشنە دەستەجەمعییە\" دەکەن، لە بەردەستدا نییە. زۆر گرنگە بزانین ڕێژەی ژنان چەندە، لە کاتێکدا کۆی ئەکشنەکە لە مردنی ژنێکەوە دەست پێ دەکات. بەڵام بەپێی ئەو وێنە و ڤیدیۆیانەی کە لە بەردەستدان، بەشداری ژنان یان هەر نییە، یان تەواو لاوازە. زۆر گرنگە ئاستی بڕوانامە، تەمەن، رووبەری نیشتەجێبوون و پیشەی بەشداربووان ورد بکرێنەوە، کە بەداخەوە لە ئێستەدا ئەمە بۆ ئێمە زەحمەتە.
ڕەگەزی دووەم بریتییە لە وشیارییەکی ناڕوون بەرامبەر بە هەلومەرجێکی ناڕوون. بێگومان ئەوەی کە جەماوەری هێناوەتە سەر شەقامەکان، هەر لە مەهابادەوە تا ئامەد، وشیارییەکی دەستەجەمعییە بەرامبەر بە هەلومەرجێک. وشیاری ئەو بنەما باڵایەیە کە ڕێکخەری هەنگاوەکانی مرۆڤ و ئاوێزانکردنیەتی بە گشتێک لە چرکەساتی جووڵاندا. بێهودە نییە کە سۆسیۆلۆگێکی گەورەی وەک کارل مارکس، وشیاری دەکات بە یەکەم مەرجی لەدایکبوونی چینی کۆمەڵایەتی و پێی وایە بەبێ وشیاری، ئەستەمە ئێمە بتوانین باس لە کۆمەڵگە وەک چین و لە کۆمەڵگەی چینەکان بکەین. پاش کارل مارکس، بەتایبەتی پاش بەجێهێشتنی کۆمەڵگەی پیشەسازی و پێنانە نێو رووبەرەکانی کۆمەڵگەی پۆست پیشەسازییەوە، ئیتر سوپایەک لە سۆسیۆلۆگ، لە پێش هەموویانەوە ئالان تورێن، گەورە سۆسیۆلۆگی فەڕەنسی، دێن و رووبەرەکانی بنەمای وشیاری فراوان دەکەن، دەیکەن بە مەرجی سەرهەڵدانی هەر بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی. بێگومان ئەم وشیارییە وەڵامە بە پرسیاری: ئێمە چیمان دەوێت؟ کاتێک کە ئەکشنێکی دەستەجەمعی، توانای ئەوەی نییە وەڵامێکی روونی ئەم پرسیارە بداتەوە، ئیتر تەنیا وەک ئەکشنی دەستەجەمعی دەمێنێتەوە و نابێت بە بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی.
لە چرکەساتی فەرینازدا، وشیارییەک ئامادەیە کە وا لە مەهاباد و سلێمانی و ئامەد و شارەکانی تر دەکات لە ماڵ بێنە دەرەوە و پێکەوە خۆپیشاندان بکەن. بەڵام گرفتی ئەم وشیارییە لەوەدایە کە لێڵە، نەگەیشتووە، روون نییە و ناتوانێ بەشێوەیەکی یەکلاکەرەوە وەڵامی پرسیاری ئێمە چیمان دەوێت؟ بداتەوە. بۆ بەشێک لە خۆپیشاندەران، رووداوی فەریناز، ئەگەر ئێمە گریمانەی یەکەم وەربگرین، لە ڕەچەڵەکدا فاکتێکی کۆمەڵایەتی رووتە (تاوانبارێک دەیەوێ دەستدرێژیی سێکسی بکاتە سەر کچێک)، ئەوەی دەبێت دادگەیی بکرێت، بەتەنیا خودی ئەو کەسەیە کە بەتاوانەکە هەستاوە. بۆ بەشێکی تر، خاوەنی ئوتێلەکەیش دەبێت وەک تاوانبارەکە دادگەیی بکرێت. ئەم دوو بەشە پێکەوە لەنێو ئەو تێزەدان کە پێیان وایە ڕەگەزێکی سیستمی سیاسی لە ئێراندا نەخۆشە و دەبێت چارەسەر بکرێت. ئەگەر ئەم تێزە هەژموون بەسەر کۆی خۆپیشاندەراندا بکات، بەدڵنیاییەوە ئەکشنە دەستەجەمعییەکەیان نابێ بە بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی و بەخێرایی دەمرێت.
بەشێکی تری خۆپیشاندەران، باس لەوە دەکەن کە سیستمی سیاسیی ئێران، ڕۆژانە چەندین چالاکی کورد زیندانی دەکات و هەموو کەرەستەکانی ئەشکەنجەدانیان لەسەر تاقی دەکاتەوە و لە کۆتایشدا دەیانکوژێت. ئەوەی خۆپیشاندەران گوزارشتی لێ دەکەن، بەتەنیا ناڕەزایی نییە بەرامبەر بە مردنی فەریناز، بەڵکو ناڕەزاییشە بەرامبەر بە ئیدارەی دەوڵەت و ڕژێمی سیاسی و چۆنیەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ گەلی کورد لە ئێراندا. ئەم بەشە گرنگە، دەخوازێ خۆپیشاندانەکان وەک کارتێکی فشاری سیاسی بەکار بێنێت و لەڕێگەیەوە چەند دەستکەوتێکی سیاسی بۆ دەوڵەمەندکردنی سەرمایەی ڕەمزی حزبێکی دیاریکراو، یان چەند حزبێکی دیاریکراو، بەدەست بێنێت. بەدڵنیاییەوە مانەوەی لە چوارچێوەی ئەم تێزەشدا، ئەکشنە دەستەجەمعییەکە ناکات بە بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی و تەنیا لە چوارچێوەی ململانێی سیاسیی نێوان ئۆپۆزیسیۆن و دەسەڵاتدا دەمێنێتەوە. ئەمە مانای ئەوە نییە کە ئەم ململانێیە بێ مانایە و هیچ دەرەنجامێکی بەهادار بەدەستەوە نادات.
بەپێچەوانەوە، ململانێیش وەک هەر چوارچێوەیەکی تری جووڵانەوەی دەستەجەمعی، بایەخی تایبەتی خۆی هەیە، بەبێ ئەوەی بگاتە ئاستی بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی.
یەکێک لەو گریمانانەی کە دەکرێت ئەم ورووژانە بەشەرییە لە شارەکانی کوردستاندا بکات بە بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتیی تەمەندرێژ، بریتییە لە سەرلەنوێ ڕێکخستنەوەی ئامانجەکان کە چوارچێوە گشتییەکەیان دەکرێت گۆڕینی ئاراستە گشتییە کولتوورییەکانی کۆمەڵگەیەک بێت، کە لە کۆڵانێکی داخراودا چەقی بەستووە. پەڕینەوەیە بۆ ئەو داواکارییانەی کە هەلومەرجی سەرهەڵدانی جۆرێکی تر لە ژیانی کولتووری ئامادە دەکات؛ ژیانێکی کولتووری کە لەسەر بنەمای مافە یونیڤێرسالەکانی مرۆڤ دامەزرابێت، نەک مافە لۆکاڵییەکانی کەسێک یان گرووپێک.
ئەم گریمانەیەش دەمانبات بەرەو رەگەزی سێیەم: دەستنیشان نەکردنی بەرامبەرێکی شوناسدار. بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی هەمیشە بەرامبەرێکی دەستنیشانکراوی روون و ئاشکرای هەیە. ئەم بەرامبەرە وەک دوژمن تەماشا ناکرێت و کار لەسەر لەناوبردنی فیزیکیی ناکرێت، بەڵکو ئەکتەرێکە کە دانوستانی لەگەڵدا دەکرێت، ململانێی لەگەڵدا دەکرێت، دەخرێتە بەردەم چەندین گرەوی گەورەوە. بزووتنەوەی تۆتالیتێر، بەرامبەرەکانی وەک دوژمن وێنا دەکات، دوژمنێک کە دەبێت لەڕێگەی ئاگر و ئاسنەوە لەناو ببردرێت. بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی، لەبەر ئەوەی بەسروشتی خۆی بزووتنەوەیەکی دیموکراتخوازە، زەبروزەنگ ناکات بە سەنتەری کارەکانی، پلانی کوشتنی بەرامبەرەکەی دانانێت، کەرەستە تیرۆریستییەکان بەکار ناهێنێت. بەپێچەوانەوە، لەبەر ئەوەی ئامانجە باڵاکەی بریتییە لە دابینکردنی مافە یونیڤێرسالەکانی مرۆڤ، ئیتر چوارچێوەکانی جووڵانەوەی بەوردی دەستنیشان دەکات و دەزانێ لە بەرامبەریدا کێ وەستاوە.
یەکێک لە گرفتە سەرەکییەکانی ئەو ئەکشنە دەستەجەمعییەی کە لە ئێستەدا شارەکانی کوردستانی گرتووەتەوە، بریتییە لە ونبوون لەنێو پرۆسێسی دەستنیشناکردنی \"بەرامبەر\"دا. بەرامبەر کێیە؟ دوژمنێکە کە دەبێت لەناو ببرێت یان ئەکتەرێکە کە دەکرێت دانوستانی لەگەڵدا بکرێت ؟ ئایەتوڵا عەلی خامەنەییە یان فەرمانبەرێکی دەزگەی گەشتوگوزار؟
حکوومەتەکەی ڕۆحانییە یان بەڕێوەبەرایەتیی ئۆتێل تارا؟
لەنێو ئەو گوتارە کەمانەی کە چۆڕ چۆڕ پێمان دەگەن، هەموو ئەم ئەکتەرانە ئامادەن و ئەمەش پەردەیەکی ئەستوور بەسەر بەرامبەردا دەدات و جۆرێک لە لێکدژیی؛ کە مەرج نییە هەمیشە لە وشیارییەوە سەرچاوەی گرتبێت، خودی خۆپیشاندانەکان دەکوژێت. ئامادەنەبوونی توانایی بۆ دەستنیشانکردنی \"بەرامبەر\"ێکی وێناکراوی پێناسەکراوی شوناسدار، چانسی پەڕینەوە بەرەو بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی تەواو دادەبەزێنێت و لە باشترین دۆخدا دەیخاتە بەردەم دوو گریمانەوە: گریمانەی خرۆشان و کپبوونەوە لەنێو ناوچەکانی سۆزدا و گریمانەی بەکارهێنانی وەک کارتی سیاسی. من پێم وایە هەردوو گریمانەکە وەک یەک چانسی خۆ بەدیهێنانیان هەیە.
گریمانەکان
لە گریمانەی یەکەمدا، ئێمە یادەوەرییەکی دەستەجەمعیمان هەیە کە دوو وێنەی کێشاوە. وێنەی کچێک کە وەک شەرەفی کورد خراوەتە سەر شانۆ. کچێکی بەشەرەف کە بۆ ئەوەی بەئازادی بژی و لە ژێر هەژموونی کەسدا نەبێت، لە هۆتێلێکدا کاری کردووە. لێرەوە ئەم یادەوەرییە ترادیسیۆنێلە، دێت و وێنەیەکی ئەفسانەیی بە فەریناز دەبەخشێت. لە بەرامبەریشدا، وێنەی ئەو پیاوەی کە ویستوویەتی دەستدرێژیی بکاتە سەر، لە شێوەی ئەژدیها، دێو، وەحشێکی زەبەلاحدا دەکێشێت. وەحشێک کە دێت و پەلاماری لاشەی پاکی فەریناز دەدات و دەیەوێ شەرەفی هەتک بکات. فەرینازیش کە ڕەمزی پاکێتییە، بۆ پاراستنی بەرائەتی خۆی، وەک قارەمانێک بەرگری دەکات و گیانی خۆی دەسپێرێت و ژیان بەجێ دێڵێت.
ئەم یادەوەرییەی کە لەنێو زۆنەکانی سۆزدا دروست دەبێت، کە هیچ ڕەهەندێکی عەقڵانی نییە، ئاگر لە هەست و سۆزی هەزاران کەس بەردەدات، دەیانورووژێنێت، شێتیان دەکات، دەیانهێنێتە سەر جادەکان، ئۆتێلێکیان پێ دەسووتێنێت و پاش چەند ڕۆژێک لە خۆپیشاندان، هەڵچوونەکان کپ دەبنەوە، شەپۆلەکان ئارام دەبنەوە، یاخیبوونەکان کاڵ دەبنەوە و سەر لەنوێ ژیان لەسەر هەمان مۆدێلی پێشوو دەست پێ دەکاتەوە.
کۆمەڵگەی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا کە تا ئەم چرکەساتەش وەک رووبەرێکی ناحەز لەلایەن سیستمی سیاسیی ئێرانەوە وێنا دەکرێت، چانسی ئەوەی نەبووە کە بە پرۆسێسێکی چڕی پیشەسازیی وادا تێ بپەڕێت کە دەستکاری پێوەندییە کۆمەڵایەتییە ترادیسیۆنێلەکانی بکات. لەم کۆمەڵگەیەدا، تا ئێستەش بەها ترادیسیۆنێلەکان، وەک بنەمای باڵای ڕێکخستن، چوارچێوە بۆ چۆنیەتیی ژیانی تایبەت و گشتیی گرووپەکان دەستنیشان دەکەن. لێرەوە، هەژموونی گریمانەی یەکەم بەسەر خۆپیشاندەرەکاندا، بەهێزە و لەپێشمانەوە ڕێ دەکات. گرفتەکە لەوەدایە کە ئەم جۆرە لە ئەکشنی دەستەجەمعی، کە مۆرکی سەرەکی کۆمەڵگەی ترادیسیۆنێلە، کۆمەڵگەیەک کە کار لەسەر چەمکەکانی تۆڵەسەندنەوەی شەرەف دەکات، بەهایەکی ئەوتۆی نییە، چونکە چۆن لە دایک دەبێت ئاوایش کۆتایی پێ دێت، بەبێ ئەوەی بتوانێ دەستکاری ئاراستە باڵاکانی کولتووری کۆمەڵگە بکات.
گریمانەی دووەمیش بریتییە لە بەکارهێنانی وەک کارتی سیاسی. لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، دروست وەک باشوور و باکور و ڕۆژئاوا، تا ئێستەیش حزبی سیاسی هەژمووندارترین مۆدێلی جووڵانەوەی دەستەجەمعییە و کۆنترۆڵی هەموو \"مەواریدە\" سیاسی و ئابووری و کولتووری و کۆمەڵایەتی و تەنانەت ئاینییەکانیشی کردووە. لە هەر جێگەیەکی کوردستانەکاندا، هەر رووداوێک روو بدات، ئەگەر حزب ڕاستەوخۆ لە پشتییەوە نەبێت، ئەوە هەموو تواناکانی دەخاتە کار بۆ ئەوەی بە ناڕاستەوخۆ بەکاری بێنێت و بیخاتە خزمەتی بەرژەوەندییەکانی خۆیەوە. باشترین نموونەیش، خۆپیشاندانە گەورەکانی ١٧ی فێڤریوەری ٢٠١١ی سلێمانی بوون.
لە سەرەتادا کەم نەبوون ئەو کەسانەی کە باوەڕیان بە ڕاپەڕینێکی جەماوەری بێ حزب نەبوو، کەم نەبوون ئەو کەسانەی کە باسیان لە بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتیی سەربەخۆ دەکرد، تەنانەت منیش یەکێک بووم لەو کەسانەی کە ئومێدێکی ڕێژەیی بەرزیان بەم خۆپیشاندانانە هەبوو. ئەوانەی کە لە رووکەشدا جووڵانەوە دەستەجەمعییەکەیان بەڕێوە دەبرد، چەند ئەکتەرێکی کۆمەڵگەی مەدەنی بوون، گوتارەکان، بەروارەکان، لێژنەکان، ...، لە ژێر سەرپەرشتیی ئەم ئەکتەرانەدا بوون. بەڵام دواتر دەرکەوت کە لە پشت پەردەکانەوە، حزبەکانی ئۆپۆزیسیۆن، لەڕێگەی ژووری عەمەلیاتی هاوبەشەوە، بەرنامەیان بۆ دادەنا، بەڕێوەیان دەبرد، خەڵکی خۆیان دەڕژاندە نێو بەردەرکی سەرا. لە کۆتاییشدا، هەر ئەو حزبانە، بزووتنەوەکەیان رووت و قووت کردەوە و وەک کەرەستەیەک، تەنیا کەرەستەیەک، بەکاریان هێنا.
ئەوەی کە ئێستە لە مەهاباد و شارەکانی تری رۆژهەڵاتی کوردستان و تەنانەت باشوور و باکوریش روو دەدات، لە بەردەم هەمان گریمانەدایە.
لە ئامادەنەبوونی وشیارییەکی بەهێز بە هەلومەرجی خۆپیشاندان لەلایەن خۆپیشاندەرەکانەوە، لە ئامادەنەبوونی پڕۆژەیەکی کولتووری گلۆبالدا، لە ئامادەنەبوونی توانایی دەستنیشانکردنی ئەو بەرامبەرەدا کە دەبێت گرەوەکانی لێ ببرێتەوە، لە ئامادەنەبوونی وشیاری بەو جەماوەرەی کە دەبێت گوزارشتی لێ بکرێت، حزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات، بە ئاسانی دەتوانن تەواوی ئەکشنە دەستەجەمعییەکە، وەربگێڕنە سەر کارتی سیاسی و لە دۆخە جیاوازەکاندا بەکاری بێنن.
یەکێک لە تراژیدیاکانی کۆمەڵگەی ئێمە بریتییە لەوەی کە تا ئێستەیش، هەموو خەونەکانی گۆڕانکاری بە بزووتنەوەی سیاسی دەسپێرێت و لە دەرەوەی سیاسەت ناتوانێ وێنای گۆڕانکاریی رەگوڕیشەیی بکات. لە کاتێکدا لە کۆمەڵگەی پۆست پیشەسازیدا، لە کۆمەڵگەی سەردەمی گلۆبالیزاسیۆندا، ئەوەی بە بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی دەکرێت، بە ١٠٠ حیزبی سیاسی ناکرێت. بەداخەوە ئێمە هەمیشە کاتێک دەگەینە کەناری دەریا کە کەشتییەکە رۆیشتبێت، کاتێک دەگەینە وێستگەی شەمەنەفەر کە شەمەنەفەرەکە رۆیشتبێت!.
ئەم بابەتە روانگەی نووسەرەکەیەتی و ئاژانسی کوردپا لە ناوەڕۆکی بەرپرسیار نییە